سه‌له‌فی چ که‌سانێکن؟
به ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان.
سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگار، دروود و ڕه‌حمه‌ت له پێغه‌مبه‌ری ئازیز (صلی الله‌علیه وسلم) و هه‌روه‌ها له ئال و یارانی.
پرسیاری من ئه‌وه‌یه که سه‌له‌فی چ که‌سانێکن؟ ئایا ئه‌وان توندڕه‌ون (افراطي)؟ وه ئایا هه‌مان وه‌هابییه‌کانن وه ئایا وه‌هابی چۆنن؛ ئایا کافرن؟
به ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان.
سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگار، دروود و ڕه‌حمه‌ت له پێغه‌مبه‌ری ئازیز (صلی الله‌علیه وسلم) و هه‌روه‌ها له ئال و یارانی.
بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی به‌ڕێزتان:
سه‌له‌فی؛ واته که‌سێکه په‌یڕه‌ی به‌رنامه‌ی پێشینانی باشمان(السلف الصالح) ده‌کات.
سه‌له‌ف: واته شتێک ڕابورێ و تێپه‌ڕیبێت، به کوردی پێشین ده‌گه‌یه‌نێت، واته ئه‌وانه‌ی پێش ئێمه و سه‌رده‌می زێڕێنی ئیسلام که بریتییه له سێ سه‌ده‌ی یه‌که‌می ئیسلام، پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله عليه وسلم) ده‌فه‌رموێت"خير الناس قرني ثم الذين يلونهم ثم الذين يلونهم ثم يأتي من بعدهم قوم يتسمنون و يحبون السمن يعطون الشهادة قبل أن يسألوها" أخرجه السيوطي و صححه الألباني.
واته/ باشترین سه‌ده و سه‌رده‌مێک سه‌رده‌می منه، پاشان ئه‌وانه‌ی دوای ئێمه دێن، پاشان ئه‌وانه‌ی دوای ئه‌وانیش دێن، پاشان له‌دوای ئه‌مانه خه‌ڵکانێک په‌یدا ده‌بن قه‌ڵه‌و ده‌بن و حه‌زیان به قه‌ڵه‌وییه(واته حه‌زیان له خواردنه و گرنگی زۆری پێ ده‌ده‌ن) ، شایه‌تی ده‌ده‌ن پێش ئه‌وه‌ی لێشیان داوابکرێت(ئه‌وه‌ش زه‌مه بۆیان).
باشی و قه‌بووڵی ئه‌وانه(پێشێنانمان) له‌به‌ر ئه‌وه‌بووه که ده‌قیان گرتووه به ڕێگای راست و دروستی ئیسلامه‌وه، که ئه‌ویش خۆی له قورئان و سه‌ننه‌تدا ده‌بینێته‌وه، ئه‌وه‌یه به‌رنامه‌ی پێغه‌مبه‌ر و هاوه‌ڵه‌کانی، هه‌روه‌کو خۆی له فه‌رمووده‌یه‌کی باسی ئه‌وه ده‌کات که ئه‌م ئوممه‌ته ده‌بێته حه‌فتا و سێ به‌ش هه‌مووی بۆ ئاگرن ته‌نها یه‌کێکیان نه‌بێت، ئه‌وانیش ده‌بێت له‌سه‌ر ڕێگه‌ی پێغه‌مبه‌ر و هاوه‌ڵه‌کانی بن. ده‌فه‌رموێت(صلى الله عليه وسلم)..."وإن بني إسرائيل تفرقت على اثنتين وسبعين ملة ، وتفترق أمتي على ثلاث وسبعين فرقة ، كلهم في النار إلا ملة واحدة، قالوا : ومن هي يا رسول الله ؟ قال : ما أنا عليه وأصحابي" رواه الترمذی وحسنه.
شایه‌نی باسه ئه‌م کۆمه‌ڵانه له‌سه‌ر بناغه‌ی لادان و گۆڕین و پووچکردنه‌وه ئه‌سڵێکی ئه‌م دینه له کۆمه‌ڵی حه‌ق جیاده‌بنه‌وه، یان عه‌قیده‌یان شێواو و گومڕایی تێکه‌ڵاو بووه یان حه‌ڵاڵ و حه‌رامیان ده‌ستکاری کردووه به‌بێ به‌ڵگه.
هه‌رچوار ئیمامه‌کانیش(مالیک و ئه‌بووحه‌نیفه و شافیعی و ئه‌حمه‌د) هه‌موویان هه‌ر له‌سه‌ر ڕێگای سه‌له‌ف بوون ڕه‌حمه‌تی خوایان لێ بێت، هه‌موو که‌سیش به ڕاده‌ی ده‌رچوونی له قورئان و سوننه‌ت نووقسانی ده‌بێت و که‌سیش بێ هه‌ڵه نییه مه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌رمان(صلى الله عليه وسلم).
توندڕه‌وی سه‌له‌فیش ئه‌گه‌ر له‌به‌رئه‌وه بێت به چه‌وتی و بیدعه و ده‌رچوونه‌کانی موسوڵمانی نه‌شاره‌زا و کۆمه‌ڵه گومڕاکان ڕازی نییه، ئه‌وه جائیزه و سوپاس کراوه، هه‌موو ده‌بێت هه‌روا بین، توند بین له‌سه‌ر ده‌رنه‌چوونی خه‌ڵکی و موسوڵمانان له به‌رنامه‌ی ساغی دینه‌که‌مان که قورئان و سوننه‌ته.
توندڕه‌ویش ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستتان له‌و توندوتیژییانه‌یه لێره و له‌وێ سه‌ری هه‌ڵداوه، ئه‌وا په‌یوه‌ندی به کارکردنه‌وه هه‌یه بۆ ئیسلام و نه هه‌مووی ڕاست و ته‌واوه، نه هه‌مووشی هه‌ڵه و ناته‌واوه، به‌ڵكوو تێکه‌ڵه و ڕاست و چه‌وتیشیان هه‌ر به قورئان و سوننه‌تی پێغه‌مبه‌رمان(صلى الله عليه وسلم) ده‌ناسرێنه‌وه.
وه‌هابیش: هه‌ر سه‌له‌فییه‌ت ده‌گرێته‌وه، مه‌به‌ست پێیان موحه‌مه‌دی کوڕی عه‌بدولوه‌هابه-ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت- له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی وه‌کو ئه‌و بۆچوونیانه، ناوی وه‌هابی، خوازیاری خۆی نه‌بووه، به‌ڵکوو قوتابی و هاوڕێکانیشی، هه‌روه‌ها که‌سانێکیش که خۆیان به شوێنکه‌وتووی قورئان و سوننه‌ت بزانن. به‌ڵکوو ئه‌م نازناوه له‌لایه‌ن دوژمنانی ئیسلام و کوفره‌وه نووسێنراوه پێیانه‌وه، ئه‌گینا جائیز نییه بۆ موسوڵمـانێکی ڕاستگۆ بڵێت من وه‌هابیم!
موحه‌مه‌دی کوری عه‌بدولوه‌هاب-ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت- له‌ساڵی(1115)ی کۆچی له‌دایک بووه، له سه‌رده‌می خۆیدا به تازه‌که‌ره‌وه‌ی دین داده‌نرێ و توانیوێتی خه‌ڵکێکی زۆر بگێڕێته‌وه سه‌ر به‌رنامه‌ی قورئان و سوننه‌ت و له بیدعه و لادانه‌کان ڕزگاریان بکات.
که‌واته ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه بوو ئه‌وا هه‌موومان ده‌بێت سه‌له‌فی بین، به‌ڵام ده‌بێت تێبینی ئه‌وه‌ش بکه‌ین که سه‌له‌فێتی ته‌نها ناوێک نییه و هه‌رکه‌سێک وتی ئیتر به‌هه‌شت بۆ خۆی به‌رێته‌وه! به‌ڵکوو سه‌له‌فێتی به‌رنامه‌یه و ناوه‌ڕۆکه، ئه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ده‌کات به‌ڕاستی شوێنی ڕێگای پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) و هاوه‌ڵاکانی که‌وتووه.
خوای گه‌وره‌ش زاناتره (جل وعلا).
وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم.
- - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - -
لیژنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره شه‌رعییه‌کان/ ده‌نگی ئیسلام.