|
به‌شی چواره‌م .. بڵاوبوونه‌وه‌ی بانگه‌وازی ئیسلامی
بڵاوبوونه‌وه‌ی ئیسلام به‌ناو هه‌ژاره‌كاندا
پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) پیاوێكی چینایه‌تی یان سه‌رۆكێكی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بوو. له سه‌ره‌تای بانگه‌وازیشدا هه‌رچه‌نده هه‌ندێ له كه‌سه دیاره‌كانی قوره‌یش مسوڵمان بوون، به‌ڵام زۆربه‌ی باوه‌ڕداران له خه‌ڵكی فه‌قیر و ده‌ستكورت بوون. كاتێك پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) ده‌چووه مزگه‌وت، هاوه‌ڵه لاواز و كهمدهستهكان له‌لاى داده‌نیشتن و فێری ئیسلامی ده‌كردن؛ له‌وانه (صهیب الرومي، بلال الحبشي، سلمان الفارسي، خباب بن الارت، عمار بن یاسر). ئه‌مانه‌ش زۆربه‌یان یان عه‌ره‌ب نه‌بوون یان فه‌قیر و هه‌ژار بوون. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان پێ نه‌هێنا و دوژمنایه‌تییان كرد، زۆربه‌یان خزمه‌كانی و ده‌وڵه‌مه‌نده فیززلهكانی عه‌ره‌ب بوون له‌وانه (أبو لهب)ى مامی پێغه‌مبه‌ر و (أبو جهل، عتبة بن ربیعة، ولید بن مغیرة).
ئه‌م ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رۆكانه‌ی عه‌ره‌ب باوه‌ڕیان نه‌ده‌هێنا، چونكه خۆیان به گه‌وره ده‌زانی. ئه‌بێ جیاوازییان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا هه‌بێ و وه‌ك به‌نده و هه‌ژاره‌كان سه‌یر نه‌كرێن، به‌ڵام ئیسلام هیچ به‌رزییه‌ك بۆ ئه‌مانه دانانێت و ڕێز بۆ ئه‌و كه‌سه‌یه كه زیاتر له خوا ده‌ترسێت و خواپه‌رستی ده‌كات با به‌نده‌ش بێت.
وه‌لیدی كوڕی موغه‌یره ده‌یوت: چۆن قورئان بۆ موحه‌ممه‌د دێت و بۆ من نایه‌ت؟ خۆ من گه‌وره‌تر و بهدهسهڵاترم و سه‌رۆكی هۆزی قوره‌یشم له مه‌ككه. یان چۆن قورئان بۆ (أبو مسعود عمرو بن عمیر) نایه‌ت؟ خۆ ئه‌ویش سه‌رۆكی هۆزی (ثقیف)ه له (طائف)؛ خۆ ئێمه دوو گه‌وره‌پیاوی ئه‌م دوو شوێنه‌ین.
ڕۆژێكیشیان پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) باسی ئیسلامی بۆ گه‌وره‌كانی قوره‌یش ده‌كرد، له‌م كاته‌دا (عبدالله بن أم مكتوم) -كه باوه‌ڕدارێكی كوێر بوو- هات و وتی: "ئه‌ى پێغه‌مبه‌ری خوا له‌و قورئانه‌ی خوا فێری كردووی منیش فێر بكه." عه‌بدوڵڵا وازی نه‌ده‌هێنا و قسه‌ی له پێغه‌مبه‌ر ئه‌بڕی و داوای قورئانخوێندنی له پێغه‌مبه‌ر ده‌كرد. پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) له‌به‌ر خه‌ریكبوونی له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌دا كه به‌هیوا بوو دڵیان نه‌رم بووبێت، ڕووی له عه‌بدوڵڵا وه‌رچه‌رخان و نه‌یویست دواندنهكهی ئه‌وان بپچڕێت و ترسا له‌وه‌ی كه ئاوڕدانه‌وه‌ی بۆ لای عه‌بدوڵڵا كار له‌وان بكات و په‌شیمان ببنه‌وه. به‌ڵام لێره‌دا خوای گه‌وره ڕه‌خنه‌ی له پێغه‌مبه‌ر گرت كه نه‌ده‌بوو له ڕووی ئه‌و باوه‌ڕداره كوێره‌دا ڕوو گرژ بكات و سووره‌تی (عبس)ى نارده خواره‌وه.
هه‌ركاتێكیش پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) عه‌بدوڵڵای ده‌بینی ده‌یوت: "مه‌رحه‌با له‌و كه‌سه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و خوای گه‌وره ڕه‌خنه‌ی لێ گرتم." هه‌روه‌ها كاتێك پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) بۆ جه‌نگی ئوحود چووه ده‌ره‌وه، عه‌بدوڵڵاى له‌جێی خۆی دانا تا پێشنوێژی بۆ مسوڵمانان بكات. زۆر جاریش پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) كاتێك ده‌چووه ده‌ره‌وه‌ى مه‌دینه، عه‌بدوڵڵاى له‌جێی خۆی داده‌نا.
ئیسرا و میعراج
له‌م كاته‌دا خوای گه‌وره ویستی زیاتر پێغه‌مبه‌ر دڵنیا بكات و به‌ڵگه‌ی گه‌وره‌ی پیشان بدات، ئه‌وه‌ش به شهوڕهویکردن ( إسراء) به پێغه‌مبه‌ری خوا. (اسراء): بریتییه له بردنی پێغه‌مبه‌ری خوا له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه له مزگه‌وتی حه‌رام له مه‌ككه‌وه بۆ مزگه‌وتی ئه‌قسا له شاری قودس له شه‌ودا و گه‌ڕانه‌وه‌ی له هه‌مان شه‌ودا). كاتێكیش پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) گه‌یشته (بیت المقد‌س) له‌وێ ئیبراهیم و مووسا‌و عیسا و هه‌ندێك له پێغه‌مبه‌رانی تری بینی-سه‌لامی خوای گه‌وره‌یان لێ بێت- و پێغه‌مبه‌ری خوا پێشنوێژی بۆ كردن، پاشان ئاره‌ق و شیریان پێشكه‌شی پێغه‌مبه‌ر كرد و پێغه‌مبه‌ریش (صلی الله علیه وسلم) شیری هه‌ڵبژارد و به‌وه‌ش ئاره‌ق له‌سه‌ر ئوممه‌تی موحه‌ممه‌د حه‌رام كرا. دواتر هه‌ر له‌و شه‌وه‌دا بڵندبوونه‌وه (معراج) به پێغه‌مبه‌ری خوا كرا. (معراج): بریتییه له به‌رزكردنه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا له مزگه‌وتی ئه‌قساوه بۆ حه‌وت ته‌به‌قه‌ی ئاسمان و سه‌رووی ئه‌ویش له (سدرة المنتهی)دا. پێغه‌مبه‌ری خوا یه‌كسه‌ر له‌گه‌ڵ خوای گه‌وره‌دا دواوه. پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) نوێژی له‌سه‌ر فه‌رز كرا و دواتر گه‌ڕایه‌وه بۆ (بیت المقد‌س) له هه‌مان شه‌ودا.
هه‌ریه‌ك له (إسراء) و (معراج) له یه‌ك جیا نابنه‌وه و به گیان و لاشه‌ی پێغه‌مبه‌ر له كاتی بێداریدا كراون. هه‌ریه‌ك له قورئان و سوننه‌ت ئاماژه‌یان به (إسراء) و (معراج) كردووه و زۆر ڕووداویان تێدایه؛ له‌وانه گفتوگۆی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ران -سه‌لامی خوایان لێ بێت-، بینینی ئاگری جه‌هه‌نه‌م، بیستنی خشپه‌ی نووسینی كرداری به‌نده‌كان له‌لایه‌ن فریشته‌كانه‌وه، بینینی (بیت المعمور) له ئاسمانی حه‌وت، باسكردنی (سدرة المنتهی)، وه‌سفی جبریل -سه‌لامی خوای لێ بێت-، هه‌ڵبژاردنی شیر له‌لایه‌ن پێغه‌مبه‌ری خواوه، فه‌رزكردنی په‌نجا نوێژ له شه‌و و ڕۆژێكدا و دواتر كه‌مكردنه‌وه‌ی بۆ پێنج نوێژ.
ئیسلام گه‌یشته مه‌دینه (یثرب)
پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) هه‌میشه هه‌وڵی ده‌دا شوێنێك بدۆزێته‌وه تا بیكاته بنكه بۆ بانگه پیرۆزه‌كه‌ی. له بۆنه‌كانی عه‌ره‌بدا پێغه‌مبه‌ر به‌نهێنییه‌وه ده‌چووه لای تیره و هۆزه‌كانی عه‌ره‌ب له مه‌ككه، باسی ئیسلام و بانگه‌وازی خوای گه‌وره‌ی بۆ ده‌كردن. هه‌ندێكیان به ناشیرینی وه‌ڵامیان ده‌دایه‌وه و كه‌مێكیشیان مه‌ردانه وه‌ڵامیان ده‌دایه‌وه؛ له‌وانه‌ش كه پێغه‌مبه‌ر خۆی پێ گه‌یاندن و باسی ئیسلامی بۆ كردن (٦) كه‌س بوون له خه‌ڵكی (یثرب). پێغه‌مبه‌ر لێی پرسین: ئێوه كێن؟ وتیان: خهزرهجین. پێغه‌مبه‌ر وتی: له هاوپه‌یمانانی جووله‌كه‌ن؟ وتیان: به‌ڵێ. پێغه‌مبه‌ر وتی: داده‌نیشن تا نه‌ختێك له‌گه‌ڵتاندا بدوێم؟ وتیان: به‌ڵێ. پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) له‌گه‌ڵیاندا دانیشت و بانگی كردن بۆ لای خوا و قورئانی بۆ خوێندن.
لێره‌دا خه‌زره‌جییه‌كان بۆ یه‌كیان ڕووانی و وتیان: ئه‌مه ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌یه كه جووله‌كه‌كان ئهمانترسێنن پێی. وه‌رن با ئێمه ده‌ستپێشخه‌ر بین و شوێنی بكه‌وین. هه‌موو باوه‌ڕیان پێ كرد و مسوڵمان بوون. وتیان: ئێمه خزمه‌كانمان جێ هێشتووه (ئه‌وس و خه‌زره‌ج)، كۆمه‌ڵ نییه هێنده‌ی ئه‌وان دوژمنایه‌تییان له‌ناودا بێت، به‌ڵكوو خوای گه‌وره له‌سه‌ر ده‌ستی تۆ یه‌كیان بخاته‌وه ئه‌و كاته كه‌س له تۆ به‌ده‌سه‌ڵاتر نابێت.
كاتێك ئه‌و چه‌ند نه‌فه‌ره گه‌ڕانه‌وه (یثرب)، دهنگوباسی پێغه‌مبه‌ریان بۆ قه‌ومه‌كه‌یان باس كرد و ئاماده‌یییه‌كی زۆر فراوانیان ده‌ست كه‌وت. به شێوه‌یه‌ك ماڵ نه‌ما له ناو ئه‌وس وخهزرهجدا ناوی موحوممه‌دی تێدا نه‌برێت (صلی الله علیه وسلم).
خه‌ڵكی (یثرب) په‌یمان ده‌ده‌ن به پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه‌و سلم)
ساڵێك تێپه‌ڕی و (١٢) كه‌س له مسوڵمانه‌كانی مه‌دینه له‌كاتی حه‌جدا هاتنه‌وه بۆ لاى پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم). له عه‌قه‌به له شه‌ودا به پێغه‌مبه‌ر گه‌یشتن و ئیسلامه‌تییان تازه كرده‌وه و په‌یمانیان به پێغه‌مبه‌ر دا كه به هیچ جۆرێك هاوه‌ڵ بۆ خوا دانه‌نێن، دزی نه‌كه‌ن، شه‌رواڵپیسی نه‌كه‌ن، درۆ و بوختان هه‌ڵنه‌به‌ستن و له كاری چاكه‌دا له فرمانی خوای گه‌وره ده‌رنه‌چن. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یان به‌جێ هێنا، به‌هه‌شت جێگه‌یان ده‌بێت؛ ئه‌گه‌ر له هه‌ندێكیشی لایان دا، ئه‌و كاته خوای گه‌وره ئه‌گه‌ر ویستی سزایان ئه‌دا یان لێیان ده‌بوورێت. له سه‌ر داخوازیی خۆشیان پێغه‌مبه‌ر (مصعب بن عمیر)ی له‌گه‌ڵدا ناردن بۆ ئه‌وه‌ی قورئانیان پێ بڵێ و فێری ئایینیان بكات.
ساڵی داهاتوو له كاتی حه‌جدا (٧٥) له مسوڵمانه‌كانی مه‌دینه هاتنه‌وه بۆ مه‌ككه. پێغه‌مبه‌ر چاوی كه‌وت به شاندێكیان و بڕیاریان دا له نیوه‌شه‌ودا له‌لای عه‌قه‌به به‌نهێنییه‌وه كۆببنه‌وه به‌مه‌رجێك كه‌س ئاگای لێ نه‌بێت و به‌په‌نهانی ئه‌نجام بدرێت.
كاتێك سێیه‌كی شه‌و تێپه‌ڕی، له عه‌قه‌به‌دا پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) چاوی به هه‌موویان كه‌وت. عه‌باسی مامی له‌گه‌ڵدا بوو -ئه‌گه‌رچی هێشتا له‌سه‌ر ئایینی قوره‌یش بووـ. عه‌باس وتی: موحه‌ممه‌د له ئێمه‌یه وه‌ك خۆتان ده‌زانن، ئه‌وانه‌شمان كه باوه‌ڕمان پێ نه‌هێناوه پاراستوومانه. ئه‌و له‌ناوماندا به‌ده‌سه‌ڵات و به‌حورمه‌ته، به‌ڵام ده‌یه‌وێت بێته ناو ئێوه‌وه، جا ئێوه‌ش ئه‌گه‌ر ده‌زانن ئه‌وه‌ى داواتان لێ ده‌كات به‌جێی دێنن و له دوژمنه‌كانی ده‌یپارێزن، ئه‌وا باشه. ئه‌گه‌ر كهمتهرخهمیشی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، ئه‌وه له ئێستاوه لێی گه‌ڕێن با له‌ناو كه‌سوكاری خۆیدا بمێنێته‌وه. ئه‌وان وتیان: فه‌رموو ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا قسه‌ت بكه و چۆنت پێ چاكه بۆ خوای گه‌وره و بۆ خۆت پێمان بڵێ. پێغه‌مبه‌ری خواش قورئانی بۆ خوێندن و بانگی كردن بۆ لاى خوای گه‌وره و باسی ئیسلامی بۆ كردن. پاشان وتی: "یارمه‌تیم بده‌ن و بمپارێزن له‌وانه‌ی خۆتان و خاووخێزانتانی لێ ده‌پارێزن. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شتان كرد، به‌هه‌شتتان ده‌س ئه‌كه‌وێت." پاشان هه‌موو پێكه‌وه په‌یمانیان به‌ست. پێغه‌مبه‌ر وتی: "(١٢) كه‌س له‌ناو خۆتاندا هه‌ڵبژێرن ببنه نه‌قیب (لێپرسراو)؛ هه‌ر نه‌قیبه لێپرسراوی كۆمه‌ڵی خۆی ده‌بێت."
له‌دوای ته‌واوبوونی حه‌ج، مسوڵمانه مهدینهیییهكان گه‌ڕانه‌وه بۆمه‌دینه و به‌ته‌واوه‌تی ئیسلام له‌وێ بڵاو بووه‌وه و ئاشكرا بوو. ئیسلام ورده‌ورده ده‌سه‌ڵاتی په‌یدا ده‌كرد و بتپه‌رست و جووله‌كه‌ش ده‌سه‌ڵاتیان كه‌م ده‌بووه‌وه.
پیاچوونه‌وه و هه‌ڵه‌چنیی ڕێنووس: به‌رپرسی ڕێنووسی ده‌نگی ئیسلام
|