|
ئیسلام و قورئان له ئه‌ندێشه‌ى (گۆته)دا
ئاماژه:
یۆهان وڵفانگ فۆن گۆته؛(Johan Wolfgang Von Goethe)؛ گه‌وره‌ترین شاعیرى ئه‌ڵمانییه كه به به‌رهه‌مه فره و گرانبه‌هاكانى جێگایه‌كى له‌نێو گه‌وره شاعیرانى جیهاندا قۆرخ كردووه. یه‌كێك له ڕووداوه سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانى ژیانى، كارتێكرانى بووه له كه‌لتوور و ژیارى ئیسلامى و ئێرانى و هه‌روه‌ها دیوانى (ڕۆژئاوایى- ڕۆژهه‌ڵاتى)ی ئه‌و كه له‌نێو كه‌سانى خاوه‌ن ئه‌ده‌بدا به‌نرخترین به‌رهه‌مى ئه‌و دێته هه‌ژمار. به‌رهه‌مى گه‌شتى ڕۆحانیی ئه‌وه بۆ ڕۆژهه‌ڵات. ئه‌وه‌ى دواتر ده‌یخوێننه‌وه گوڵبژێرێكه له وتارى خاتوو (ممسین) كه كارتێكرانى گۆته له ئیسلام و به‌تایبه‌ت له قورئان پیشان ده‌دات. خاتوو (ممسین) له ئێستادا مامۆستاى زانكۆى ئیستانفۆردى كالیفۆرنیایه و كتێبێكى به ناونیشانى (گۆته و ئیسلام)ى له ساڵى (٢٠٠١)دا بڵاو كردۆته‌وه.
چۆنێتى ته‌عامول و په‌یوه‌ندیى گۆته له‌گه‌ڵ ئیسلامدا هێنده سه‌یر و سه‌رسوڕهێنه‌ره كه شایسته‌یه به شێوازێكى زانستى و ورد ئه‌و كه‌شه هه‌ڵسه‌نگێنین. خۆشه‌ویستیی گۆته بۆ ئیسلام ده‌روونى بووه و له بنه‌ما ئاسایییه‌كان به‌ده‌ر بووه. گۆته له قۆناغه جیاوازه‌كانى ژیانیدا خۆشه‌ویستیى بۆ ئیسلام ده‌ربڕیوه.
یه‌كه‌مین چرۆى ئه‌م خۆشه‌ویستى و داگه‌ڕانه بۆ ساته‌كانى لاوێتیى گۆته واتا ته‌مه‌نى (٢٣) ساڵیی گۆته ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه مه‌دحێكى ئێجگار قه‌شه‌نگ و جوان له وه‌سفى پێغه‌مبه‌رى ئازیزى ئیسلام ده‌هۆنێته‌وه. له ته‌مه‌نى (٧٠)ساڵیش‌دا به‌ئاشكرا ئه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه له‌و ئه‌ندێشه‌یه‌دا بووه كه هه‌موو شه‌وێكى شه‌وانى قه‌در كه قورئانى تێدا دابه‌زیوه به‌زیندوویى ڕاگرێت. ئه‌م مه‌وداى كاتییه، واتا نێوان (٢٣) تا (٧٠) ساڵى، خولێكى درێژخایه‌ن له ژیانى گۆته له‌خۆ ئه‌گرێت، كه ئه‌م هۆنه‌ره ئه‌ڵمانییه به چه‌ند شێوه‌یه‌كى جیاواز خۆشه‌ویستیى خۆى بۆ ئیسلام پیشان ده‌دات. داگه‌ڕانى گۆته بۆ ئیسلام زیاتر له هه‌ر شتێكى تر له دیوانى (شه‌رقى)دا ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌م به‌رهه‌مه ناوازه له ته‌نیشت به‌رهه‌مى به‌پێزى گۆته (فاوست) له گرنگترین به‌رهه‌مه‌كانى ئه‌و دێته هه‌ژمار. یه‌كێك له به‌یته سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانى ئه‌م دیوانه، به‌یتێكه كه شاعیر تێیدا شیمانه‌ى موسڵمانبوونى خۆى ڕه‌ت ناكاته‌وه.
سه‌رده‌مى گۆته هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا بووه كه تا ڕاده‌یه‌ك پرۆسه‌كانى پێشوو بۆ پاسیڤ-وێناكردنى ئیسلام ڕووه‌و پووكانه‌وه ده‌چوو. سه‌ده‌كانى پێش سه‌رده‌مى گۆته، بانگه‌شه‌ى ئێجگار فراوان دژى ئیسلام له ڕۆژئاوا بازاڕى هه‌بوو. هه‌ڵوێستى گۆته به‌رامبه‌ر ئیسلام ئه‌گه‌رچى گرنگیى خۆى هه‌یه، به‌ڵام به‌وه‌وه په‌یوه‌ست نه‌بوو، چونكه كه‌شى ڕۆشنگه‌رى و گرنگیی هزرى ته‌حه‌مولكردنى بیروباوه‌ڕانى كه‌سانى تر له‌و سه‌رده‌مه‌دا، ببوو به فاكته‌ر كه سفره‌ى دادوه‌رییه ناڕاسته‌كانى پێشوو بپێچرێنه‌وه.
خۆشه‌ویستیى گۆته بۆ ڕۆژهه‌ڵات داگه‌ڕانێكى ده‌روونى بوو و به‌م هۆیه‌وه هه‌وڵى دا تا ئه‌و جێیه‌ى بۆى ئه‌كرىێ و ده‌رفه‌تى هه‌یه له‌مه‌ڕ رۆژهه‌ڵات زانیارى كۆ بكاته‌وه. سه‌ره‌تاترین چره‌وه‌یه‌ك كه مه‌یلى ئه‌و بۆ ئیسلام پیشان ده‌دات، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵى (١٧٧٢). ئه‌م چره‌وه‌یه له نامه‌یه‌كیدا كه بۆ مامۆستاكه‌ى (گۆتفرێد هردر) ده‌نووسێت، ڕوون و ئاشكرایه. ده‌مه‌وێَ بۆ تۆ وه‌ك مووسا "د. خ." له قورئاندا دوعا بكه‌م؛ له‌و جێیه‌دا كه ده‌فه‌رموێت: رَبِّ اشْرَحْ لِی صدْري .
گۆته ئه‌م ئایه‌ته‌ى نێو قورئانى یاداشت كردووه، به‌ڵام كاتێك ده‌توانین تێگه‌یشتنى گۆته له‌م ئایه‌ته ده‌رك بكه‌ین، ئه‌وه‌ى ماوه بیخوێنینه‌وه: وَيَسِّرْ لِي أَمْرِي* وَاحْلُلْ عُقْدَةً مِنْ لِسَانِي . گۆته له‌مه‌ڕ قه‌شه‌نگى و ئیعجازى زمانه‌وانیى قورئان هه‌ستێكى لێوان‌لێو كارتێكراوى هه‌بوو. له یاداشته‌كانى خۆیدا بۆ ده‌ركى باشتر له دیوانى شه‌رقى له وه‌سفى قورئاندا به‌م شێوه‌یه ده‌نووسێت: "ڕێبازى قورئان به‌هێز و گه‌وره و ده‌وڵه‌مه‌ند و ئاوێته به ڕاستییه‌كى قووڵه." هه‌ركه‌س زمانى گۆته بناسێت، ده‌زانێت ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ى (حه‌قیقه‌تى بێوێنه) له هه‌موو جێیه‌كدا به‌كار نابات، مه‌گه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مه شاكارێكى گه‌وره بێت. ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌كانى گۆته له‌م سه‌رده‌مه‌دا هه‌ڵسه‌نگێنین، تێده‌گه‌ین كه ئه‌و به‌نیاز بووه زمان و نووسینى عه‌ره‌بى فێر ببێت. هه‌مدیسان له‌نێو ئه‌م خوێندنه‌وانه‌دا چاومان به چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كدا هه‌ڵده‌ته‌قێتَ كه یاداشته‌كانى گۆته له هه‌ندێك ئایه‌تى قورئان (وه‌رگێڕانى مگرلین و وه‌رگێڕانى مارسى سى) پیشان ده‌دات. گۆته له (١٠) سووره‌تى قورئان هه‌ندێك ئایه‌تى یاداشت كردووه. ئه‌م ئایه‌تانه ئایه‌تگه‌لێكى زۆر قه‌شه‌نگ و سه‌رسوڕهێنه‌رن و له‌نێویاندا ده‌توانرێتَ هه‌ندێك په‌ند و وانه و فێربوونى بنچینه‌یى ئیسلام ببینرێت. هه‌ندێك له‌م فێركردنانه له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه و هزرى گۆته‌دا ئێجگار سازگاره. بیروباوه‌ڕى سه‌ره‌كیى گۆته گوزارشت له‌وه ده‌كات كه خواى گه‌وره له سروشتدا ده‌رده‌كه‌وێت و له‌م ڕووه‌وه‌یه ئه‌م ئایه‌تانه یاداشت ده‌كات:
"ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات هى خوایه، كه‌وا بوو ڕوو له هه‌رجێیه‌ك بكه‌یت، هه‌ر ئه‌و جێیه ڕوو به خوایه. خودا ڕه‌حمه‌ت و داناییی بێكۆتایییه." [سووره‌تى (البقرة: ١١٥)].
گۆته بیرۆكه‌ى یه‌كتاپه‌رستى به گرنگترین سه‌وقاتى ئایینى ئیسلام ده‌زانێت
یه‌كێكى تر له‌و بابه‌تانه‌ى كه گۆته پێیه‌وه سه‌رقاڵه، ئه‌وه‌یه كه خواى مه‌زن ته‌نها به یه‌ك زمان و به یه‌ك نوێنه‌ر له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا قسه ناكات، به‌ڵكوو به ئامرازى له‌یه‌كترجیا له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌كاندا قسان ده‌كات. به‌م هۆیه‌وه ئایه‌تى (١٤٤)ى سووره‌تى (آل عمران) یاداشت ده‌كات: "جگه له‌مه نییه كه موحه‌ممه‌د پێغه‌مبه‌ره و له‌پێش ئه‌و پێغه‌مبه‌رانێكى تر هه‌بوون كه ئه‌گه‌ر بمرێت یان بكوژرێت بۆ ئایینى پێشووترى خۆتان ده‌گه‌ڕێنه‌وه."
هه‌ندێكى تر له یاداشته‌كانى مه‌یل و سه‌رنجى گۆته بۆ كه‌سایه‌تى و كارتێكردنى حه‌زره‌تى موحه‌ممه‌د (صلى الله عليه وسلم) پیشان ده‌دات: كافره‌كان ده‌ڵێن بۆچى له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه موعجیزه‌یه‌كى بۆ دانابه‌زێت؟ بڵىَ خواى گه‌وره هه‌ركه‌سێكى بیه‌وێَ گومڕاى ده‌كات و هه‌ركه‌سێك ڕوو له ده‌رگاكه‌ى بكات ڕێنمایى ده‌كات." [الرعد: ٢٧]. گۆته مه‌فتوونى ئه‌م خاڵه له قورئان بوو كه په‌روه‌ردگار بۆ سه‌ر هه‌ر قه‌ومێك نێردراوێكى ناردووه. ساڵى (١٨١٩) له نامه‌یه‌كیدا بۆ زانایه‌كى لاو ده‌نووسێت: "ڕاسته كه خوا له قورئاندا ده‌ڵێت ئێمه هیچ پێغه‌مبه‌رێكمان بۆ سه‌ر هیچ قه‌ومێك نه‌ناردووه ته‌نها به زمانى قه‌ومه‌كه‌ى خۆى نه‌بێت."
له ساڵى (١٨٢٧)یشدا له نامه‌یه‌كیدا بۆ كارلاین ئه‌م ئایه‌ته له قورئان ده‌هێنێته‌وه: "ئێمه هیچ پێغه‌مبه‌رێكمان جگه له‌وه‌ى به زمانى قه‌ومه‌كه‌ى قسه بكات، به پێغه‌مبه‌رى ڕه‌وانه نه‌كردووه. [ابراهیم: ٤]. هه‌روه‌ها گۆته ئه‌م خاڵه‌ى له گوتارێكیدا ساڵى (١٨٢٨) به‌ڕوونى خستۆته ڕوو.
خوێندنه‌وه‌ى گۆته بۆ قورئان (١٧٧٢) سه‌وقاتییه‌كى پڕبه‌هاى به ئه‌و به‌خشى، چونكه ئه‌و ئه‌نگێزه‌یه‌ى له ناخدا سه‌وز كرد تا سه‌رقاڵ بێت به نووسینه‌وه‌ى نمایشنامه‌ى موحه‌ممه‌ده‌وه. ئه‌گه‌رچى ئه‌م نمایشنامه هه‌رگیز ده‌رفه‌تى چوونه سه‌ر شانۆى بۆ نه‌ڕه‌خسا، به‌ڵام له به‌شێكى ئه‌م نمایشنامه‌دا كه گۆته یاداشتى كردووه، ده‌توانرێتَ چه‌ندین چه‌مكى قه‌شه‌نگ و بنیاتنه‌ر له ئایينى ڕوونى ئیسلامى تێدا به‌دی بكرێتَ و له‌م سۆنگه‌یه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنى ئه‌م به‌رهه‌مه بۆ زیاتر تێگه‌یشتن له بارى نێوان ئیسلام و گۆته ئێجگار چاره‌سازه. له‌م نمایشنامه‌دا چه‌ندین نموونه‌مان به‌رده‌ست ده‌كه‌وێت كه گوزارشت له به‌ڵگه و چۆنێتىی په‌یوه‌ندیى نێوان گۆته و ئیسلام ده‌كات. له‌م نێوه‌نده‌دا دوو سیما ڕووناكییه‌كى زیاتریان هه‌یه.
سه‌ره‌تا كه‌سایه‌تیى حه‌زره‌تى موحه‌ممه‌د (صلى الله عليه وسلم) و دووه‌م فێركردنه زیندووه‌كانى ئیسلام، كه به‌هۆى ئه‌م دوو سیمایه‌وه خۆشه‌ویستیى ده‌روونیی گۆته بۆ ئیسلام ده‌گاته ترۆپكه. یه‌كێك له به‌شه قه‌شه‌نگه‌كانى ئه‌م نمایشنامه (ئاوازى موحه‌ممه‌د)ى ناوه. ئه‌م شیعره دیالۆگێكى نێوان حه‌زره‌تى عه‌لى و فاتیمه‌یه. گۆته ئه‌م شیعره‌ى له به‌هارى ساڵى (١٧٧٣)دا هۆنیوه‌ته‌وه، چونكه گۆته كتێبگه‌لێكى ئێجگار زۆرى له‌مه‌ڕ حه‌زره‌تى موحه‌ممه‌د خوێندبوویه‌وه. گۆته له‌م شیعره‌دا كه‌سایه‌تیى دامه‌زرێنه‌رى ئایینى ئیسلام وه‌ك ڕابه‌رى ڕۆحانیى مرۆڤایه‌تى وێنه ده‌كات و بۆ باشتر مانفێستكردنى بابه‌ت سوود له تابلۆكردنى لافاوێكى توند و به‌هێز و ئاوێكى فراوان وه‌رده‌گرێت تا به‌و ئامرازه ده‌ستپێكردنى جووڵه‌ى ئه‌و له خاڵه بچووكه‌كانه‌وه تا گه‌یشتنه هێزێكى گه‌وره، باشتر مانفێست بكات. "به هه‌مان شێوه كه تنۆكه‌كانى باران هێدى هێدى كۆ ده‌بنه‌وه و سه‌ره‌نجام لافاوێكى ترسناك به‌ڕێ ده‌خه‌ن." گه‌شه و به‌رده‌وامى پێشكه‌وتنى ئه‌م ڕووداوه گه‌وره‌یه، یه‌كگرتن و به‌یه‌كتر شادبوونى زه‌ریاى پڕفه‌ڕ و به‌ره‌كه‌تى گه‌وره‌یه. زه‌ریا له‌م پێگه‌یه‌دا سیمبوڵێكه له هه‌ق. ئه‌م دیمه‌نه هه‌ڵگرى ئه‌م په‌یامه‌یه كه ئه‌و لێهاتووییه ڕۆحانییه‌كان و حه‌ز و مه‌یله فیترییه‌كانى تری براكانى له‌گه‌ڵ خۆى هێنا؛ تا ئه‌وانه له‌گه‌ڵ خۆى ڕه‌وانه‌ى ده‌ریا بكات. ئه‌م تنۆك، ئاو، كانیاو و ڕووبارانه سه‌ره‌نجام ده‌بن به‌یه‌ك و ڕه‌وانه‌ى زه‌ریا ده‌بن.
یه‌كێك له چه‌مكه فێركردنه زیندووه‌كانى ئیسلام كه ئێجگار كارى له گۆته كردبوو، چه‌مكى یه‌كتاپه‌رستییه. ڕوون و ئاشكرایه سه‌ربارى كه‌سایه‌تیى پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)، ئه‌وه‌ى ببووه فاكته‌ر هه‌تا گۆته نمایشنامه‌ى موحه‌ممه‌د بنووسێَت، چه‌مكى یه‌كتاپه‌رستییه. هه‌ندێكى دیكه له ئه‌ندێشه‌كانى گۆته نزیكى و لێكچوونێكى فره زیادى له‌گه‌ڵ ئایدیۆلۆجییه‌كانى ئیسلامدا هه‌یه. باوه‌ڕ به قه‌زا و قه‌ده‌ر، یه‌كێك له‌و ئه‌ندێشانه‌یه. به بۆچوونى گۆته ئیسلام خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانه له به‌رده‌م خودا و هه‌رگیز نایه‌وێت خۆى له هه‌مبه‌ر خواستى خودادا بوه‌ستێنێت.
گۆته له دواڕۆژه‌كانى ته‌مه‌نیدا ئاوڕى زۆر له‌م چه‌مكانه ده‌دایه‌وه كه به چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌وانه ئاماژه ده‌كه‌ین؛ له ساته‌وه‌ختى له‌شكركێشیى فه‌ره‌نسادا (١٧٩٢)، گۆته گرفتار ده‌بێت و ژیانى ده‌كه‌ویته مه‌ترسییه‌وه. له‌م ڕووه‌وه هۆنه‌ر له‌مه‌ڕ ئه‌و ده‌رفه‌ت و ساته ترسناكه ده‌ڵێت: "مه‌ترسی منى به‌توندى ده‌ترساند و له‌پڕ باوه‌ڕم به قه‌زا و قه‌ده‌ر و چاره‌نووس هێنا و هه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه منى له‌و ساته هه‌ستیاره‌دا ڕزگار كرد و یارمه‌تیى دام. به‌ڕاستى ئیسلام له‌و ساته‌وه‌خته‌دا باشترین ڕێنموونى من بوو." له ساڵى (١٨٢٠)یشدا یه‌كێك له خزمه‌كانى گۆته به‌سه‌ختى دوچارى نه‌خۆشى ده‌بێت. له‌م باره‌یه‌وه شاعیرى ئه‌ڵمانى نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ى هاوڕێكه‌ى ده‌كات و ده‌نووسێت: "له‌م باره‌یه‌وه ناتوانم هیچ بڵێم، ته‌نها وه‌ك ئه‌و شته نه‌بێت كه ئیسلام فه‌رموویه‌تى ڕه‌فتار بكه‌م." هه‌روه‌ها له وه‌ڵامى یه‌كێك له هاوڕێكانیدا كه داواى لێ كردبوو ئامۆژگاریی بكات، ده‌نووسێت: "لێره‌دا ناتوانرێت ئامۆژگاریى كه‌سانى تر بكرێت، به‌ڵكوو هه‌ركه‌سه و ده‌بێتَ خۆى بڕیار بدات." گۆته چوار هه‌فته پێش مردن و له ته‌مه‌نى (٨٢) ساڵیدا ده‌نووسێت: "لێره و له هه‌رجێیه‌ك مرۆڤ ده‌ربه‌ندى ئه‌م هزره‌یه كه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ نه‌هامه‌تى و پێشهاته‌كاندا مه‌حاڵه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به وردبینییه‌كى زیاتره‌وه بڕوانین، له‌وه ده‌گه‌ین كه مرۆڤه‌كان ده‌توانن خۆیان له داوى ترس قوتار بكه‌ن. به‌و مه‌رجه‌ى له‌نێو بیركردنه‌وه‌ى شیفابه‌خشى ئیسلامدا ڕه‌ها بكرێن و پشت به خوا ببه‌ستن."
بۆ ئێمه ڕوون و ئاشكرایه كه گۆته زۆرێك له چه‌مكه ئیسلامییه‌كانى ئه‌زموون كردووه و هاوڕێ و دۆستانیشى بۆ بانگهێشت كردووه. له‌نێو كۆمه‌ڵه وتووێژه‌كانى گۆته كه له‌لایه‌ن ئه‌كریمه‌نه‌وه كۆ كراوه‌ته‌وه، ده‌توانرێتَ وه‌سف و ستایشێكى قه‌شه‌نگ له‌مه‌ڕ ئیسلام ببینرێت.
له سه‌رده‌مى له‌شكركێشیى ناپلیۆن بۆ ئه‌ڵمانیا و بۆ تۆكمه‌كردنى زانیارییه‌كانى، ئه‌و هه‌له ده‌قۆزێته‌وه و په‌یوه‌ندییه‌كى توندوتۆڵ له گه‌ڵ ئه‌و سه‌ربازه موسڵمانانه‌ى كه به هاوڕێیه‌تى سه‌ربازانى ڕووسیا هاتبوون، به‌رقه‌رار بكات. ته‌نانه‌ت له وایمار به‌شداریی مه‌راسیمێكى موسڵمانان ده‌كات، كه ئه‌م بابه‌ته نه ته‌نها خودى شاعیر، به‌ڵكوو كار له ده‌وروبه‌ر و بینه‌رانیش ده‌كات به شێوه‌یه‌ك بۆ سبه‌ینێ به‌رده‌م ده‌رگاى شار قه‌ره‌باڵغ ده‌بێتَ و بۆ خوێندنه‌وه خوازیارى به‌ئه‌مانه‌توه‌رگرتنى قورئان ده‌بن. گۆته پێش ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیى له‌گه‌ڵ قورئاندا دروست كردبوو، چونكه سه‌ربازانى وایمار له جه‌نگى ئیسپانیادا لاپه‌ڕه‌یه‌كى قورئانیان -كه له‌سه‌ر دوایه‌مین سووره‌تى قورئان (الناس) نووسرابوو- به‌ده‌ست هێنابوو. گۆته له ڕۆژهه‌ڵاتناسى ئه‌ڵمانى (فۆیرباغ) ده‌خوازێت ئه‌م سووره‌ته‌ى له قورئان بۆ وه‌رگێڕێتَ و خودى گۆته‌ش هه‌وڵ ئه‌دات ده‌ستنووسه عه‌ره‌بییه‌كه‌ى بنووسێته‌وه.
دواتر گۆته شیعره‌كانى دیوانى (شه‌رقى، غه‌ربى) خۆى هۆنییه‌وه. بێگومان ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه و زانیارییه‌كى تێروته‌سه‌لى له‌مه‌ڕ ئیسلام نه‌بووبێت، ئه‌م به‌رهه‌مه ناتوانێت تا ئه‌و ڕاده به‌رزه كه‌ش و هه‌واى ئیسلام له خۆیدا بگونجێنێت.
سه‌رچاوه‌كانى گۆته بۆ خوێندنه‌وه‌ى ئایینى ئیسلام كه ئه‌نگێزه‌ى هۆنینه‌وه‌ى دیوانى (شه‌رقى، غه‌ربى) تێدا به‌دی هێنا، بریتى بوون له قورئان و سوننه‌تى پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) و ئه‌و كتێبانه‌ى له‌مه‌ڕ ژیانى حه‌زره‌تى موحه‌ممه‌د (صلى الله عليه وسلم) نووسرابوون.
ئه‌م شیعره قه‌شه‌نگه‌ى خواره‌وه كارتێكراو له یه‌كێكَ له ئایه‌ته‌كانى قورئانه و گوزارشت له كارتێكرانى گۆته ده‌كات له ئیسلام:
رۆژهه‌ڵات موڵكى خودایه
ڕۆژئاوا موڵكى خودایه
سه‌رزه‌مینه‌كانى باكوور و باشوور له‌نێو ده‌ستانى خودادا ئارامشیان گرتووه
ئه‌م شیعره كارتێكراوه له ئایه‌تى وَلِلَّهِ الْمَشْرِقُ وَالْمَغْرِبُ ... .
یاخود ئه‌م پارچه‌شیعره‌ى خواره‌وه له ماناى قووڵى ئایه‌تى اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ ه‌وه وه‌رگیراوه:
هه‌ركات به كارێكه‌وه سه‌رقاڵ ده‌بم، یان شیعرێك ده‌هۆنمه‌وه..
تۆ ڕێگاى ڕاستم پێَ نیشان ده..
هه‌روه‌ها ئه‌م پارچه‌هۆنراوه‌یه له ئایه‌تى حه‌ڤده‌ى سووره‌تى (النحل) وه‌رگیراوه وَعَلاَمَاتٍ وَبِالنَّجْمِ هُمْ یهْتَدُونَ .
ئه‌ستێره‌كانى له ئاسماندا دانا
ڕێنمان له وشكانى و له ده‌ریادا
نابنه هێمایه‌ك بۆ ئێوه
به دره‌وشاوه‌یىی خۆیان له به‌رزاییه‌كانى ئاسماندا..
هه‌روه‌ها له‌م دیوانه‌دا ئاماژه به بیروباوه‌ڕ و هزرى گۆته نیسبه‌ت به چاره‌نووس كراوه:"به‌دیهێنه‌ر بیرى له هه‌مووشتێك كردۆته‌وه، چاره‌نووس دیارى كراوه، كه‌واته په‌یڕه‌وى له حیكمه‌ت بكه، ڕێگا ده‌ستى پێ كردووه، كه‌وابوو گه‌شته‌كه كامڵ كه." (دیوانى حیكمه‌تنامه)
ئه‌ندێشه‌ى گۆته له‌مه‌ڕ بوونه‌وه‌ران و سروشت، هه‌روه‌ها نموونه‌ى ئه‌وه‌ى كه نیشانه‌كانى خوا ده‌توانرێتَ له سروشتدا ببینرێن، له دیواندا به شێوازێكى ئێجگار قه‌شه‌نگ و به كارتێكراوی ئه‌م ئایه‌ته پیرۆزه إِنَّ اللَّهَ لاَ يَسْتَحْيِي أَنْ يَضْرِبَ مَثَلاَ مَا بَعُوضَةً ... [البقرة: ٢٦] خواى گه‌وره له به‌نموونه‌هێنانه‌وه‌ى مێشووله خه‌جاڵه‌ت ناكێشێت ...، له پارچه‌شیعرێكى قه‌شه‌نگدا دره‌وشاوه‌ته‌وه: ئایا نابێت له‌م نموونه‌هێنانه‌وه سوود وه‌رگرین كه جێى په‌سه‌ندى منه؛ خواى گه‌وره ژیانى بۆ ئێمه له‌نێو نموونه‌هێنانه‌وه‌یه‌كى مێشووله‌دا ڕوون كردۆته‌وه. گۆته حه‌ز و مه‌یلى خۆى بۆ ئیسلام له‌نێو دیوانى (ڕۆژهه‌ڵاتى)دا پیشان داوه و ده‌توانرێَ شیعرگه‌لێكى فراوان له دیوانه‌كه‌یدا ده‌ربهێنرێ كه كارتێكراوی ئایه‌ته‌كانى قورئان بوون.
له شیعرێكى قه‌شه‌نگى نێو (زوڵه‌یخانامه)دا، ئاماژه‌ى به ناوه جوانه‌كانى په‌روه‌ردگار كردووه. هه‌روه‌ها چه‌مكى یه‌كتاپه‌رستى به گرنگترین سه‌وقاتى ئاینى ئیسلام ده‌زانێت. هه‌ڵسه‌نگاندنى دانه‌دانه‌ى شیعره‌كان ده‌رفه‌تێكى ئێجگار زۆرى پێویسته؛ له‌م ڕووه‌وه به شیعرێكى جوان و قه‌شه‌نگى گۆته له (ساقینامه)ى دیوانى ڕۆژهه‌ڵاتیدا كۆتایى به‌م بابه‌ته دێنین:
ئه‌وه‌ى كه ده‌ڵێن قورئان كۆنه
من نازانم
وه ئه‌وه‌ى كه ئه‌ڵێن قورئان ڕووداوه
پرسیارێكم نییه
ته‌نها ئه‌زانم كه قورئان كتێبى كتێبه‌كانه
نووسینی: كاترینا (ممسین)
وه‌رگێڕانی: گۆران عه‌لى مه‌ولوود
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئه‌م بابه‌ته‌مان له‌لایه‌ن برای به‌ڕێز (موحه‌ممه‌د عه‌بدولڕه‌حمان عه‌زیز)ه‌وه پێ گه‌یشتووه.
پیاچوونه‌وه و هه‌ڵه‌چنیی ڕێنووس: به‌رپرسی ڕێنووسی ده‌نگی ئیسلام
|