له‌لایه‌ن: بازیان موحهممهددیاردهی شاخه‌كان (والجبال أوتادا)نووسه‌ر: د. حسن باحفظ الله
وه‌رگێڕ: بازیان موحه‌ممه‌د
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
قورئانی پیرۆز نیگای خوای گه‌وره‌یه بۆ دوایین پێغه‌مبه‌ر موحه‌ممه‌د (صلی الله علیه‌و سلم) و هه‌ڵگری ئایه‌ته‌كانی رێ نیشان دان و رێنموویی كردنه كه ئێستا‌و ئه‌وساش له هێنانی ئایه‌ته‌كان و هه‌واڵ پێدان و رونكردنهوهیاندا موعجیزه بووه، هه‌روه‌ها قورئانی پیرۆز بڕیاری كردار‌و سوننه‌ته‌كانی گه‌ردونی داوه به‌جۆرێك مرۆڤ له‌كاتی دابه‌زینی قورئانی پیرۆزدا نه‌یتوانیوه ده‌ركیان پێ بكات چ جای ئه‌وه‌ى ته‌سلیمیان ببێ، كاتێكی زۆر دره‌نگیشی ویست تا مرۆڤ په‌ی پێ بردن، خوای گه‌وره سوننه‌ته‌كانی گه‌ردونی ته‌قدیر كردووه‌و بڕیاری له‌سه‌رداون وه‌ك ده‌فه‌رموێ: لكل نبأ مستقر وسوف تعملون الا‌نعام: ٦٧، هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێ: ولتعلمن نبأه بعد حين ص٨٨، له‌م وتارهشماندا باس له‌و ڕاستیه زانستیه ده‌كه‌ین كه قورئانی پیرۆز له چه‌ند ئایه‌تێكدا ئاماژه‌ی بۆ كردووه ئه‌ویش ئه‌رك و شێوه‌ی شاخه‌كانه( دیارده‌ی شاخه‌كان)، له‌كاتێكدا مرۆڤ ئه‌م ڕاستیه زانراوه‌ی ئێستای نه‌ده‌زانی ته‌نها دوای ئه‌و پێشكه‌وتن و گۆڕانه گه‌وره‌یه نه‌بێ كه له زانست و ته‌كنه‌لۆژیا له دوو چاخی ١٩ و ٢٠ ی مرۆڤایه‌تی دا ڕوویدا.
مرۆڤ له كۆنه‌وه شاخه‌كانی ناسیوه‌و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كردوون و له‌باوه‌شیاندا ژیاوه، سوودیشی له پێك هاتووه به‌كه‌ڵكه زانراوه‌كانی ڕواڵه‌تی ده‌ره‌وه‌ی شاخه‌كان وه‌رگرتووه، شاخ له‌لاى مرۆڤ بریتی بوو له هه‌ر به‌رزاییه‌كی سه‌ر ڕووی زه‌وى كه له بڵندیدا له گرد زیاتر بێ. به‌ڵام ئایا ئه‌م پێناسه‌یه له‌م كاته‌ی ئێستاماندا حه‌قی شاخه‌كان ئه‌دات؟
بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش گه‌شتێك به‌ناو لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی شاخه‌كان له‌ماوه‌ی ٣ چاخی كۆتایبدا ده‌كه‌ین كه زۆرێك له پشكنین و دۆزینه‌وه‌ی زانستی گرنگی له هه‌موو بواره‌كانی گه‌ردووندا به‌خۆیه‌وه بینی.
شاخه‌كان به‌هۆی ئه‌و كه‌ڵك و سوودانه‌ی هه‌یانه به‌رده‌وام مرۆڤیان تووشی سه‌رنجڕاكێشان و مه‌دهۆشی كردووه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مرۆڤ ته‌نها ڕواڵه‌تی ده‌ره‌وه‌ی شاخه‌كانی ناسیوه تا سه‌ره‌تای چاخی١٨، كاتێك (بیر بوجر ـ Grivitational Attraction) كه سه‌رۆكی شاندێك بوو له شاخه‌كانی(ئه‌ندیز) به ته‌رازووی بینا (Plumb Bab) پێوانی جازبیهتی ده‌كرد تێبینی ئه‌وه‌ی كرد هێزی راكێشانی پێوانكراوی ناوچه‌كه له‌گه‌ڵ بارستاییه گه‌وره‌كه‌ی شاخه‌كاندا گونجاو نییه به‌ڵكوو زۆر له‌وه‌ی لێی ڕادهبینرا كه‌متر بوو، بۆ ئه‌وه‌ش پشتی به‌لادانی ئاراسته‌ی لوتكه بوڕكانیهكانی ناوچه‌كه به‌ست، له ئه‌نجامی ئه‌و تێبینیه سه‌ره‌تاییه‌شدا (بوجر) گریمانی بوونی بارستاییه‌كی گه‌وره‌ى به‌ردینی له‌ژێر شاخه‌كاندا كرد، له سه‌ره‌تاكانی چاخی ١٩ ى زاینیشدا شانده زه‌وی ناسه به‌ریتانیه‌كان له نیوه دوورگه‌ی هندیدا گه‌لێك له كاره‌كانی پێوانی زه‌وی ناسیان به ئه‌نجام گه‌یاند به‌وه‌ش زۆرێك له دیارده‌كان تهفسیركران. به‌ڵام دیارده‌ی ناباو له نزیك شاخه‌كانی( هیمالایا) له خوێندنه‌وه‌ی جازبیهتدا ده‌ركه‌وت، كه دواتر به دیارده‌ی( مه‌ته‌ڵی هیند) ناوبانگی ده‌ركرد، به‌شێوه‌یه‌كی مه‌نتیقیش ته‌فسیری ئه‌و دیاردیه له رێی كاره‌كانی زه‌وی پێوانه‌وه زانرا كه( سیر جورج ئێڤرست) سه‌رپه‌رشتی دهكردو كاره‌كانیشی به ڕوونی ئاماژه‌یاندا كه‌ده‌بێ بۆ ته‌فسیری ئه‌و بێ هاوتاییه گریمانی درێژبوونه‌وه‌ى شاخه‌كان بۆ مه‌سافه‌ى زۆر قوڵ به‌ناو به‌رگی زه‌ویدا دابنرێ و به‌شه درێژبووهكانیش یان ده‌بێ وه‌ك مادده‌ى شاخه دیاره‌كان بن یان چڕیان له شاخه دیاره‌كان زیاتربێ. به‌م گریمانه‌ش ئه‌و گیروگرفته چاره‌سه‌ركرا كه له پێوانی مهسافهدا تێبینی كرا له‌نێوان وێستگه‌ی(كالیانا) كه ده‌كه‌وێته باوه‌شی شاخه‌كانی( هیمالایا) و وێستگه‌ی( كالیان بور) كه نزیكه‌ی ١٥٣ مه‌تر دوورتره له‌شاخه‌كانی هیمالایاو ده‌كه‌وێته ناوچه ته‌خته‌كه( شێوه‌ی١). ئه‌م جیاوازییه‌ش كاتێك تێبینی كرا كه مه‌سافه‌یان به‌دوو ڕێگای جیاواز پێوانه كرد: یه‌كه‌میان پشت به حسابی سێ گۆشهكاری ئه‌به‌ستێ و پێی ئه‌وترێ ڕێگای( مه‌سحی سێ یه‌كی ـ Triangulation Technique) دووه‌میش پشت به‌جێگه‌ی ئه‌ستێره‌ی قوتبی ده‌به‌ستێ و پێی ده‌وترێت ڕێگای( مه‌سحی فه‌له‌كی ـ Astronoical Technique ) جیاوازییه‌كه‌ی ڕێگای دووه‌م( جون هاری برانت ـ Archdeacan John Henry Pratt) گه‌ڕاندیه‌وه بۆ كاریگه‌ری هێزی راكێشانی كوتله‌یه‌كی نه‌بینراو ئه‌ویش له‌و هاوكێشانه‌دا داخڵ نه‌ده‌كرا كه بۆ ئه‌نجامدانی حسابی كۆتایی له پێوانهكرندا به‌كارده‌هێنرا. به‌ده‌سته‌واژه‌یه‌كی تر ئاماژه‌ی بۆ بوونی (ره‌گ ـ Roots) كرد به‌شێوه‌یه‌ك كه درێژبوونه‌ته‌وه بۆ بنه‌وه‌ی شاخه‌كانی هیمالایاو هه‌رئه‌وه‌ش كاری له پێوانه‌كان ئه‌كرد به‌وه‌ش توانی ئه‌و جیاوازییه‌ی پێشتر باس ده‌كرا به‌دیار بخات.
له‌ساڵی ١٨٥٦ (سیر جورج ئیرى) بیردۆزه‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد ناوه‌ڕۆكی بیردۆزه‌كه بریتی بوو له‌وه‌ی به‌رگی زه‌وى نموونه‌ى بناغه‌یه‌كی گونجاوی شاخه به‌رزه‌كان نییه‌و گریمانی ئه‌وه‌شی كرد به‌رگی زهوىو شاخه‌كان دوورگه‌یه‌كی سهرئاوكهوتوون له ده‌ریایه‌كی به‌رددا ئه‌و به‌ردانه‌ش چڕیهكهیان له شاخه‌كان زیاتره، بۆیه شاخه‌كان تا جێگیر‌و ئارام بن ده‌بێ ره‌گه‌كانیان بۆ ناوه‌وه‌ى ئه‌و ناوچه زیاتر چڕییه درێژ بووبێته‌وه‌و ئه‌و ئارامیه‌ی شاخه‌كانیش به‌بێ ئه‌و مادده زیاتر چڕییه نابێ.
(دتون) جیۆلۆجیهكی ئه‌مریكایی بوو له ساڵی ١٩٨٩ز بیردۆزه‌ی (هاوسه‌نگبوون ـ الإتزان ـ Theory of Isostasy)ى دانا؛ به‌وه‌ش بیردۆزه‌كه‌ى جۆرج ئیری زانستییانه ته‌فسیر كرد. بیردۆزه‌ی هاوسه‌نگبوون بریتی بوو له چه‌ند پارچهتهختهیهكی جیاواز له به‌رزیدا سه‌رئاو كه‌وتوون له حه‌وزێك ئاودا، ئه‌م نموونه‌یه‌ش ئه‌وه‌ی ڕوون كرده‌وه كه به‌شه نقوومبووه‌كه‌ی ته‌خته‌كان له ئاوه‌كه‌دا (شێوه‌ی ٣) له‌گه‌ڵ به‌رزییاندا، ڕاسته‌وانه ده‌گۆڕێت؛ ئه‌وه‌شى به حاڵه‌تی هاوسه‌نگبوونی هیدرۆستانی (State of Hydrostatic Balance) ناوبرد. نموونه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته‌ش له سروشتدا شاخه به‌فرییه سهرئاوكهوتووهكانه (Iceburgs) (شێوهی٤).
پاشان زانسته‌كان پێش كه‌وتن و دۆزینه‌وه‌كان به دواییه‌كدا هاتن، مه‌سه‌له‌ى ره‌گه‌كانی شاخه‌كان له قۆناغی بیردۆزه‌وه بۆ قۆناغی ڕاستی و واقیعی مه‌لموس گواسترانه‌وه، ئه‌وه‌ش به فه‌زڵی خوای گه‌وره‌و پاشان به‌هۆی پێشكه‌وتنی زانیارییه‌كانمان له پێكهاته‌كانی ناوه‌وه‌ی زه‌وی له رێی پێوانه(سایزهمیهكانی ژێره‌وه‌ی ڕووی زه‌وى) كه به‌هۆیانه‌وه بۆمان ده‌ركه‌وت ئه‌و چینه ره‌قه‌ى زه‌وی كه له‌سه‌ری ده‌ژین ته‌نها چینێكی زۆر نه‌رم پێك ده‌هێنێ ئه‌گه‌ر پێوانی بكه‌ین به‌و چین و پێكهاتهنهی كه رێژه‌ی چڕیان به‌رزتره‌و له ژێره‌وه‌ى ئه‌و چینه‌ن به‌ڵام له حاڵه‌تی بهربهستدان و به به‌رگ(وشاح) داپۆشراون شێوه(٥) ، پاشان ڕاستییه‌كی ترمان بۆ ده‌ركه‌وت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كاتێك به‌رگی زه‌وی به‌هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه( شاخه‌كان و گرده‌كان و شیوه‌كان) له‌سه‌ر مه‌ودای به‌رگ( وشاح) جێگیر‌و هاوسه‌نگ ده‌بن كه به‌رگی زه‌وی بۆ ناوه‌وه‌ی مه‌وداكه درێژبوونه‌وه‌ى هه‌بێ، ئه‌و درێژهوهبووانهش وه‌ك رایه‌ڵ و مێخه‌ك وان چادرێكیان له‌سه‌ر ڕووى زه‌وى راگرتبێ و نه‌هێڵن تووشی تێكچوون ببێ.
له كۆتاییدا ئێمه‌ى مرۆڤ زانیاریمان گه‌یشته قۆناغێك كه به‌یارمه‌تی خواى گه‌وره توانیمان له زۆرێك له پارچه‌كانی زه‌ویدا ژماره‌یه‌ك نه‌خشه بۆ ژێره‌وه‌ی زه‌وی وێنه بكه‌ین، به‌هۆشیانه‌وه سه‌لمێنرا كه ره‌گه‌كانی ژێر ڕووی زه‌وى په‌یوه‌ندیه‌كی ڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ پێكهاتووه‌كانی سه‌رووی خۆیان هه‌یه، ئه‌وان له شوێنه نزمه‌كاندا ته‌نكن و كاتێكیش سه‌ره‌وه‌یان شاخه درێژه‌كان بێت قووڵ ده‌بن. به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستاین به‌ڵكوو توانیمان درێژی ئه‌و رهگانه بپێوین و پێشبینی خاسیه‌ته سروشتی و كیمیاییهكانیشیان بكه‌ین.
ئه‌مه وته‌ی زانسته، جا ئایا قورئان چی ده‌فه‌رموێت؟ ئایا ئه‌م ڕاستییانه‌ی كه ئێستا به‌یه‌قینی ده‌سه‌لمێت، هه‌ر ئه‌وانه نین كه كتێبی پیرۆزی خوای گه‌وره پێش ١٤ سه‌ده ئاماژه‌ى بۆ كردوون، كاتێك ئه‌فه‌رموێت: وألقي في الأرض رواسي أن تميد بكم [النحل: ١٥]؟ ئایا ئه‌مه ئاماژه نییه بۆ ده‌ور و ئه‌ركی شاخه‌كان له جێگیركردن و ئارامیپێدانی ئه‌و زه‌وییه‌ى مرۆڤ له‌سه‌ری ده‌ژی، كاتێكیش ئه‌فه‌رموێت: والجبال أوتادا [النبأ: ٧]؟ لێره‌دا قورئان به دوو وشه‌ی ڕوون و ئاسان ئاماژه به شێوه‌ی ڕاستی شاخ و ڕه‌گه شاراوه درێژهوهبووهكهی بۆ خوار خۆی ده‌كات. زانا مسوڵمانه یه‌كه‌مه‌كانیش له ته‌فسیری ئه‌و ئایاته پیرۆزانه‌ی كتێبی پهروردگاریاندا ده‌ركیان به‌و ڕاستییانه كردبوو ( سه‌یری خشتهكه بكه!).
به‌راوردی نێوان وته‌ی موفه‌سیره‌كان و وته‌ی مه‌وسووعه‌ی بریتانی:
جابا خوێنه‌ری به‌ڕێز، وته‌ی زانا مسوڵمانه‌كان پێش سه‌دان ساڵ له‌گه‌ڵ وته‌ی مه‌وسووعه‌ی بریتانی به‌ناوبانگ (Encyclopacedia Britannica) به‌راورد بكات، له به‌رگی ١٢ له‌ژێر ناونیشانی پرۆسه‌كانی بینای شاخه‌كاندا پێناسه‌ی شاخه‌كان ده‌كات و ئه‌ڵێت: "شاخ ناوچه‌یه‌كه له زه‌وى و ڕێژه‌یه‌ك له چوارده‌وری خۆی به‌رزتره."پاشان باس له زنجیرهچیاكان و جۆره‌كانیان ده‌كات. كه‌واته پێناسه‌ی شاخ له مهوسووعهكهدا كورتی هێناوه و ته‌نها شێوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی شاخ باس ده‌كات و هیچ له ڕه‌گ و ناوه‌وه‌ی شاخ نادوێ. ئێمه‌ش ئه‌وه بۆ خوێنه‌ر به‌جێ ده‌هێڵین و له‌وه زیاتر توانجی لێ ناده‌ین.
پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ینه كۆتاییی باسه‌كه، ئه‌مانه‌وێ بڕیاری ئه‌و ڕاستییه بده‌ین كه مرۆڤ به ئه‌زموون و تێكۆشانی زاتی خۆی به زانیاریی ڕه‌گه‌كانی شاخه‌كان گه‌یشت دوای ئاراسته‌كردنی پرسیارێك له‌سه‌ر چۆنێتیی ڕاگیربوونی شاخه‌كان له‌سه‌ر به‌رگی زه‌وی؛ ئه‌وه‌ش باسێكه قورئانی پیرۆز بایه‌خی پێ داوه و ئه‌فه‌رموێت: أفلا ينظرون إلي الإبل كيف خلقت وإلي السما‌ء كيف رفعت وإلي الجبال كيف نصبت ( الغاشیه١٧-١٩).
هه‌رچه‌نده قورئانی پیرۆز له‌ڕێی ئایه‌تی والجبال أوتادا مرۆڤ به‌ره‌و ئه‌و ڕاستییه ئاراسته ده‌كات، به‌ڵام زانیاری به نهێنییه‌كانی ئه‌و ڕاستییه له چاخه‌كانی پێش دۆزینه‌وه‌ی زانستیدا ئاسان نه‌بووه؛ ئه‌وه‌ش قورئانی پیرۆز ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات و ئه‌فه‌رموێت: لكل نبأ مستقر وسوف تعلمون . به‌ڵام ئه‌مه‌ش به‌ربه‌ست نه‌بووه له‌به‌رده‌م زانا مسوڵمانه‌كان كه پێش چاخی خۆیان بكه‌ون له تێگه‌یشتنی هه‌ندێك له دیارده‌كان و سوننه‌ته‌كانی گه‌ردووندا به‌لاى كه‌مه‌وه به شێوه‌یه‌كی گشتی وه‌ك پێشتر باسمان كرد و تێبینیمان كرد. جا چۆن ئه‌بوو ئه‌وه‌ی كه ئه‌مڕۆ له توانا و كلیله‌كانی زانیاری له‌به‌رده‌ستدایه و ئه‌وه‌ی له داهاتووشدا دێت له‌به‌رده‌ستی ئه‌واندا بووایه و كه‌ڵكیان لێ وه‌ربگرتایه؟ واته هه‌رگیز زانستی ڕاست و ئایینی ڕاست دژایه‌تی یه‌ك ناكه‌ن، به‌ڵكوو زانست له‌م چاخه و له داهاتووشدا به‌ڕوونی و به‌ئاشكرایی به‌ڵگه‌ی ڕاستیی نیگا ئه‌بێت. زانایانیش پێش غه‌یری خۆیان ئه‌كه‌ون و شاهێدی له‌سه‌ر ئه‌ده‌ن. خوای گه‌وره فه‌رموویه‌تی: ويري الذين أوتوا العلم الذي أنـزل إليك من ربك هو الحق ويهدي إلى صراط العزيز الحميد [سبأ: ٦]. ئیتر ئایه‌ته‌كانی خوای گه‌وره له هه‌موو ئاسۆكاندا به‌رده‌وام له ده‌ركه‌وتندا ئه‌بن تا ئه‌و ڕاستییه‌ی بۆ پێغه‌مبه‌ر دابه‌زیوه له‌لای خه‌ڵكیش ئاشكرا ئه‌بێ.
وائه‌زانم خوێنه‌ری به‌ڕێز من و تۆ ته‌باین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی رۆژێك دێت گه‌وره‌یمان بگه‌ڕێته‌وه هه‌روه‌ك جاران چۆن گه‌وره‌بووین و له شوێنی سه‌ركردایه‌تی و رابه‌رایه‌تی میلله‌تانی تردا بووین، ئه‌وه‌ش كاتێك بوو كه په‌یوه‌ندیمان به خوای گه‌وره‌وه له خواپه‌رستی و تێگه‌یشتندا به‌هێزبوو، ئه‌ویش رێی تاریكی بۆ رۆشن كردینه‌وه‌و ڕێگاكانی هیدایه‌تی بۆ ئاسان كردین. به‌ڵام كاتێك له خوای گه‌وره دووركه‌وتینه‌وه میلله‌تانی تریشمان به خۆمانه‌وه گومڕاكردوو حاڵمان گۆڕڕا بۆ حاڵی هه‌تیو له‌سه‌ر سفره‌ی نامهردو بوینه مشه‌خۆری سه‌ر شارستانییه‌كانی تر و هه‌موو خراپێكیان تێكه‌ڵ به كه‌مێك شتی باش لێوه‌رده‌گرین، جا بۆ نه‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ شوێنی رابه‌رایه‌تی و سه‌ركردایه‌تیمان.
وه‌ڵامی ئه‌م قسه‌یه ئیجابی نابێ ته‌نها له رێی بانگه‌وازی ڕاسته‌وه نه‌بێ بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ لای خوای گه‌وره، بۆ لای قورئانی پیرۆز‌و سوننه‌تی پاك وبێگه‌ردی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه‌و سلم، قورئان و سوننه‌ت سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتنمان بن و به هیدایه‌تیان رێنموویی وه‌رگرین و هۆكاره‌كانی سه‌ركه‌ووتن به‌ده‌ستبهێنین و پشت به‌خوای گه‌وره ببه‌ستین و هه‌ر له‌ویشه‌وه یارمه‌تی و رێنمووی وه‌ربگرین( واخر دعوانا ان الحمد لله رب العالمین).
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
شێوه‌ی(١) جێگه‌ی( كالیانا) و( كالیان بور) ڕوون ئه‌كاته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و لادانه‌ی له‌سه‌ر ته‌رازووى بینا كه به‌هۆی هێزی شارراوه‌ی راكێشانه‌وه دروست ئه‌بێ.
شێوه‌ی(٣) چه‌ند پارچه تهختهیهكن له‌به‌رزیدا جیاوازن و له‌ناو حه‌وزێكدا سهرئاوكهوتوون، نموونه‌ن بۆ بیردۆزی هاوسه‌نگ بوون، له كتێبی( مبادئ الجیولوجیا الطبیعیه ـ هولمز١٩٧٠ م) وه‌رگیراوه.
شێوه‌ی(٤) شێوه‌ی شاخێكه له سه‌هۆڵ سهرئاوكهوتووهو به‌شه نقووم بووه‌كه‌ی پارچه هه‌ره گه‌وره‌كه‌ی شاخه‌كه پێك ده‌هێنێ له كتێبێ( الارض ـ بریس، سیلیر ١٩٧٤ ) وه‌رگیراوه.
شێوه‌ی(٥) جیاوازی نێوان چڕی مادده‌ی به‌رگی زه‌وى و مادده‌ی به‌رگ(وشاح) ڕوون ده‌كاته‌وه. |