له‌لایه‌ن: ‌‌ موحه‌ممه‌د ئیدریس

به‌شی سێیه‌م .. چه‌وسانه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر و یارانی

ئازاردانی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)
قوره‌یشییه‌كان كه‌ بۆیان ده‌ركه‌وت به‌ شێوه‌ی گاڵته‌پێكردن ڕێگای ئیسلامیان پێ ناگیرێت، كه‌وتنه‌ ئازاردانی پێغه‌مبه‌ر و هاوه‌ڵانی.
به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ئازاری پێغه‌مبه‌ریان ده‌دا له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا: ئه‌بووله‌هه‌ب، (ئه‌بووجه‌هل) و عوقبه‌ی كوڕی ئه‌بووموعیت بوون. ئه‌مانه‌ی ئازاریان ده‌دا، هه‌موویان دراوسێی پێغه‌مبه‌ر بوون. جارێكیان پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه ‌وسلم) له‌ مزگه‌وتدا نوێژى ده‌كرد. ئه‌بووجه‌هل عوقبه‌ی نارد چوو سلخوڕی ئاژه‌ڵی هێنا و كه‌ پێغه‌مبه‌ر چووه‌ سوجده‌وه‌ كردی به‌سه‌ریدا. قوره‌یشییه‌كان نه‌یانهێشت هیچ مسوڵمانێك بچێ ئه‌و پیسییه‌ له‌سه‌ری لابه‌رن، هه‌تا (فاطمة‌)ی كچی هات و پیسایییه‌كه‌ی لابرد و پاكی كرده‌وه‌.
جارێكیشیان ئه‌بووجه‌هل به‌ مه‌به‌ستی كوشتنی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ویستی له‌ كاتی سوجده‌دا قاچ بكاته‌ سه‌ر سه‌ری، به‌ڵام خوای گه‌وره‌ ترساندی و هیچی نه‌كرد و پشتاوپشت بۆ دواوه‌ گه‌ڕایه‌وه‌. پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فه‌رمووی: "ئه‌گه‌ر لێم نزیك بووایه‌ته‌وه‌ ئه‌وا فریشته‌كان پارچه‌پارچه‌یان ده‌كرد."
ئه‌بووله‌هه‌بی مامی و ژنه‌كه‌ی ده‌چوون پیسی و دڕكوداڵیان ده‌خسته‌ به‌رده‌رگاكه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم). ئه‌ویش ده‌هات پاكی ده‌كرده‌وه‌ و ده‌یفه‌رموو: "ئه‌ى نه‌وه‌ی (عبدالمناف)، دراوسێیه‌تی كه‌ی وا ده‌بێت؟!"
جارێكیان پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) له‌ كه‌عبه‌دا نوێژی ده‌كرد. عوقبه‌ هات و عه‌باكه‌ی له‌ ملدا بادا و خه‌ریك بوو بیخنكێنێت تا ئه‌بووبه‌كر هات و قۆڵی گرت و دووری خسته‌وه ‌و وتی: "ئایا ئێوه‌ پیاوێك ده‌كوژن که‌ ئه‌ڵێ خوا په‌روه‌ردگارمه‌ و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ى ئاشكرای له ‌لای خوای گه‌وره‌وه ‌بۆ هێناون؟!"

ئازاردانی باوه‌ڕداران
قوره‌یشییه‌كان هه‌روه‌ها كه‌وتنه‌ ئازاردانی یارانی خۆشه‌ویست و هه‌رچی ڕق و قینیان هه‌بوو به‌ هاوه‌ڵانیان ده‌ڕشت. له‌وانه‌ش كه‌ ئازاردران: (بلال بن رباح)ی حه‌به‌شی، به‌نده‌ی (ئوممه‌ییه‌ی كوڕی خه‌له‌ف) بوو. كاتێك بیلال مسوڵمان بوو، ئوممه‌ییه‌ ویستی په‌شیمانی بكاته‌وه‌؛ ئوممه‌ییه‌ له‌ گه‌رمای هاویندا بیلالی ده‌برده‌ ناو بیابانی مه‌ككه‌ و پاڵی ده‌خست و به‌ردی گه‌وره‌ی ده‌خسته‌ سه‌ر سنگی و ده‌یوت: "ده‌بێ ئا‌وات لێ بكه‌م هه‌تا یان ده‌مری یان له‌ ئایینی موحه‌ممه‌د په‌شیمان ده‌بیته‌وه‌!" به‌ڵام ئه‌و هه‌ر ده‌یوت: "(أحد، أحد)." هه‌تا ڕۆژێك ئه‌بووبه‌كر -خوای لێی ڕازی بێت- چووه‌ لاى و به‌ ئوممه‌ییه‌ی وت: "بۆ له‌ خوا ناترسی و تا كه‌ی ئازاری بیلال ئه‌ده‌ی؟" ئوممه‌ییه‌ وتی: "تۆ بیلالت خراپ كردووه‌. ئه‌گه‌ر خه‌می ده‌خۆیت، ئازادی بكه‌!" ئه‌بووبه‌كریش بیلالی لێ كڕییه‌وه ‌و ئازادی كرد.
هه‌روه‌ها (عمار بن یاسر) و باوك و دایكی له‌ بیابانی گه‌رمی مه‌ككه‌دا ئازاریان ده‌دان و به‌ ئاگری گه‌رم داخیان ده‌كردن. ڕۆژێك پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) به‌ لایاندا تێپه‌ڕى و وتی: "به‌ئارام بن ئه‌ى به‌ره‌ی یاسر، جێگاتان به‌هه‌شته‌."
( سوممه‌ییه‌)ی دایكی عه‌مماریش ڕۆژێك له‌ژێر سزادا مرد و بوو به‌ یه‌كه‌م شه‌هید كه‌ له‌ ئیسلامدا خوێنی ڕژابێت.
یه‌كێكی تر (خباب بن أرت) كه‌ به‌نده‌ی (أم أنمار) بوو. كاتێك باوه‌ڕی هێنا، خانمی ئاغای كه‌وته‌ ئازاردانی و به‌ ئاسنی سووره‌وه‌كراو داخی ده‌كرد. جارێكیان خه‌باب زۆر ئازاری هه‌بوو، چووه‌ لای پێغه‌مبه‌ر و وتی: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا، بۆچی لای خوای گه‌وره‌ بۆمان ناپاڕێیته‌وه‌ با له‌م چه‌وسانه‌وه‌یه‌ ڕزگارمان ببێت؟ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) وتی: "ئوممه‌ته‌ پێشووه‌كان به‌ شانه‌ی ئاسنین هه‌موو گۆشت و پێست و ده‌ماریان داده‌ڕنین، یا به‌ مشار له‌سه‌ریانه‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ دایانده‌هێنان كه‌چی وازیان له‌ ئایینه‌كه‌یان نه‌ده‌هێنا. به‌ خوا ئه‌م ئایینه‌ش به‌ جۆرێك سه‌رده‌كه‌وێت، سوار له‌ (صنعاء)وه‌ بۆ (حضرموت) ده‌ڕوات، بێجگه‌ له‌ خوا له‌ هیچ ناترسێت. به‌ڵام ئێوه‌ په‌له‌ ده‌كه‌ن."
ئه‌مه‌ و پێغه‌مبه‌ری خوا له‌م قۆناغه‌دا به‌رده‌وام داوای ئارامی‌ و خۆگرتنی له‌ هاوه‌ڵانی ده‌كرد و ده‌مارگیری لێ دوور ده‌خستنه‌وه ‌و پێیانی ده‌وت: "ده‌ستتان بگرن و په‌لاماری كه‌س مه‌ده‌ن و نوێژه‌كانتان بكه‌ن."

كۆچكردن بۆ حه‌به‌شه
كاتێك پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه ‌وسلم) ئه‌یبینی باوه‌ڕداران به‌بێ هیچ تاوانێك به‌و شێوه‌یه‌ ئازار ده‌درێن، فه‌رمووی: "ئه‌م خاكه‌ پیس كراوه‌ و ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ به‌دخووه‌ به‌جێ بهێڵن و بچن بۆ حه‌به‌شه‌، به‌ڵكوو له‌وێ بحه‌وێنه‌وه. تا خوا ڕزگارتان ده‌كات له‌و ناڕه‌حه‌تییه‌ی كه‌ تێیدا ده‌ژین."
مسوڵمانه‌كان ده‌ستیان كرد به‌ ڕۆیشتن بۆ حه‌به‌شه‌ و سه‌ره‌تا ١١ پیاو و ٤ ئافره‌ت شه‌و به‌نهێنی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ تا گه‌یشتنه‌ سه‌ر ده‌ریا و له‌وێشه‌وه‌ دوو كه‌شتی بازرگانییان به‌كرێ گرت و گه‌یاندنییه‌ حه‌به‌شه‌. له كۆچی دووه‌میشدا ٨٣ پیاو و ١٨ ئافره‌ت كۆچیان كرد.
كاتێك قوره‌یشییه‌كان به‌مه‌یان زانی، بڕیاریان دا شاندێك به ‌سه‌رۆكایه‌تیی ‌(عمرو بن العاص) و(عبدالله‌ بن أبي ربيعة) بنێرن بۆ لای نه‌جاشی -پاشای حه‌به‌شه-‌ تا مسوڵمانه‌كان بگه‌ڕێننه‌وه‌. كه‌ وه‌فده‌كه‌ چوونه‌ لای نه‌جاشی، عه‌مر وتی: "ئه‌ى پاشا، كۆمه‌ڵێك له‌ لاوانی قوره‌یش شێت بوون و له‌ ئایینی باوباپیرانیان ده‌رچوون و به‌ ئایینی ئێوه‌ش ئایینی عیسا ڕازی نه‌بوون و خۆیان ئایینێكی تازه‌یان داهێناوه‌ نه‌ ئێمه‌ ده‌یزانین و نه‌ ئێوه. كه‌ داوامان لێكردن بێنه‌وه‌ سه‌ر ئایینه‌كه‌ی خۆیان، رایان كرد و هاتنه‌ وڵاته‌كه‌ی تۆ. كه‌سوكاریشیان ئێمه‌یان ناردووه‌ به‌ شوێنیاندا تا بیانبه‌ینه‌وه‌."
نه‌جاشی وای پێ باش بوو چاوی پێیان بكه‌وێت و ناردی به‌ شوێنیاندا. نه‌جاشی وتی:" ئه‌و ئایینه‌ چییه‌ كه‌وا داتانهێناوه ‌و له‌ كه‌سوكاره‌كانتان جیا بوونه‌ته‌وه‌ و نه‌چوونه‌ته‌ ناو هیچ ئایینێكه‌وه‌ نه‌ ئایینی ئێمه‌ و نه‌ ئایینه‌كانی تریش؟"
(جعفر بن أبي طالب) وه‌ڵامی دایه‌وه ‌و وتی:" پاشا، ئێمه‌ گه‌لێكی نه‌زانی بتپه‌رست بووین. مرداره‌وه‌بوومان ده‌خوارد، شه‌رواڵپیسیمان ده‌كرد، خزممان به‌سه‌ر نه‌ده‌كرده‌وه‌ و له‌ دراوسێمان نه‌ده‌پرسییه‌وه‌ تا خوای گه‌وره‌ له‌ خۆمان پێغه‌مبه‌رێكی بۆ ناردین، كه‌ نه‌ژاد و تیره‌ی ئه‌ناسین و هه‌موومان ده‌زانین كه‌ پیاوێكی ڕاستی ئه‌مینی ده‌س و ده‌م و دڵپاكه.‌ ئه‌ویش بانگی كردین بۆ ئه‌وه‌ی خوا به‌ تاكوته‌نیا بزانین و هه‌ر خوا بپه‌رستین و واز له‌ په‌رستنی ئه‌و دار و به‌ردانه‌ بێنین. داوای لێ كردین كه‌ ڕاست و ئه‌مین بین و سه‌ر له‌ خزم و كه‌سوكارمان بده‌ین و چاكه‌ له‌گه‌ڵ دراوسێدا بكه‌ین و خۆمان له‌ گوناهـ و هه‌موو جۆره‌كانی خراپه‌ بپارێزین. داوای لێ كردین كه‌ خوا بپه‌رستین، هاوه‌ڵی بۆ په‌یدا نه‌كه‌ین، نوێژ بكه‌ین، ڕۆژوو بگرین و زه‌كات بده‌ین وهتد...." جه‌عفه‌ر به‌رده‌وام بوو و وتی: "ئێمه‌یش باوه‌ڕمان پێ هێنا، شوێنی كه‌وتین و به‌ڕاستمان زانی و هه‌رچی بۆ حه‌ڵاڵ كردبین به‌ حه‌ڵاڵمان زانی و هه‌رچی بۆ حه‌رام كردین به‌ حه‌راممان زانی. خزمه‌كانمان كه‌ ئه‌مه‌یان زانی، كه‌وتنه‌ ده‌ستدرێژیكردن بۆ سه‌رمان، ئازاریان داین و سته‌میان لێ كردین تا بمانگێڕنه‌وه‌ سه‌ر بتپه‌رستی. كاتێك ته‌نگمان پێ هه‌ڵچنرا، تۆمان به‌یادكرد و هاتینه‌ لای تۆ به‌ هیوای ئه‌وه‌ی لای تۆ پارێزراو بین."
نه‌جاشی وتی: "له‌و كتێبه‌ی له‌ لای خواوه‌ بۆتان هاتووه‌ هیچتان له‌به‌ره‌ بۆم بخوێننه‌وه‌؟"
جه‌عفه‌ریش سه‌ره‌تای سووره‌تی (مه‌ریه‌م) كه‌ باسی (عیسا) و ( مه‌ریه‌م)ى تێدایه،‌ بۆ خوێندنه‌وه‌. لێره‌دا نه‌جاشی و قه‌شه‌كانی ده‌ستیان كرد به‌ گریان و نه‌جاشی وتی: "به‌ خوا له‌و سه‌رچاوه‌یه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ (ئینجیل) و ( عیسا)ى لێوه‌ هاتووه‌." پاشان نه‌جاشی به‌ عه‌مری وت: "هه‌رگیز ئه‌مانه‌تان ناده‌مه‌وه‌."

ئابڵووقه ‌و قسه‌دابڕین
قوره‌یشییه‌كان بینییان مسوڵمانه‌كان هه‌ر په‌ره‌ ده‌ستێنن، هه‌وڵیان دا پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه ‌وسلم) بكوژن. ناردیان بۆ لای ئه‌بووتالیب كه‌ موحه‌ممه‌د ده‌كوژین و خوێنتان ئه‌ده‌ینێ. ئه‌بووتالیبیش ڕازی نه‌بوو، به‌ڵام ترسا له‌وه‌ی شتێك له‌ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) بكه‌ن. بۆیه‌ بڕیاری دا هه‌موو به‌ره‌ی(هاشم) له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ردا به‌ مسوڵمان و بتپه‌رستیانه‌وه‌ بچنه‌ شیوی ئه‌بووتالیبه‌وه‌ تا كافره‌كان ده‌ستیان نه‌گاته‌ پێغه‌مبه‌ر. هه‌تا ئه‌بووتالیب به‌شه‌و پێغه‌مبه‌ری ده‌هێنا و له‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ده‌یخه‌واند نه‌وه‌ك شه‌و به‌دزییه‌وه‌ بێن و بیكوژن. كاتێكیش كافره‌كان زانییان ناتوانن پێغه‌مبه‌ر بكوژن، بڕیاریان دا ئابڵووقه‌یان بده‌ن و له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش په‌ڕه‌یه‌كیان نووسی كه‌ ده‌نگ داببڕن له‌ كۆمه‌ڵی مسوڵمانان و به‌ره‌ی هاشم و به‌ره‌ی( عبدالمطلب)، به‌ ڕه‌نگێك له‌گه‌ڵیاندا قسه‌ نه‌كه‌ن و كڕین و فرۆشتنیان له‌گه‌ڵ نه‌كه‌ن و ژنوژنخوازییان له‌گه‌ڵدا نه‌كه‌ن. په‌ڕه‌كه‌یان مۆر كرد و به‌ كه‌عبه‌دا هه‌ڵیانواسی.
ئه‌م ده‌نگدابڕینه‌ سێ ساڵی خایاند و تینی هێنایه‌‌ سه‌ر مسوڵمانان ته‌نانه‌ت خواردنیان بووه‌ گه‌ڵا و گوڵ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی شیوه‌كه‌وه‌ ده‌نگ و هاواری مناڵان له‌ برساندا ده‌بیسترا.
ئه‌م ده‌نگدابڕینه‌ هه‌روا به‌رده‌وام بوو هه‌تا هه‌ندێ له‌ گه‌وره‌پیاوانی قوره‌یش به‌زه‌یییان به‌ حاڵیاندا هاته‌وه‌. پێنج له‌و قوره‌یشییانه‌ بڕیاریان دا و بوونه‌ هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌یمانه‌كه‌ و دڕاندنی په‌ڕاوه‌كه‌. به‌م شێوه‌یه‌ له‌ ساڵی ده‌یه‌می ئیسلامه‌تیدا ئابڵووقه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه ‌و پێغه‌مبه‌ر و موسوڵمانه‌كان و به‌ره‌ی هاشم گه‌ڕانه‌وه‌ ناو ماڵی خۆیان و سه‌رله‌نوێ مسوڵمانان ده‌ستیان كرده‌وه‌ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی بانگی خوای گه‌وره ‌و ڕووناكی ئیسلامه‌تی.

ئازاردانی پێغه‌مبه‌ر له ‌(طائف)
كاتێك پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) بۆی ده‌ركه‌وت كافره‌كان له‌ ئازاردانی یارانیدا ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتر توندوتیژ ئه‌بن، بۆیه‌ پێغه‌مبه‌ر بڕیاری دا بچێت بۆ تائیف بۆ لای تیره‌ی (ثقیف). چونكه‌ ئه‌وان نزیكترین عه‌شیره‌ت بوون له‌ مه‌ككه‌وه‌ تا یارمه‌تیی بده‌ن و جێی مسوڵمانان بكه‌نه‌وه ‌و ئه‌وێ بكه‌نه‌ بنكه‌یه‌كی ڕزگاربوو بۆ ئیسلامه‌تی.
پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه ‌وسلم) له‌گه‌ڵ (زید بن حارثة‌)دا به‌دزییه‌وه‌ ڕۆیشتن تا گه‌یشتنه‌ تائیف. له‌وێ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه‌كانی سه‌قیف دوان و داوای یارمه‌تییان لێ كردن. به‌ڵام ئه‌وان زۆر به‌ نامه‌ردانه‌ وه‌ڵامیان دانه‌وه‌. له‌ پاشاندا داوای لێ كردن كه‌ باسی ئه‌م هاتنه‌ی نه‌كه‌ن با قوره‌یش نه‌زانێت. ئه‌مه‌یشیان نه‌كرد و زیاتر له‌مه‌یش منداڵه‌وردكه‌یان تێ به‌ردان و به‌ردیان تێ ده‌گرتن. زه‌ید خۆی ده‌دایه‌ به‌ر به‌رده‌كان، به‌ڵام قاچه‌كانی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه ‌وسلم) بریندار بوون و خوێنیان پێدا ده‌هاته‌ خواره‌وه. وازیان نه‌ده‌هێنا هه‌تا چوونه‌ ناو باخێكه‌وه‌ و له‌ بنی مێوێكدا دانیشتن.
پاشان پێغه‌مبه‌ر و زه‌ید گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مه‌ككه‌ و زه‌ید وتی: "ئایا چۆن بچینه‌وه‌ ناو مه‌ككه‌؟" پێغه‌مبه‌ریش (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) وتی: "ئه‌ی زه‌ید، خوای گه‌وره‌ بۆ ئه‌و ناڕه‌حه‌تییه‌ش چاره‌ی داناوه‌."