|
خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان .. سه رنج و تێبینییه‌كان
پاش ئه‌وه‌ى كه وێنه‌یه‌ك له پرۆژه‌ى ده‌ستورى هه‌رێمى كوردستان له (22/8/2006) له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستانه‌وه وه‌رگیرا, ده‌رگاى گفتوگۆ كرایه‌وه بۆ لێدوان و تاوتوێكردن به مه‌به‌ستى كامڵكردن و ته‌واوكردنى پرۆژه‌كه، كه له ڕاستیدا جێگاى ده‌ستخۆشییه و یه‌كێكه له ده‌ستكه‌وته هه‌ره مه‌زن و گرنگه‌كانى ئه‌م سه‌ده‌یه بۆ میلله‌ته‌كه‌مان. كه ئومێده له داهاتوودا ببێته فاكته‌رى ته‌بایى و هاوكارى و یه‌كڕیزى و به‌ره‌وپێشبردنى پرۆژه‌ى به‌یاسایی و بهمهدهنیكردنى ئه‌زموون و سیسته‌مى حوكمڕانی له هه‌رێمى كوردستان و چه‌سپاندنى سه‌روه‌ریى یاسا و ده‌سته‌به‌ركردنى زیاترى ماف و ئازادییه‌كان و دادپه‌روه‌ریى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورى و جێگیركردنى پایه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى فیدراڵ, به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌مه یه‌كه‌م ئه‌زموونه بۆ ئێمه‌ى كورد ده‌كرێت ئه‌م ده‌ستوره له سه‌رنج و تێبینى به‌ده‌ر نه‌بێت, بۆیه له‌م ڕووه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌م سه‌رنج و تێبینییانه له‌م ته‌وه‌رانه‌ى لاى خواره‌وه‌دا بخه‌مه ڕوو:
ته‌وه‌ره‌ى یه‌كه‌م: تێبینییه گشتییه‌كان:
1- پیویسته پێڕستێك بۆ ئه‌م ده‌ستوره له سه‌ره‌تادا یا له كۆتاییدا دابنرێت، له‌به‌رئه‌وه گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ى ده‌روازه و بابه‌ت و به‌شه‌كان ئه‌ركێك و كاتێكى زۆرى ده‌وێت، بۆ نموونه:
زنجیره بابه‌ت لاپه‌ڕه
1- دیبا جه (2 ـ 6).
2 - ده‌روازه‌ى یه‌كه‌م (بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كان) ماده‌ى (1 ـ 17 7 ـ 13)
3 - ده‌روازه‌ى دووه‌م (مافه‌كان) ماده‌ى (18ـ 77 ـ 14 ـ 31).
4 - ده‌روازه‌ى سێیه‌م (دهسهلاَتهكانى هه‌رێمى كوردستان) ماده‌ى (78 ـ141ـ 32 ـ57).
5 - ده‌روازه‌ى چواره‌م (كارگێڕییه خۆجێیه‌كان و ئه‌نجومه‌نه شاره‌وانییه‌كان) (142ـ 146 - 58 ـ59).
6 – ده‌روازه‌ى پێنجه‌م (ده‌سته و كۆمیسۆنه سه‌ربه‌خۆكان) ماده (147 ـ 148 -60).
7 - ده‌روازه‌ى شه‌شه‌م (حوكمهدارییهكان) ما ده (149 ـ152) (61 ـ 62).
8 - ده‌روازه‌ى حه‌وته‌م (حوكمه كۆتاییه‌كان) ماده (153 ـ160 ـ 65).
واته پێڕستهكه به‌م شێوه‌یه‌ى سه‌ره‌وه بێت..........
2 - ئه‌م ده‌ستوره درێژترین ده‌ستوره كه ژماره‌ى ماده‌كانى (160)ماده‌یه به به‌راورد له‌گه‌ڵ.
ده‌ستورى هه‌میشه‌یى عێراق كه (144)ماده‌یه و زۆربه‌ى ده‌ستوره‌كانى ولاَتانى پێشكه‌وتوخوازى وه‌ك ئه‌مریكا كه ده‌ستوره‌كه‌ى نزیكه‌ى (13)ماده‌یه، له ههندىَ ولایهتهكانى تر له نێوان (12ـ 18) ماده‌یه، بۆیه پێویسته جارێكى تر ئه م ده‌ستووره چاوى پیادا بخشێنرێته‌وه وكورت وپوخت بكرێته‌وه.
3- له ده‌روازه‌ى دووه‌م: به‌شى دووه‌م/
(مافه ئابوورى و كۆمهلاَیهتى و رۆشنبیرییه‌كان) لاپه‌ڕه20ماده‌ى (45) ده‌رنه‌چووه و له‌دواى ماده‌ى(44) ڕاسته‌وخۆ ماده‌ى (46) دێت به پێى وێنه‌یه‌ك له‌و ره‌شنووسه‌ى له به‌رده‌ستى مندایه, ئیتر نازانین هه‌ڵه‌ى چاپه یان له‌بیرچوونه.
ته‌وه‌ره‌ى دووه‌م: دیباجه‌كه [ تيَبينى و سةرنجةكان].
1 - ئه‌م دیباجه‌یه به ڕاستى زۆر درێژ‌و زیادڕهویى تێدا كراوه و بووه‌ته داستاننامهیهكى پاڵه‌وانێتییه‌كانى رابردوو, ده‌بێت دیباجه كورت و پوخت بێت و كۆكراوه‌ى خاڵه ستراتیژ و گرنگه‌كانى ناو ده‌ستور بێت، بۆیه پێویسته جارێكى تر چاو به‌م دیباجهدا بخشێنرێته وه و پوخت و كورت بكرێته‌وه، كه ئه‌مه‌ش نه‌ریتێكه له زۆربه‌ى ده‌ستوره‌كانى دنیادا په‌یڕه‌و ده‌كرێت.
2- هیچ ئاماژه‌یه‌ك نه‌كراوه كه ئه‌م دیباجه‌یه به‌شێك ده‌بێت له ده‌ستوره‌كه یا ته‌واوكه‌رى ده‌ستوره‌كه‌یه, تا هێزى بهدهستوربوون وه‌ربگرێت. بۆیه پێویسته ئه‌مه‌ش یه‌كلا بكرێته‌وه.
3- ئه‌م دیباجه‌یه پێویست بوو بۆ دیاریكردنى سنوورى هه‌رێمى كوردستان پشتى به كۆمه‌ڵێك سه‌رچاوه و به‌ڵگه‌نامه‌ى مێژوویى و یاسایى دانپێدانراو له‌لایه‌ن رژێمه یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى عێراقه‌وه ببه‌ستایه و ئه‌و سه‌رچاوانه‌ى بكردایه‌ته بنه‌ماى سه‌لماندنى كوردستانیهتبوونى كه‌ركوك و شوێنه تازه ئازادكراوه‌كانى دواى پرۆسه‌ى ئازادیى عێراق. به‌تایبه‌تى په‌یماننامه‌ى سیڤه‌ر و به‌یاننامه‌ى (11)ى ئازارى ساڵى (1974) و ده‌ستورى كاتیى عێراق ساڵى (1970) كه به چه‌نده‌ها ماده و بڕگه دان به كودستانیهتبوون و كوردبوونى ئه‌و ناوچه و شوێنانه‌دا ده‌نێت، كه زۆربه‌ى دانیشتووانه‌كه‌ى له كورد پێكدێت.
4- دیسانه‌وه ئه‌م دیباجه‌یه هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ كێشه‌ى كه‌ركوك و ماده‌ى (140) ناكات، كه كێشه‌ى كه‌ركوك یه‌كێكه له هه‌ره كێشه ئاڵۆز و چاره‌نووسسازه‌كانى دواى پرۆسه‌ى ئازادیى عێراق بۆ كورد و هه‌م بۆ عه‌ره‌ب و كهمایهتییهكانى تر‌ى وه‌ك توركمان و ئاشورییه‌كان.
5- دیسانه‌وه له‌م دیباجه‌یه‌دا زۆر به راشكاوى باسى كاره‌سات و هه‌وڵ و خه‌بات و قوربانییه‌كانى كهمایهتییهكانى تر‌ى وه‌ك ئاشورى و توركمان و سابیئییهكان ناكات كه له‌م هه‌رێمه‌دا پێكه‌وه له‌گه‌ڵ كورد ده‌ژین له چه‌ند ساڵى ڕابردوودا له‌پێناو ئازادى و سهسهربهخۆییدا تووشى زۆر ناسۆر و قوربانى بوون له سه‌ر ده‌ستى رژێمه یه‌ك له دواى یه‌كه‌كانى عێراق.
6- ئه‌م دیباجه‌یه ته‌نها باسى لایه‌نه پرشنگدار و ئه‌زموونه سه‌ركه‌وتوو و ده‌ستكه‌وته‌كان ده‌كات، به بىَ ئه‌وه‌ى باس له ئه‌زموونه تاڵ و ناسۆرهكانى رابردوو بكات له ماوه‌ى (15)ساڵى رابردوودا تاكو ببنه وانه و په‌ند بۆ نه‌وه‌كانى داهاتوو، له‌به‌رئه‌وه‌ى ده‌ستور بۆ ئه‌وانه، تا بۆ هه‌تاهه‌تایه ده‌رفه‌ت و بوارى دووباره‌بوونه‌وه‌یان نه‌مێنێت و ئه‌و ناڕه‌حه‌تیانه ببنه فاكته‌رى یه‌كگرتن و ته‌بایى و برایه‌تیى زیاترى نێوان ڕیزه‌كانى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان و میلله‌تى كورد. دیاره داننان به هه‌ڵه و كهموكوڕیشدا فه‌زیله‌ته و گه‌وره‌یى بوونه، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه.
ته‌وه‌ره‌ى سێیه‌م/ تێبینى له‌سه‌ر ده‌روازه و بڕگه و ماده‌كان به‌م شێوه‌یه:
ا- ده‌روازه‌ى یه‌كه‌م: (بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كان)، كه له ماده‌ى (1-17) ده‌ستپێده‌كات:
1- دووبارهكرنهوهیهكى زیاد له‌پێویست و زۆرى وشه‌ى (هه‌رێم و كوردستانى فیدراڵ و حكومه‌تى هه‌رێم)، كه ئه‌مه‌ش هۆكارێكى دوورودرێژى ده‌ستوره‌كه‌یه, بۆیه ده‌كرێت له ڕووى زاراوه و زمانه‌وانییه‌وه پێداچوونه‌وه‌ى بۆ بكرێت تا كورتتر و پوختتر ببێته‌وه.
2- له ماده‌ى (2)ى ئه‌م ده‌ستوره‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه له دیاریكردنى سنوورى كوردستان و جوگرافیاى هه‌رێمدا له‌به‌ر ئه‌وه پشت به چه‌ند ئامارى ساڵێك ده‌به‌ستێت كه هه‌رگیز نابێته په‌نا و به‌ڵگه بۆ سه‌لماندنى ئه‌و ڕاستییه، به‌ڵكوو ده‌بوو له‌م ماده‌یه‌دا بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ى سنوورى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌و ناوچانه‌ى كه دانیشتووانه‌كه‌ى زۆرینه‌ى كورد پێك ده‌هێنن پشت به چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كى مێژوویى و یاسایى دانپیانراو ببهسرایه، كه نووسه‌رانى مێژوو ئاماژه‌یان پێ كردووه و له نێوان سه‌رانى بزوتنه‌وه‌ى رزگاریخوازانى میلله‌ته‌كه‌مان و رژێمه یه‌ك له دواى یه‌كه‌كانى به‌غدا مۆر كراون وه‌ك به‌یاننامه‌ى (11 ئازارى ساڵى 1974), پاشان ده‌ستورى كاتى عێراق (1970) په‌یماننامه‌ى سیڤه‌ر و... هتد، كه زۆر ماده و به‌ند هه‌یه به ڕوونى دان به كوردستانیبوون و زۆرینه‌ى دانشتووانى ناوچه كوردنشینه‌كاندا ده‌نێت.
3- بڕگه‌ى دووه‌م له هه‌مان ماده زۆر كرچ و كاڵى و ناته‌واویى تێدایه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى جێبه‌جێكردنى ماده‌ى (140)ى كردۆته دیاریكردنى سنوورى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان به بێ ده‌ستنیشانكردن و ئاماژه‌كردن بۆ ئه‌و كێشه و گرفت و ڕێگایانه‌ى ئه‌گه‌ر ئه‌م ماده‌یه له كات و ساتى دیاریكراوى خۆیدا جێبه‌جێ نه‌كرا، ئایا هه‌ڵوێستى كورد چى ده‌بێت و ئه‌و رێوشوێنه یاسایى و سیاسییانه چى ده‌بن كه ده‌گیرێته به‌ر بۆ جێبه‌جێكرنى ئه‌م ماده‌یه.
4- بڕگه‌ى سێیه‌م دیسانه‌وه له ماده‌ى (2)دا ده‌قێكى ئاڵۆز و ناڕۆشنه و جێگاى دوودڵى و نیگه‌رانییه له‌لایه‌ك ئه‌م ده‌ستوره بۆ هه‌موو رۆڵه‌كانى كوردستانه، به‌ڵام له لایه‌كى تره‌وه رۆڵه‌كانى ئه‌و ناوچانه‌ى تر كه له هه‌رێمى كوردستان دابڕێنراون هه‌ر كاتێك به‌پێى حوكمى ماده‌ى (140)ى ده‌ستورى فیدراڵى گه‌ڕێنرانه‌وه بۆى، ئه‌و كاته سوودمه‌ند ده‌بن به ئه‌رك و مافه‌كانیان، كه له‌م ده‌ستوره‌دا هاتووه دیاره ئه‌م ماده‌یه كۆمه‌ڵێك مه‌دلول و خوێندنه‌وه‌ى نێگه‌تیڤ هه‌ڵده‌گرێت و كۆمه‌ڵێك ئهشكالیات و كۆسپ له‌به‌رده‌م جێبه‌جێكردنى ماده‌ى (140) و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ناوچه‌كان و رۆڵه‌كانى ئه‌و ناوچانه دروست ده‌كات، له هه‌مان كاتدا وه‌ك بڵێى ئه‌م ده‌ستوره جۆرێك بۆ ئه‌وان نییه و ناتوانن راپرسى و بیروبۆچوونى خۆیانیان له‌سه‌ر ده‌رببڕن و له لایه‌كى تره‌وه ئاماژه‌یه‌كه بۆ دواكه‌وتنى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان له كاتى دیاریكراوى خۆیدا به بێ ئه‌وه‌ى ئێمه بتوانین هیچیان بۆ بكه‌ین.
5- ماده (6) داڕشتنهكهى داڕشتنێكه كه بیرى نه‌ته‌وه‌گه‌رى سه‌رده‌ستى پێوه دیاره، كه ئه‌مڕۆ دنیاى نوێ و سیاسه‌تى سه‌رده‌م ئه‌م جۆره بیرۆكانه له پێكهێنانى كیان و قه‌واره رامیارییهكاندا ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه و ئه‌م نه‌ریته نه‌ریتێكى وڵاتان و گه‌لانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته له سه‌ر بنچینه‌ى زۆرینه و كه‌مینه, به‌ڵكوو پێویسته ئه‌م ده‌قه رێك بخرێته‌وه و وا باشتره بڵێین (گه‌لى كوردستان – عێراق پێك دێت له كورد و توركمان و كلدان و ئاشورى و ئه‌رمه‌ن و عه‌ره‌ب), تا بوار بۆ گه‌لى ژێرده‌ست و سه‌رده‌ست نه‌مێنێته‌وه و هه‌موو لایه‌ك له ماف و ئه‌ركدا یه‌كان بن و خۆى به دڵسۆز و خزمه‌تگوزارى ئه‌م خاكه بزانێت.
6- ماده‌ى (7 ) ناسنامه‌ى ئایینى ره‌سمى هه‌رێم و ناسنامه‌ى موسوڵمانێتى زۆرینه‌ى دانیشتووانى هه‌رێم ڕوون نییه و ته‌مومژى له سه‌ره، بۆیه پێویسته ئه‌م ماده‌یه به‌م شێوه‌یه له چه‌ند بڕگهیهكادا دابڕێژرێته‌وه.
بڕگه‌ى یه‌كه‌م/ ئایینى ره‌سمیى هه‌رێمى كوردستان ئیسلامه.
بڕگه‌ى دووه‌م/ ئه‌م ده‌ستوره مافى موسوڵمانێتى بوونى زۆرینه‌ى گه‌لى كوردستان ده‌پارێزێت, له‌به‌رئه‌وه ئه‌م ده‌قه به‌هێزتر و شایسته‌تره له‌و ده‌قه كه ئێستا هه‌یه، چونكه ده‌قه كۆنه‌كه نه ناسنامه‌ى ئایینى ره‌سمى هه‌رێم دیارى ده‌كات و نه ناسنامه‌ى موسوڵمانێتیى زۆرینه ده‌پارێزێت، چونكه پاراستن به‌هێزتره له جه‌ختكردنه‌وه و ده‌بێته ئه‌ركێك له ئه‌ستۆى حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانى.
بڕگه‌ى سێیه‌م/ شه‌ریعه‌تى ئیسلام داده‌نرێت به‌سه‌رچاوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى یاسادانان له‌به‌رئه‌وه‌ى له عێراق و له هه‌رێمیشدا شه‌ریعه‌تى ئیسلام له رابردوو ئێستادا سه‌ره‌كیترین و گرنگترین سه‌رچاوه‌كانى یاسا به‌كاربه‌ره‌كان پێك ده‌هێنێت, به ئه‌ندازه‌یه‌ك سه‌رجه‌م یاساكان له‌م ڕووه‌وه قه‌رزارى شه‌ریعه‌تى ئیسلامن, ئیتر ئه‌م كه‌مكردنه‌وه و سنوورداركردنهى شه‌ریعه‌ته له‌پاى چی و بۆچى؟!.
بڕگه‌ى چواره‌م/ ئه‌م ده‌ستوره ته‌واوى مافه ئایینییه‌كانى برا مه‌سیحى و ئێزیدى و هى دیكه له ئازادى و باوه‌ڕ و پیاده‌كردنى ئایین ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.
7- ماده‌ى (12) كه باس له سروود و ئاڵا ده‌كات پێویسته له داڕشتنیدا هێما و ئاماژه بۆ كه‌مه نه‌ته‌وه‌كانى دانیشتووانى تر‌ى ناو هه‌رێمى كوردستان بكات, بۆیه پێشنیار ده‌كه‌م ئه‌مه بكرێته بڕگه‌یه‌ك بۆ ته‌واوكردنى سێ بڕگهكهى تر‌ى ماده‌كه.
8- ماده‌ى (13): پێویسته ئه‌و ده‌قه به شێوازێكى فراوانتر و به‌هێزتر دابڕێژرێته‌وه، كه بابه‌ته‌كانى رێكخستنه‌وه‌ى سوپا و هێزى پێشمه‌رگه و چهكداریى كوردستان و هێزه‌كانى ئاسایشى ناوخۆ به شێوازێكى مه‌ده‌نیانه و سه‌رپه‌رشتیكردنیان له‌لایه‌ن كه‌سانى مه‌ده‌نى و بێ لایه‌ن و شاره‌زاوه بێت، واته نابێت ئه‌و هێزه چه‌كدارانه و ئه‌وانه‌ى له‌و بواره‌دا كار ده‌كه‌ن خۆیان بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سیادى كاندید بكه‌ن و، له هه‌مان كاتدا له هه‌ڵمه‌ت و پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردندا پڕوپاگه‌نده بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى هیچ لایه‌ن و پاڵێوراوێك بكه‌ن، له‌م ڕووه‌وه ده‌توانرێت سوود له ماده‌ى (9) و بڕگه‌كانى ده‌ستورى هه‌میشه‌ى عێراق وه‌ربگیرێت.
8- ماده‌ى (15): كه باس له ئابووریى ئازاد ده‌كرێت، پێویسته ئه‌وه زیاد بكرێت كه ده‌بێت به یاسایه‌ك رێك بخرێت, تا ڕێگا له قۆرخكردن و ئیستیغلالكردن بگیرێت.
9- له‌م ده‌روازه‌دا هیچ بڕگه و ماده‌یه‌ك نییه پاراستنى شوێنه پیرۆز و په‌رستشه‌كان له ئه‌ستۆ بگرێت.
10- له‌به‌رئه‌وه‌ى ئێمه‌ى كورد مێژوویه‌كى دوور و درێژمان هه‌یه له ناكۆكى و ململانێى ناوخۆییدا پێشنیار ده‌كه‌م له‌م ده‌روازه‌یه‌دا به ماده‌یه‌كى ئاشكرا و ڕوون بۆ هه‌تا هه‌تایه شه‌ڕى براكوژى و ململانێى نادروست و ناڕه‌وا مه‌حكوم و قه‌ده‌غه بكرێت.
11- به هه‌مان شێوه به ماده‌یه‌كى تر هه‌موو كارێكى سیخوڕیكردن و یاریكردن به چاره‌نووسى میلله‌تى كورد بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى نه‌یاران و ناحه‌زان مه‌حكوم بكرێت و ئه‌نجامده‌رانى ره‌وانه‌ى لێپێچینه‌وه و، ڕووبه‌ڕووى سزاى توند ببنه‌وه.
12- بڕگه‌یه‌ك بۆ ماده‌ى (17) زیاد بكرێت به‌م شێوه‌یه: به‌فیڕۆدانى سامانه گشتییه‌كان و به‌كارهێنانى بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى تاك لایه‌نه قه‌ده‌غه‌یه و ئه‌نجامده‌رانى ڕووبه‌ڕووى دادگا و سزاى توند ده‌بنه‌وه.
ته‌وه‌ره‌ى چواره‌م/ ده‌روازه‌ى دووه‌م: (ئازادییه‌كان) ماده‌ى (59 – 71).
1- ئازادى پێویسته سنووردار بێت تا ئازادیى كه‌سانى تر پێشێل نه‌كرێت. بۆیه پێشنیار ده‌كه‌م ماده‌یه‌ك دابڕێژرێت بۆ ئه‌م به‌شه، به‌م جۆره ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك له پیاده‌كردنى مافى ئازادى و ڕاده‌ربڕیندا ره‌چاوى:
ڕ ـ ئاداب و باو و یاساى گشتى.
ب ـ بنه‌ما نه‌گۆڕه‌كانى شه‌ریعه‌ت و دیموكراسى بكات.
2- ماده‌ى (41) له ده‌روازه‌ى دووه‌م به‌شى (مافه مه‌ده‌نى و سیاسییه‌كان) و, ماده‌ى (74) له به‌شى چواره‌مى هه‌مان ده‌روازه‌دا (ئه‌ركه‌كان) پێم باشه پێداچوونه‌وه‌ى جددى تێدادا بكرێت و جۆر و چهندایهتیى ئه‌و ڕێزه به یاسایه‌ك رێك بخرێت و كۆمسیۆنى سه‌ربه‌خۆیان بۆ دابنرێت له‌گه‌ڵ دیاریكردنى بودجه و جۆرى پاداشتكردن و مافه‌كانیان, تاوه‌كو له داهاتوودا شیكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه بۆ ئه‌و دوو ماده نه‌كرێت و واتا و چه‌مكه‌كانى یه‌كسانى و هاووڵاتیبوون و وه‌ك یه‌كى له به‌رامبه‌ر یاسادا نه‌شێوێنێ و نه‌بێته فاكته‌رى به پله (یه‌ك و دوو)كردنى نێوان رۆڵه‌كانى ئه‌م میلله‌ته، كه هه‌موویان به ده‌ستى رژێمه یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى عێراق تووشى ئه‌شكه‌نجه و زیان و كه‌مئه‌ندامى و قوربانى بوون و، ئه‌و كۆڕه ملێونییهى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك بوو له به‌هارى ساڵى (1991)دا په‌رله‌مان و حكومه‌تى هه‌رێم و ئه‌و قه‌واره فیدراڵییهى ئه‌مڕۆى بۆ ئێمه سازاند, بۆیه ڕێزگرتن و نرخاندنى هه‌وڵ و ماندووبوون و قوربانیى سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان خۆى بۆخۆى له ئه‌ستۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندایه به بآ جیاوازى.
3- له ماده‌ى (72-77) به‌شى چواره‌م (ئه‌ركه‌كان) ئه‌م به‌شه وا ده‌زانم زیاده و پێویست به ئاماژه‌بۆكردن ناكات له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و ئه‌ركانه كه له ماده‌كاندا دیارى كراوه به پێى یاسا ناوخۆییه‌كان رێكخراوه و ده‌سته‌به‌ر كراوه.
ته‌وه‌ره‌ى پێنجه‌م: ده‌روازه‌ى سێیه‌م/ ده‌سه‌ڵاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان (ماده‌ى 78-141).
1- ماده‌ى (93) بڕگه‌ى چواره‌م/ پێویسته ئه‌و ناپاكی و خیانه‌ته گه‌وره‌یه زیاتر ڕوون بكرێته‌وه و مه‌به‌ست و واتاى دیارى بكرێت, كه بووه‌ته مه‌رجێك بۆ لابردنى سه‌رۆكى هه‌رێم.
2- ماده‌ى (94) كه به ڕاستى وه‌ك مه‌رج و قه‌یدێك وایه بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ئه‌رك و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى په‌رله‌مان بۆیه پێویستى به داڕشتنه‌وه هه‌یه تا بوار و تایبه‌تمه‌ندیى دامه‌زراوه‌ى په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم لێك جودا بكرێته‌وه تا به یه‌كدا نه‌چوون و سه‌ربه‌خۆیى هه‌ریه‌كه مسۆگه‌ر بێت، چونكه ماده‌كه تێكه‌ڵییه‌ك دروست ده‌كات.
3- ماده‌ى (99) پێویسته سه‌رۆكى هه‌رێم چه‌ند جێگرێكى هه‌بێت نه‌ك ته‌نها جێگرێك، چونكه هێشتا ئێمه له به‌رایى رێگه‌ى خه‌بات و گه‌یشتن به مافهكانمانین, ئه‌رك و كاره‌كان و دۆسیه‌كانى ماده‌ى (140) و جێبه‌جێكردنى به‌نده‌كانى ده‌ستورى عێراقى فدراڵ و یاساى هه‌رێمه‌كان و دۆسیه‌ى ئاواره‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ى ناوچه ئازادكراوه‌كان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ژێرخانى ئابووریى كوردستان و كێشه‌ى بودجه و داهات له نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند و دۆسیه‌كانى ئه‌نفال و كیمیاباران و كاراییكردنى پرۆسه‌ى یه‌كگرتنه‌وه و رێكخستنى نێو ماڵى كورد چۆن به‌ته‌نها جێگرێك ڕاده‌په‌ڕێنرێت؟
4-ماده‌ى (104) كه زۆر به فراوانى باس له ده‌سه‌ڵاته‌كان و تایبه‌تمه‌ندێتى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌كات، كه رۆڵێكى ئه‌وتۆ بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كان و تایبهتمهندێتیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ناهێڵێته‌وه، كه ژماره‌یان(21) تایبه‌تمه‌ندى و ده‌سه‌ڵاته، بۆیه ده‌كرێت ئه‌م بابه‌ته چاوى پێدا بخشێنرێته‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌ندێ له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه ئه‌ركى په‌رله‌مانه به‌تایبه‌ت یاسادهركردن و رازیبوون له‌سه‌رى, هه‌روه‌ها به‌كارهێنانى سوپا له ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم و هێنانى سوپا بۆ ناو هه‌رێم و راگه‌یاندنى بارى نائاسایى و ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیى به‌م لایه‌نانه‌وه هه‌یه، پێویسته بخرێته چوارچێوه‌ى تایبه‌تمه‌ندى و ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه.
5- ئه‌وه‌ى تێبینى ده‌كرێت له‌م ده‌روازه‌یه‌دا نه‌بوونى ده‌ق و ماده‌یه‌كه بۆ لێپێچینه‌وه له سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم له كاتى ده‌رچوون و لادان له چوارچێوه‌ى یاسا و پیاده‌كردنى ده‌سه‌ڵاته دیاریكراوهكانى له‌لایه‌ن هیچ ده‌زگا و دامه‌زراوه‌یه‌كى یاساییه‌وه, له‌گه‌ڵ ڕێزمان بۆ هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه‌نده‌ى مه‌به‌ستمانه كاراكردنى دام و ده‌زگا و ده‌سه‌ڵاته گشتییه‌كانه ئه‌وه‌نده مه‌به‌ستمان كه‌س و لایه‌نه‌كان نییه، هه‌روه‌ها بنه‌ماى لێپێچینه‌وه باشترین فاكته‌رى ده‌سته‌به‌ركردنى دیموكراسى و كرۆكى سیسته‌مى حوكمڕانى دادپه‌روه‌رانه‌یه, له هه‌مان كاتدا هۆكارى بنبڕ‌كردنى گه‌نده‌ڵییه ئیدارى و سیاسى و داراییهكانیشه.
1- ماده‌ى ( 99و 104 و 107و 108 ) تا ماده‌ى (115) دیسانه‌وه تێكه‌ڵى و چه‌ند لایهنییهك دروست ده‌كات له نێوان تایبه‌تمه‌ندێتى و ده‌سه‌ڵاته‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و سه‌رۆكى هه‌رێم له‌لایه‌ك و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و سه‌رۆكى هه‌رێم له‌لایه‌كى تره‌وه, كه ئه‌مه‌ش جێگاى تێبینى و سه‌رنجمانه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى عێراق سیسته‌مێكى ده‌ستورى و پهرلمانییه و سه‌رۆكى وڵاتمان هه‌یه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كه هه‌ریه‌كه له‌م سێ دامه‌زراوه چه‌ند ئه‌رك و بوار و تایبه‌تمه‌ندێتى جیا ده‌گرنه ئه‌ستۆیان, به‌ڵام له كوردستان دیارده‌كه پێچه‌وانه‌یه به ئه‌ندازه‌یه‌ك كه دامه‌زراوه‌یى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم تایبه‌ت مهندێتى و ده‌سه‌ڵاته‌كانى له سه‌رووى هه‌موو ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌كانى تره‌وه‌یه وه‌ك ئه‌وه‌ى له سیسته‌میكى كۆمارى بچێت. رۆڵ و بوار بۆ دوو دامه‌زراوه و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى تر (په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران) به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه, به‌مه‌ش مانا و واتاكانى بنه‌ماى سه‌ربه‌خۆ بوون (استقلاليه), جیابوونه‌وه (فێل) و چاودێریكردن (رقابة) له نێوان هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌دا ناهێڵت, كه ره‌چاوكردن و كاركردن به‌م سێ بنه‌مایه باشترین فاكته‌ر و ده‌سته‌به‌ركردنى سیسته‌مێكى دیموكراسی حوكمڕانییه.
2 - ماده‌ى (134)(برگه‌ى یه‌كه‌م و دووه‌م) دواى ئه‌وه‌ى له تێبینى(4 و 5)دا تیشكمان خسته سه‌ر ئه‌و چه‌ند لایه‌نه و تێكهڵبوونهى ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تمه‌ندێتى دامه‌زراوه‌كانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم بۆ ناو هه‌ریه‌ك له دامه‌زراوه‌ى په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، به‌هه‌مان شێوه‌ش له‌م ماده‌یه‌دا (134) بڕگه‌ى (1-2 )ده‌بینین ئه‌و تێكه‌ڵبوون و شۆڕبوونه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته بۆ ناو دامه‌زراوه و ده‌سه‌ڵاتى سێیه‌م له ده‌سه‌ڵاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان, كه ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رییه و هه‌ست پێده‌كرێت به تایبه‌تى له كاتى هه‌ڵبژاردنى ئه‌ندامانى دادگاى ده‌ستورى له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رییه‌وه به راوێژكردن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت, پاشان دواى ئه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان ره‌زامه‌ندى له سه‌ر پاڵوراوهكان ده‌نوێنێت، سه‌رۆكى هه‌رێم به فه‌رمانێك ئه‌ندامانى دادگا داده‌مه‌زرێنت، بۆیه پێشنیار ده‌كه‌م كه هه‌ڵبژاردن و ره‌زامه‌ندى له سه‌ر دامه‌زراندنى ئه‌ندامانى دادگاى ده‌ستورى له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى خۆیه‌وه بێت، كه ئه‌مه‌ش هاوتایه له‌گه‌ڵ ده‌قى ماده‌كانى (116 , 119, 120 , 130, 132) ده‌ستوره‌كه كه ناوه‌ڕۆكیان جه‌خت له سه‌ر سه‌ربه‌خۆبوون و بێ لایهنیى ته‌واوى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى هه‌رێم ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌مه‌ش ته‌نها فاكته‌رى سه‌ربه‌خۆبوونى سیسته‌مى دادوه‌رى و دامه‌زراوه قهزاییهكانه له ده‌ستتێوه‌ردانى ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانى تر.
له كۆتاییدا ئه‌مه كۆمه‌ڵێك سه‌رنج و تێبینى بوون كه به ئه‌ركى سه‌رشانى خۆمم زانى بیخه‌مه به‌رده‌ستى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان به هه‌موو چین و توێژه‌كانیه‌وه، چونكه ده‌ستوور بۆ ئه‌وانه و له‌و روانگه‌یه‌وه ئازادى و مافه‌كانیان به‌رجه‌سته ده‌بێت و خۆشگوزه‌رانى و ئایینده و دواچارهنووسمان دیارى ده‌كات، ئه‌مه‌ش وه‌ك جێبه‌جێكردنى ئه‌ركى سه‌رشانم به‌رامبه‌ر ئه‌م پرۆسه گرنگ و پڕ بایه‌خه كه هه‌موو لایه‌كمان به ئه‌ندازه‌ى ئاست و پێگه‌ى لێپرسراوى و سیاسى و ئیدارى و رۆشنبیرى و كۆمه‌ڵایه‌تیى خۆى به‌رپرسیارێتیمان له به‌رامبه‌ریدا ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ.
|