له‌لایه‌ن: پارێزه‌ر: عه‌لی گردهسۆرىله یادی (٥٨) ساڵه‌یدا، خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه بۆ جاڕنامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤله یادی (٥٨) ساڵه‌ى جاڕنامه‌ى جیهانیی مافی مرۆڤدا، ده‌مه‌وێ چه‌ند سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێك وه‌كوو ڕه‌خنه پێشكه‌ش به خوێنه‌رانی به‌ڕێز بكه‌م.
هه‌ندێك ڕایان وایه ئه‌و مافانه‌ى له جاڕنامه‌ى جیهانیی مافی مرۆڤدا هاتووه، گشتگیرن و هیچ بۆشایییه‌كیان به‌جێ نه‌هێڵاوه و بایه‌خی جاڕنامه‌كه كاتێ ده‌رده‌كه‌وێتَ ئه‌گه‌ر به‌راوردمان كرد له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ڕاگه‌یه‌ندراو و به‌ڵگه‌نامه و ڕێكه‌وتننامانه‌ى كه له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه ده‌رچوون.
له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو لایه‌نه باشانه‌ى جاڕنامه‌كه‌دا، هه‌ندێك داواكارن نوێ بكرێته‌وه تاكوو زیاتر له‌گه‌ڵ گیانی سه‌رده‌مدا بگونجێن. له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو ئیجابییه‌ته‌دا، به‌ڵام جاڕنامه‌كه به‌ده‌ر نییه له ڕه‌خنه.
هه‌ندێ ڕووى ڕه‌خنه‌كان:
1- جاڕنامه‌ى جیهانیی مافی مرۆڤ به جاڕنامه‌یه‌كی له‌كاركه‌وتوو (معطل) داده‌نێن، ڕه‌نگه هه‌ندێك كێشه و گرفتى چاره‌سه‌ر كردووه، به‌ڵام له‌و كاتانه‌دا بووه كه ویستى سیاسیی له‌سه‌ر بووه و له‌لایه‌ن هه‌ندێك هێزی باڵاوه پشتگیریی لێ كراوه، ره‌خنه‌گران له جاڕنامه‌كه له‌كاركه‌وتوویى و (معطل)ى جاڕنامه‌كه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێننه‌وه كه به‌ند و بڕگه و بابه‌ته‌كانى هیچ هێزێكی یاسایی مولزه‌میان نییه بۆ وڵاتانی ئه‌ندام وه‌كو (جان – كلو مونو) له پێشه‌كیی ئه‌و وتاره‌ى كه بۆ یادی (50) ساڵه‌ى جاڕنامه‌كه ئاماده‌ى كردبوو، ده‌ڵێ:
"ئه‌م جاڕنامه‌یه چ سوودێكی ده‌بىَ ئه‌گه‌ر ئه‌و ئامڕازانه‌مان نه‌بێت كه ئه‌م مافانه‌ى پێ بپارێزین و به‌رامبه‌ره‌كانى پێ مولزه‌م بكه‌ین، خۆ ئه‌گه‌ر وه‌كو ئێستا ده‌سه‌ڵات هه‌ر له مشتى ئه‌و داموده‌زگایه‌دا بێت كه پاشكۆیه بۆ ئه‌نجومه‌نى ئاسایش، ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ ده‌سه‌ڵات له ده‌ستى زلهێزه‌كاندایه، واته ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیی هه‌بێ به مافی مرۆڤه‌وه ژێربار ده‌خرىَ بۆ مه‌به‌ست و مه‌رامه‌كانى ئه‌وان".
2- جاڕنامه‌ى جیهانیی مافی مرۆڤ نه‌زعه‌یه‌كی ڕۆژئاوایى زاڵه به‌سه‌ریدا:
ئه‌گه‌ر جاڕنامه‌ى جیهانی كۆمه‌ڵێك لایه‌نى باشی له‌خۆ گرتبـێ له بوارى ئازادیى كه‌سیدا، ئاشكرایه دوای جه‌نگی دووه‌مى جیهانى هاتۆته ئارا، كه‌واته گوزارشت له دیدگاى وڵاتانی رۆژئاواى براوه‌ى جه‌نگ ده‌كات، له‌سه‌رووى هه‌موویانه‌وه وڵاته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا، كه هه‌میشه جه‌خت له‌سه‌ر ئازادیى كه‌سی ده‌كاته‌وه و هیچ به‌ها و قیمه‌تێك بۆ ئازادیى كۆمه‌ڵ دانانێ..
بۆ زانیاریى زیاتر كاتىَ جاڕنامه‌ى جیهانیی مافی مرۆڤ له ساڵی (1948) دانرا، ئه‌وكات وڵاتانی ئه‌ندام له رێكخراوى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ته‌نها (56) ئه‌ندام بوون، زۆرینه‌یان له وڵاتانی رۆژئاوا بوون و ئه‌و لیژنه پێنج كه‌سیه‌ی كه دیارى كران بۆ داڕشتنى پرۆژه‌ى ره‌شنووسی جاڕنامه‌كه، ئه‌ندامه دیاره‌كانیان له وڵاتانی رۆژئاوا بوون سه‌رۆكى لیژنه‌كه خێزانى سه‌رۆكى ئه‌مریكا (روزفلت) بوو و، ئه‌ندامێكی تر‌ى لیژنه‌كه (كاسان)ى فه‌ره‌نسی بوو، كه ئه‌و ره‌شنووسه‌كه‌ى خسته به‌رده‌م لیژنه‌كه، به‌ڵام سێ ئه‌ندامه‌كه‌ى تر كه رۆژئاوایی نه‌بوون، بریتى بوون له (تشانغ) چینى و (هانسامهتا)ى هیندى و (شارل مالیك)ى لوبنانی، ئه‌مانه‌ش هه‌موویان لایه‌نگرى لیبرالیزمی رۆژئاوایی بوون.
3- جاڕنامه‌كه چاره‌سه‌رى كێشه و گرفته‌كانى سه‌رده‌م ناكات.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی بارى شڵه‌ژاوى ئه‌مڕۆی جیهان بده‌ین، ئه‌رێ مافی مرۆڤ چ مانایه‌كی بۆ ده‌مێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر:
* ملیارێك و سێ سه‌د ملیۆن خه‌ڵك داهاتى رۆژانه‌یان له‌یه‌ك دۆلار كه‌متره.
* ملیارێك كه‌س له‌وانه‌ى ته‌مه‌نیان له سه‌رووى (18) ساڵه‌وه‌ن و نه‌خوێنده‌وارن و زۆربه‌یان ئافره‌تن.
* له راپۆرتێكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا هاتووه گه‌وره‌ترین سامانى دونیا لای گه‌وره سه‌رمایه‌دارانی جیهان كه ژماره‌یان (225) كه‌سه، ده‌توانرىَ ئه‌م سامانه به‌شی پێداوستى و خزمه‌تگوزاریى (ته‌ندروستى و فێركردن و خۆراك)ى هه‌موو دانیشتووانى سه‌ر زه‌وى بكات.
4- جاڕنامه‌ى جیهانی كلتورى گه‌لانى تر‌ى جیهانی فه‌رامۆش كردووه:
به‌جیهانیبوونى مافه‌كانى مرۆڤ نایه‌ته كایه‌وه، ئه‌گه‌ر كلتور و رۆشنبیریى زۆربه‌ى گه‌له جیاوازه‌كانى جیهان فه‌رامۆش بكرێت و، زاڵكردنى تاكه كلتورێك، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات شه‌ڕی مافی مرۆڤ ببێته شه‌ڕی مرۆڤه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كترى، خۆ مافی مرۆڤ به‌خشینى گه‌لێك نییه بۆ گه‌له‌كانى تر، به‌ڵكوو هه‌ر له كۆنه‌وه زۆربه‌ى گه‌له‌كان ئه‌م مافانه‌یان ناسیوه و زۆرێك له ئایین و فه‌لسه‌فه و گه‌له جیاوازه‌كان بانگه‌شه‌شیان بۆ كردووه، خۆ ته‌نها زاده‌ى فیكر و هزرى رۆژئاوا نییه یان ده‌ره‌نجامى شارستانی (یه‌هود و مه‌سیحی) نییه كه هه‌ندێك كه‌س واى بۆ ده‌چن، به‌ڵكوو هه‌ر له كۆنه‌وه له قانوونى حاموڕابى بابلی كه له ساڵی (1700پ. ز) باسی لێوه كراوه و به یه‌كه‌م هه‌وڵی مرۆڤایه‌تى وا داده‌نرێ له‌پێناو پاراستنى مرۆڤه‌كان له توندوتیژیی ده‌سه‌ڵات و پاراستنى لاواز له به‌رامبه‌ر به‌هێزدا و زۆربه‌ى بیروباوه‌ڕه گه‌وره‌كان هه‌ر له كۆنه‌وه جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌م مافانه كردۆته‌وه و به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان وه‌كو ئایینى كۆنفۆشیوسی (سه‌ده‌ى پێنجه‌م پ. ز) و ئایینى بودایی و ئایینى مه‌سیحی و فه‌یله‌سوفه‌كانى یۆنان و رۆمان.
ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر ئایینى ئیسلام، تایبه‌تمه‌ندیى زۆرى هه‌یه له‌م بواره‌دا، بێگومان ئایینى مافی مرۆڤه، یه‌كه‌م شه‌ریعه‌ت بوو كۆششی كرد بۆ ئازادیى كۆیله‌كان و كۆتاییهێنا به سیستمی كۆیلایه‌تى به‌ر له وڵاته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا به هه‌زار ساڵ، هه‌روه‌ها بانگه‌شه‌ى یه‌كسانیی كرد له نێوان مرۆڤه‌كان و، ره‌گ و ڕیشه‌ى هه‌موو جۆره‌كانى ده‌ماریگرى و جیاكاریى ره‌گه‌زى (التمیز العنصري) ده‌رهێنا.
ته‌نها ئه‌وه‌نده به‌سه بێ كاتىَ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)له حه‌جی ماڵئاوایی وتارى بۆ خه‌ڵكدا وتى: (یا أیها الناس ألا أن ربكم واحد، وأن أباكم واحد، الا لافضل لعربی على أعجمی ولا لاعجمي على عربی، ولا لأحمر على أسود ولا لأسود على أحمر، إلا بالتقوى).
واته "ئه‌ى خه‌ڵكینه! خواتان یه‌كه، باوكتان یه‌كه، عه‌ره‌ب فه‌زڵ و چاكه‌ى نییه به‌سه‌ر عه‌جه‌می و عه‌جه‌می فه‌زڵ و چاكه‌ى نییه به‌سه‌ر عه‌ره‌بییه‌وه، سوور پێست فه‌زڵ و چاكه‌ى نییه به‌سه‌ر ره‌ش پێسته‌وه و، ره‌ش پێست فه‌زڵ و چاكه‌ى نییه به‌سه‌ر سوورپێسته‌وه، ته‌نها به ته‌قوا نه‌بێت."
قورئانی پیرۆز بانگه‌شه‌ى یه‌كسانی و برایه‌تى و حیوارى كردووه بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كان، وه‌كو به رۆشنى له‌م ئایه‌ته‌دا هاتووه: يا أيها الناس إنا خلقناكم من ذكر و أنثى و جعلناكم شعوبا و قبائل لتعارفوا إن أكرمكم عند الله أتقاكم له ئیسلامدا ڕێز له مافه‌كان گیراوه به جوانترین شێوه و مافه‌كان ته‌نها له مافه سیاسییه‌كاندا قه‌تیس نه‌كراوه، به‌ڵكوو هه‌موو مافه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى تریشی له‌خۆ گرتووه له ئایه‌تى: و لقد كرمنا بني ًادم و حملناهم في البر و البحر و رزقناهم من الطيبات و فضلناهم على كثير م‌من خلقنا تفضيلا
پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) ده‌فه‌رموێ: (الانسان بنیان الله، ملعون من یهدم بنیاته) له ئیسلامدا گرنگی به ماف و ئازادییه‌كان دراوه له‌پێش هه‌موو به‌ڵگه‌نامه جیهانییه‌كان، به‌ڵكوو مافی به‌رز كردۆته‌وه بۆ مه‌رته‌به‌ى پێداویستییه‌كان و واجبه‌كان (الضرورات و الواجبات)، به‌ڵكوو ئه‌وه‌نده ڕێزی لێ گرتووه و گه‌یاندویه‌تیه ئاستى پیرۆزییه‌كان (القداسة)، كه ئایین به بىَ مافه‌كان ناتوانىَ بوونى ببـێ.
له كۆتاییدا ده‌گه‌ینه ئه‌م ده‌ره‌نجامانه:
1- ئه‌م مافانه دروستكراوى ده‌ستى هیچ كه‌س نین، به‌ڵكوو مافه‌كان سروشتین و له‌گه‌ڵ مرۆڤ له‌دایك ده‌بێ و له‌گه‌ڵیدا به‌رده‌وام ده‌بێت تاكو مردنى، به‌ڵام ئه‌م جاڕنامه و به‌ڵگه‌نامانه ته‌نها مافه‌كانیان راگه‌یاندووه و هیچی تر.
2- ئه‌و مافانه‌ى رۆژئاوا بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كات، بووه‌ته په‌رژینێك كه به‌رژه‌وه‌ندی و مه‌رامه‌كانى له پشته‌وه‌یدا حه‌شار داوه، زۆر باس به‌كارده‌هێندرىَ بۆ هه‌ندێ ئامانجی سیاسی.
3- وه‌كو زۆرێك بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كه‌ن كه مافی مرۆڤ داهێنانێكی رۆژئاواییه، به‌ڵام فراكسیۆنى ئیسلامی ئه‌م مافانه‌ى ناسیوه پێش راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیى ئه‌مریكا له (1776) و (مه‌گنا كارتا) و گه‌یاندنی مافى مرۆڤ و هاووڵاتی له فه‌ره‌نسا (1793) و جاڕنامه‌ى جیهانى (1948).
4- پرسی مافی مرۆڤ ته‌نها بانگه‌شه‌كردن و شانازیكردن نییه، به‌ڵكوو پراكتیزه‌كردنیه‌تى و زه‌مانه‌تدان و دانانی دامءده‌زگاى یاساییه بۆ پارێزگاریكردنى مافه‌كان و خه‌باتكردن له‌پێناو پاراستن و قووڵكردنه‌وه‌ى مافه‌كاندا.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ
تێبینى: سوود وه‌رگیراوه له گۆڤارى (المجلة العراقية لحقوق الأنسان) ژماره‌ى یه‌كه‌م، كانوونى دووه‌م، ساڵی (٢٠٠٠). |