: به‌ڕێزان سڵاو،
پرسیارێکم هه‌یه هیوادارم وه‌ڵامم بده‌نه‌وه به ڕوونی من کچێکی ته‌مه‌ن (بیست و نۆ- ٢٩) ساڵه‌م که هێشتا شوم نه‌کردوه، چه‌ند ساڵێک له‌مه‌و پێش کوڕێک داوای ئه‌وه‌ی لێ کردم که مێردی پێ بکه‌م به‌ڵام من مێردم پێ نه‌کرد، هه‌تا ئێستا که‌سی دیکه خوازبێنی نه‌کردم، ئێستا من بۆ ئه‌و کوڕه زۆر په‌شیمانم که ئه‌ویش هێشتا ژنی نه‌هێناوه له‌لایه‌کی تره‌وه (پزیشک) ئاگاداریان کردومه‌ته‌وه که ده‌بێت مێرد بکه‌م له‌به‌ر سه‌لامه‌تی گیانم، هه‌ڵبه‌ته من ماوه‌ی (ده-١٠ ) زیاتره که زه‌بری دوا عاده‌ی مانگانه ده‌بم، خه‌جاڵه‌تی ئێوه‌م بۆ ئه‌م پرسیاره، نازانم چ بکه‌م تکایه ئه‌گه‌ر ڕێگایه‌ک یا دوعایه یان نه‌زرێک هه‌یه پێم بڵێن خوا جه‌زاتان بداته‌وه. : به ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان.
سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگار، دروود و ڕه‌حمه‌ت له پێغه‌مبه‌ری ئازیز (صلی الله‌علیه وسلم) و هه‌روه‌ها له ئال و یارانی.
بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی به‌ڕێزتان:
پێشه‌کی خوشکی به‌ڕێزمان دوعای خێرتان بۆ ده‌که‌ین له خوای به‌زه‌یی و کارجوان، هه‌رچی باشه له‌م دونیایه ئه‌وه‌تان بۆ ئه‌نجام بدات، ئامین.
له ڕاستیدا جێی خۆیه‌تی و هیچیش عه‌یبه نییه وه‌کو هه‌ندێ خه‌ڵکی وای ده‌بینن که ئافره‌تێک به ئاشکرا له هه‌ندێ که‌ناڵی پاک و تایبه‌ته‌وه(وه‌ک که‌سوکار و هاوڕێ و مه‌رکه‌زێکی ئیسلامی و مزگه‌وت و خه‌ڵکی باش و ...) هه‌وڵ بدات هاوشانێک بۆ خۆی بدۆزێته‌وه، به‌ڵگه‌شمان له‌سه‌ر ئه‌وه زۆر هه‌یه، وه‌ک دایکمان خه‌دیجه-خوا رازی بوو لێی- کاتێک بینی که پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) هاوشان و ئه‌و که‌سه‌یه که شایسته‌ی ئه‌وه‌یه شووی پێ بکات، خۆی خزمه‌تکاره‌که‌ی ڕاسپارد هه‌تا ئه‌گه‌ر ئه‌و(صلى الله عليه وسلم) ڕازییه ئه‌وا ئه‌م شووی پێ ده‌کات.
یان وه‌کو گه‌وره‌مان عومه‌ری کوری خه‌تتاب-خوا لێی ڕازی بێت- کاتێک کچه‌که‌ی، حه‌فصه بێوه‌ژن که‌وت، خۆی به ئه‌بووبه‌کری فه‌رموو که ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت لێی ماره ده‌کات، ئه‌وه‌بوو ئه‌ویش-خوای لێ ڕازی بێت- زانیبووی پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله عليه وسلم) باسی کردووه بێ ده‌نگ بوو لێی هه‌تاوه‌کو دواتر پێغه‌مبه‌ری خوا خواستی.
چه‌ندها زانا و شاره‌زایان و پێشه‌وایانی ئه‌م ئیسلامه به‌و جۆره بوون، چؤن خه‌می کوڕیان خواردووه وه‌هاش له خه‌می کچه‌کانی خۆیان بوون به‌ڵکوو زیاتریش.. چونکه ده‌یانزانی ئافره‌ت ئه‌مانه‌ت و لاوازه و پێویسته که‌سێکی گونجاوی له خواترسی به وه‌فای بۆ بدۆزرێته‌وه نه‌وه‌ک تووشی کێشه و ناڕه‌حه‌تییه‌کانی دونیا ببێت..
خۆیان کاتێک ده‌یانبینی گه‌نجێک هه‌یه، زۆر دێته مزگه‌وت و له‌خوا ده‌ترسێ و ڕه‌وشتی جوانه، ئیتر خۆیان باسی ژنهێنانیان له‌لا ده‌کرده‌وه و کچی خۆیان لێ ماره ده‌کردن..
خۆزگابا جارێکی تر سه‌ر له‌نوێ باوکان و برایان و که‌سوکار کرده‌وه به‌و کاره جوانه‌ی پێشینانمان بکه‌ن..
هه‌روه‌ها ئافره‌ت هه‌بوو خۆی هاتۆته لای پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) و داوای لێ کردووه هه‌تا بیخوازێ، که‌واته له‌م ڕووه‌شه‌وه ئافره‌ت بۆی هه‌یه ئه‌گه‌ر که‌سێکی شیاو و گونجاوی دیت، ڕاسته‌وخۆ بێ یان ناڕاسته‌وخۆ هه‌واڵ بنێرێت که ئاماده‌یه شووی پێ بکات ئه‌گه‌ر ڕازییه.
حه‌تمه‌ن ئێمه هه‌میشه پێمان وایه که واباشتره بۆ قورس و سه‌نگی ئافره‌ته‌که به‌ناڕاسته‌وخۆ بێت نه‌وه‌ک کوڕه له ئاست ئه‌و ئیمانه به‌هێزه نه‌بێ و یاخوود هه‌ر به‌نیاز نه‌بێ ژن بخوازێت یان ئافره‌ته‌که‌ی به‌دڵ نه‌بێ، بۆ ئه‌وه‌ی تووشی شکانه‌وه نه‌بێت(ئافره‌ته‌که).
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌فه‌رموون که پزیشکان هانت ده‌ده‌ن بۆ شوکردن، خوشکی به‌ڕێزمان ئه‌وه‌ی ده‌فه‌رموون ڕاسته و شووکردن له‌وه‌ش زیاتر سوودی هه‌یه بۆ ئافره‌تان و ئه‌وه‌ش مافی هه‌موو ئافره‌تێکه که ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ پیاوێکی هاوشانی خۆیدا پێکبهێنێت.
سه‌باره‌ت به‌و برایه‌ش که پێشتر هاتۆته داوات، هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه قه‌ده‌رێکی خوا بووه و ئێوه له‌و کاته‌دا بۆ یه‌ک نه‌بن، خه‌می ناوێ و موسوڵمان به هۆی ئیمانی به قه‌ده‌ر ده‌توانێت دڵنه‌وایی و ئارامی به خۆی بدات.. که‌س نازانێت که ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و کاره بۆ ئێوه له‌و کاته‌دا سه‌ری بگرتایه چی ده‌بوو؟ ئایا خێر ده‌بوو یان شه‌ڕ؟ ئایا په‌شیمان ده‌بووی لێی یان دڵخۆش؟ بۆیه هه‌ر کاتێک شتێک به‌سه‌ر موسوڵماندا تێپه‌ڕی و ئه‌گه‌ر بۆی نه‌بووه به‌شی، ئه‌وا با شکوری خوای له‌سه‌ر بکات، چونکه کێ ده‌زانێت له بوونی خێر ده‌بوو یان شه‌ڕ!؟
ئایا هه‌ر خۆتان چه‌ندین نمونه‌ی له‌و جۆره‌تان نه‌بینیوه؟ کاتێک که‌سێک زۆر به‌شه‌وقه‌وه، دوعاشی ده‌خاته پاڵ و خێریشی بۆ ده‌کات هه‌تا فڵانه شتی به به‌ش ببێت، به‌ڵام کاتێک ده‌بێته به‌سی و ماوه‌یه‌ک تێده‌په‌ڕێ، لێی په‌شیمان ده‌بێ و حه‌سره‌ت و ئاخی لێ هه‌ڵده‌کێشێت! خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت وَعَسَى أَن تَكْرَهُواْ شَيْئاً وَهُوَ خَيْرٌ لَّكُمْ وَعَسَى أَن تُحِبُّواْ شَيْئاً وَهُوَ شَرٌّ لَّكُمْ وَاللّهُ يَعْلَمُ وَأَنتُمْ لاَ تَعْلَمُونَ [البقرة:٢١٦]
واته/ ڕووده‌دات له ئێوه شتێکتان پێ ناخۆش بێت به‌ڵام نازانن خێری تێدایه بۆتان، هه‌روه‌ها شتێکتان پێ خۆش بێت به‌ڵام نازانن که شه‌ڕی تێدایه بۆتان، خوا ده‌زانێ و ئێوه نازانن.
ئه‌م ئایه‌ته له‌سه‌ر فه‌رزبوونی جیهاد و شه‌ڕکردن له ڕێی خوادا هاته خواره‌وه، به‌ڵام بۆ هه‌موو قه‌ده‌ر و بڕایرێکی خوایی به‌سه‌ر به‌نده‌کانیدا دروسته.
خوشکی به‌ڕێز؛ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئێوه بێت به‌رامبه‌ر ئه‌و کوڕه، ده‌توانی ڕێگه‌یه‌ک بدۆزیته‌وه که به ناراسته‌وخۆ پێی بگاته‌وه که ئه‌گه‌ر ئێستا بێته پێشه‌وه شووی پێ ده‌که‌ی، هیچیشی تێدا نییه که هه‌واڵ بزانێت ئه‌و کاته بارودۆخێکی تایبه‌تیی هه‌بووه و نه‌تتوانیوه شوو بکه‌ی.. هه‌ر پاساوێک که کوڕه‌که وا لێبکات ئه‌گه‌ر بیه‌وێت بێته‌وه پێش جارێکی تر، چونکه ئه‌و ئه‌گه‌ر مه‌یلیشی هه‌بێت بێته‌وه پێش خۆ ده‌بێت بزانێت که ئه‌مجاره‌یان قه‌بووڵ ده‌کرێت یان هیوایه‌کی ببێت!
ئه‌وجا ئه‌و که‌ناڵه خۆت ده‌توانی بیدۆزیته‌وه هه‌تا هه‌واڵی پیابنێریت بۆی..
وه‌ک که‌سێکی خواویست و خه‌مخۆری هه‌ردوولا، ئاگادار بکرێت هه‌تا به کوڕه ڕاگه‌یه‌نێت له‌باره‌ی تۆوه..
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا خۆت بده ده‌ست قه‌ده‌ری خوا و نه‌وه‌ک هه‌ر بۆ ئه‌و کوڕه به‌ڵکوو بۆ هه‌موو دواڕۆژیشت و دوعا زۆر بکه هه‌تا خوا چی باشه ئه‌وه‌ت به به‌ش بکات..
بڕوات وا بێت له دوای پارانه‌وه و ته‌سلیم بوون به خوا که ئه‌گه‌ر ئه‌و کوڕه‌ش نه‌بوو یاخوود چه‌ند ساڵی تریش هه‌روا به‌بێ شوو بمێنیته‌وه ئه‌وه ویستی خوایه و ئه‌وه‌ش باشه و خێره بۆت، دڵنیابه گه‌ر خوا ئه‌و نییه‌ت و ته‌سلیمبوونه له تۆ ببینێت ئه‌وا هه‌رجی خێره ئه‌وه‌ت بۆ به به‌ش ده‌کات..
پێغه‌مبه‌ری خواش(صلى الله عليه وسلم) پێی فه‌رمووین که دوعاکانمان دیاری بکه‌ین، واته ده‌توانین بڵێین خوایه گیان ئه‌و کاره‌مان بۆ ئه‌نجام بگه‌یه‌نه و له‌سه‌ر خێری دونیا و قیامه‌ت، نه‌وه‌ک هه‌ر بوترێت جی باشه ئه‌وه‌مان بۆ بکه، ئه‌مه‌ش دوعایه‌کی باشه، به‌ڵام جائیزه له خوای به‌ڕه‌حمی به‌خشنده داوایه‌کانمان دیاری بکه‌ین.
هیوات به‌خوا زۆر زیاتر بێت وه‌ک له‌و کوڕه، واته وا نه‌زانیت که ڕزگاری ئێوه له کوڕه‌دایه، به‌ڵکوو له ڕه‌حمی خوادایه..
وه‌کو دوعایه‌کی تایبه‌تیش؛ شتێکی وا نه‌هاتووه له فه‌رمووده‌دا.. دوعای رَبَّنَا آتِنَا فِي الدُّنْيَا حَسَنَةً وَفِي الآخِرَةِ حَسَنَةً وَقِنَا عَذَابَ النَّارِ [البقرة:٢٠١] ئیبن عه‌بباس-خوا لێێان رازی بێت- له ته‌فسیری حَسَنَةً ی دونیاکه‌دا فه‌رموویه‌تی: "المرأة الصالحة" ، که‌واته ئێوه‌ش ده‌توانن ئه‌م دوعایه زۆر دووپات بکه‌نه‌وه له نوێژ و سوژده و هه‌موو پارانه‌وه‌یه‌کتان به‌ڵکوو خوای گه‌وره پیاوێکی خواناسی چاکتان بکاته به‌ش، ئامین.
وه‌کو نه‌زریش موسوڵمان ده‌توانێت خێرێک نه‌زر بکات که ئه‌گه‌ر شتێکی بۆ بووه قیسمه‌ت ئه‌وه‌نده خێر بکات یان مه‌ڕێک بکات قوربانی...
به‌ڵام ئه‌وه خێری به‌خیله‌کانه(دوور بێ له ئێوه‌ی به‌ڕێز) ، ئه‌وه‌ی که باشتره ئه‌وه‌یه موسوڵمان بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌حمی خوای له‌سه‌ر زیاد بێت و به‌ڵای له‌سه‌ر لابچیت به‌پێی توانا خێر پێش بخات نه‌وه‌ک دوای بخات و به مه‌رج دایبنێ.
چه‌ندی ده‌توانی خێر بکه، له‌گه‌ڵ هه‌تیو و بێوه‌ژنان و هه‌ژاران و لێوقه‌وماوان به ئومێدی ئه‌وه‌ی خوا ده‌رگات لێ بکاته‌وه، ئه‌وجا ئه‌گه‌ر بوو ئه‌وه به‌رهه‌مکه‌یت ده‌ستکه‌وت، ئه‌گه‌ر نه‌هاته‌دیش یاخوود دڕه‌نگ که‌وت ئه‌وا تۆ خێری خۆت کردووه و په‌شیمان مه‌به لێی چونکه خوای به‌زه‌یی بۆی هه‌ڵگرتووی بۆ ڕۆژی قیامه‌ت.
سوود له‌مه‌س ببینه [url=http://www.dangiislam.org/v/content/walam/728] ٧٢٨[/url].
خوای گه‌وره‌ش زاناتره (جل وعلا).
وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم.
- - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - -
لیژنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره شه‌رعییه‌کان/ ده‌نگی ئیسلام. |