سه‌ره‌تا
:: فیقهـ و زانسته‌كانی
:: ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهیه‌كان
چاپی بکه
لێدوان بنێره
بینێره بۆ هاوڕێکه‌ت
له‌لایه‌ن: : باوكی سه‌لاحه‌ددین |
خوێنراوه‌ته‌وه : ٢٤١ |
ڕێكه‌وت : ٢٠٠٧/ ٣/١٤ |
ئه‌م وتاره پاشه‌كه‌وت بكه
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی رێسا فیقهییه‌کان (٣)
پ (٤) :
نموونه‌یه‌ک بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی پێناسه‌ی رێسا فیقهیه‌کان باس بکه؟
وه‌ڵام: رێسای (الیقین لا یزول بالشک) واته: دڵنیایی به گومان و دوودڵی لاناچێت.
ئه‌م رێسایه حوکمێکی گشتی تێدایه که به‌سه‌ر چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی فیقهی له بابه جۆراو جۆره‌کانی فیقهدا ده‌سه‌لمێت.
مه‌به‌ستیش پێی ئه‌وه‌یه:
کاتێک دڵنیا بووین له شتێک به بوون یان نه‌بوون، ئه‌وا ئه‌گه‌ر گومان په‌یدا بوو یان دوودڵی هاته ئاراوه له به‌رامبه‌ر ئه‌و شته، کار به گومانه‌که ناکرێت، به‌ڵکوو کار به دڵنیاییه‌که ده‌کرێت.
بۆ نموونه:
له بواری قه‌رزدا:
دڵنیاین که‌سێک قه‌رزێکی لایه، ئه‌م دڵنیاییه به‌وه ناگۆڕێت که گومانێک دروست بێت، تۆ بڵێی قه‌رزه‌که‌ی دابێته‌وه یان نا، به‌ڵکوو ته‌نها ئه‌و کاته ده‌توانرێت بڵێین قه‌رزار نییه که به دڵنیایی بۆمان ده‌ربکه‌وێت قه‌رزه‌که‌ی دابێته‌وه یان خاوه‌نی قه‌رزه‌که گه‌ردنی ئازاد بکات و له قه‌رزه‌که‌ی خۆش بوو بێت.
له بواری ده‌ست نوێژدا:
که‌سێک دڵنیایه ده‌ست نوێژی گرتووه، ئه‌گه‌ر گومانی بۆ دروست بوو: تۆ بڵێی ده‌ست نوێژه‌که‌ی نه‌شکابێت، له‌م کاته‌دا کار به گومانه‌که ناکات، به‌ڵکوو کار به دڵنیاییه‌که ده‌کرێت و، ده‌ست نوێژه‌که‌ی ماوه.
له بواری نوێژدا:
که‌سێک له نوێژدایه، ده‌که‌وێته گومانه‌وه ئایا دوو رکاعه‌تی کردووه یان سیان، سیانی کردووه یان چوار، بینا له‌سه‌ر ژماره که‌مه‌که‌یان ده‌کات چونکه له‌که‌مه‌که دڵنیایه و زۆره‌که‌یان جێی گومانه.
له بواری هاوسه‌رگیریدا:
کاتێک دڵنیاین که پیاوێک و ئافره‌تێک به شه‌رعی گرێبه‌ستی هاوسه‌رییان ئه‌نجام داوه، ئیتر هه‌رگیز ناکرێت به گومان له‌یه‌ک جیا بکرێنه‌وه، تاوه‌کو به‌به‌ڵگه‌و دڵنیاییه‌وه ده‌سه‌لمێت که ئه‌و گرێبه‌سته هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه.
ئه‌گه‌ر دیقه‌ت له‌م نموونانه‌ی سه‌ره‌وه بده‌ین، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌کی هه‌مه جۆرن و له‌یه‌ک باب یان بواری فیقهیدا نین، به‌ڵام هه‌موویان هه‌مان حوکمی رێساکه‌یان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێت.
ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ پێناسه‌که‌شدا به‌راوردیان بکه‌ین به‌م جۆره‌یه:
حوکمێکی گشتی فیقهییه که به‌سه‌ر هه‌موو یان زۆربه‌ی به‌شه‌کانیدا ده‌چه‌سپێت یان ده‌سه‌لمێت ، به‌جۆرێک که حوکمی به‌شه‌کانی لێوه بزانرێت.
حوکمه گشتییه‌که: دڵنیایی به دوودڵی و گومان لاناچێت، به‌ڵکوو به‌دڵنیابوونێکی تر ده‌گۆڕێت.
فیقهیه: چونکه له بواری کرداریدایه‌و وابه‌سته‌ی لایه‌نی په‌رستش و مامه‌ڵه‌کانه و هه‌ریه‌ک له قه‌رز و ده‌ست نوێژ و نوێژ و هاوسه‌رگیریش بواری فیقهین.
به‌سه‌ر به‌شه‌کانیدا ده‌چه‌سپێت: حوکمی هه‌ریه‌ک له‌و مه‌سه‌لانه (قه‌رزاری و بوونی ده‌ستنوێژو ...هتد) به‌شێکن له حوکمه گشتییه‌که‌و به حوکمێکی به‌شی له قه‌ڵه‌م ده‌درێن و، واتای حوکمه گشتییه‌که‌یان به‌سه‌ردا سه‌پاوه.
به‌جۆرێک که حوکمی به‌شه‌کانی لێوه بزانرێت: حوکمی هه‌ریه‌ک له‌و مه‌سه‌لانه له چوار چێوه‌ی حوکمه گشتییه‌که‌وه، ته‌واو وێنا ده‌کرێن و هه‌ریه‌که‌یان به گوێره‌ی خۆی، له‌یه‌که‌مدا قه‌رزاریه و له دووه‌مدا هه‌بوونی ده‌ست نوێژ و له سێهه‌مدا ڕکاعه‌ته ئه‌نجامدراوه‌کانی نوێژه‌که و له چواره‌میشدا ته‌واوی هاوسه‌رگیرییه که له بنه‌ڕه‌ته‌وه به دڵنیایی دامه‌زراون له‌به‌رئه‌وه به گومان له‌ق نابن.
پ (٥):
له پێناسه‌ی رێسای فیقهیدا وتراوه (به‌سه‌ر هه‌موو یان زۆربه‌ی به‌شه‌کانیدا) ده‌سه‌لمێت، ئایا مه‌به‌ست له‌مه چییه؟ ئایا رێسا نابێت گشتگیر بێت و یه‌کبه‌یه‌کی مه‌سه‌له‌و به‌شه‌کانی بگرێته‌وه؟ ئه‌گه‌ر به‌م جۆره‌یه بۆچی وتراوه ( زۆربه‌ی)؟
وه‌ڵام:
به‌ڵێ رێسا ده‌بێت گشتگیر بێت و یه‌کبه‌یه‌کی مه‌سه‌له‌و به‌شه‌کانی بگرێته‌وه، به‌ڵام هه‌ندێ به‌ش یان مه‌سه‌له هه‌یه، له‌به‌ر هه‌ندێ هۆی په‌سه‌ند له چوار چێوه‌ی رێسایه‌ک ده‌چنه ده‌ره‌وه‌و ناکرێت بخرێنه ژێر هه‌مان حوکمه‌وه، که به‌م حاڵه‌ته‌ش ده‌وترێت جیاکردنه‌وه یان که‌لاخستن(استثناء).
واته حوکمه گشتییه‌که نایگرێته‌وه وحوکمێکی جیا وه‌رده‌گرێت.
به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌ته جیاکراوانه یان که‌لاخراوانه له به‌های رێسا گشتییه‌که که‌م ناکه‌نه‌وه‌و نابنه هۆی ئه‌وه‌ی پێی نه‌وترێت حوکمێکی گشتی یان رێسایه‌کی گشتگیر، چونکه گرنگ زۆرینه‌ی وێنه و مه‌سه‌له‌کانه نه‌ک حاڵه‌ته جیاکراوه‌کان که چه‌ند وێنه‌یه‌کی دیاریکراو و که‌مینه‌ن.
کاتێکیش زانایان ڕوانیویانه بۆ رێسا فیقهیه‌کان بۆیان ده‌رکه‌وتوه که زۆرێک له‌م رێسایانه به‌م جۆره‌ن، واته هه‌ندێ مه‌سه‌له‌و حاڵه‌ت هه‌یه نایان گرنه‌وه‌و ناچنه چوار چێوه‌یانه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه وتویانه رێساکان حوکمێکی زۆرینه‌یین(أغلبي،أکثري)ن نه‌ک گشتگیر.
ئه‌و زانایانه‌ش که وتویانه رێساکان گشتی و گشتیگیرن و به‌سه‌ر هه‌موو به‌شه‌کانیاندا سه‌لماون، مه‌به‌ستیان ئه‌وه نییه که هیچ مه‌سه‌له‌یه‌کی جیاکراوه له‌ئارادا نه‌بێت، به‌ڵکوو مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه که‌به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و به‌شانه‌دا چه‌سپاون که رێساکه ده‌یان گرێته‌وه و، له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه که جیاکراوه‌کان ڕێ له‌وه‌ناگرن که به‌ڕێساکان بوترێت گشتی(کلي).
هه‌روه‌کو خاوه‌نی (موسوعة القواعد الفقهية) قسه‌ی پێشه‌وا (شاطبي) له‌م باره‌یه‌وه باس کردووه که وتویه‌تی:
( ان الامر الکلي اذا ثبت ، فتخلف بعض الجزئیات عن مقتضاه ، لا یخرجه عن کونه کلیا، وایضا فان الاغلب الاکثري معتبر في الشريعة اعتبار القطعي ).
واته:
هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی گشتی(کلي) ، ئه‌گه‌ر سه‌لما که گشتییه، ئه‌وا هه‌رکاتێک هه‌ندێ له مه‌سه‌له به‌شیه‌کان به‌و جۆره نه‌بوون که ئه‌و ده‌یخوازێت، ئه‌مه نابێته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له ( گشتی بوون) وه‌ده‌رنێت.
هه‌روه‌ها له شه‌رعدا هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی زۆربه‌یی و زۆرینه‌یی وه‌کو مه‌سه‌له‌یه‌کی یه‌کلایی و ته‌واو ته‌ماشا ده‌کرێت.
پ (٦):
تایبه‌تمه‌ندیی رێسا فیقهیه‌کان چییه؟
وه‌ڵام:
رێسای فیقهییه‌کان تایبه‌تمه‌ندیی خۆیان هه‌یه، له‌وانه:
١) رێسا فیقهیه‌کان به تایبه‌تی په‌یوه‌ستن به خودی حوکمه فیقهیه‌کانه‌وه نه‌وه‌ک به به‌ڵگه‌ی حوکمه‌کانه‌وه(أدلة الأحکام)، هه‌روه‌کو له پێناسه‌که‌شیه‌وه دیاره حوکمێکی گشتی فیقهیه.
به‌واتایه‌کی تر: هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ک له‌مه‌سه‌له فیقهییه‌کان حوکمێکی دیاریکراوی خۆی هه‌یه و، هه‌ر حوکمێکیش له به‌ڵگه‌یه‌کی تایبه‌تیه‌وه وه‌رگیراوه، هه‌ر کۆمه‌ڵه حوکمێکیش له خاڵێکی یان وێنه‌یه‌کی هاوبه‌شدا کۆ ده‌بنه‌وه که هه‌موویان به‌یه‌که‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، ئه‌م هاوبه‌شیه‌ش له نێوان حوکمه‌کاندا بنه‌مای کۆبوونه‌وه‌یانه له چوارچێوه‌ی یه‌ک حوکمی گشتی گشتگیردا که له‌به‌رگی رێسایه‌کی فیقهیدا خۆی ده‌نوێنێت، به بێ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌کان(به‌ڵگه‌ی هه‌ر یه‌کێک له‌و حوکمانه) ببن به‌جێی باس و خواسی رێسا فیقهیه‌که.
٢) رێساکان چه‌ندین بابه‌ت و مه‌سه‌له‌ی جۆراو جۆری بواره فیقهییه جیاجیاکان به‌یه‌که‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و، وه‌کو په‌تی ته‌سبیح هه‌موو ده‌نکه پرش و بڵاوه‌کان به‌یه‌که‌وه کۆ ده‌کاته‌وه.
٣) رێساکان له ده‌سته‌واژه‌ی کورت و پوخت و پڕ واتادان، به چه‌ند وشه‌یه‌کی کورت مانای گشتی وه‌ها فراوانیان له‌خۆ گرتووه که هه‌موو مه‌سه‌له به‌شیه‌کانی بگرێته‌وه، بۆ نموونه:
الامور بمقاصدها : کاروباره‌کان به گوێره‌ی مه‌به‌سته‌کانیانن.
المشقة تجلب التیسیر : ناڕه‌حه‌تی ئاسانکاری دێنێت.
چه‌نده‌های تر.
٤) رێسا فیقهییه‌کان هێنده زۆرن ژماره‌یه‌کی دیاریکراویان نییه ئه‌گه‌ر چی سه‌ره‌کیه‌کانیان به‌ناوبانگن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی گشتی تا ئێستا هه‌موو رێساکان له یه‌ک په‌رتوکدا کۆنه‌کراونه‌ته‌وه که هه‌ر هه‌موویان بگرێته‌خۆ، به‌ڵکوو به‌ناو سه‌رچاوه فیقهییه جۆراوجۆره‌کاندا په‌رش و بڵاون، په‌رتوکی (موسوعة القواعد الفقهیة) هه‌وڵێکه له بواری کۆکردنه‌وه‌ی زۆرترین ژماره‌یاندا.
پ (٧):
زاراوه‌یه‌کی تر هه‌یه که بریتیه له (الضابط الفقهي)، ئایا جیاوازی چییه له‌گه‌ڵ رێسای فیقهیدا؟
وه‌ڵام:
سه‌ره‌تا ئه‌گه‌ر گونجاو بێت وشه‌ی (رێکخه‌ر) به‌رامبه‌ر به (الضابط) دابنێین، ئه‌وا له‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا ده‌ڵێین:
هه‌ریه‌ک له رێسا‌و رێکخه‌ر له‌وه‌دا یه‌ک ده‌گرنه‌وه که بریتین له حوکمێکی گشتی و به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ک له مه‌سه‌له به‌شی یه فیقهیه‌کاندا(الجزئیات الفقهیة) ده‌چه‌سپێن.
جا ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌سه‌لانه ته‌نها له‌یه‌ک بابه‌ت یان بابی فیقهیدا بوون ئه‌وا به‌و حوکمه گشتییه‌ی ده‌یانگرێته‌وه ده‌وترێت: رێکخه‌ر (الضابط).
به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌شه فیقهییه‌کان له بابه‌ت و بابی فیقهی جۆراو جۆردا بوون ئه‌وا پێی ده‌وترێت: رێسا (القاعدة).
بۆ نموونه:
رێساکه‌ی پێشوو (الیقین لا یزول بالشک) به‌سه‌ر چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌کی جۆراو جۆری زیاتر له یه‌ک بابی فیقهیدا چه‌سپاو، تایبه‌ت نه‌بوو به ته‌نها یه‌ک بابه‌ت یان یه‌ک بوار و بابی فیقهییه‌وه، وه‌کو له نموونه‌کانه‌وه دیار بوو بابه‌کانی ده‌ستنوێژو نوێژ و قه‌رز و هاوسه‌رگیری گرتبووه‌وه.
به‌ڵام نموونه‌ی رێکخه‌ر(الضابط):
وه‌کو له فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ردا( صلی الله علیه وسلم) ئاماژه‌ی پێکراوه، که فه‌رموویه‌تی:
(أيمان إهاب دبغ فقد طهر ) الترمذي
واته: هه‌ر پێسته‌یه‌ک خۆشکرابێت، پاک بووه‌ته‌وه.
ئه‌م فه‌رمووده‌یه: حوکمێکی گشتی تێدایه سه‌باره‌ت به پێسته‌ی حه‌یوان که ئه‌گه‌ر خۆش بکرێت ئه‌وا پاک ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ئه‌م حوکمه گشتییه ته‌نها تایبه‌ته به یه‌ک بابه‌ته‌وه و له‌یه‌ک بابی فیقهیدایه که باس له خۆشکردنی پێسته‌ی حه‌یوان ده‌کات، هیچ بابه‌ت و بابێکی تر ناگرێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه به (ضابط ) داده‌نرێت و ناوده‌برێت.
که‌وا بوو جیاوازی نێوان رێسا‌و رێکخه‌ر له ڕووی جۆری مه‌سه‌له به‌شیه‌کانیانه‌وه‌یه که ئایا له‌یه‌ک بابه‌ت وبابدان یان زیاتر، ئه‌گه‌ر ته‌نها یه‌ک بابه‌تی له‌خۆ ده‌گرت ئه‌وا رێکخه‌ره‌و ئه‌گه‌ر له بابێک و بابه‌تێک زیاتری ده‌گرته‌وه رێسایه.
شایانی ئاماژه‌یه: زانایانی سه‌رده‌مانی رابردوو زۆر پێداگریان نه‌کردووه له‌جیاکردنه‌وه‌ی رێسا و رێکخه‌ردا.
د. عبدالرحمن الشعلان لێکۆڵه‌ری په‌رتوکی (کتاب القواعد) باسی له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی کردووه و نموونه‌ی به قسه‌یه‌کی (تاج ا‌لدین ابن السبکي) هێناوه‌ته‌وه:
که له‌میانه‌ی باسکردنی رێسادا ئه‌م زانایه دوای ئه‌وه‌ی پێناسه‌ی رێسای فیقهی کردووه وتویه‌تی:
( ومنها ما‌لا یختص بباب کقولنا: الیقین لا یرفع بالشک ، ومنها ما یختص کقولنا: کل کفارة سببها معصیة فهي علی الفور. والغالب فیما اختص بباب و قصد به نظم صور متشابهة أن یسمی ضابطا ).
واته:
هه‌ندێ له‌م رێسایانه تایبه‌ت نین به یه‌ک بابه‌وه و زیاتر له بابێک ده‌گرنه‌وه وه‌کو ئه‌وه‌ی ده‌ڵێین: دڵنیایی به گومان لا نابرێت، هه‌شیانه تایبه‌تن به ته‌نها به‌یه‌ک بابه‌وه وه‌کو ئه‌وه‌ی ده‌ڵێین: هه‌ر که‌ففاره‌تێک هۆیه‌که‌ی تاوانێک بێت ئه‌وا ده‌ستبه‌جێ ئه‌نجام ده‌درێت.
ئه‌وه‌شیان که به‌م جۆره تایبه‌ت بێت به‌یه‌ک بابه‌وه و مه‌به‌ست پێی رێکخستن و هۆنینه‌وه‌ی چه‌ند وێنه‌یه‌کی هاوشێوه‌ی هه‌مان باب بێت، زیاتر وا باوه به (رێکخه‌ر: الضابط) ناو ببرێت.
به‌م پێیه وه‌کو له قسه‌ی ئه‌م زانا پایه‌داره‌وه ده‌رکه‌وت، رێکخه‌ریشی له ژێر پێناسه‌ی سه‌ره‌کی رێسادا باسکردووه، به‌ڵام دواتر به‌وه جیای کردووه‌ته‌وه که(ضابط) رێکخستنی وێنه هاوشێوه‌کانی ته‌نها یه‌ک بابه له چوارچێوه‌ی یه‌ک حوکمی گشتیدا‌و، ناوبردنیشی به‌و جۆره به(ضابط) زۆر پێداگری له‌سه‌ر نییه و هێنده به توند نه‌گیراوه و ده‌شێت هه‌ر به رێساش ناو ببرێت به‌ڵام ناوی (ضابط) باوتره.
به ده‌ربڕینێکی تر جیاوازی نێوان رێسا و رێکخه‌ر ئه‌وه‌یه مه‌ودا و بواری رێکخه‌ر ته‌سکتره له هی رێسا.
تێبینیه‌ک بۆ خوێنه‌رانی ئازیز:
به‌ڕێزان له مانگی (٤/٢٠٠٧)ه‌وه پشت به خوا به‌شه‌کانی تری ئه‌م ده‌روازه‌یه له ١ و١١ و ٢١ ی هه‌موو مانگێکدا به‌پێی ساڵنامه‌ی زایینی ده‌خه‌ینه به‌رده‌ستی ئێوه‌ی خۆشه‌ویست.
بابه‌تی پێوه‌ندیدار
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان (٢)
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان (١)