له‌لایه‌ن: باوكی سهلاحهددیندهروازهیهك بۆ زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان (٢)به‌شی یه‌که‌م
ناساندنی زانستی رێسا فیقهیه‌کان
له‌م به‌شه‌دا- وه‌کو پێشتر ئاماژه‌مان بۆ کرد - هه‌وڵی ناساندنی ئه‌م زانسته ده‌ده‌ین له شێوه‌ی پرسیار و وه‌ڵامدا ، به‌جۆریک که خوێنه‌ر له کۆی پرسیار و وه‌ڵامه‌کانه‌وه ، له‌گه‌ڵ ئه‌م زانسته‌دا ئاشنا بێت و ، زانیاریه‌کی پوختی له باره‌یه‌وه ده‌ست بکه‌وێت.
پ (1):
زانستی رێسا فیقهیه‌کان چییه؟
وه‌ڵام:
بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌که وه‌ڵامێکی بابه‌تیانه بێت، پێویسته سه‌ره‌تا ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک باس بکه‌م، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه:
له‌راستیدا له‌و سه‌رچاوانه‌ی له‌به‌رده‌ستمدان و– له سه‌ره‌تای ئه‌م ده‌روازه‌یه‌دا ئاماژه‌مان بۆ کردن -سه‌ره‌ڕای ناوهێنانی ئه‌م زانسته وه‌کوو زانستێکی دیاریکراو و تایبه‌ت و بایه‌خدار، به‌ڵام هیچ یه‌کێک له‌و سه‌رچاوانه پێناسه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ و ڕاسته‌وخۆی بۆ خودی زانسته‌که نه‌کردووه و، ناونیشانی (پێناسه‌ی زانستی رێسا فیقهیه‌کان) یان تێدا نابینرێت، به‌ڵکوو له‌بری ئه‌وه له‌ڕێی پێناسه‌ی زاراوه‌ی(رێسافیقهیه‌کان: القواعد الفقهیة) وه چوونه‌ته ناو بابه‌ته‌که‌وه‌و، پاشان درێژه‌یان داوه به‌باسی لایه‌نه جۆراو جۆره‌کانی رێساکان.
پێ ده‌چێت ئه‌مه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆکارێک بێت، له‌وانه:
1) به‌کارهێنانی خودی زاراوه‌ی (ڕێسا فیقهیه‌کان) وه‌کو نازناوێك بۆ زانسته‌که به بێ به‌کارهێنانی وشه‌ی زانست و زاڵ بوونی ئه‌م جۆره به‌کارهێنانه، هه‌روه‌کوو وشه‌ی (فیقهـ: الفقه) له‌بری (زانستی فیقهـ: علم الفقه) و زاراوه‌ی (بنچینه‌کانی فیقهــ: أصول الفقه) له‌بری (زانستی بنچینه‌کانی فیقهــ: علم أصول الفقه) به‌کار دێت.
2) له سه‌رچاوه دێرینه‌کاندا زیاتر بایه‌خ دراوه به باسی خودی رێسا فیقهیه‌کان.
3) مامه‌ڵه کردن له‌گه‌ڵ زانستی رێسا فیقهیه‌کاندا وه‌کو زانستێکی سه‌ربه‌خۆ – وه‌کو له پێشه‌کیه‌که‌دا تیشکمان خسته سه‌ر – کارێکی نوێیه، ئه‌گه‌ر چی بوونی رێسا فیقهیه‌کان شتێکی دێرینه، به‌ڵام وه‌کو به‌شێک له زانستی فیقهـ ته‌ماشا کراوه.
دوای ئه‌م ڕوونکرده‌نه‌وه‌یه ده‌کرێت له‌کۆی ئه‌و ئاماژه و باسانه‌ی له‌سه‌رچاوه‌کانی به‌رده‌ستمدا ده‌رباره‌ی ئه‌م زانسته وتراون، له‌وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌دا به شێوه‌یه‌کی گشتی بڵێین:
زانستی رێسا فیقهیه‌کان:
ئه‌و زانسته‌یه که له رێسا فیقهیه‌کان ده‌کۆڵێته‌وه و لایه‌نه جیا جیاکانی ئه‌م رێسایانه ڕوون ده‌کاته‌وه.
پ (2):
مه‌به‌ست چییه له (لایه‌نه جیا جیاکان) که له پێناسه‌که‌ی رابردوودا باس کراوه؟
وه‌ڵام:
مه‌به‌ست له (لایه‌نه جیا جیاکان) ی رێسا فیقهیه‌کان بریتیه له:
1) پێناسه و ناساندنی خودی (رێسا فیقهیه‌کان).
2) تایبه‌تمه‌ندییان.
3) سه‌رچاوه‌ی دانانیان.
4) جۆر و پله‌یان.
5) واتا‌و راڤه‌یان.
6) شێوازی داڕشتنیان.
7)حوکمی به به‌ڵگه بوونیان یان به‌ڵگه پێ هێنانه‌وه‌یان.
8) سه‌رهه‌ڵدان و په‌ره‌سه‌ندنیان.
پ (3):
پێناسه‌ی (رێسای فیقهی: القاعدة الفقهیة ) چییه؟
وه‌ڵام:
زاراوه‌ی (رێسای فیقهی: القاعدة الفقهیة) له دوو وشه پێکهاتووه (رێسا) و (فیقهی)
(رێسا: القاعدة) به (فیقهی: الفقهیة) وه‌سف کراوه. واته رێسایه‌که له بواری فیقهدا.
بۆ ئه‌وه‌ی پێناسه‌یه‌کی ڕوون و ئاشکرا بۆ ئه‌م زاراوه‌یه بخه‌ینه ڕوو هه‌وڵ ئه‌ده‌ین تیشکێک بخه‌ینه سه‌ر واتای هه‌ردوو وشه‌که، چ له ڕووی زمان(اللغة)ه‌وه، یان له ڕووی زاراوه (الاصطلاح) وه.
القاعدة: له زماندا به واتای: بناغه، بنچینه، بنکه، بنه‌کۆڵه‌که و پایه دێت و، بنچینه‌ش ئه‌و به‌شه جێگیر و چه‌سپاوه‌یه که به‌شی تری له‌سه‌ر بینا ده‌کرێت و داده‌مه‌زرێت.
کۆی( القاعدة) بریتیه له(القواعد).
وه‌کو له قورئانی پیرۆزدا خوای گه‌وره ده‌رباره‌ی بیناکردنی که‌عبه فه‌رموویه‌تی:
وَإِذْ يَرْفَعُ إِبْرَاهِيمُ الْقَوَاعِدَ مِنَ الْبَيْتِ وَإِسْمَاعِيلُ رَبَّنَا تَقَبَّلْ مِنَّا إِنَّكَ أَنتَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ البقرة : 127
واته: [یادی ئه‌وه بکه‌ن کاتێک که ئیبراهیم و ئیسماعیل – سه‌لامی خوایان لێ بێت– بناغه‌کانی که عبه‌یان به‌رز ده‌کرده‌وه، ده‌یان وت خوایه ئه‌م کرده‌وه‌یه‌مان لێ وه‌ربگره، به‌راستی تۆ خوایه‌کی بیسه‌ر و زانایت.]
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به نموونه‌ی سزای خوانه‌ناسانیش فه‌رموویه‌تی:
قَدْ مَكَرَ الَّذِينَ مِن قَبْلِهِمْ فَأَتَى اللّهُ بُنْيَانَهُم مِّنَ الْقَوَاعِدِ فَخَرَّ عَلَيْهِمُ السَّقْفُ مِن فَوْقِهِمْ وَأَتَاهُمُ الْعَذَابُ مِنْ حَيْثُ لاَ يَشْعُرُونَ النحل : 26
واته: [به ڕاستی خوا نه‌ناسانی پێش ئه‌مانیش – دژ به ئایینی خوا– پیلانیان گێڕا، ئنجا خوای گه‌وره کۆشک و خانوه‌کانیانی له بن و بناغه‌کانیانه‌وه ده‌رهێنا و ئه‌وسا سه‌ربانه‌کانیان له‌سه‌ره‌وه ڕووخا به‌سه‌ریاندا و، له لایه‌که‌وه سزایان بۆ هات که هه‌ستیان پێ نه‌ده‌کردو به ته‌مای نه‌بوون.]
تێبینی:
وشه‌ی (القواعد) له‌م ئایه‌ته‌شدا هاتووه:
وَالْقَوَاعِدُ مِنَ النِّسَاء اللَّاتِي لَا يَرْجُونَ نِكَاحاً فَلَيْسَ عَلَيْهِنَّ جُنَاحٌ أَن يَضَعْنَ ثِيَابَهُنَّ غَيْرَ مُتَبَرِّجَاتٍ بِزِينَةٍ وَأَن يَسْتَعْفِفْنَ خَيْرٌ لَّهُنَّ وَاللَّهُ سَمِيعٌ عَلِيمٌ النور : 60
به‌ڵام لێره‌دا (القواعد) کۆی وشه‌ی (القاعد)ه نه‌وه‌ك (القاعدة).
(القاعد)یش لێره‌دا ئافره‌تێکی به‌ته‌مه‌نه که ئیتر سوڕی مانگانه‌ی وه‌ستابێت و به‌ته‌مای شووکردن و منداڵ بوون نه‌ماوه، هه‌روه‌ک له واتای ئایه‌ته‌که‌وه دیاره:
[ئه‌و ئافره‌ته پیرو په‌ککه‌وتانه‌ی که به‌ته‌مای شووکردن نین قه‌یناکات و هیچ گوناحێکیان
له‌سه‌ر نییه که هه‌ندێک له پۆشاکه‌کانیان لابه‌رن و، به‌ڵام زینه‌ت و جوانی خۆیان ده‌رنه‌خه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر لاینه‌به‌ن و پۆشته بن ئه‌وه چاکتره بۆیان، خوای گه‌وره بیسه‌ر و زانایه.]
وشه‌ی(القاعدة) هه‌روه‌ک بۆ شتی ماددی و به‌رجه‌سته به‌کارهاتووه، بۆ شتی مه‌عنه‌ویش به‌کارهێنراوه، وه‌کو ده‌وترێت (قواعد اللغة): ڕێزمان یان رێساکانی زمان، (القاعدة العلمیة): ده‌ستور یان رێسایه‌کی زانستی، له‌م ڕووه‌شه‌وه به‌پێی به‌کارهێنانی له هه‌ر بوارێک‌دا، ده‌بێت به زاراوه‌یه‌کی تایبه‌تی، هه‌روه‌کو له‌م بابه‌ته‌ی ئێمه‌دا (القاعدة) له بواری فیقهدا باس کراوه‌و به فیقهی وه‌سف کراوه.
له‌م جۆره به‌کارهێنانه‌شیدا بۆ شتی مه‌عنه‌وی له کوردی‌دا له جیاتی وشه‌ی (بناغه) و(بنچینه) و (بنکه) زیاتر وشه‌ی(ده‌ستور) و(یاسا) و(رێسا) به‌کارده‌هێنرێت و گونجاوتره.
به‌م پێیه رێسا (القاعدة) له‌لای زانایانی فیقهـ بریتییه له:
(حکم کلي ينطبق على جميع جزيئاته أو أكثرها لتعرف أحكامها منه)
واته :
حوکمێکی گشتییه که به‌سه‌ر هه‌موو یان زۆربه‌ی به‌شه‌کانیدا ده‌چه‌سپێت، به‌جۆرێک که حوکمی به‌شه‌کانی لێوه بزانرێت.
(فیقهـ: الفقه) له ڕووی زمانه‌وه:
واته: زانین، تێگه‌یشتن، حاڵی بوون، هه‌روه‌ها مانای(تێگه‌یشتنێکی و‌ر) له شتێک، یان (په‌ی بردن به‌مه‌سه‌له‌یه‌کی ورد) ده‌گه‌یه‌نێت، بۆ نموونه (حاڵی بوون له مه‌به‌ستێکی دیاریکراو) له‌قسه‌ی به‌رامبه‌ردا.
وه‌کو خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت:
....فَمَالِ هَـؤُلاء الْقَوْمِ لاَ يَكَادُونَ يَفْقَهُونَ حَدِيثاً النساء : 78
واته : [ئه‌وه ئه‌و خه‌ڵکه چییانه؟! وه‌کو له هیچ قسه‌یه‌ک تێ نه‌گه‌ن وایه!]
هه‌روه‌ها خوای گه‌وره ده‌رباره‌ی قه‌ومی شوعه‌یب فه‌رموویه‌تی:
قَالُواْ يَا شُعَيْبُ مَا نَفْقَهُ كَثِيراً مِّمَّا تَقُولُ .. هود : 91
واته: [وتیان: ئه‌ی شوعه‌یب ئێمه له زۆرێک له‌و شتانه‌ی تۆ ده‌یڵێیت و باسیان ده‌که‌یت تێناگه‌ین وحاڵی نابین.]
وه‌کو زاراوه‌ش زانایان به‌م جۆره پێناسه‌ی فیقهیان کردووه:
( العلم بالأحکام الشرعية العملية المكتسبة من أدلتها التفصيلية)
فیقهـ بریتیه له: زانینی ئه‌و حوکمه شه‌رعیانه‌ی که په‌یوه‌ستن به لایه‌نی کردارییه‌وه‌و له به‌ڵگه تایبه‌ته‌کانیانه‌وه(ته‌فسیلیه‌کانینه‌وه) وه‌رگیراون.
روونکردنه‌وه‌ی پێناسه‌که:
حوکمه شه‌رعیه‌کان: مه‌به‌ست له حوکمی شه‌رعی ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌وکاره به‌پێی شه‌رع واجبه یان حه‌رامه، باشه بکرێت (مندوب)ه یان کردنی شتێکی باش نییه (مکروه) و، ڕاست و ته‌واوه(صحیح) یان پووچ و ناته‌واوه (باطل)ه.
لایه‌نی کرداری: مه‌به‌ست پێی بواری په‌رستشه‌کان (العبادات) و مامه‌ڵه‌کان(المعاملات)ه و، بواره‌کانی عه‌قیده و ته‌زکیه و ره‌وشته‌کان ناگرێته‌وه.
له به‌ڵگه تایبه‌ته‌کان: مه‌به‌ست له‌و به‌ڵگانه‌یه که هه‌ریه‌که‌یان حوکمیێکی دیاریکراویان سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌یه‌کی دیاریکراو له‌خۆ گرتووه و له رێی تێڕوانینه‌وه حوکمه‌کانیان لێوه وه‌رده‌گیرێت و له‌وانه‌یه ئایه‌تێک یان فه‌رمووده‌یه‌ک یان هه‌ر جۆره به‌ڵگه‌یه‌کی تر بێت که له شه‌رعدا په‌سه‌ند کراوه.
نموونه‌یه‌ک:
وَلاَ تَقْرَبُواْ الزِّنَى الإسرا‌ء : 32
واته: هه‌رگیز توخنی زینا مه‌که‌ون و لێی نزیک مه‌بنه‌وه
ئه‌م ئایه‌ته بریتییه له به‌ڵگه‌یه‌کی ته‌فسیلی تایبه‌ت به حوکمی شه‌رعی ده‌رباره‌ی کرداری زینا که حه‌رامه.
به‌واتایه‌کی تر:
حوکمه شه‌رعیه‌که: حه‌رام بوون
کرداره‌که: زینا (جۆرێک له په‌یوه‌ندی نێوان تاکه‌کان که ده‌چێته بواری مامه‌ڵه کانه‌وه- المعاملات- وه)
به‌ڵگه‌که‌ی که حوکمه‌که‌ی لێ وه‌رگیراوه: ئایه‌ته‌که‌یه که نه‌هی له‌و کرداره کردووه و قه‌ده‌غه‌ی کردووه لێی نزیک بینه‌وه.
که‌وابوو (فیقهـ):
نازناوێکه بۆ ئه‌و زانسته‌ی باس له و حوکمه شه‌رعیانه ده‌کات که تایبه‌تن به کرداره‌کانی مه‌ردوم له بواری په‌رستشه‌کان و مامه‌ڵه‌کاندا و، به‌ڵگه‌ی تایبه‌تی هه‌ریه‌کێک له‌و حوکمانه ده‌خاته ڕوو.
سه‌رنجێک:
شایانی ئاماژه‌یه واتای (فیقهـ) له‌لای پێشین(السلف) و به‌پێی ده‌قه‌کانی قورئان و سوننه‌ت زۆر له‌م پێناسه‌یه فراوانتر و گشتگیر تره و هه‌موو بواره‌کانی ئایین ده‌گرێته‌وه‌و، مه‌به‌ست پێی شاره‌زابوونه له هه‌موو لایه‌نه‌کانی وه‌ک شه‌ریعه‌ت و عه‌قیده و عیباده‌ت و مامه‌ڵه‌کردن و ته‌زکیه‌و ره‌وشتیش.
به‌ڵام ورده ورده له‌گه‌ڵ رۆژگاردا واتاکه‌ی گۆڕاوه‌و تا گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی به‌م جۆره تایبه‌ت بکرێت به زانینی حوکمه‌کانی بواری په‌رستن و مامه‌ڵه‌وه‌و بواره‌کانی تری لێ جیا بکرێته‌وه.
بۆ نموونه:
خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت:
وَمَا كَانَ الْمُؤْمِنُونَ لِيَنفِرُواْ كَآفَّةً فَلَوْلاَ نَفَرَ مِن كُلِّ فِرْقَةٍ مِّنْهُمْ طَآئِفَةٌ لِّيَتَفَقَّهُواْ فِي الدِّينِ وَلِيُنذِرُواْ قَوْمَهُمْ إِذَا رَجَعُواْ إِلَيْهِمْ لَعَلَّهُمْ يَحْذَرُونَ التوبة : 122
واته:
نه‌ده‌بوو باوه‌ڕداران تێکڕا هه‌مووبه‌جارێک ده‌رچن و بڕۆن بۆ جیهاد، ده‌ی بۆچی له هه‌ر کۆمه‌ڵه‌یه‌ک و ده‌سته‌یه‌کیان ناچن بۆ تێگه‌یشتن و شاره‌زابوون له ئایین، تاوه‌کو کاتێک قه‌ومه‌که‌یان گه‌ڕانه‌وه بۆ لایان ئاگاداریان بکه‌نه‌وه‌و (فێریان بکه‌ن و شاره‌زایان بکه‌ن) بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان بێ‌دار ببنه‌وه‌و خۆیان له گوناح بپارێزن و خوا له خۆیان نه‌ڕه‌نجێنن.
هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌رصلی الله علیه وسلم فه‌رموویه‌تی: ( من يرد الله به خيرا يفقه في الدين). متفق علیه
واته:
هه‌رکه‌سێک خوای گه‌وره ویستی خێری پێی هه‌بێت شاره‌زای ده‌کات له‌کاروباری ئاییندا.
ئه‌مه واتای ره‌سه‌ن وراسته‌قینه‌ی فیقهه، به‌ڵام ئێمه لێره‌دا له‌بابه‌تی رێسا فیقهیه‌کاندا مه‌به‌ستمان واتا تایبه‌ته‌که‌یه نه‌وه‌ک ئه‌م مانا فراوانه.
دوای خستنه ڕووی واتای هه‌ریه‌ک له(رێسا: القاعدة) و (فیقهـ: الفقه) له ڕووی زمان و زاراوه‌شه‌وه، ئه‌گه‌ر دیقه‌ت بده‌ین له پێناسه‌ی زاراوه‌یی رێسا ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که پێناسه‌که ئه‌گه‌ر چی له ڕووی فیقهه‌وه و له‌لایه‌ن زانایانی فیقهیشه‌وه داڕێژراوه، به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌کی ئاشکراو ڕاسته‌وخۆی تێدا نییه که ئه‌وه ده‌ربخات پێناسه‌یه‌کی تایبه‌ته به ڕێسای فیقهی، به‌ڵکوو ده‌کرێت هه‌مان ده‌سته‌واژه بۆ پێناسه‌ی رێسای هه‌ر بوارێک و هه‌ر زانستێکی تر به‌کار بهێنرێت، له‌به‌رئه‌وه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت پێناسه‌که تایبه‌ت بێت به فیقهه‌وه ئه‌وا گونجاو تر وایه وشه‌ی(فیقهی) بخه‌ینه ناو ده‌سته‌واژه‌که‌وه و، ئیتر پێناسه‌ی (القاعدة الفقهیة) به‌م جۆره‌ی لێ دێت:
(حکم کلي فقهي ينطبق علی جميع جزئياته أو أکثرها لتعرف أحکامها منه)
واته:
حوکمێکی گشتی فیقهی یه که به‌سه‌ر هه‌موو یان زۆربه‌ی به‌شه‌کانیدا ده‌چه‌سپێت یان ده‌سه‌لمێت ، به‌جۆرێک که حوکمی به‌شه‌کانی لێوه بزانرێت.
خوێنه‌رانی هێژا: تا زنجیره‌ی داهاتوو له 15/3/2007 به خواتان ده‌سپێرم. |