پرسیار : بۆ چی پێغه‌مبه‌ران خوای گه‌وره ڕه‌وانی کردن؟ وه‌ڵام: بۆ ڕاگه‌یاندنی به‌ندایه‌تی و یه‌کتاکپه‌رستی خوا نه‌هیکردن له هاوتا و هاوبه‌ش په‌یداکردن بۆ خوا. به‌ڵگه‌مان له قورئاندا :(وَلَقَدْ بَعَثْنَا فِي كُلِّ أُمَّةٍ رَّسُولاً أَنِ اعْبُدُواْ اللَّهَ وَاجْتَنِبُواْ الطَّاغُوتَ... ) سوره‌تی النحل ئایه‌تی 36 .به‌ڵگه‌مان له سوننه‌تدا: (و الأنبياء إخوة و دينهم واحد) [أي كل الرسل دعوا ٌإلى التوحيد]. متفق عليه.
به‌شی حه‌وته‌م .. جه‌نگی ئوحود قوڕه‌یش و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له مسوڵمانان له‌دوای جه‌نگی به‌در قوڕه‌یش ژیانی له به‌ر هه‌ڵگیراو خواردن و خواردنه‌وه‌ی لێ هه‌راسان بوو، چونكه سه‌ركه‌وتنی مسوڵمانان له به‌دردا ناوبانگی قوڕه‌یشی خراپ كرد‌و پایه‌و ڕێزیان له ناو عه‌ره‌بدا شكا؛ بۆیه بڕیاریاندا تۆڵه له مسوڵمانان بسه‌ننه‌وه، ئه‌بوسوفیان و سه‌ركرده‌كانی تری قوڕه‌یش ده‌ستیان كرد به هاندانی قوڕه‌یش و خۆ كۆكردنه‌وه بۆ جه‌نگی تۆڵه‌و هه‌ندێ له خێڵه عه‌ره‌به هاوپه‌یمانه‌كانیشیان بانگكردو پاره‌و ماڵێكی زۆریان بۆ ئه‌م جه‌نگه ته‌رخانكرد... له‌ساڵی(3) ی كۆچی‌دا قوڕه‌یشییه‌كان سوپایه‌كیان به فه‌رمانده‌یی ئه‌بوسوفیان رێكخست، ژماره‌یان ده‌گه‌یشته 3000 كه‌س و جگه له 100 كه‌س سه‌رجه‌م هه‌موویان قوڕه‌یشی بوون، 700 قه‌ڵغان و 200 ئه‌سپیشیان پێ‌بوو... پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) كاتێك ئه‌م هه‌واڵه‌ى پێگه‌یشت هاوه‌ڵانی كۆكرده‌وه‌و راوێژی پێكردن، ئایا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قوڕه‌یش له مه‌دینه‌دا بمێننه‌وه یان بچنه ده‌ره‌وه‌ی شار؟ پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) خۆی رای وابوو مسوڵمانان له ناو مه‌دینه‌دا بمێننه‌وه‌و شاره‌كه بكه‌نه قه‌ڵغان، ئه‌گه‌ر قوڕهیشییهكانیش ویستییان بێنه ناو شار ئه‌وكاته به‌ره‌نگاریان ببنه‌وه، به‌ڵام بۆچوونی زۆربه‌ی هاوه‌ڵان له‌سه‌ر چوونه ده‌ره‌وه بوو، به‌تایبه‌تی ئه‌و هاوه‌ڵانه‌ی كه به‌شدارییان له جه‌نگی به‌دردا نه‌كردبوو، چونكه له كاتی مه‌ككه‌دا پێغه‌مبه‌رى خوا(صلی الله علیه‌و سلم) رێی پێ نه‌ئه‌دان بجه‌نگێن بۆیه زۆر به په‌رۆشه‌وه چاوه‌ڕێی جیهادیان ئه‌كرد، وتیان: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا با بچینه ده‌ره‌وه بۆیان، نه‌كا قوڕه‌یش بڵێن ترساون و نا‌وێرن له شار بێنه ده‌ره‌وه، پێغه‌مبه‌ریش(صلی الله علیه‌و سلم) كه زانی زۆرینه‌ی هاوه‌ڵان له‌سه‌ر چوونه ده‌ره‌وه‌ن له‌سه‌ر رای زۆرینه رۆیشت و بڕیاریدا له ده‌ره‌وه‌ی مه‌دینه به‌ره‌نگاری سوپای قوڕه‌یش ببنه‌وه. پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) نوێژی هه‌ینی بۆ هاوه‌ڵان كرد‌و وتاری بۆ خوێندنه‌وه‌و ئامۆژگاری كردن و هانیدان بۆ جیهادكردن و داوای ئارامی و خۆڕاگرتنی لێ‌كردن، له دواییدا فه‌رمانی كرد قه‌ڵغانیان بۆ هێناو زرێی كردهبهرو خۆی بۆ جه‌نگ ئاماده‌كرد، له‌م كاته‌دا هاوه‌ڵان هه‌موو په‌شیمان بوونه‌وه‌و له‌ناو خۆیاندا وتیان: هه‌موو ده‌زانن پێغه‌مبه‌ر پێی خۆش نه‌بوو بچینه ده‌ره‌وه، ئێوه ناچارتان كرد كه بچێته ده‌ره‌وه، ئێستاش ئێوه ئیشه‌كه بخه‌نه ده‌ستی خۆی و چی فه‌رموو وابكه‌ن و راى له‌سه‌ر چی بوو گوێڕایه‌ڵی بكه‌ن. بۆیه هاتنه لاى پێغه‌مبه‌رو پێیان وت: ئه‌ی پێغه‌مبه‌رى خوا ئێمه نامانه‌وێ پێچه‌وانه‌ی راو فه‌رمانی تۆ بجوڵێینه‌وه، تۆ خۆت چی به‌باش ئه‌زانی وه‌ها بكه‌و ئێمه گوێڕایه‌ڵی ئه‌كه‌ین، ئیشه‌كه به ده‌ستی خوای گه‌وره‌و پاشان به‌ده‌ستی تۆیه. پێغه‌مبه‌ریش(صلی الله علیه‌و سلم) وتی: من ئه‌و كاته وتم با بمێنینه‌وه، به‌ڵام ئێوه وتتان ئه‌چینه ده‌ره‌وه، ئێستاش من چیتان پێ ئه‌ڵێم ئه‌وه بكه‌ن و گوێڕایه‌ڵی بكه‌ن، ئێوه سه‌ركه‌وتووده‌بن ئه‌گه‌ر ئارامتان ببێ. گه‌ڕانه‌وه‌ی مونافیقه‌كان پێغه‌مبه‌رى خوا(صلی الله علیه‌و سلم) سوپای ئیسلامی رێكخست و به‌ره‌و شاخی ئوحود كه‌وتنه رێ، ژماره‌شیان 1000 كه‌س بوو، كاتێك گه‌یشتنه ناوچه‌ی(شیخین) كه ئه‌كه‌وێته نزیك شاخی ئوحوده‌وه مونافیقه ناپاكه‌كان كه‌وتنه بڕوبیانوو هێنانه‌وه‌و سه‌رۆكه‌كه‌یان(عبدالله بن أبی سلول) له‌گه‌ڵ 300 كه‌س له ناپاكه‌كان بۆ مه‌دینه گه‌ڕانه‌وه. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی دووڕووه‌كان خه‌ریك بوو كار بكاته سه‌ر دوو كۆمه‌ڵ له مسوڵمانان و سه‌ریان لێ بشێوێ، به‌ڵام خوای گه‌وره پاراستنی و له‌گه‌ڵ مسوڵماناندا مانه‌وه‌و نه‌گه‌ڕانه‌وه. راسپارده‌ی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله علیه‌و سلم) پاشان پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) له‌گه‌ڵ 700 كه‌س له مسوڵمانه ڕاسته‌قینه‌كان گه‌یشتنه شاخی ئوحودو هه‌ر له‌وێ نوێژی به‌یانی به هاوه‌ڵان كرد، مسوڵمانان پشتیاندا به شاخهكهوهو رویان كرده قوڕه‌یش. قوڕهیشییهكانیش له‌ناو دۆڵه‌كه‌دا لاى شاخی ئوحود دابه‌زی بوون، ژنانی قوڕهیشیشیان له‌گه‌ڵ خۆیان هێنابوو تا هانی پیاوان بۆ شه‌ڕكردن بده‌ن و كوژراوه‌كانی به‌دریان بیر بخه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی تۆڵه‌ی خۆیان له مسوڵمانان بكه‌نه‌وه. پێغه‌مبه‌ری خوا(صلی الله علیه‌و سلم) تیر هاوێژه‌كانی ئاماده‌كردو له‌سه‌ر شاخه‌كه له پشتی سوپای مسوڵمانانه‌وه داینان و فه‌رمانی پێدان به هیچ جۆرێك سه‌ر شاخه‌كه به‌جێ نه‌هێڵن و نه‌یه‌نه خواره‌وه. سه‌ركه‌وتنی مسوڵمانان هه‌ردوو سوپاكه رژانه ناو یه‌ك و جه‌نگ ده‌ستی پێكرد، دروشمی سوپای مسوڵمانان( بكوژه... بكوژه) بوو، دروشمی قوڕه‌یشیش(یا للعزى... یالهبل) بوو، مسوڵمانان له‌م جه‌نگه‌دا جوانترین نموونه‌ی ئازایهتیو پاڵه‌وانییه‌تییان پێشكه‌شكرد، پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) بۆ هاندانی مسوڵمانان بۆ جه‌نگ شمشێره‌كه‌ی خۆی به‌رز كرده‌وه‌و وتی: كێ ئه‌م شمشێره وه‌رده‌گرێ و مافی خۆی پێده‌دا؟ هه‌ندێ پیاو هه‌ستان شمشێره‌كه وه‌ربگرن، به‌ڵام كاتێك ئه‌بو دوجانه هه‌ستا پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) شمشێرهكهیدا به‌و، ئه‌بو دوجانه وتی: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا مافی ئه‌م شمشێره چییه؟ پێغه‌مبه‌ر وتی: له دوژمنی پێبده‌ی هه‌تا ده‌ی چهمێنیتهوه! ئه‌بو دوجانهش شمشێره‌كه‌ی وه‌رگرت و په‌ڕۆیه‌كی سووری له‌سه‌ری به‌ست و یه‌كێ بوو له‌وانه‌ی هه‌ڵمه‌تی ده‌برد بۆ دوژمنان و سوپای دوژمنی له‌ت ده‌كرد، حه‌مزه‌ی مامی پێغه‌مبه‌ریش له سه‌ره‌تای ئه‌م جه‌نگه‌وه هێرشی بۆ دوژمنان ده‌بردو به ته‌نها خۆی دوو كه‌س له هه‌ڵگرانی ئاڵای قوڕه‌یشی كوشت، له‌م جه‌نگه‌دا 10 كه‌س له‌وانه‌ی هه‌ڵگری ئاڵای قوڕه‌یش بوون كوژران و هه‌مووشیان له پیاوه ئازاكانی قوڕه‌یش بوون، به‌ڵام زۆری نه‌برد وه‌حشی حه‌به‌شی رمێكی له حهمزهداو شه‌هیدی كرد، هه‌روه‌ها له‌و هاوه‌ڵه ئازیزانه‌ی شه‌هیدكران(مصعب بن العمیر) بوو. مسوڵمانان له تاقی یه‌كه‌می شه‌ڕدا سه‌ركه‌وتنیان به ده‌ستهێنا، سوپای ئیسلام له مه‌یدانی جه‌نگدا به‌ره‌و پێش ده‌چوو... ئاڵا هه‌ڵگرانی قوڕه‌یشیش كوژران و ئاڵاكه‌یان كه‌وته زه‌وی و ژێر پێخرا... سوپاكهشیان شكاو له‌گه‌ڵ ژنهكانیانا به‌ره‌و دواوه كه‌وتنه راكردن... مسوڵمانانیش به هاواری(لا اله الا الله) و(الله اكبر) و(بكوژه، بكوژه) كه‌وتنه دوایان، هه‌تا له خۆیان دوور خستنه‌وه‌و پاشان كه‌وتنه كۆكردنه‌وه‌ی تاڵانیه‌كانی قوڕه‌یش. شكست له دوای سه‌ركه‌وتن كاتێ تیرهاوێژه‌كانی سه‌ر شاخه‌كه بینییان كافران شكان و مسوڵمانان خه‌ریكه تاڵانیهكانیان كۆده‌كه‌نه‌وه، وتیان: با بڕۆین ئێمه‌ش له‌گه‌ڵیانا به‌شداری بكه‌ین، ئه‌میره‌كه‌یان(عبدالله بن جبیر) داوای لێ‌كردن فه‌رمانه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) نه‌شكێنن و له جێی خۆیانا بمێننه‌وه، به‌ڵام زۆربه‌یان به گوێیان نهكردو هاتنه خواره‌وه‌و وتیان مه‌به‌ستی پێغه‌مبه‌ر ئه‌وه نه‌بوو دوای ته‌واوبوونی جه‌نگیش ئێمه هه‌ر به شاخه‌كه‌وه بمێنینه‌وه! ته‌نها 12 كه‌س له‌گه‌ڵ عبدالله مانه‌وه‌و ئه‌وانی تر هه‌موو هاتنه خواره‌وه، له‌م كاته‌دا(خالد بن الولید) كه چه‌ند جارێك ویستی له پشته‌وه بۆ مسوڵمانان بێته‌وه‌و تیر هاوێژه‌كانی سه‌ر شاخه‌كه رێ‌یان پێ نه‌ئه‌دا، ئه‌مجاره كه زانی تیر ئه‌ندازه‌كان شاخه‌كه‌یان به‌جێ هێشت، خالید هه‌لی بۆ هه‌ڵكه‌وت و له پشته‌وه هاتن و له دواوه له مسوڵمانهكانیاندا، دوا به دوای خالدیش به فه‌رمانده‌یی(عكرمة بن أبي جهل) هێرشییان برد بۆ شاخه‌كه‌و ئه‌و مسوڵمانانه‌ی به شاخه‌كه‌وه مابوونه‌وه شه‌هیدیان كردن، قوڕه‌یشه شكاوهكانیش به‌مه وره‌یان هاتهوهبهرو گه‌ڕانه‌وه بۆ مسوڵمانان، مسوڵمانانیش به‌م كاره زۆر سه‌رسام بوون و تاڵانهكانیان فڕێداو هه‌ڵمه‌تیان بۆ بردنه‌وه، به‌ڵام شپرزه‌بوون و نه‌خشه‌ی جه‌نگیان تێكچوو، هه‌تا وایان لێهات مسوڵمان له مسوڵمانی ئه‌داو به دوژمنی ئه‌زانی. هه‌ندێك له مسوڵمانان ته‌واو شكستیان هێناو رۆیشتنه‌وه بۆ مه‌دینه‌و پاشان دوای جه‌نگ گه‌ڕانه‌وه، به‌شێكی تریشیان سه‌رسام بوون و به‌رگرییان له خۆ دهكردو به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر جه‌نگكردن ئه‌مانه‌ش زۆرینه‌ی هاوه‌ڵان بوون، به‌شێكی تریشیان ئه‌وانه بوون كه له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ری خوادا جێگیربوون. ئا له‌م كاته‌دا پێغه‌مبه‌ری خوا(صلی الله علیه‌و سلم) وه‌ك شاخی ئوحود به دامه‌زراویی مایه‌وه‌و كه‌وته تیر بارانكردنی كافران، له‌و هاوه‌ڵانه‌ش كه له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) مانه‌وه(ابو طلحه) ی ئه‌نساری بوو پارێزگاریی پێغه‌مبه‌ری دهكردو تیر هاوێژێكی بلیمه‌ت بوو، (أبو طلحة) ئه‌یووت:" ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا دایك‌و باوكم به فیدات بێ، تیری دوژمنت به‌ر نه‌كه‌وێ، لاشه‌م له پێش لاشهتهوهیه". له‌م كاته‌شدا (أبي بن خلف) به‌سه‌ر ئه‌سپێكی چاكه‌وه ئه‌گه‌ڕا بۆ پێغه‌مبه‌رو ئه‌یووت: كوا موحه‌ممه‌د؟ ده‌رنه‌چم ئه‌گه‌ر ده‌رچێ! كه پێغه‌مبه‌ری خوا ئه‌وه‌ی بیست وتی: ئه‌گه‌ر خوا پێی خۆش بێ من ئه‌و ده‌كوژم! كه نزیك بوه‌وه پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) رمێكی لێداو برینداری كرد... له ڕێگادا برینه‌كه‌ی كوشتی و نه‌گه‌ڕایه‌وه بۆ مه‌ككه، پێغه‌مبه‌ری خوا(صلی الله علیه‌و سلم) جگه له(أبي بن خلف) كه‌سی تری نه‌كوشتووه نه له ئوحوداو نه له جه‌نگی تردا. پێغه‌مبه‌ری خوا(صلی الله علیه‌و سلم) له‌م جه‌نگه‌دا دانی شكاو خوێن به ڕووی شیرینیدا ئه‌هاته خوار، هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر كه‌وته چاڵێكی سه‌رداخراوی دوژمنانهوهو زۆر ئازاری پێگه‌ی و هه‌ردوو ئه‌ژنۆی بریندار بوو، عه‌لی و (طلحة بن عبیدالله) به په‌له رایان كرد‌و ده‌ریان هێنایه‌وه. هه‌واڵی كوژرانی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله علیه‌و سلم) دوای ئه‌وه‌ی شه‌یتانێك له شه‌یتانه‌كانی قوڕه‌یش(مصعب بن العمیر) ى شه‌هیدكرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ى مصعب له پێغه‌مبه‌ر ده‌چوو، ئه‌و شه‌یتانه هاواری كرد: موحه‌ممه‌د كوژرا، ئه‌م هاواره به هه‌موو لایه‌كی جه‌نگه‌كه‌دا بڵاوبوه‌وه و له عه‌زم و وره‌ی مسوڵمانانی كه‌مكرده‌وه، هه‌ندێ له هاوه‌ڵان به بیستنی ئه‌م هه‌واڵه به ته‌واوی روخان روی تێكردن و وتیان: مادام پێغه‌مبه‌ر كوژراوه با بگه‌ڕێینه‌وه ناو خزمه‌كانمان ئه‌وان ده‌مانپارێزن، هه‌ندێكی تریش وتیان: با په‌یوه‌ندی بكه‌ین به سه‌رۆكی مونافیقه‌كان(عبدالله بن أبي بن سلول) هه‌تا تكای لێخۆشبوونمان له ئه‌بوسوفیان بۆ بكات، به‌ڵام زۆربه‌ی هاوه‌ڵان له‌سه‌ر جه‌نگ به‌رده‌وام بوون، له‌وانه(أنس بن النضر) به هاوه‌ڵانی وت: ئێوه دوای پێغه‌مبه‌ر ژیانتان بۆچییه؟ هه‌ڵسن بمرن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وی له‌سه‌ر مردووه، ئه‌مه‌ی وت و رویكرده دوژمنان و به ئازایه‌تی و باوه‌ڕی پته‌وه‌وه جه‌نگا هه‌تا شه‌هیدكرا، له دوای ته‌واوبوونی جه‌نگیش سه‌یری ئه‌نه‌سیان كرد زیاد له 70 برینی به شمشێرو رم و تیره‌وه پێوه‌بوو. قوڕه‌یشییه‌كان كه ئه‌م هاواره‌یان بیست به‌جارێ هه‌موو هێرشیان برد بۆ ئه‌و جێگه‌یه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوای لێ بوو، ده‌یان ویست له درۆ‌و ڕاستی هه‌واڵه‌كه تێبگه‌ن و هه‌موو به‌شداریش بن له كوشتنی پێغه‌مبه‌ردا تا ببێته شانازی و شۆره‌ت و بۆ پشتاوپشتیان بگه‌ڕێته‌وه، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی كه بانگه‌وازی ئیسلام بانگه‌وازی پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) نییه‌و به شه‌هیدبوونی یان مردنی ئه‌و په‌یامه‌كه‌ی ناكوژێته‌وه. مسوڵمانان خۆیان ده‌گرنه‌وه به‌هۆی به‌رگریكردنی پاڵه‌وانانه‌ی هاوه‌ڵان له پێغه‌مبه‌رو بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی كوژرانی پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) كافران نه‌ختێك ده‌ستیان شل بوو ئه‌مه‌ش وای كرد پێغه‌مبه‌رو ئه‌و هاوه‌ڵانه‌ی له‌گه‌ڵی مابوون ورده ورده به‌سه‌ر شاخه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتن و به‌ره‌و ئه‌و به‌رده رۆیشتن كه هاوه‌ڵه‌كانی تری لێكۆببوونهوه، پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) به‌هۆی ئه‌وه‌ى خوێنی زۆر لێ رۆیشتبوو له هه‌مان كاتیش‌دا دوو قه‌ڵغانی پێوه بوو خه‌ریك بوو نه‌توانێ به به‌رزایی شاخه‌كه‌دا سه‌ركه‌وێ بۆیه هاوه‌ڵان چوونه ژێر باڵی و یارمه‌تییاندا، تا هاوه‌ڵێك پێغه‌مبه‌ری بینی و به ده‌نگی به‌رز هاواری كرد: مسوڵمانان موژده‌تان لێ بێت ئه‌وه پێغه‌مبه‌ری خوایه، پێغه‌مبه‌ریش(صلی الله علیه‌و سلم) ده‌ستی لێ راوه‌شان بێ ده‌نگ به، به‌م هه‌واڵه مسوڵمانه په‌ڕته‌وازه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌و كۆبوونه‌وه، له‌م كاته‌دا ئه‌بو سوفیان و موشریكه‌كان دوایه‌مین هێرشیان برد، به‌ڵام تیر بازه‌كانی مسوڵمانان توانییان بیان گهڕێننهوهو نه‌یان هێشت بگه‌نه سه‌ر شاخه‌كه. سه‌ره‌تا پێغه‌مبه‌ری خوا(صلی الله علیه‌و سلم) له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له هاوهڵانیا بۆ شیوێك له‌و دیو شاخه‌كه رۆیشتن، كاتێ گه‌یشتنه ده‌می شیوه‌كه(عه‌لی) چوو هه‌ندێ ئاوی هێناو خاتوو(فاطمة) ده‌موچاوی پێغه‌مبه‌ری ده‌شۆری و عه‌لیش ئاوی پیائهكرد. كاتێكیش پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) گه‌یشته لوتكه‌ی شاخه‌كه به‌ردێك هه‌بوو پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) ویستی بچێته سه‌ری به‌ڵام نه‌یتوانی و به كۆڵ سه‌ریان خست، كاتێك له‌سه‌ر ئه‌و به‌رده‌وه پێغه‌مبه‌ر كافرانی بینی وتی: نابێ ئه‌و كافرانه سه‌ربكه‌ون، بۆیه عومه‌رو كۆمه‌ڵێك له هاوه‌ڵان به‌ره‌نگاری خالید‌و ئه‌و كافرانه بوونه‌وه كه نه‌ختێك به شاخه‌كه‌دا هه‌ڵگه‌ڕابوون و گێڕایاننهوه. قوڕهیشییهكانیش ماندووببون به‌تایبه‌تی له شكانه‌كه‌ی سه‌ر له به‌یانیدا ته‌واو شپرزه بووبوون، هه‌رچه‌ند له تاقی دووه‌می شه‌ڕدا سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێنا، به‌ڵام خۆگرتنه‌وه‌ی مسوڵمانان وای لێ‌كردن به‌و ئه‌ندازه‌یه له سه‌ركه‌وتن وازبهێنن، ژنانی قوڕه‌یش به‌سه‌رۆكایه‌تی هندی ژنی ئه‌بوسوفیان كه‌وتنه ناو مسوڵمانه شههیدكراوهكان و ده‌ستیان كرده ناشرین كردنیان، هه‌تا هند ملوانكه‌یه‌كی له گوێ و لوتی مسوڵمانه شههیدكراوهكان هۆنی بووه‌وه، هه‌روه‌ها هند سكی حه‌مزه‌ی كرده‌وه‌و جگه‌ری ده‌رهێناو ویستی بیخوات به‌ڵام هه‌رچی كرد بۆی قوت نه‌چوو. پاشان موشریكه‌كان سوپاكه‌یان كۆكرده‌وه‌و خۆیان ئاماده‌كرد بۆ رۆیشتن، ئه‌بو سوفیان به‌رزبوه‌وه‌و به هه‌موو هێزی هاواری كرد: جه‌نگ به نۆره‌یه ئه‌م رۆژه به رۆژه‌كه‌ی به‌درو واده‌مان ساڵێكی تر‌و شوێنی به‌در بێ، پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) وتی: بڵێن باشه واده‌مان بێ و رۆژه‌كانمان وه‌ك یه‌ك نین، كوژراوی ئێمه له به‌هه‌شتان و كوژراوی ئێوه له ئاگردان، ئه‌بو سوفیان وتی: بڵندبه(هوبه‌ل) پێغه‌مبه‌ر به عومه‌ری وت وه‌ڵامی بده‌ره‌وه‌و بڵێ: خوا گه‌وره‌ترو بڵندتره، ئه‌بو سوفیان وتی: ئێمه(عزى) مان هه‌یه‌و ئێوه نیتانه. پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) وتی: بڵێن خوای گه‌وره پشتیوانی ئێمه‌یه‌و ئێوه پشتیوانتان نییه. مسوڵمانه‌كان ترسان كافران بچنه سه‌ر مه‌دینه بۆ تاڵان كردن بۆیه پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) به عه‌لی وت: شوێنی قوڕه‌یش بكه‌وه‌و بزانه چی ده‌كه‌ن؟ ئه‌گه‌ر سواری وشتر بووبوون و ئه‌سپه‌كانیان لێده‌خوڕی ئه‌وه بۆ مه‌ككه ده‌گه‌ڕێنه‌وه، ئه‌گه‌ر سواری ئه‌سپیش بووبوون و وشتره‌كانیان لێده‌خوڕی ئه‌وه بۆ مه‌دینه ده‌چن، سوێند به خوا ئه‌گه‌ر بۆ مه‌دینه بچن ده‌چم بۆیان و تا گیانم تێدابێ له‌گه‌ڵیان ده‌جه‌نگێم. عه‌لی ئه‌ڵێ: شوێنیان كه‌وتم ده‌بینم سواری وشتربوون و ئه‌سپه‌كانیان ڕووه‌و مه‌ككه داوه‌ته پێش خۆیان. ئه‌سپه‌رده‌كردنی كوژراوه‌كان پاشان پێغه‌مبه‌رو هاوه‌ڵان له شاخه‌كه هاتنه خواره‌وه‌و كوژراوه‌كانیان به‌سه‌ركرده‌وه‌و له‌م جه‌نگه‌دا 70 له هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر شه‌هیدبوون، پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) به‌ناو شههیدهكانا ئه‌گه‌ڕاو چاوی به حه‌مزه كه‌وت به‌و جۆره‌ی لێكرابوو زۆر پێی تێكچوو وتی: هیچ كاتێك كۆستی وام ناكه‌وێ و هێشتا شتی وام به‌سه‌را نه‌هاتووه كه ئه‌وه‌نده‌م پێ ناخۆش بووبێ. هه‌روه‌ها وتی: ئه‌گه‌ر له جێیه‌ك ده‌ستم به‌سه‌ریانا رۆیی ده‌بێ 30 له كوژراوه‌كانیان ئاوا لێبكه‌م، كاتێكیش هاوه‌ڵان نیگه‌رانی پێغه‌مبه‌ریان بینی وتیان: ئه‌گه‌ر رۆژێك ده‌ستمان به‌سه‌ریانا رۆیی ئه‌بێ وا له كوژراوه‌كانیان بكه‌ین عه‌ره‌ب نه‌یدیبێ. به‌ڵام خوای گه‌وره ئایه‌تێكی بۆ هێنانه خواره‌وه‌و ئه‌و كاره‌ی قه‌ده‌غه‌كرد، ئیتر پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) وازی له‌و بڕیاره هێناو ده‌ستكاری كردنی مردووی قه‌ده‌غه‌كرد. به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی مسوڵمانان كاتێك پێغه‌مبه‌رو مسوڵمانان به‌و دڵ بریندارییه‌وه بۆ مه‌دینه گه‌ڕانه‌وه، جووله‌كه‌و بتپه‌رست و دووڕووه‌كان كه‌وتنه ده‌ربڕینی خۆشی و توانج لێدان ئه‌یان وت: ئه‌گه‌ر موحه‌ممه‌د پێغه‌مبه‌ر بووایه ئاوای لێبه‌سه‌ر نه‌ئه‌هات، پێغه‌مبه‌ری خوا(صلی الله علیه‌و سلم) ویستی وره بخاته‌وه دڵی مسوڵمانان و دوژمن چاو ترسێن بكات، كاتێك رۆژ بوه‌وه‌و له نوێژی به‌یانی بوونه‌وه، پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) به بیلالی وت: بانگی جه‌نگ لێبده! و هه‌رچی له ئوحودا له‌گه‌ڵمان نه‌بووه نه‌یه‌ت له‌گه‌ڵمان. پێغه‌مبه‌ری خوا(صلی الله علیه‌و سلم) سوپای به‌ڕێخست و سه‌ره‌تا گه‌یشتنه(حمراء الأسد) كه 8 میل له مه‌دینه‌وه دووره، سوپای مسوڵمانان 5 شه‌و به‌م شێوه‌یه مانه‌وه‌و به درێژایی شه‌و تا به‌یانی ئاگریان ده‌كرده‌وه كه له هه‌موو لایه‌كه‌وه ده‌بینراو به سوپایه‌كی گه‌وره دهزانراو چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی قوڕه‌یشیان ده‌كرد، لێره‌دا ئه‌بو سوفیان ترسا له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه له‌وانه‌یه ئه‌مجاره مسوڵمانه‌كان سه‌ربكه‌ون و قوڕه‌یش بشكێ و سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی دوێنیان به هیچ ده‌ربچێ، بۆیه به په‌له گه‌ڕانه‌وه بۆ مه‌ككه، پێغه‌مبه‌رو مسوڵمانانیش به‌سه‌ر به‌رزییه‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆ مه‌دینه.
ئه‌گه‌ر کۆمپیوته‌ره‌که‌ت سیسته‌می نووسینی کوردیی سۆرانی تێدا نییه، کرته‌ی ئێره بکه (ته‌خته‌کلیلی کوردی).