سکاڵایەکی زۆر سەیر
سکاڵاکەرەکە دەڵێت: نازانم بۆچی خزمەکانم سەردانی خوشکەکانم دەکەن بەڵام کاتێك کە نۆرەی سەردانی من دێت، زۆر بەکەمی دێن؛ ئەوانەش کە دێن زۆر کەمن. ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە سەردانی چوار خوشکەکەم بەزۆری دەکەن. هەموو ڕۆژێك چوار جار، بەڵام من زۆر بەکەمی ئەوە دەبینم و زۆر کەمتەرخەمیشن لە سەردانم، بگرە چەن ڕۆژێك و زیاد لە هەفتەش بە هیچ جۆرێك نایانبینم! وەك بڵێی من لە قامووسی ئەواندا سڕاومەتەوە! هەندێك لەوانەش کە دێن، زۆر بەتەمەڵی و سستی و بێزارییەوە دێن و بیانووی بێبنەما و بێجێ کە شایانی لێبوردن نییە، دەهێننەوە!!! نازانم چییان لێبکەم؟
سەرەڕای ئەوەی من پێیاندەبەخشم -چەند قاتی ئەوەیە کە خوشکەکانم دەیبەخشن-، من خوشکەکانم تۆمەتبار ناکەم بە کەمتەرخەمی، بەڵام هەموو دەزانن بەخشینی من لەسەروو هەموو ئەوانی ترەوەیە!
زۆر کەس ئامۆژگاری خزمەکانم دەکەن بە سەردانکردنم لەبەرئەوەی تووشی خێر و خۆشی و سەرفرازی دەبن، کەچی هێشتا هەر نایەن!
دەبێت کێشەکە چی بێت؟ ئەی خاوەنی سکاڵاکەرەکە کێیە؟!
دەزانن کێیە؟ کاتێك ئاماژەی پێدەکرێت، ئینجا من و تۆش و هەمووانی تریش دەزانن کە چەند کەمتەرخەمین بەرامبەری و ستەممان لە خۆمان کردووە و بۆمان دەردەکەوێت سکاڵایەکی چەندە بەجێیە! ئەویش نوێژی بەیانییە!
بەڵی، ئەوە نوێژی بەیانییە و سکاڵا لە موسڵمانان دەکات کە وازیان لێهێناوە و بەجێیان هێشتووە. مەبەست لە خزمەکانی موسڵمانانە، کە بە جێبەجێکردنی ئەو نوێژە لە خوایان نزیك دەکاتەوە و ئەو بەخششانەی بەهۆی نوێژی بەیانییەوە بە موسڵمان دەبەخشرێت زۆر زیاترە لە نوێژەکانی تر، بەڵام لەگەل ئەوەشدا کەمتەرخەمین و بەسستییەوە ڕایدەپەڕێنین و بگرە هەنێکمان لەوانەیە هەر نەشیکەین یان هەندێکمان بەیانیان زوو بۆ کار هەڵدەسین و بێ ئەوەی سستی تێدا بکەین، بەڵام بۆ نوێژەکە کەمتەرخەمی دەکەین. مەزنی و گەورەییی ئەو نوێژەیان لەبیر کردووە!!!
ئەگەر لە وتەی پێغەمبەری ئازیز (دروودی خوای لەسەر بێت) ئاگادار بین، دەربارەی دوو ڕەکات نوێژی پێش نوێژی بەیانی دەفەرموێت: ركعتا الفجر خير من الدنيا وما فيها. مەبەستی نوێژی سوننەتی بەیانییە، کە لەپێش نوێژی بەیانی دەکرێت؛ بە کردنی ئەو سوننەتە خێری دونیا و هەموو ئەوەی لە دونیادا هەیە لەو نوێژەدا هەیە.
ئەگەر دونیا و هەموو ئەوەی لە دونیادا هەیە لەچاوی پێشەوای نازدارمان لەبەردەم نوێژێکی سوننەتدا هیچ نەبێت، ئەی ئەبێت خودی نوێژی بەیانی چ نرخێکی هەبێت؟!
هەر بۆیە نازدارمان مژدەیەکی دڵخۆشکەرانەمان دەداتێ کە دەفەرموێت: مژدە بدەن بەوانەی لە تاریکیدا بەرەو مزگەوت هەنگاو دەنێن بە نوور و ڕووناکییەکی تەواو لە ڕۆژی دواییدا! الترمزي وأبو داود وابن ماجه عن أنس رضي الله عنه.
وە پاداشتێکی گرنگی تر لەپاڵ ئەو نوورە بۆ ئەوانەی پارێزگاری نوێژی بەیانی دەکەن، بەهەشتی نەبڕاوەیە.
وە چەندین پاداشتی تری بەنرخ کە بەهیواین ببێتە هاندەرێك بۆ هەموومان تا پارێزگاری لەم عیبادەتە پڕخێرە بکەین، لەوانە:
- کەسێك پێش ڕۆژئاوابوون و ڕۆژهەڵاتن نوێژ بکات ئاگر نایسوتێنێت، مەبەست نوێژی بەیانی و عەسرە.
- هەرکەسێك نوێژی بەیانی بکات ئەوە لە ئەمانی خوای گەورەدا دەبێت و دەیپارێزێت. أخرجه مسلم، من حديث جندب بن عبد الله.
کەواتە با خۆمان لەو خێرە گەورەیە بێبەش نەکەین و دڵ و دەروونمان ئاسوودە بکەین!