سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئاهەنگ گێڕان بۆ ڕۆژی باوك و چەند تێبینییەك.؟
گۆڕینی فۆنت


ئاهەنگ گێڕان بۆ ڕۆژی باوك و چەند تێبینییەك.؟

ئەو ڕۆژانەی كە نەتەوە یەكگرتووەكان دیاری كردوون وەكو بۆنە بۆ گەلانی سەرزەوی ئاهەنگی بۆ بگێڕن، بەتایبەتی ئەوەی كە ڕەهەندێكی ئایینی و پپرۆز وەردەگرن، درووست نییە موسوڵمان ئاهەنگی بۆ بگێڕێت یان وەكو بۆنەیەكی پیرۆز تەماشای بكات، وەكو ڕۆژی دایك و باوك و بۆنە هاوشێوەكانی تر، ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك:

1- ئەو لایەنەی ئەو بۆنەی داناوە كە نەتەوە یەكگرتووەكانە هەر خۆی بەرپرسی یەكەمە لە هەموو ئەو جەور و ستەم و نا دادگەری و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و نەهێشتنی بەها ڕەوشتییەكان و هەڵگیرسانی جەنگ و درووستكردنی جیهانێكە لەسەر بنەمای تەنها مادەو بنچینەی ئەوەی كە مانەوە بۆ بەهێزەكانە! لایەنیكیش ئەوە حاڵ و حەقیقەتی بێت شایانی ئەوە نییە وانەی ڕەوشتی فێری خەڵكی بكات چونكە (فاقد الشیء لا یعطیه) كەسێك كە بە خۆی شتێكی لە دەستدابێت ناتوانێت بیبەخشێت.

2- لە ئیسلامدا تەنها دوو جەژن و بۆنەمان هەیە - یان سێ بۆنەمان هەیە - كە درووستە ئاهەنگی بۆ بگێڕین و بایەخی پێ بدەین و مەڕاسیمی بۆ ئەنجام بدەین، ئەویش جەژنی ڕەمەزان و جەژنی قوربان و ڕۆژی هەینیە، تایبەت كردنی هەر ڕۆژێكی تر وەكو ئەوەی رەهەندێكی ئایینی هەبێت یان پۆشاكێكی پیرۆزی لەبەر بكرێت پیویستی بەبەڵگە هەیە و چەندیش بگەڕێیت بەڵگەت دەست ناكەوێت.

3- ئێمەی موسوڵمان فەرمانمان پێكراوە هەرچی كاری چاكە هەیە بیكەین و لە هەموو خراپەیەكیش خۆمان بپارێزین و، بە ئەمەك بین و چاكەی هەموو چاكەكارێكمان لەبار چاو بێت و بەچاكتر پاداشتی بدەینەوەو، لە پێشی هەموو چاكەخواز و چاكسازێكەوە ئایەتەكانی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم لێوان لێون لە باسی گرنگی و گەورەیی ئەو پرسە نەخوازەڵا چاكەش لەگەڵ دایك و باوك.

4- لە ئیسلامدا ڕێزگرتن و بەرز راگرتنی پلەو پایەی دایك و باوك كورت هەڵنەهاتووە لە ڕۆژێكی دیاری كراودا، بەڵكو بەردەوام و لە هەموو ڕۆژەكانی ساڵدا ئێمە وەكو موسوڵمان فەرمانمان پێكراوە چاكەیان لەگەڵ بكەین و هەرچی هەڵوێستێكی چاكیشیان لەگەڵدا بنوێنین هەر ناتوانین بەتەواوی چاكەكانیان بدەینەوە و هەرگیز پاداشتی دایك و باوك نادرێتەوەو هەر ئەوان بە خاوەنی گەورەترین چاكە دەمێننەوە.

5- گوێڕایەڵی و وەڵامدانەوەی ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە - لەڕووی مەتیقییەوە - نیشانەی ڕازی بوونە بەو دامەزراوەی كە وەكو وتم هەڵگری ئاڵای ستەم و جیاوازی نێوان مرۆڤەكانەوە بە گشتی و بەتایبەتیش بۆ موسوڵمانان سەرلەبەری دینەكەمان نەك تەنها ڕەتدەكاتەوە بەڵكو دژایەتی و قەڵاچۆیشی دەكات، هەموو یاسایەك كە زیانی بۆ ئیسلام و موسوڵمانان هەبێت بەسەر وڵاتاندا دەسەپێنێت.

6- تۆ كاتێك ڕۆژێك بە پیرۆز دادەنێیت یان بە ڕۆژێكی تایبەت و جیاوازی دەزانیت، بێگومان واتای ئەوە دەگەیەنێت لە دڵتدا باوەڕێك بەو بۆنەو ڕۆژە درووست بووە كە شاییستەی ئاهەنگ بۆ گێڕانە، ئەوەش خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەكی خراپە و سەرپێچیەكی ڕوون و ئاشكرایە، لە لایەكەوە لەگەڵ بنەماكانی دینەكەتدا تێكدەگیرێت كە ڕۆژی وای دیاری نەكردووەو تۆ دەچیت دیاری دەكەیت، لە لایەكی تریشەوە ئەو لایەنەی كە ئەو بۆنانە دیاری دەكات باوەڕی نە بە ئاكارو نە بەدین و تەنانەت بە مافی مرۆڤ و یەكسانی و دادگەریش نییە و هەمووی بەبەڵگەی ڕوون و ئاشكرا دروشمی بەتاڵە و كڵاوكردنە لەسەر گەلانی سەرزەوی لەبەرژەوەندی زلهێزەكاندا، ئەگینا هەموو ئەو ستەملێكراوانە كە برسێتی و ناڕەحەتی و ئەشكەنجە دەكێشن لەسەرانسەری زەویدا بە بەرچاو و بگرە بەڕازیبوون و دەست لە پشتدانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دەكرێت بۆ ئەو ستەمكارانە، یاسای ڤیتۆیش گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەو دوو فاقی و پێوەرە جیاوازانەی كە نە حەق و نە دادگەری و نە یەكسانی تێدا نییە.

7- تۆ بە وەڵامدانەوەت بۆ هەرچی بانگەوازو ئاهەنگ گێڕانێك هەیە بۆنەی باش و خراپ، وەكو كەسێكی بێ بەرنامە لەم ژیانەدا خۆت وێنا دەكەیت و لاوازی فیكری و بەرچاوناڕوونی و شوێنكەوتنی بێ قەیدوشەرتت بۆ ئەو لایەنانە پێوە دیار دەبێت، چونكە نابێت هیچ شتێك ئەنجام بدەیت بەر لەوەی لێی وردبیتەوەو چاكەو خراپەی تاوتوێ بكەیت و لە هەموویشی گرنگتر حوكمی دینەكەت لەسەری بزانیت ئەو جا بیكەیت.

8- بە هاوكێشەیەكی سادە، هەموو ئەو بۆنە زۆرانەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە درێژایی ساڵدا دیاریان دەكات لە دوو ئەگەر و گریمانە بەدەر نین: یان ئەوەیە ئەو بۆنەیە لە ئیسلامیشدا بابەخی پێدراوە و داوامان لێكراوە بایەخی پێ بدەین - بۆ نموونە وەكو رۆژی دایك و ڕۆژی باوك - لەو كاتەدا لەبەر فەرمانی دینەكەم و بەو شێواز و چۆنیەتییەی كە بۆی دیاری كردووم گوێرایەڵی دەبم نەك لەبەر نەتەوە یەكگرتووەكان و بەو شێوازەی كە ئەو بۆم دیاری دەكات، یانیش ئەوەیە لە ئیسلامدا ئەسڵی نییە و پێچەوانەی بەهاو بنەماكانی بیڕوباوەرە - بۆ نموونە ڕۆژی ڤەلەنتاین - ئەوە ئەبێت خۆمی لێ بەدوور بگرم و لە هیچ كاتێكدا نەیكەم.

9- ئەم بۆنانەی كە ڕۆژەكانی ساڵدا ئاهەنگی بۆ ئەگێڕدرێت جگە لە هەردوو جەژنی ڕەمەزان و قوربان نەبێت، هەروەها تایبەتمەندی ڕۆژی هەینی، زۆربەیان لە سەردەمانی پێشوودا ئەگەر گونجاو و ڕێگەپێدراو بوونایە لەشەرعدا پاساویان هەبووە كە لە درێژایی مێژووی موسوڵماناندا ئەنجام بدرێن و هیچ ڕێگرێكیش نەبووە - ئەگەر درووست بوونایە - لەوەی ئەنجام بدرێن و لەگەڵ ئەوەشدا نەشكراوە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە بەپێویستیان نەزانیوە بكرێت لەبەر ئەوەی ئەسڵی دینەكە زۆر جەختی لەسەر ئەو بابەتانە كردووەتەوە و ئیتر پێویست بەدیاری كردنی ڕۆژی تایبەت ناكات، بۆ نموونە كە تۆ فەرمانێكی ئیلاهیت بۆ هاتووە و تا لە ژیاندا بیت دەبێت گوێڕایەڵی بیت وەكو(وَقَضَى رَبُّكَ أَلَّا تَعْبُدُوا إِلَّا إِيَّاهُ وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا إِمَّا يَبْلُغَنَّ عِنْدَكَ الْكِبَرَ أَحَدُهُمَا أَوْ كِلَاهُمَا فَلَا تَقُلْ لَهُمَا أُفٍّ وَلَا تَنْهَرْهُمَا وَقُلْ لَهُمَا قَوْلًا كَرِيمًا * وَاخْفِضْ لَهُمَا جَنَاحَ الذُّلِّ مِنَ الرَّحْمَةِ وَقُلْ رَبِّ ارْحَمْهُمَا كَمَا رَبَّيَانِي صَغِيرًا ) ئیتر پاساوێكت نەماوە تەنها رۆژێك دیاری بكەیت بۆ ڕێزگرتن لە باوك و دایك.

10- بۆیە ئەو بۆنانەی كە ساڵانە دوبارە دەەبنەوەو ئاهەنگیان بۆ دەگێڕدرێت و بایەخی تایبەتیان پێ دەدرێت لێكچوونی دیارو ئاشكرایان لەگەل جەژن و بۆنەی دینیدا هەیە و بەو پێیەش كە ئێمە ئەو بابەتانەمان لە دەقەكانی قورئان و سوننەتەوە وەردەگرین نەك لە ڕێنمایی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بۆیە دروست نییە موسوڵمان بەشداری ئەو بۆنانە بێت با بەڕواڵەتیش لەگەل بنەماكانی ئیسلامدا یەك بگرێتەوە چونكە لە شێواز و چۆنیەتی و نیازەكەیدا جیا دەبێتەوە.

11- مامەڵە كردن لەگەڵ ئەو ڕۆژەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕۆژی باوك یان دایك وهەر ڕۆژێكی تری هاوشێوە وەكو جەژن و بۆنە جۆرێكە لە لاسایكردنەوەی ڕۆژئاوا و شوێنكەوتنكی هەڕەمەكییە بۆ كەسانێك كە ئەوان لە ڕوانگەیەكی مەسیحییەوە ئەو كارە دەكەن، پێویستیشە سەرنجی ئەوە بدەین كە ئەوان هەست بە تەنهایی و بێ كەسی و تالییەكی زۆر دەكەن لە ژیانیاندا و تەنانەت بۆ چارەرسەركردنی ئەو قەیرانە دەروونیە قوڵەی كە بەدەستییەوە دەناڵێنن پەنا بۆ بەخێوكردنی ئاژەڵی وەكو سەگ و پشیلە دەبەن بۆ ئەوەی ئەو فەراغەیان بۆ پڕ بكاتەوەو زۆر جاریش وەسیەت دەكەن میراتییەیەكانیان بدرێتە ئەو شوێنانەی كە ئاژەڵان بەخێو دەكەن، بەمەش جیاوازییەكی گەورەو جەوهەری وەدی دەكرێت لە نێوان حاڵی ئێمەو و مامەڵەكردن و سۆزو بەزەییمان بۆ دایك و باوكمان و حاڵی ڕۆژئاواییەكان كە بە دەگەن پاداشتی چاكەی دایك و باوكەكانیان وەكو پێویست دەدەنەوە و هەر كە پیر بوون هەواڵەی خانەی بەساڵاچووانیان دەكەن و لەبیریان دەكەن، دڵنیاشم لە داهاتوودا مناڵەكانی خۆیشیان هەمان ئەو كارەیان لەگەڵ دەكەن.
.
12 بەڵكو لەوەش زیاتر لە ئیسلامدا كوڕان و كچان پێویستە لەسەریان نەك تەنها لە حاڵی ژیانی دایك و باوكانیاندا چاكەیان لەگەل بكەن وماڵ و سەروەرتیان لە خزمەتیاندا بێت، بەڵكو لە پاش مردنیشیان هەر ئەبێت لە نزاو پاڕانەو خێرو سەدەقە و سەردانی قەبرەكانیان بێ بەشیان نەكەن، ئەگینا سیفەتی بێ وەفایی و عقوق یان بەسەردا جێبەجێ دەبێت.

13- بۆیە هەر كەسێك بیەوێت دیاری و هەڵوێستی تایبەت لەگەڵ باوك و دایكیدا نیشان بدات، وەكو ڕێزو خۆشەویستی و ئەمەك و هاوكاری پێویستە لە ڕۆژانی جەژن و جومعەو هەر ڕۆژێكی تر لە ڕۆژەكانی ساڵدا بیكات جگە لەو ڕۆژەی كە نەتەوە یەكگرتووەكان دیارییان كردووە، درووست نییە لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان وەكو لاساییكردنەوە لەو كاتەدا ئەمەك و وەفا بنوێنێت.

14- ئەم جۆرە بۆنانە - جگە لەوەی داهێنراوەو لاساییكردنەوەیەكی بێ پاساوە - خراپەی زۆریش لە خۆ دەگرێت بێ ئەوەی زۆر كەس هەستی پێ بكات، بۆ نموونە:
- ئەو ژنانەی كە نەزۆكن و منداڵیان نابێت لەو ڕۆژەدا و روژانێك دوای ئەو ڕۆژەش باری دەروونیان ناجێگیر دەبیت و هەست و بە پەژارەیەكی زۆر دەكەن.
- ئەو پیاوانەی كە بە هەمان شێوە نەزۆكن ومناڵیان نابێت، لەو ڕۆژەدا ئازار دەچێژن و خەفەت دەخۆن.
- ئەو مناڵانەی كە باوك و دایكیان لە دەستداوە ئەو بۆنەیە برینەكانیان دەكولێنیتەوەو ئەو ڕۆژەو چەندین ڕۆژی تر بە هۆی ئەو یادكردنەوەوە دەكەونە بارێكی دەروونی سەختەوە
تێبینی/ ئەمەی كە نووسیومە تێگەیشتنی خۆمە بۆ بابەتەكە لە ڕۆشنایی تێروانین و تێگەیشتنم لە بنەماكانی قورئان و فەرموودەو قسەی زانایان، تێگەیشتنی جیاوازیشم بەلاوە ئاساییەوە ونكۆڵی لێ ناكەم.

إحسان برهان الدین

24 رجب 1441
2020/3/19



 885

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram