جەوهەرى ئیسلام چاکەخوازى و چاکسازییە
ئەگەر سەیری قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەری خوا بکەین، دەڵێین کە گرنگییەکی زۆر بە بوارى چاکسازی دەدەن لە هەموو ڕوویەکەوە لەسەر ئاستی تاك و خێزان و خێل و گەلان. ئەم گرنگییەش بە جۆرێك ڕەنگی داوەتەوە کە بووەتە دروشمی سەرەکیی ئیسلام و مسوڵمانان. بەدرێژاییی مێژووش پێغەمبەران هەڵگرى ئەو دروشمە بوون، هەروەك قورئانیش لەسەر زمانى پێغەمبەر شوعەیب دەفەرموێت: (إِنْ أُرِيدُ إِلاَّ الإِصْلاَحَ مَا اسْتَطَعْتُ وَمَا تَوْفِيقِي إِلاَّ بِاللّهِ عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَإِلَيْهِ أُنِيبُ)، پەیامەکەی پڕ کردۆتەوە لەسەر چاکسازی کە پەیامی پێغەمبەرانە؛ لە چاکسازی لەنێوان خەڵك، لەسەر هەموو ئاستەکان بۆ ئەوەی هەموو لایەك بەخۆشی و ئاشتی و لێبوردەیی و برایەتی بژین. هەموو برایەتییەك پێویستیی بە ئاشتەوایی هەیە، چونکە کەس بێ ناتەواوی نییە، بێهەڵە نییە، بێتووڕەیی نابێت. لەگەڵ بەرامبەرەکاندا هەڵە دەکات، لەبەر ئەوە ئاشتی و چاکسازی پێویستییەکی بەردەوامە. هەر لەسەرەتاوە نابێت رێگە بدەین ئاگرەکە گەورە بێت! لەناو خێزاندا سەرەتا گرفتێکی بچووك سەرهەڵدەدات، بەڵام لەدواییدا ئەمەش کاریگەرى دەبێت بۆسەر مناڵەکان و بێسەرپەرشت دەبن و پاشانیش لەنێوان دوو عەشیرەت و بنەماڵەدا گرفت دروست دەبێت، ئەمەش هەمووی بەهۆى گرفتێکەوە بووە.
خواى گەورە فەرمانمان پێدەکات کە بەردەوام لە هەوڵی ئاشتەواییدا بین: (واصلح الخیر) لەم دەستەواژەیە ئەوە تێدەگەین کە دەبێت مرۆڤی مسوڵمان هۆشیار بێت و لەبەرامبەر هەرکردار و گفتارێکدا بەئاگا بێت. جارى وا هەیە مرۆڤ وشەیەکی سادە دەڵێت و بەلایەوە گرنگ نییە، ئەمەش دەبێتە مایەی دروستبوونی فیتنە لەنێوان خۆی و کەسانی تردا یان ئاژاوەیەك لەنێوان خێزانەکان یان خێڵەکان یان گەل و نەتەوەیەك. جارى وا هەیە وتەى سەرۆکێك دەبێتە مایەی دروستبوونی ململانێکیەکی سیاسیی گەورە. ئەمە پەیڕەو و پەیامی ئیسلامە؛ موسڵمان دەبێت بەردەوامەم چاکساز و چاکەخواز بێت: (لاَّ خَيْرَ فِي كَثِيرٍ مِّن نَّجْوَاهُمْ إِلاَّ مَنْ أَمَرَ بِصَدَقَةٍ أَوْ مَعْرُوفٍ أَوْ إِصْلاَحٍ بَيْنَ النَّاسِ)، نابێت مرۆڤ خۆى سەرقاڵی کارى بێهودە بکات، دەبێت موسڵمان بەردەوام لە چاکەکاری و خێردا بژی. لەم ڕێگەیەشەوە خۆشەویستیی خەڵك بەدەست دەهێنێت و پێکەوەژیان و لێبوردەیی دەچەسپێت. موسڵمان دەبێت بەردەوام فەرمان بە چاکە بکات! ئەمە لایەنێکی سەرەکییە کە دەبێت ئوممەت پابەند بێت پێوەی! ئەمە گەلان لە هەرەس دەپارێزێت. ئەگەر فەرمان بە چاکە هەبێت و ڕێگرتن لە خراپە هەبێت، ئەوکاتە گرفت ڕوو نادات. دەبێت پەیوەندیی نێوان موسڵمانان لەسەر خێر و خۆشەویستی دامەزرابێ! کاتێك کە تۆ برای موسڵمانێکی تری، پێویستە لەسەرت کە لەگەڵیدا چاکەکار بیت، خۆشت بوێت! چاکەکارى وەك پێغەمبەرى خوا لە فەرموودەیەکدا دەفەرموێت تەنها بە ماڵ نییە، بەڵکوو بە وتەى جوانیش دەبێت، بە زەردەخەنەیەك بە ڕووی براکەتدا و سەردانیکردنى و سەردانى نەخۆش و لێپرسینەوە و هاوکارىکردنى. ئەمانە هەمووی چاکەکارین. لە فەرموودەیەکی تردا پێغەمبەرى خوا لە بوارەکانى ئاشتیدا مرۆڤ بە ٣٦٠ جومگە دیارى دەکات، لەسەر هەر بڕگەیەك چاکەیەك هەیە. چاکەکارى زۆر جۆرە؛ چاکەکارى بنەمای شتەکانە، چونکە ئەگەر تۆ بەخێر ئیش نەکەیت، کەواتە بەزۆر کار دەکەیت. ئەگەر بینیت لەنێوان دوو کەسدا لێکتێنەگەیشتنێك هەیە، دەبێت تۆ هەوڵی چاککردنیان بدەیت! دەبێت فەرمان بە چاکە بکەیت و ڕێگە لە خراپە بگریت! بەوە دەبێت تۆ بەردەوام سەرقاڵی چاکەخوازی بێت. ئەمە سیماى کۆمەڵگایەکی ئیسلامیی ڕاستەقینەیە. بەبێ ئەمە، گرفت و دووبەرەکی و ناڕەحەتى دروست دەبێت. هەروەك ئێستا لەنێوان گەلانی ئیسلامیدا دەیبینن ئەمە گەورەترین ئەو دروشمەیە کەخواى گەورە کردوویەتییە گەورەترین دروشمی ئیسلام. هەر ئەم دروشمەشە کە پێغەمبەران لە ئادەمەوە هەڵیانگرتووە هەتا موحەممەد پێغەمبەر (د.خ) کۆتا پێغەمبەر. ئەم چاکسازییە دەبێت لەنێوان تاك و خێزانەکاندا بێت! خواى گەورەش دەفەرموێت: (إن یریدا إصلاحا)، واتە دەبێت دادوەرێك هەبێت لە خزمان بۆ چارەسەرى گرفتی خێزانەکە. ئەو کەسانە دەبێت کەسانی چاکەخواز و چاکساز بن! پێویستە ئەمانە بێنە ناوەوە! ئەگەر زانایان پسپۆڕ بن لە کۆمەڵگەدا، (یوفق الله بینهما) خوا نێوانیان چاك دەکاتەوە. نابێت لێبگەڕێین ئەو کێشانە درێژە بکێشن و چەندان ساڵ بخایەنن! دەبێت کێشەکان بەدانایی چارەسەر بکرێن! ئەمە بۆ کێشەی نێوان تاکەکان و تەتەرەکان و دەوڵەتانیش ڕاستە.
جاران کێشەکان لەنێو یەك دەوڵەتی ئیسلامیدا بوو یان لەناو خێزانێکدا بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئوممەتی ئیسلامی بەهۆى ڕێکەوتننامەى سایکس پیکۆ (Sykes–Picot)وە پارچەپارچە بووە بۆ نزیکەی ٦٧ دەوڵەت. پاش دابەشبوونی زۆر کێشە لەنێوان ئەم دەوڵەتانە بە پلانی داگیرکەر دروست کرا. لەسەر کێشەى سنوور هەر وڵاتێکیان بەجێ هێشتووە لەدواى خۆیان هەزاران گرفتیان بۆ دروست کردووە.
ئەو کاتەى کە بریتانیا لە عێراق بوو، دەیتوانی کێشەى عێراق و کوەیت چارەسەر بکات. ئەو کاتە ئەو دەسەڵاتەی هەبوو، دەیتوانی کێشەکان چارەسەر بکات. ئەم کێشانە وەك لوغم وان هەرکاتێك بتەقنەوە، دەتەقنەوە. لەسەرەتای سەدەی ١٩هەمدا ئەوکاتە دەوڵەتى عوسمانى هەبووە، ئەزمەی شوێنی عەرەبایەتی و تورکایەتى دروست کرد. ئەو دوو نەتەوەی کرد بەگژ یەکدا و ئوممەتی ئیسلامی هەڵوەشاند.
ئێستاش زۆر کێشەی تری دروست کردووە لەوانەش تائیفى. تائیفی-ئایینی بێت وەك لەنێوان مەسیحی و مسوڵماندا، وەك ئەوەى ئێستا لە نێجیریا دەبینرێت. لە نێجیریا کۆمەڵەی (بوکا حەرام) هەیە کە مەسیحییەکان دەکوژن و مەسیحییەکانیش مسوڵمانەکان دەکوژن و مزگەوتەکانیان دەسووتێنن و بێتاوانانیش دەکوژن. هەروەها ئەوەی ئێستا هەستی پێدەکرێت مەترسیی شیعە و سوونەیە، کە زۆر مەترسیدارە؛ ئیمپریالیزم زۆر کاری لەسەر دەکات کە لەم ڕێگەیەوە جارێکی تر گەلانی ئیسلامی بەیەکەوە سەرقاڵ بکەن. دەسەڵاتداران لە وڵاتە سوننی و لە ئێرانی شیعی بەرپرسن لەمە. چەندە بووە هۆى ناڕەحەتى و ئازارمان چەشت بەدەست ئەم هەموو سەروەت و سامانەی -کە خودای گەورە پێیبەخشیوین لە جیهانی ئیسلامی و وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەت وڵاتانی خەلیج- هەموو دە ساڵ جارێك یا کەمتر شەڕ و ئاژاوەیەك ڕوو دەدات لە ناوچەکەمان بەهۆى تەماعى زلهێزان لە سەروەتى ناوچەکەمان. لە ئەجامى ئەم شەڕانەشەوە بەشی زۆری ئەم سەروەتانەش دەچنە گیرفانی ئەو لایەنانەوە کە ئاشووبەکە دەنێنەوە، بۆ نموونە جەنگی ئێران و عێراق کە تیایدا تەڕووشك سووتا و خەرجی تەواوی ئەم شەڕە لەسەر حسابی سەروەت و سامانى مسوڵمانان بوو. پاش ئەوە داگیرکردنى کوەیت، کە تیایدا نزیکەى ٥٠٠ تا ٧٠٠ ملیار دۆلار سەرف کرا. پاشان داگیرکردنی عێراق کە لە گیرفانی گەلانى ناوچەکە نزیکەى (٣ تریلیۆن) دۆلاری تێدا سەرف کرا. لە هەشتاکانەوە هەتا ئێستا، ئەگەر بیانژمێرین، دەبینیت کە مسوڵمانان زیاتر لە (٣ ترلیۆن) دۆلاریان زەرەر کردووە، جگە لەزەرەر و زیان لەچەندان بوارى تر، کە تێچووى هەموویان لەم سامانە پیرۆزە بوون. ئەمە جگە لە بەسووپاییکردنى دەوڵەت و دامودەزگاکان و چەکدارکردنیان. کاتێك کە هەر گرفتێك ڕوودەدات، وەك ترسان لە عێراق بۆ نموونە، یەکسەر دەوڵەتەکان دەست دەکەن بە کڕینی چەك و دەوڵەتە زلهێزەکان لەمەدا سوودمەند دەبن. ئەو چەك و ئەسڵەحانەش لەکاتی خۆیدا بەکار نایەن و دەمێننەوە. لەکاتی جەنگەکانیشدا جگە لە کەمێکی هیچی لێ بەکار نایەت. لە کۆتاییشدا دەبێت هانا بۆ ئەوان ببەن و چاوەڕێی ئەوان بن. ئەمە موشکیلەیەکی گەورەیە. دەبێت ئێمە لەسەر ئاستی وڵاتان یان لەسەر ئاستی گەلان ڕاشکاو و ڕاستگۆ بین لەمەدا.
خوانەخواستە گەر ئێستە شەڕێك ڕوو بدات، وەك شەڕی پێشووی ئێران و عێراق، نابێت یان وەك داگیرکردنى عێراق، بەڵکوو دەبێتە کارەساتێکی زۆر گەورە، چونکە ئەم ناوچەیە بریتییە لە ناوچەیەکی گەورەی پترۆڵ و نەوت و هەموویان پاڵاوگە و کارگەی غازن. ئەگەر خوانەخواستە موشکیلەیەك دروست بێت، ئەوا دۆڕاو تیایدا ئێمەین. بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارە خاوەن ئەقڵەکان لە هەردوو لا هەڵوێستەیەك بکەن! لێرەدا پرسیارێك دروست دەبێت بۆچی ئەمەریکا نامە بۆ خامەنەئی ڕابەرى ئێران دەنێرێت؟ بۆچی بۆ ئێمەی نانێریت؟ چونکە ئەوان گرنگی بە کاروبارى خۆیان دەدەن. ئەی بۆ ئێمە وا بێنرخ سەیری شتی خۆمان دەکەین و گرنگی پێنادەین؟ ئەوان خەریکی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیانن، پێویستە لەسەر ئێمەش پارێزگارى بکەین لەعەقیدە و بەرژەوەندیمان! نەهێڵین ئەم ناوچەیەمان ببێتە شوێنی کێشە و ململانێ و جەنگ لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا لەسەر حسابی ئێمە و خاك و ئاومان تەسفییەی حساباتی خۆیان بکەن. چونکە لەم ململانێیەدا ئەوەی کە زەرەرمەند دەبێت، ئێمەین. من لەو بڕوایەدام کە ئەگەر ئەم دەنگانەمان بگەیەنینە کاربەدەستانمان، کە یاریدە و هاوکارى داگیرکەران نەبن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان، چونکە ئەمە کردارێکی ڕاست نییە. ڕاستی ئەوەیە کە ئێمە هەرچەند لەڕووی تائیفییەوە جیاواز بین یا لە هەر ڕوویەکی ترەوە، ئەوا ئێمە لەژێر پەردەی ئەم ئیسلامەداین و بە هەموو جیاوازییەکانمانەوە یەك ڕووگەمان هەیە، بەرژەوەندییەکی هاوبەشمان هەیە. ئەگەر پەیامێك لەلایەن وڵاتانی خەلیجییەوە گەشتە دەست ئێرانییەکان و ڕاستییەکانیان تیادا ڕوون کردەوە، دەبێت ئەوانیش وەڵامێکی گونجاو بدەنەوە. ئەگەر وەڵامیان نەبوو، ئەوا خۆیان بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن. گرنگ ئەوەیە کاربەدەستانمان سیاسەتێکی سەربەخۆ و ئاراستەکراویان هەبێت کە هەڵقوڵاوی ئایین بێت و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان بێت.
بابەتەکە بەتەواوی هەستیارە و دۆخەکە بەتەواوی ترسناکە. دەبێت ئێران بەتەواوەتی بەرپرسیارێتیی ئەم کارە و دەرەنجامەکانیشی هەڵبگرێت و قبووڵی بکات! لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پێویستە لەسەر هەموومان وەك زانایان و شارەزایان و خاوەن دەسەڵاتان و گەلان کە بگەڕێین و هەوڵ بدەین بۆ چاکسازی تا وا نەبێت کە هەموو بابەتەکە لەچواردەورى بابەتی کورەى ئەتۆمیدا بێت، چونکە ئەمە گرنگ نییە بۆ ئێمە. ئیسرائیل بۆمبێکی ئەتۆمی هەیە با وا دابنێین کە ئێرانیش بۆمبێکی هەیە، کەواتە گرفتەکە لەنێوان ئێران و ئەمەریکا و ئیسرائیلە، نابێت ئێمە تەرەف بین لە کێشەکەدا. ئەم کێشەیە بە هەر ڕێگەیەك بێت، دەبێت چارەسەر بکرێت! گەر وا نەبێت، ئەوە کارەسات ڕوو دەدات. هەندێك بەڵگەنامەم بەرچاو کەوتووە تیایدا هاتووە (ئەگەر توانیمان بە سوننە لە شیعە بدەین، بەپێچەوانەوە ئەوا بۆ سەدان ساڵ جەنگ بەردەوام دەبێت. بەم شێوەیە ئیسرائیل ئاسوودە دەبێت و ئێمەى گەلانى ئیسلامیش بۆ سەدان ساڵ لەئاژاوەداین. ئەمەش دەمانگێڕێتەوە و بۆ مێژوو و شاهیدی ئەو ڕووداوانەى پێشووی ناو مێژووی ئیسلامی دەبین. ئەو کاتەی ناکۆکیی سوننی هەبوو لە بەغداد و دەوڵەتی عەبیدی لەمیسر یا توونس یا مەغریب و جەزائیر و کاتێك ئەم ئاژاوە و دووبەرەکی و جیابوونەوەیە تەواو سەرى هەڵدا، سەلیبییەکان هاتن بۆ نەوەد ساڵ قودسیان داگیر کرد و بۆ سەدان ساڵ بەشێك لە شامیان داگیر کرد و ڕزگار نەکرا ،تا سەلاحەدین هات و فەتحی کرد. یەکەمین شت کە سەلاحەدین بیری لێکردەوە یەکخستنی ئوممەت بوو. لە یەکخستنەوە بۆ ڕزگاربوون و فەتحکردن ئوممەتی یەکخست و میسر و توونس و جەزائیری گەڕاندەوە بۆ باوەشی ئیسلام و بۆ ماوەی بیست ساڵ خەریکی یەکخستنی ئوممەت و ماوەى دوو ساڵیش جەنگی هەڵگیرساند. لە جەنگی "حیتتین"دا خاچپەرستانی شکاند و قودسی گەڕاندەوە بۆ ئیسلام و مسوڵمانان.