سه‌ره‌تا
:: فیقهـ و زانسته‌كانی
:: ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهیه‌كان
چاپی بکه
لێدوان بنێره
بینێره بۆ هاوڕێکه‌ت
له‌لایه‌ن: : باوكی سه‌لاحه‌ددین |
خوێنراوه‌ته‌وه : ٢٤٠ |
ڕێكه‌وت : ٢٠٠٧/ ٤/١ |
ئه‌م وتاره پاشه‌كه‌وت بكه
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان (٤)
پ (8) :
په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م زانستانه (علم أصول الفقه) و (علم الفقه) و (علم القواعد الفقهية) چییه؟
وه‌ڵام:
به‌ر له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م زانستانه باس بکه‌ین، پێویسته هه‌ریه‌که‌یان به جیا پێناسه بکه‌ین، له وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی بردوودا (1 ، 3) پێناسه‌ی هه‌ریه‌ک له زانستی رێسا فیقهیه‌کان و زانستی فیقهمان کردووه، له‌به‌رئه‌وه لێره‌دا دووباره‌ی ناکه‌ینه‌وه، ته‌نها پێناسه‌ی (زانستی بنچینه‌کانی فیقهـ: علم أصول الفقه) ده‌که‌ین و پوخته‌یه‌کی له‌سه‌ر باس ده‌که‌ین.
(أصول الفقه):
(هو العلم بالقواعد و الأدلة الإجمالیة التي یتوصل بها الی استنباط الفقه، کما یطلق علی هذه القواعد والأدلة الإجمالیة ) الوجیز في أصول الفقه / د.عبدالکریم زیدان
زانستی بنچینه‌کانی فیقهـ:
بریتییه له زانینی ئه‌و رێسا و به‌ڵگه گشتیانه - تێکڕاییانه- ی که له ڕێیانه‌وه ده‌گه‌ینه هه‌ڵهێنجان یان ده‌رخستنی فیقهـ ، هه‌روه‌کو به خودی ئه‌م رێسا و به‌ڵگه گشتیانه‌ش هه‌ر ده‌وترێت بنچینه‌کانی فیقهـ .
مه‌به‌ست له رێساکانی زانستی بنچینه‌کانی فیقهـ ئه‌و رێسا گشتیانه‌یه که به (القواعد الأصولیة) رێسا ئوسوڵیه‌کان یان رێسا بنچینه‌ییه‌کان ناسراون.
ئه‌م رێسایانه په‌یوه‌ندیان به به‌ڵگه شه‌رعیه‌کانه‌وه هه‌یه و ئامرازێکن بۆ ده‌رهێنانی حوکمی شه‌رعی له به‌ڵگه‌کان و، واتای گشتی به‌ڵگه‌کان ئاشکرا ده‌که‌ن و دیاری ده‌که‌ن.
بۆ نموونه: رێسای (الأمر یفید الوجوب إلا إذا صرفته قرینة عن ذلک ) رێسایه‌کی گشتی زانستی بنچینه‌کانی فیقهه‌و ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات که فه‌رمانکردنی ڕه‌ها به شتێک له ده‌قه‌کانی قورئان یان سوننه‌ت مانای واجب بوونی فه‌رمان پێکراوه‌که ده‌گه‌یه‌نێت، مه‌گه‌ر مه‌زه‌نده‌یه‌کی په‌سه‌ند هاوشانی فه‌رمانه‌که بێت و له واتای واجب بوون لای به‌رێت.
بۆ نموونه: خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت (و أقیموا الصلاة ) نوێژ بکه‌ن (و أقیموا ) ئه‌مره و فه‌رمانکردنه و واتای واجب بوونی تیایه، له‌به‌رئه‌وه ئه‌م ده‌قه واتای واجب بوونی نوێژ ده‌گه‌یه‌نێت.
لێره‌دا زانستی بنچینه‌کانی فیقهـ ئه‌وه به موجته‌هید ده‌ڵێت که فه‌رمانی ناو ئه‌م ده‌قه واتای واجب بوونی تیایه، به‌بێ ئه‌وه‌ی بڕوانێت بۆ ناوه‌ڕۆکی فه‌رمانه‌که، که له‌م نموونه‌یه‌ی ئێستادا ناوه‌ڕۆکی فه‌رمانه‌که نوێژ کردنه.
مه‌به‌ستیش له به‌ڵگه گشتیه‌کان یان تێکڕاییه‌کان (الأدلة الأجمالیة) بریتییه له‌و سه‌رچاوانه‌ی حوکمه شه‌رعیه‌کانیان لێوه وه‌رده‌گیرێت (مصادر الأحکام الشرعیة)، که بریتین له قورئان و سوننه‌ت و ئیجماع و قیاس و باقی به‌ڵگه‌کانی تری وه‌کو (الإستحسان) و (المصالح المرسلة) .....هتد به‌ڵگه گشتیه‌کانی تر.
که‌وابوو زانستی بنچینه‌کانی فیقهـ ئه‌و زانسته‌یه که سه‌رچاوه گشتیه‌کان و به‌ڵگه تێکڕاییه‌کان به موجته‌هید ده‌ناسێنێت و، کۆمه‌ڵه رێسایه‌کی گشتی ده‌خاته به‌رده‌ستی زانایانی موجته‌هید که به‌هۆیانه‌وه بتوانن به شێوه‌یه‌کی راست و دروست حوکمه فیقهیه‌کان له به‌ڵگه شه‌رعیه‌کانه‌وه ده‌ربهێنن .
دوای ئه‌م پوخته‌یه ده‌رباره‌ی(أصول الفقه) دێینه‌وه سه‌ر وه‌ڵامی پرسیاره‌که سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی نێوان زانستی بنچینه‌کانی فیقهـ و زانستی فیقـهـ و زانستی رێسا فیقهیه‌کان.
زانستی بنچینه‌کانی فیقهـ ناوی خۆی به خۆیه‌وه‌تی، ئه‌و بنچینه‌یه‌یه که زانستی فیقهی له‌سه‌ر دامه‌زراوه ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش له به‌رامبه‌ر زانستی (أصول الفقه)دا به زانستی فیقهـ ده‌وترێت:
(علم الفروع) واته زانستی به‌شه‌کان یان لقه‌کان، چونکه بابه‌ته‌کانی فیقهـ له میانه‌ی به‌کارهێنانی رێسا‌و بنه‌ما گشتیه‌کانی زانستی (أصول الفقه)وه هاتووه‌ته ئاراوه.
زانستی بنچینه‌کانی فیقهـ باس له رێ و شوێن و به‌رنامه‌و شێواز و چۆنێتی ده‌رهێنان یان هه‌ڵهێنجان ( استنباط)ی حوکمه فیقهیه‌کان ده‌کات و وه‌سفی به‌ڵگه گشتیه‌کان و پله‌یان و جۆره‌کانیان و هه‌لومه‌رجی ئیجتیهاد و ئامرازه‌کانی ده‌کات و چه‌ند رێسایه‌کی گشتی ده‌رباره‌ی واتا‌و لێکدانه‌وه‌ی به‌ڵگه‌کان له‌خۆ ده‌گرێت.
به‌ڵام زانستی فیقهـ باس له خودی حوکمه فیقهیه‌کان ده‌کات و حوکمی شه‌رعی تایبه‌ت به مه‌سه‌له کرداریه‌کانی بواری په‌رستن و مامه‌ڵه‌کان ده‌خاته به‌رده‌ست و، یه‌ک به‌یه‌کی به‌ڵگه‌ی هه‌ر یه‌کێک له‌م حوکمانه ده‌خاته روو که به‌م به‌ڵگه تایبه‌تیانه‌ش ده‌وترێت (الأدلة التفصیلیة) واته به‌ڵگه ورده‌کاریه‌کان چونکه هه‌ریه‌که‌یان به‌ڵگه‌ن بۆ مه‌سه‌له‌یه‌کی دیاریکراو و تایبه‌ت و ورده‌کاری حوکمه‌کانیان لێوه وه‌رده‌گیرێت.
به ده‌ربڕینێکی تر بڵێین زانستی بنچینه‌کانی فیقهـ باس له چۆنێتی ده‌رهێنانی حوکمه‌کان ده‌کات و رۆڵی رێنمایی و ئامرازی ده‌رهێنانی حوکمه‌کان ده‌بینێت.
له کاتێکدا زانستی فیقهـ به‌به‌کارهێنانی رێساکانی زانستی بنچینه‌کانی فیقهـ ده‌گاته حوکمه‌کان و خودی حوکمه‌کان و به‌ڵگه‌کانیان ده‌خاته روو.
زانستی رێسا فیقهیه‌کانیش له حوکمه فیقهیه جیاجیاکان ده‌کۆڵێته‌وه‌و به‌راوردیان ده‌کات و، مه‌سه‌له هاوشێوه‌کان و حوکمه لێک چووه‌کان به‌یه‌که‌وه گرێ ده‌دات و به په‌یوه‌ندیه‌کی هاوبه‌ش کۆیان ده‌کاته‌وه‌و ، له چوار چێوه‌ی حوکمێکی گشتیدا که به‌سه‌ر هه‌موو به‌شه هاووێنه‌کاندا بچه‌سپێت له قاڵبیان ده‌دات.
پ (9) :
نموونه‌یه‌ک باس بکه که گۆشه‌نیگای هه‌ریه‌کێک له‌م سێ زانسته‌ی تیا روون بێته‌وه !
وه‌ڵام:
له وه‌ڵامی پرسیاری رابردوودا بۆمان ده‌رکه‌وت که حوکمه فیقهـیه‌کانی زانستی فیقهـ له به‌ر رۆشنایی و به‌کارهێنانی رێساکانی زانستی بنچینه‌کانی فیقهدا ده‌رهێنراون. به‌ڵام رێسا فیقهیه‌کان به‌رهه‌می لێکۆڵینه‌وه‌و وردبوونه‌وه‌یه له سه‌رجه‌م حوکمه فیقهیه‌کان و دۆزینه‌وه‌ی هاوشێوه‌یی و لێکچوونه له نێوانیاندا.
بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ئه‌م چه‌مکه روون بێته‌وه نموونه‌یه‌ک باس ده‌که‌ین و، له گۆشه‌نیگای رێسافیقهیه‌کانه‌وه ده‌ست پێده‌که‌ین و له‌وێوه به‌ره‌و فیقهـو دواتریش بنچینه‌کانی فیقهـ ده‌چین:
(ما جاز لعذر بطل بزواله )
ئه‌م ده‌قه رێسایه‌کی فیقهیه و به‌سه‌ر چه‌ندین نموونه‌ی فیقهیدا چه‌سپاوه، واتای ئه‌م رێسایه ئه‌وه‌یه:
هه‌ر حاڵه‌تێک به‌هۆی بیانوویه‌ک یان پاساوێکه‌وه رێی پێ بدرێت ئه‌وا به نه‌مانی پاساوه‌که هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه.
ئه‌م رێسایه له روانگه‌ی چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی فیقهی جیاجیاوه هاتووه‌ته ئاراوه که واتای ئه‌م حوکمه گشتییه‌یان تیا به‌دی کراوه بۆ نموونه:
له بواری ته‌یه‌ممومدا:
کاتێک ئاو ده‌ست نه‌که‌وت یان له‌به‌ر هه‌رهۆیه‌کی په‌سه‌ندی شه‌رعی نه‌توانرا به‌کاربهێنرێت ئه‌وا ده‌بێت ته‌یه‌مموم بکرێت و، هه‌رکاتێکیش ئاو ده‌ست که‌وته‌وه یان هۆی رێگر له‌به‌کارهێنانی نه‌ما ئه‌وا ته‌یه‌مموم دروست نییه.
له بواری نوێژدا: کاتێک که‌سێک له‌به‌ر نه‌خۆشی نه‌یتوانی به پێوه نوێژ بکات ئه‌وا ده‌بێت به‌دانیشتنانه‌وه نوێژه‌که‌ی بکات، هه‌رکات چاک بووه‌وه و توانی رابوه‌ستێت ئه‌وا ده‌بێت به‌پێوه نوێژه‌کانی ئه‌نجام بدات.
کاتێک له‌م دوو مه‌سه‌له‌یه و هاوشێوه‌کانی ورد ده‌بینه‌وه، ده‌بینین حاڵه‌تێکی تیایه که له‌به‌ر هۆیه‌ک یان هه‌لومه‌رجێکی تایبه‌تی رێی پێ دراوه و، به‌نه‌مانی ئه‌و هه‌لو مه‌رجه حوکمی ئه‌و حاڵه‌ته کاتیه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر دۆخی بنه‌ڕه‌تی خۆی.
به‌راوردی هه‌ردوو مه‌سه‌له‌که‌و وه‌رگرتنی واتای رێسا گشتیه‌که لێیان:
(ته‌یه‌مموم کردن) و( نوێژ کردن به دانیشتنه‌وه) بریتین له (ما جاز).
(نه‌بوونی ئاو یان نه‌توانینی به‌کارهێنانی) و(نه‌خۆشی رێگرله وه‌ستان) بریتین له(لعذر).
هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی( ته‌یه‌مموم کردن) و (نوێژکردن به دانیشتنه‌وه) بریتین له (بطل).
(ده‌ست که‌وتنی ئاو یان نه‌مانی رێگر له به‌کارهێنانی) و (نه‌مانی نه‌خۆشی و چاک بوونه‌وه) بریتین له ( بزواله: أي زوال العذر).
که‌وابوو ئه‌م ده‌قه کورت و پوخته‌ی رێساکه له چه‌ندین نموونه‌ی هاوشێوه‌ی فیقهیه‌وه وه‌رگیراوه که حوکمه‌کانیان له‌زانستی فیقهدا باسکراوه و رێساکه له واتایه‌کی گشتیدا له خۆی گرتوون به جۆرێک هه‌موو وێنه‌کانی بگرێته‌وه، که ئه‌م دوو مه‌سه‌له‌یه‌ی باسکران دوو وێنه‌ن له وێنه‌کانی.
ئه‌مه گۆشه‌نیگای زانستی رێسا فیقهیه‌کان بوو.
به‌ڵام کاتێک ده‌چینه سه‌ر زانستی فیقهـ، ده‌بینین هه‌ریه‌کێک له‌م دوو مه‌سه‌له‌یه له بابی جیادا سه‌ربه‌خۆ له‌وی تر باس کراوه‌و، گۆشه‌نیگای فیقهـ له‌وه‌دا ده‌رده‌که‌وێت که پێمان ده‌ڵێت:
له بواری ته‌یه‌ممومدا:
هه‌رکه‌سێک ئاوی ده‌ست نه‌که‌وت یان نه‌یتوانی به‌کاری بێنێت ئه‌وا ده‌بێت ته‌یه‌مموم بکات و یه‌کێک له به‌ڵگه‌کانی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش بریتیه له‌و ئایه‌ته‌ی که باس له ده‌ستنوێژ و ته‌یه‌مموم ده‌کات، وه‌کو خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: (..فَلَمْ تَجِدُواْ مَاء فَتَيَمَّمُواْ صَعِيداً طَيِّباً ...) به‌شێک له ئایه‌تی ژماره 6 المائدة . واته: ( ئاوتان ده‌ست نه‌که‌وت ئه‌وه ته‌یه‌مموم بکه‌ن..).
له بواری نوێژدا:
ئه‌گه‌ر یه‌کێک له‌به‌ر هه‌رهۆیه‌کی په‌سه‌ند (بۆ نموونه نه‌خۆشی) نه‌یتوانی به پێوه نوێژ بکات، ئه‌وا ده‌بێت به دانیشتنانه‌وه بیکات و ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌یتوانی، ئه‌وا به راکشاوی...
به‌ڵگه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌شمان ده‌خاته به‌رده‌ست که پێغه‌مبه‌ر( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رموویه‌تی:
( صلِ قائما ، فإن لم تستطع فقاعدا ، فإن لم تستطع فعلى جنب ) رواه البخاري
واته: به وه‌ستانه‌وه نوێژ بکه ئه‌گه‌ر نه‌تتوانی ئه‌وه به‌دانیشتنه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌تتوانی ئه‌وه له‌سه‌ر لا به راکشاوی).
زانستی فیقهـ له روانگه‌ی به کارهێنانی رێسا ئوسوڵیه‌کانی زانستی بنچینه‌کانی فیقهه‌وه گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی ئه‌م حوکمانه‌و هاوشێوه‌کانی له ده‌قه شه‌رعیه‌کان ده‌ربهێنێت.
گۆشه‌نیگای زانستی بنچینه‌کانی فیقهیش له‌م دوو مه‌سه‌له‌یه‌دا به‌م جۆره‌یه:
زانستی بنچینه‌کانی فیقهـ ئه‌وه به موجته‌هید ده‌ڵێت که ده‌قی یه‌که‌م که ئایه‌ته‌که‌یه ده‌چێته چوار چێوه‌ی یه‌که‌م سه‌رچاوه‌و به‌ڵگه‌ی تێکڕاییه‌وه که قورئانه و ده‌قی دووه‌میش که فه‌رمووده‌که‌یه ده‌چێته چوارچێوه‌ی سه‌رچاوه‌و به‌ڵگه‌ی تێکڕایی دووه‌مه‌وه که سوننه‌ته.
رێساکانی وه‌کو فه‌رمان بۆ واجب بوون و نه‌هی بۆ قه‌ده‌غه‌بوون و وه‌سفی مه‌رج و شێوازه‌کانی و ...هتد رێساکانی تر ده‌خاته به‌رده‌ستی موجته‌هید و به‌بێ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌بێت به باسی خودی حوکمی ناو به‌ڵگه‌کان، به‌ڵکوو ئامرازی ده‌رهێنانی حوکمه‌کان ده‌خاته به‌رده‌ستی موجته‌هید.
بۆ نموونه موجته‌هید له رێی زانستی بنچینه‌کانی فیقهه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌ردوو فه‌رمانی (فتیمموا) و (صل) ناو ده‌قه‌کانی سه‌ره‌وه ده‌کات و له چۆنێتی وابه‌سته بوونیان به مه‌رجی تایبه‌ته‌وه (..فَلَمْ تَجِدُواْ مَاء) و (فإن لم تستطع) ده‌کۆڵێته‌وه.
پ (10):
له‌باسی زانستی بنچینه‌کانی فیقهدا باس له هه‌ندێ رێسا کرا که به‌رێسا ئوسوڵیه‌کان ناوبران، ئایا جیاوازی ئه‌م رێسا ئوسوڵیانه چییه له‌گه‌ڵ رێسا فیقهیه‌کاندا؟
وه‌ڵام:
ئه‌گه‌رچی هه‌ریه‌ک له رێسا فیقهیه‌کان و رێسا ئوسوڵیه‌کان له‌و رووه‌وه له‌یه‌ک ده‌چن که کۆمه‌ڵه رێسایه‌کی گشتین و چه‌ندین به‌ش ومه‌سه‌له‌یان له‌ژێردا کۆبووه‌ته‌وه و هه‌ردووکیشیان خزمه‌ت به‌زانستی فیقهـ ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نی یه که له هه‌موو شتێکدا وه‌ک یه‌ک بن، خۆ ئه‌گه‌ر وابووایه بۆچی به‌یه‌کێکیان ده‌وترێت فیقهی و به‌وی تریان ده‌وترێت ئوسوڵی.
بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له تایبه‌تمه‌ندی هه‌ریه‌که‌یان و جیاوازی نێوانیان تێ بگه‌ین، لێره‌دا تیشک ده‌خه‌ینه سه‌ر دیارترین جیاوازیه‌کان:
1) رێسا ئوسوڵیه‌کان تایبه‌تن به به‌ڵگه شه‌رعیه گشتیه‌کانه‌وه و په‌یوه‌ندیان نییه به‌و حوکمه به‌شیه فیقهیانه‌وه که به‌ڵگه‌کان له خۆیان گرتوون.
به‌ڵام رێسا فیقهیه‌کان تایبه‌تن به حوکمی مه‌سه‌له جۆراوجۆره‌کانه‌وه، نه‌وه‌ک به‌و به‌ڵگانه‌وه که حوکمه‌کانیان لێ وه‌رگیراوه.
هه‌روه‌کو (شیخ الاسلام ابن تیمیة) له‌م باره‌یه‌وه باسی له‌وه کردووه که:
رێسا ئوسوڵیه‌کان بریتین له به‌ڵگه گشتیه‌کان، به‌ڵام رێسا فیقهیه‌کان بریتین له حوکمه گشتیه‌کان.
بۆنموونه: رێسای ئوسوڵی (فه‌رمان واجب بوون ده‌خوازێت) حوکمی شه‌رعی مه‌سه‌له‌یه‌کی فیقهی دیاریکراوی تیا نییه، به‌ڵکوو په‌یوه‌ندی به هه‌موو ئه‌و به‌ڵگه شه‌رعیانه‌وه هه‌یه که شێوازی (فه‌رمان) یان تیا به‌کار هاتووه و ، ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌کاته‌وه که فه‌رمان به‌شێوه‌یه‌کی ره‌ها چی ده‌گه‌یه‌نێت.
به‌ڵام رێسای (دڵنیایی به گومان لا ناچێت) حوکمێکی گشتی له‌خۆ گرتووه و په‌یوه‌ندی به چه‌ندین کار‌و کرده‌وه‌ی مه‌ردومه‌وه هه‌یه له بواری ده‌ستنوێژ و نوێژ و قه‌رز و ...هتد، باس له هه‌موو ئه‌و مه‌سه‌لانه ده‌کات که دڵنیایی له بوون یان نه‌بوونی شتێک هه‌بووه و پاشان گومانی له باره‌وه دروست بووه.
وه‌کو له وه‌ڵامی پرسیاری(4) دا تیشکمان خسته سه‌ر به‌شێک له‌واتای ئه‌م رێسایه.
به واتایه‌کی تر رێسا فیقهیه‌کان په‌یوه‌ندن به خودی حوکمی کرده‌وه‌کانی که‌سانی داوالێکراو(أفعال المکلفین) له رووی شه‌رعه‌وه، به‌ڵام رێسا ئوسوڵیه‌کان په‌یوه‌ندن به به‌ڵگه‌کانه‌وه و باس له چۆنێتی ده‌رهێنانی حوکمی شه‌رعی ده‌که‌ن.
2) بوونی رێسای ئوسوڵی له پێشتره له رێسای فیقهی چونکه ئاشکرایه فیقهـ ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌کارهێنانی رێسا ئوسوڵیه‌کانه و له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌م رێسایانه‌دا حوکمه فیقهیه‌کان ده‌رهێنراون .
له‌کاتێکدا رێسا فیقهیه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی گشتی کۆکردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له هاوشێوه‌کانی فیقهه له ژێر یه‌ک حوکمی گشتیدا، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه بووه که مه‌سه‌له فیقهیه‌کان ده‌رکه‌وتوون و ئاشکرابوون.
واته یه‌که‌مجار رێسای ئوسوڵی ره‌چاوکراوه بۆ خستنه رووی حوکمه فیقهیه‌کان، پاشان له ئه‌نجامی ده‌رکه‌وتنی هاوشێوه‌یی نێوان چه‌ند حوکمێک رێسایه‌کی فیقهیان بۆ داڕێژراوه.
3) هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی که رێسا ئوسوڵیه‌کان به‌رنامه‌و رێنمایین بۆ ده‌رهێنانی حوکمه فیقهیه‌کان و بوونیان له پێشتره له رێسا فیقهیه‌کان که‌وابوو ده‌رهێنان و ناسینه‌وه‌و په‌ی بردن به رێسا ئوسوڵیه‌کان نه به‌ستراوه به زانینی رێسا فیقهیه‌کانه‌وه و له‌سه‌ر ئه‌وان دانه‌مه‌زراون ، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ده‌رهێنان و ناسینه‌وه‌و په‌ی بردن به رێسا فیقهیه‌کان وا به‌سته‌ی رێسا ئوسوڵیه‌کانن و له‌سه‌ر ئه‌وان دامه‌زراون .
4)به‌کارهێنانی رێسا ئوسوڵیه‌کان به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی کاری زانا‌و پسپۆڕی فیقهـ و زانایانی موجته‌هیده بۆ ده‌رهێنانی حوکمه شه‌رعیه‌کان له به‌ڵگه‌کانیانه‌وه.
به‌ڵام رێسا فیقهیه‌کان ده‌شێت فیقهزان و فێرخوازی فیقهیش به‌کاریان بێنێت و سوودیان لێ وه‌ربگرێت، چونکه هه‌ریه‌کێک له‌م رێسایانه حوکمێکی گشتی له‌خۆ گرتووه که چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی جۆراو جۆری بواره فیقهیه‌کانی خستووه‌ته چوار چێوه‌ی خۆیه‌وه و ، ده‌کرێت له‌ڕێی رێساکانه‌وه ئاسانتر بچنه‌وه سه‌ریان وه‌ک له‌وه‌ی به‌جیا بۆ هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ک بگه‌ڕێن.
5) له‌رووی گشتگیریه‌وه بۆ به‌شه‌کانیان زانایان پێیان وایه که رێسا ئوسوڵیه‌کان گشتگیر ترن و به‌سه‌ر هه‌موو به‌شه‌کانی بواری خۆیاندا چه‌سپاون و ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی لێیان جیاکراونه‌ته‌وه ده‌گمه‌نن.
له‌کاتێکدا زۆرێک له‌رێسا فیقهیه‌کان وه‌کو پێشتریش ئاماژه‌یه‌کمان بۆ کرد رێساگه‌لێکی زۆرینه‌یین و چه‌ندین مه‌سه‌له ناچنه چوار چێوه‌یانه‌وه‌و لێیان جیاکراونه‌ته‌وه.
6) رێسا ئوسوڵیه‌کان له رووی ژماره‌وه که‌مترن و له په‌رتوکه‌کانی ئوسوڵ فیقهدا کۆکراونه‌ته‌وه‌و ده‌ستنیشان کراون، به‌ڵام رێسا فیقهیه‌کان گه‌لێ زۆرن و تا ئێستا له‌یه‌ک چوارچێوه‌دا کۆ نه‌کراونه‌ته‌وه و به‌ڵکو به‌ناو په‌رتوکه فیقهیه گشتییه‌کان و سه‌رچاوه‌کانی فه‌تواو حوکمه شه‌رعیه‌کانی بواره تایبه‌ته‌کاندا په‌رش و بڵاون.
پ (11):
ئایا هیچ رێسایه‌کی هاوبه‌ش له نێوان رێسا ئوسوڵیه‌کان و رێسا فیقهیه‌کاندا هه‌یه؟
وه‌ڵام: به‌ڵێ سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌و جیاوازیانه‌ی باسمان کردن و جیاوازی تریش له نێوان هه‌ریه‌ک له رێسا ئوسوڵیه‌کان و رێسا فیقهیه‌کاندا، هه‌ندێ رێسا هه‌ن ده‌کرێت به رێسای ئوسوڵی دابنرێن و له‌هه‌مان کاتیش‌دا رێسای فیقهیش بن و، هاوبه‌شن له نێوان هه‌ردوو زانستی بنچینه‌کانی فیقهـ و زانستی رێسا فیقهیه‌کاندا، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که وه‌سفی هه‌ر یه‌ک له رێسای ئوسوڵی و رێسای فیقهیشیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌لمێت و له‌لایه‌که‌وه ده‌بن به رێسای ئوسوڵی و له‌لایه‌کی تریشه‌وه وه‌کو رێسای فیقهی ده‌رده‌که‌ون.
واته گۆشه نیگای هه‌ردوو زانسته‌که له روویه‌ک له‌رووه‌کانی ئه‌م جۆره رێسایانه‌دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه.
رێسا ئوسوڵیه‌کان په‌یوه‌ستن به به‌ڵگه گشتیه‌کانه‌وه‌و، رێسا فیقهیه‌کانیش بریتین له حوکمه گشتیه‌کان وه‌کو پێشتر باسمان لێ کرد.
جا کاتێک له‌و رووه‌وه ته‌ماشای ده‌کرێت که واتای رێساکه وابه‌سته‌ی به‌ڵگه‌یه‌کی گشتیه و باس له بوارێکی زانستی بنچینه‌کانی فیقهـ ده‌کات ئه‌وا به رێسایه‌کی ئوسوڵی ده‌ژمێررێت.
له‌به‌رامبه‌ریشدا کاتێک له‌و رووه‌وه سه‌یری ده‌کرێت که حوکمێکی گشتی ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له فیقهیه‌کان له‌خۆ گرتووه و په‌یوه‌ندی به حوکمی کرداره‌کانی که‌سانی داوالێکراوه‌وه (المکلفین) هه‌یه ئه‌وا به رێسایه‌کی فیقهی داده‌نرێت.
نموونه‌ی ئه‌م رێسا هاوبه‌شانه:
رێسای (الاجتهاد لا ینقض بالاجتهاد) یان (الاجتهاد لا ینقض بمثله).
واتای رێساکه: ئیجتیهاد به ئیجتیهادێکی تر هه‌ڵناوه‌شێته‌وه.
ئه‌م رێسایه له په‌رتوکه‌کانی زانستی بنچینه‌کانی فیقهدا وه‌کو رێسایه‌کی ئوسوڵی باسکراوه.
له‌هه‌مان کاتیش‌دا له په‌رتوکه‌کانی رێسا فیقهیه‌کاندا وه‌کو یه‌کێک له رێسا فیقهیه‌کان باسکراوه.
چونکه گۆشه‌نیگای زانایانی ئوسوڵ فیقهـ بۆ ئه‌م رێسایه ئه‌وه‌یه که:
ئه‌م رێسایه په‌یوه‌ندی به ئیجتیهادکردنه‌وه هه‌یه، باس له‌وه ده‌کات ئایا پله‌و هێزی ئیجتیهاد له چ ئاستێکدایه، چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و حوکمانه‌دا ده‌کرێت که دادوه‌رێک یان موفتیه‌ک به ئیجتیهاد بڕیاری ده‌دات له مه‌سه‌له‌یه‌کدا که‌ده‌قی له‌باره‌وه نه‌هاتووه. کاتێک خۆی یان موجته‌هیدێکی تر دوای بڕیار دان به‌پێی ئیجتیهاد‌ی یه‌که‌م، رایه‌کی تری بۆ دروست بوو به‌پێی ئیجتیهادێکی نوێ یان موجته‌هیدێکی تر رایه‌کی تری هه‌بوو. ئه‌م رێسایه پێمان ده‌ڵێت، پله‌ی ئیجتیهاد‌ی دووه‌م جار هه‌مان پله‌و هێزی ئیجتیهاد‌ی یه‌که‌مجاری هه‌یه و ناتوانێت حوکمی یه‌که‌م جار هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، چونکه بڕیار دراوه‌و لێ بووه‌ته‌وه ، به‌ڵام ده‌بێت له ئایینده‌دا به پێی ئیجتیهاده نوێیه‌که بڕیار بدات و کار بکات.
وه‌کو جارێکیان پێشه‌وا عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب ره‌زای خوای لێ بێت له مه‌سه‌له‌یه‌کی میراتیدا ئیجتیهاد‌ی کرد و به‌جۆرێک به‌شی کرد، پاش ماوه‌یه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌کی هاوشێوه هاته‌وه به‌رده‌می ئه‌مجاره‌یان به جۆرێکی تر و جیاواز له‌جاری رابردوو به‌شی کرد و به‌شی که‌سانێکی دا که هاوشێوه‌کانیان له مه‌سه‌له‌ی یه‌که‌مدا بێ به‌ش کرابوون. جا کاتێک ئه‌وانه‌ی جاری یه‌که‌م بیستیانه‌وه، هاتنه‌وه بۆ لای و داوایانکرد که سه‌رله‌نوێ میراته‌که‌ی ئه‌وانیش به پێی ئه‌م ئیجتیهاده نوێ یه به‌ش بکاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شیان به‌ر بکه‌وێت ، ئه‌ویش له وه‌ڵامیاندا فه‌رمووی: کاری وا ناگونجێت چونکه هه‌ر مه‌سه‌له‌یه و به گوێره‌ی ئیجتیهادێکی تایبه‌ت جێبه‌جێ کراوه و هیچیان ئه‌وی تر هه‌ڵناوه‌شێنێته‌وه.
پوخته‌ی ئه‌م قسانه ئه‌وه‌یه: باسکردنی ئه‌م رێسایه له ئوسوڵی فیقهدا له‌به‌رئه‌وه‌یه که رێساکه باس له ئیجتیهاد و چۆنێتی کارکردن به ئیجتیهاد ده‌کات، پله و پارسه‌نگی ئیجتیهاده جیاوازه‌کان ده‌خاته روو.
له‌به‌رئه‌وه له‌م رووه‌وه رێسای ئیجتیهاد به ئیجتیهادێکی تر هه‌ڵناوه‌شێته‌وه بووه به رێسایه‌کی ئوسوڵی.
له‌به‌رامبه‌ریشدا زانایانی فیقهـ هه‌مان ده‌قیان وه‌کو رێسایه‌کی فیقهی باس کردووه، چونکه ئه‌مان له گۆشه‌نیگایه‌کی تره‌وه سه‌یریان کردووه:
که ئه‌م رێسایه په‌یوه‌ندی به مه‌سه‌له‌و کرداره جۆراو جۆره‌کانی مه‌ردومه‌وه هه‌یه وحوکمی ئه‌و کردار‌و حاڵه‌تانه روون ده‌کاته‌وه که به‌هۆی ئیجتیهاده‌وه هاتوونه‌ته ئاراوه و، هه‌ر یه‌کێک له‌و حوکمانه وه‌کو حاڵه‌تێکی جیا‌و سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت و هیچیان به‌وی تر هه‌ڵناوه‌شێته‌وه وهه‌موویان دروستن.
بۆ نموونه:
که‌سێک له شوێنێکدایه قیبله ده‌ست نیشان نه‌کراوه و، به پێی ئیجتیهاد قیبله دیاری ده‌کات و ده‌ست ده‌کات به نوێژه‌که‌ی و دوایی له رکاعه‌تی دووه‌مدا به‌پێی به‌ڵگه‌یه‌ک ئیجتیهاده‌که‌ی ده‌گۆڕێت وای بۆ ده‌چێت که قیبله به ئاڕاسته‌یه‌کی تره، ئه‌وا رووی خۆی ده‌کاته ئاڕاسته نوێیه‌که، به‌بێ ئه‌وه‌ی نوێژه‌که‌ی ده‌ست پێ بکاته‌وه، چونکه ئه‌م ئیجتیهاده‌ی دووه‌م ئه‌وه‌ی یه‌که‌م به‌تاڵ ناکاته‌وه هه‌ردوو رکاعه‌ته‌که‌ی ته‌واوه.
به گوێره‌ی ئه‌وه‌ی لێره‌دا رێساکه په‌یوه‌ندی به حوکمی مه‌سه‌له‌یه‌کی کرداری فیقهیه‌وه هه‌یه که بریتیه له رووکردنه قیبله، له‌به‌رئه‌وه وه‌کو رێسایه‌کی فیقهی ته‌ماشا کراوه.
بوونی ئه‌م رێسا هاوبه‌شانه وای کردووه که له کتێبه‌کانی رێسا فیقهیه‌کاندا چه‌ندین رێسا له به‌رگی رێسای فیقهیدا باس بکرێن که له زانستی بنچینه‌کانی فیقهیشدا وه‌کو رێسای ئوسوڵی باس کراون، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت که سه‌ره‌ڕای تایبه‌تمه‌ندی و سه‌ربه‌خۆیی هه‌ریه‌ک له رێسای فیقهی و رێسای ئوسوڵی به‌ڵام له هه‌ندێ ڕووه‌وه تێک هه‌ڵکێشی و هاوبه‌شیش به‌دی ده‌کرێت.
پ (12):
ئایا زاراوه‌ی رێسا فیقهیه‌کان (القواعد الفقهیة) ته‌نها زاراوه‌یه که به‌کار هاتووه بۆ رێسا فیقهیه‌کان؟
وه‌ڵام:
زاراوه‌ی رێسا فیقهیه‌کان زاراوه‌یه‌کی باوه و به‌هه‌ریه‌ک له‌م شێوازانه‌ی خواره‌وه ناوی ده‌برێت:
القواعد الفقهیة یان قواعد الفقه الکلیة یان القواعد الکلیة للفقه یان قواعد الفقه که‌مه‌به‌ست هه‌ر رێسا فیقهیه‌کانه.
هه‌روه‌ها زاراوه‌یه‌کی تر به‌کار ده‌هێنرێت که بریتییه له:
الأشباه و النظائر (هاوشێوه‌کان و له‌یه‌کچووه‌کان).
ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ له زانایان به جۆرێک پێناسه‌ی (الأشباه و النظائر)یان کردووه که‌له‌گه‌ڵ رێسا فیقهیه‌کاندا یه‌ک ناگرێته‌وه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی گشتی زانایان زانستی رێسا فیقهیه‌کانیان به زانستی مه‌سه‌له و حوکمه هاوشێوه‌و له‌یه‌کچووه‌کان ناو بردووه‌و له یه‌کیان جیا نه‌کردوونه‌ته‌وه، له‌به‌رئه‌وه کاتێک که ده‌وترێت (الأشباه و النظائر) مه‌به‌ست پێی ئه‌و مه‌سه‌له فیقهیانه‌یه که هه‌مان حوکمی رێسایه‌کی گشتی فیقهیان به‌سه‌ردا ده‌چه‌سپێت.
تێبینی:
1) له‌م به‌شه‌دا سه‌ره‌ڕای سوودوه‌رگرتن له‌و سه‌رچاوانه‌ی له سه‌ره‌تای ئه‌م ده‌روازه‌یه‌دا باسمان کردن، سوودیش له‌م سه‌رچاوانه وه‌رگیراوه:
1) الوجیز في أصول الفقه / د.عبدالکریم زیدان
2)الواضح في أصول الفقه / د. محمد سلیمان الأشقر
3)بابه‌تێک له سایتی(الاسلام الیوم) به‌ناونیشانی: الفرق بین القواعد الأصولیة و الفقهیة
[www.islamtoday.net ]
2) تکایه پێشنیار‌و تێبینی و ره‌خنه‌و پرسیار سه‌باره‌ت به‌م ده‌روازه‌یه، بنێرن بۆ ئه‌م ئیمێڵه:
darwaza@ayna.com
بابه‌تی پێوه‌ندیدار
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان (٥)
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی رێسا فیقهییه‌کان (٣)
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان (٢)
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان (١)