پرسیار : بۆ چی پێغه‌مبه‌ران خوای گه‌وره ڕه‌وانی کردن؟ وه‌ڵام: بۆ ڕاگه‌یاندنی به‌ندایه‌تی و یه‌کتاکپه‌رستی خوا نه‌هیکردن له هاوتا و هاوبه‌ش په‌یداکردن بۆ خوا. به‌ڵگه‌مان له قورئاندا :(وَلَقَدْ بَعَثْنَا فِي كُلِّ أُمَّةٍ رَّسُولاً أَنِ اعْبُدُواْ اللَّهَ وَاجْتَنِبُواْ الطَّاغُوتَ... ) سوره‌تی النحل ئایه‌تی 36 .به‌ڵگه‌مان له سوننه‌تدا: (و الأنبياء إخوة و دينهم واحد) [أي كل الرسل دعوا ٌإلى التوحيد]. متفق عليه.
هه‌ڵه‌كردن له په‌روه‌رده و پێگه‌یاندنی منداڵاندا (*) هه‌رچی سوپاس و ستایشه بۆ خوای گه‌وره‌یه، دروودو سه‌ڵاوات بۆ سه‌ر پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان (صلی الله علیه وسلم) و بۆ سه‌ر ئال و هاوه‌ڵه‌كانیشی. په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ هه‌روا كارێكى ئاسان و هه‌ڕه‌مه‌كی نییه هه‌ركه‌س به بێ زانیارى یاخود به‌بێ شاره‌زایی ئه‌نجامی بدات، به‌ڵكوو كارێكی سه‌خته‌و ئه‌بێ زۆر ورده‌كاری و پابه‌ندبوونی به شه‌رعه‌وه تێدا ڕه‌چاو بكرێ، هه‌روه‌ها ئه‌م بواره زۆر بۆچوون و رای جۆراوجۆریش ئه‌گرێته خۆی، هه‌مووشیان بۆ خزمه‌تكردنی منداڵان و گه‌شه‌كردنی تواناكانیان و فراوانكردنی ئاسۆكانیان و دوورخستنه‌وه‌یانه له خراپه‌كاری. زۆریشن ئه‌وانه‌ى به‌شێوه‌یه‌كی وشك كاری په‌روه‌رده ئه‌نجام ئه‌ده‌ن و ته‌نها كوێرانه لاسایی باوكان و كه‌سانی پێش خۆیان ئه‌كه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش ئاكامێكی خراپی له بواری په‌روه‌رده‌دا لێكه‌وتۆته‌وه، كاریگه‌ری خراپیشی له‌سه‌ر ڕه‌وشت و ئاكاری منداڵ بووه، كه ئێستا خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ی پێوه ده‌تلێته‌وه. به پشتیوانی خوای گه‌وره‌ش له‌م نووسینه‌ماندا ئاماژه به هه‌ندێك هه‌ڵه‌ی گرنگی بواری په‌روه‌رده ئه‌كه‌ین و له چاره‌سه‌رو ڕاستكردنه‌وه‌شیان ئه‌دوێین. ١ ـ به‌گاڵته‌گرتنی كێشه‌ی په‌روه‌رده هه‌ندێ له باوكان و دایكان گرنگییه‌كی ئه‌وتۆ به په‌روه‌رده ناده‌ن، به‌ڵكوو له‌م بواره‌دا هه‌ست به هیچ لێپرسراوییه‌ك ناكه‌ن و منداڵه‌كانیان واز لێ ئه‌هێنن خۆیان چۆن ده‌رچن با واده‌رچن، پێیان وایه په‌روه‌رده‌ی منداڵ ته‌نها به‌ده‌ستخستنی خواردن و خواردنه‌وه‌و جلوبه‌رگ و شوێن و جێ بۆیان ته‌واو ئه‌بێ، بێ ئاگا له‌وه‌ی خوای گه‌وره ئه‌فه‌رموێ: يايها الذين امنوا قوا انفسكم و اهليكم نارا...{التحریم:٦} واته: ئه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه خۆتان و خێزانتان له ئاگر بپارێزن... هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه‌و سلم ئه‌فه‌رموێ:(... والرجل في اهله راع، و مسؤول عن رعيته، والمراة في بيت زوجها راعية و مسؤولة عن رعيتها) متفق علیه. واته: پیاو له خێزانه‌كه‌ی به‌رپرسیارو چاودێره، ژنیش هه‌روه‌ها له ماڵی مێرده‌كه‌ی و به‌رامبه‌ر به منداڵه‌كانی به‌رپرسیارو چاودێره. عه‌لی كوڕی ابی طالبیش خوا لێی رازیبێ ئه‌ڵێ:(علموهم و ادبوهم) واته: مناڵه‌كانتان فێربكه‌ن و په‌روه‌رده‌یان بكه‌ن. هه‌روه‌ها ئیبن و قه‌یم ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت له{ تحفة المودود}دائه‌ڵێ: "هه‌ر كه‌سێك فێركردن و په‌روه‌رده‌كردنی مناڵه‌كه‌ی خۆی پشت گوێخست و ره‌نجه‌ڕۆی كرد، ئه‌وه ئه‌و په‌ڕی خراپه‌ی ده‌رهه‌ق كردووه، زۆر له مناڵان‌یش ئه‌و كاته خراپ بوون كه له‌لایه‌ن باوكان و دایكانیانه‌وه پشتگوێ خران، له مناڵیدا فێری فه‌رزه‌كان و سوننه‌ته‌كانی دینییان نه‌كردن، هه‌ر به بچوكی له ده‌ستیان دان، ئیتر كاتێك ئه‌و مناڵانه گه‌وره بوون نه توانییان له خۆیان كه‌ڵك وه‌ربگرن، نه باوك و دایكیشیان كه‌ڵكیان لێ وه‌رگرتن، هه‌روه‌ك چۆن كاتێك یه‌كێك له باوكان سه‌رزه‌نشتی كوڕه‌كه‌ی خۆی له‌سه‌ر سه‌رپێچیكردن كرد، كوڕه‌كه‌ی له وه‌ڵامی باوكی‌دا وتی: ئه‌ی باوكه! كاتێك من بچووك بووم تۆ له په‌روه‌رده‌و فێركردنمدا كه‌مته‌رخه‌میت كرد، منیش له گه‌وره‌ییم دا سه‌رپێچیم كردى، تۆ به بچووكی منت ره‌نجه‌ڕۆ كرد، منیش له گه‌وره‌یم دا له ده‌ستت ده‌رچووم و له كاتی پیریشدا پشت گوێم خستی". ٢ ـ ڕكێفی باوك و دایك ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ش پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵه‌ی یه‌كه‌مه، ئه‌ویش كاتێك هه‌ندێ له باوك و دایكان هه‌موو ڕه‌فتارێكی منداڵه‌كانیان ئه‌خه‌نه ژێر ڕكێفی خۆیانه‌وه به‌شێوه‌یه‌ك كه‌سایه‌تی منداڵه‌كانیان له‌ناو ئه‌به‌ن و بۆچوونه‌كانیان ده‌ست به‌سه‌رائه‌گرن، بێگومان ئه‌مه‌ش ئه‌بێته هۆی لێكه‌وتنه‌وه‌ی چه‌ند كارێكی خراپ له‌وانه: ١ـ لاوازبوونی كه‌سایه‌تی و متمانه به‌خۆنه‌بوون. ٢ ـ تووش بوون به نه‌خۆشی چوونه‌وه‌یه‌ك و ڕوونه‌هاتن. ٣ ـ لاوازی توانای داهێنان. ٤ـ خراپه‌كاری، به‌تایبه‌تی له كاتی گه‌وره‌ییدا هه‌ست ئه‌كات ئه‌و كۆت و زنجیره‌ی كه له مناڵیدا هه‌یبوو نه‌ماوه، به‌وه‌ش حه‌ز ئه‌كات له هه‌موو كارێكی ڕێك و چاك لابدات هه‌رچه‌نده باش و به سوودیش بێت. ٥ ـ تووشی نه‌خۆشییه ده‌روونی و لاشه‌ییه‌كان ئه‌بێ. په‌روه‌رده‌ی دروست ئه‌وه‌یه كه سه‌ربه‌ستی به منداڵ بدرێ به تایبه‌تی له كاروباری خۆیاندا، له بڕیار ده‌ركردن و ده‌ربڕ‌ینی ئاره‌زوویان و هه‌ڵگرتنی لێپرسراویه‌تی، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته دروست و ئاكاره به نرخانه‌دا بێ كه باوك ودایك بۆ ڕیشه داكوتانیان له ده‌روونی مناڵ دا كاریان بۆ كردووه. ٣ ـ پێشه‌نگیی خراپ و دژ به‌یه‌ك باوك و دایك یه‌كه‌م كه‌سن كه كاریگه‌ری له سه‌ر منداڵی خۆیان دروست ئه‌كه‌ن، منداڵیش زۆرێك له نه‌ریت و ڕه‌وشتی هه‌ر له باوك و دایكه‌وه ده‌ستگیر ئه‌بێ. ئه‌گه‌ر هاتوو باوك و دایك خاوه‌نی ڕه‌وشت و نه‌ریتێكی جوان و ڕێچكه‌و ڕێبازێكی چاك بن، ئه‌وه منداڵه‌كانیش ڕه‌وشت و ئاكاری چاكیان تێدا دروست ئه‌بێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به پێچه‌وانه‌وه دژایه‌تی خۆیان كرد بڕیاری شتێكیان دا‌و پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یان كرد، ئه‌وه ئه‌و كاره‌یان جێ ده‌ستێكی خراپ له‌سه‌ر مناڵه‌كانیان جێ ئه‌هێڵێ. "دژایه‌تیش وه‌ك: باوك و دایك به منداڵه‌كانیان بڵێن درۆ مه‌كه‌ن كه‌چی خۆیان درۆ بكه‌ن، به منداڵ بڵێن ئه‌مانه‌ت بپارێزه كه‌چی خۆیان دزی و خیانه‌ت بكه‌ن، یان به منداڵ بڵێن به وه‌فابن كه‌چی خۆیان سته‌م بكه‌ن، یان پێیان بڵێن چاكبن و سیله‌ی ڕه‌حم به‌جێ بهێنن كه‌چی خۆیان سه‌رپێچی باوك و دایكیان بكه‌ن، "یان فه‌رمان بده‌ن به منداڵیان نوێژ بكه‌ن كه‌چی خۆیان نوێژ نه‌كه‌ن، یان جگه‌ره نه‌كێشن كه‌چی خۆیان جگه‌ره كێش بن، به‌م دژایه‌تییه مناڵ باوك و دایكی له‌به‌ر چاو ئه‌كه‌وێ و قسه‌و ئامۆژگارییه‌كانیان له‌لاى ئه‌و هیچ نرخێكیان نامێنێ، خوای گه‌وره ئه‌فه‌رموێ: اتامرون الناس بالبر وتنسون انفسكم وانتم تتلون الكتاب افلا تعقلون {البقره:٤٤}. واته: ئایا فه‌رمان به چاكه به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا ئه‌ده‌ن؟ وه خۆتان فه‌رامۆش ئه‌كه‌ن! له كاتێكا ئێوه خۆتان ده‌وره‌ی په‌ڕاوه‌كه(ته‌ورات) ئه‌كه‌نه‌وه! ئایا هێشتا تێ ناگه‌ن. پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه‌و سلم ئه‌فه‌رموێ: (له ڕۆژیی دواییدا پیاوێك ده‌هێنرێ و فڕێ ده‌درێته ناو ئاگره‌وه، دۆزه‌خیه‌كان كۆمه‌ڵی لێ ئه‌كه‌ن و پێی ئه‌ڵێن: فڵان ئه‌وه چیته؟ ئایا تۆ فه‌رمانت نه‌ئه‌كرد به چاكه‌و به‌رگریت نه ئه‌كرد له خراپه؟ فڵان ئه‌ڵێ: به‌ڵێ، من فرمانم ئه‌كرد به چاكه‌و خۆم نه‌م ده‌كرد، به‌رگریشم له خراپه ئه‌كردو خۆم ده‌م كرد) متفق علیه. ٤ ـ دڵڕه‌قی پێویسته له‌سه‌ر باوك و دایك له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیاندا به به‌زه‌یی و نه‌رمونیان بن، ئه‌مه‌ش سوننه‌تی هه‌ڵسوكه‌وتی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) بووه له‌گه‌ڵ منداڵاندا، له ئه‌بووهوره‌یره‌وه خوا لێی رازیبێ وتی: پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه‌و سلم) حه‌سه‌نی كوڕی عه‌لی ماچ كرد، ئه‌قره‌عی كوڕی حابسیش له لاى بوو، جا ئه‌قره‌ع وتی: من ده مناڵم هه‌یه‌و هیچیانم ماچ نه‌كردووه، پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم سه‌یری كرد‌و وتی: (من لا يرحم لا يرحم) واته: (هه‌ر كه‌سێك به‌به‌زه‌یی نه‌بێ، كه‌س له‌گه‌ڵی به به‌زه‌یی نابێ). له عائیشه‌وه خوا لێی رازیبێ وتی: هه‌ندێك عه‌ره‌بی ده‌شته‌كی هاتنه لای پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه‌و سلم) و وتیان: ئایا ئێوه منداڵه‌كانتان ماچ ئه‌كه‌ن؟ وتی: به‌ڵێ. وتیان: به‌ڵام ئێمه به خوا ماچیان ناكه‌ین، پێغه‌مبه‌ریش (صلی الله علیه‌و سلم) وتی: جا من چی بكه‌م، ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره به‌زه‌یی له دڵتان داماڵیبێ. متفق علیه دڵڕه‌قی و توندوتیژی له سزاداندا بیركردنه‌وه‌یه‌كی شڵه‌ژاو به‌رهه‌م ئه‌هێنێ، به جۆرێك ئه‌و كه‌سه نه‌توانێ كاروباری خۆشی ببات به‌ڕێوه چ جای خه‌ڵكانی تر. له سه‌رده‌می ڕابردوودا وا بڵاوبوو كه دڵڕه‌قی و لێدانی توند منداڵ به‌هێزو مه‌ردو ئازا ئه‌كات و به‌وه‌ش هه‌ست به لێپرسراوییه‌تی ئه‌كه‌ن و پشت به خۆیان ئه‌به‌ستن، ده‌ریش كه‌وت ئه‌و بۆچوونه هه‌ڵه‌یه، چونكه دڵڕه‌قی كاریگه‌ری به ئازار‌و خراپ له‌سه‌ر منداڵ جێ ئه‌هێڵێ و منداڵ به‌ره‌و عینادی و شه‌ڕه‌نگێزى ئه‌بات، ئه‌شبێته به‌ربه‌ستێك له‌به‌رده‌م گه‌شه‌ی بیر‌و هۆشی مناڵ و به‌رده‌وام هه‌ست به‌كه‌می و سوكی و بێ ڕێزی بكه‌ن. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ كه به هیچ شێوه‌یه‌ك سزا نه‌بێ، به‌ڵكوو ئه‌بێ سزا هه‌ر هه‌بێ، به‌ڵام به‌مه‌رجێك له سنووری سۆز‌و نه‌رمونیانی ده‌رنه‌چێ. ٥ ـ چاوپۆشیكردن له خراپه‌كاری هه‌ر وه‌ك چۆن دڵڕه‌قی ئه‌نجامێكی خراپی ئه‌بێ، به هه‌مان شێوه‌ش چاوپۆشیكردن و بێباكیش له لایه‌نه خراپه‌كانی منداڵ ئه‌نجامی خراپی ئه‌بێ، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له‌و هه‌ڵه گه‌ورانه‌ی كه زۆربه‌ی باوك و دایك تێی ئه‌كه‌ون، هه‌نجه‌تیشیان ئه‌وه‌یه ئه‌ڵێن: جارێ منداڵن كه گه‌وره بوون وا ناكه‌ن. به‌ڵام ئه‌مه ڕاست نییه، "چونكه هه‌ركه‌سێك به بچووكی له‌سه‌ر شتێك ڕاهات ئه‌وا ناڕه‌حه‌ت ئه‌توانێ له گه‌وره‌یدا وازی لێ بهێنێ، " ئیبن و قه‌یم ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت له ([تحفة المودود)دا ئه‌ڵێت :("چه‌نده‌ها كه‌س بوونه مایه‌ی نه‌گبه‌تی جگه‌رگۆشه‌كانیان له دنیا‌و دواڕۆژدا، ئه‌ویش به پشت گوێ خستنیان و په‌روه‌رده نه‌كردنیان و هاریكاری كردنیان له شوێنكه‌وتنی ئاره‌زووه‌كانیاندا، پێیان وایه منداڵه‌كه‌یان به‌وه به‌ڕێز ئه‌بن، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه سووك و بێ‌ڕێز بوون، وا ئه‌زانن به‌سۆزو به به‌زه‌یی له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌یان جوڵاونه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌وه سته‌میان لێكردوون‌و مه‌حروومیان كردوون، به‌وه‌ش منداڵه‌كه‌یان له ده‌ست دا‌و به‌دبه‌ختی دنیا‌و دواڕۆژیان كردن، ئه‌گه‌ر له خراپه‌كاری منداڵانیش بڕوانی ئه‌بینی زۆربه‌یان به‌هۆی باوك و دایكه‌وه بووه"). گه‌وره‌ترین چاوپۆشیكردن یان ئاسانكردن له‌گه‌ڵ منداڵدا هاننه‌دان و بایه‌خ نه‌دانه به نوێژه‌كانیان، پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه‌و سلم) ئه‌فه‌رموێ: (له ته‌مه‌نی٧ ساڵی فه‌رمان به مناڵه‌كانتان بكه‌ن نوێژ بكه‌ن، له ته‌مه‌نی١٠ ساڵی له‌سه‌ر نوێژكردن لێیان ده‌ن و جێگه‌ی خه‌وتنیشیان لێك جیا بكه‌نه‌وه.) رواه أحمد و أبوداود و حسنه الالباني. "ئه‌و باوكه‌ی بۆ خۆی ئه‌چێ بۆ مزگه‌وت و منداڵه‌كه‌ی له خه‌و خه‌به‌رناكاته‌وه یان وازی لێ ئه‌هێنێ یاری بكات، ئه‌وه هه‌ڵه‌یه، "وه‌ك خوای گه‌وره ئه‌فه‌رموێ: و امر أهلك بالصلا‌ة و اصطبر علیها {طه:١٣٢}، واته: (فه‌رمان به‌سه‌ر خێزانه‌كه‌تدا بده تا نوێژ بكه‌ن، له‌سه‌ر ئه‌وه به ئارام به‌و با به به‌رده‌وامی له كاتی خۆیدا نوێژه‌كانیان بكه‌ن.) هه‌روه‌ها ئه‌بێ باوك و دایك نه‌هی له منداڵه‌كانیان بكه‌ن تا گوێ له مۆسیقا‌و گۆرانی نه‌گرن و خۆیان به كافران نه چوێنن له جلوبه‌رگدا و لاسایی نه‌ریت و ئاكاریشیان نه‌كه‌نه‌وه، هه‌روه‌ها نه‌هییان لێ بكات كه به هونه‌رمه‌نده‌كان موعجیب نه‌بن، ئه‌وانه‌ی به‌رده‌وام خراپه‌ئه‌كه‌ن و چاكه ناكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌ت دروست بكه‌و به‌شێوه‌یه‌كی نه‌رمونیان له‌گه‌ڵی هه‌وڵبده، هه‌روه‌ها به هێواشی قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌و قایلی بكه. ٦ ـ پشتگوێخستنی واقیع له‌و هه‌ڵانه‌ی تر كه له په‌روه‌رده‌دا ئه‌نجام ئه‌درێ پشتگوێخستنی واقیعی ئێستایه‌و قه‌تیس خواردنه له شێوه‌و شێوازی كۆندا، هه‌روه‌ها نه‌كردنی هیچ تازه‌كارییه‌كه كه له‌گه‌ڵ داواكارییه‌كانی ئه‌مڕۆماندا بگونجێ، بۆنموونه سه‌رپه‌رشتیاری منداڵ ئه‌گه‌ر به ته‌نها بایه‌خ بدات به مه‌له‌كردن و نیشانه‌شكاندن و سوارچاكی، به‌ڵام واز له چالاكییه تازه‌كانی تر بهێنێ كه ئه‌مڕۆ داواى ئه‌كات، وه‌ك زانیارییه‌كانی كۆمپیوته‌ر، فێربوونی زمانی بێگانه، چۆنیه‌تی وتار خوێندنه‌وه و نووسین، هه‌روه‌ها راهێنان له‌سه‌ر یه‌كێك له‌و یارییه تازانه‌ی كه فێری به‌رگریكردن له خۆی تێدا ئه‌كرێ... هتد، گرنگی نه‌دانیش به‌م لایه‌نه تازانه وا ده‌كات منداڵ له هاوڕێكانی خۆی دوا بكه‌وێت ئه‌مه‌ش ئه‌بێته هۆی دروست بوونی هه‌ست به‌كه‌می له منداڵداو به‌جێ مانیان له هاوڕێكانیان چونكه ئه‌وان له چاو ئه‌ودا له زۆرێك له بواره‌كانی ژیاندا سه‌ركه‌وتنیان به ده‌ستهێناوه. ٧ ـ دان پیانه‌نان به هه‌ڵه‌دا چه‌ند له ئێمه منداڵه‌كانی سزا داوه‌و زوڵمیشی لێكردوون؟ چه‌ند له ئێمه منداڵه‌كانی تاوانبار كردووه‌و بێ‌تاوانیش بوون؟ چه‌ند له ئێمه له منداڵه‌كانی داوه له‌سه‌ر بیستنی هه‌واڵێكی ناڕاست؟ دوای ئه‌وه‌ش كه باوك و دایك بۆیان ده‌رئه‌كه‌وێ له هه‌قی منداڵه‌كه‌یاندا هه‌ڵه بوون داوای لێبووردن ناكه‌ن، وه‌كو منداڵه‌كه‌یان خاوه‌نی هیچ هه‌ق و ڕێز‌و هه‌ستێكی نه‌بێ. بێگومان ئه‌مه‌ش هه‌ڵسوكه‌وتێكی هه‌ڵه‌یه، ئه‌بێته هۆی چاندنی ئاكاری خراپ له ده‌روونی منداڵدا، وه‌كو خۆبه‌زل زانین، له خۆبایی بوون، ده‌مارگیری ئه‌گه‌ر بۆچوونه‌كانیشیان هه‌ڵه بێت، به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر هه‌ڵه و... هتد. "هه‌ڵسوكه‌وتی دروست ئه‌وه‌یه كه باوك و دایك هه‌ڵه‌یان كرد پۆزش بۆ منداڵه‌كانیان بهێننه‌وه، به‌وه‌ش باوك و دایك هه‌ڵه‌كه‌یان ئه‌گۆڕن بۆ هه‌ڵسوكه‌وتێكی باش، "ئه‌شبێته هۆی چاندنی ئاكاری چاك له مناڵ‌دا، وه‌كو خۆ به كه‌م زانین له ئاست هه‌قدا، دان نان به هه‌ڵه‌دا، لێبووردن له كاتی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌سانی تردا. ٨ ـ تاكڕه‌وی له ده‌ركردنی بڕیاردا به‌ڵگه نه‌ویسته باوك سه‌رپه‌رشتیارو ڕاگرو لێپرسراوی خێزانه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ به ته‌نها هه‌موو بڕیاره‌كان ده‌ربكات به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ حسابێك بۆ ماڵ و منداڵی بكات، ئه‌مه‌ش ئه‌بێته هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی گیانی زاڵبوون له ناو منداڵه‌كاندا، منداڵه گه‌وره‌كانیش به‌سه‌ر منداڵه بچووكه‌كاندا خۆیان فه‌رز ده‌كه‌ن و به‌و شێوه‌یه ده‌كه‌ن كه باوكیان له‌گه‌ڵیاندا ئه‌یكات. به نموونه باوكێك هه‌بوو له ڕۆژانی پشوودا ژن و منداڵه‌كانی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌برد، كه‌سیشییان نه‌یان ئه‌زانی بۆ كوێیان ئه‌بات، ئه‌گه‌ر یه‌كێكیشیان پرسیاریان لێ بكردایه بۆ كوێ ئه‌ڕۆین، ئه‌وه سزای هه‌موویانی ئه‌داو ئه‌یگه‌ڕاننه‌وه بۆ ماڵه‌وه و بێ به‌شی ئه‌كردن له‌و سه‌یرانه‌ی كه چه‌ندێك بوو چاوه‌ڕێیان ئه‌كرد، به مه‌رجێك نه‌شیان ئه‌زانی سه‌یرانه‌كه چۆنه. جا ئایا چاكتر نه‌بوو باوكه‌كه ژن و منداڵه‌كانی كۆبكردایه‌ته‌وه‌و راوێژی پێ بكردنایه بۆ ئه‌و شوێنه‌ی حه‌زیان لێیه بیانبات، وه‌چی له كیس ئه‌چوو ئه‌گه‌ر وای بكردایه؟ به‌ڵام ئه‌مه نموونه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه خۆیان له‌وه‌دا ئه‌بیننه‌وه كه حساب بۆ غه‌یری خۆیان نه‌كه‌ن. ٩ ـ ڕێزگرتنی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كه‌سانی تر پێویسته منداڵه‌كانمان فێری ڕێزلێگرتنی تایبه‌تمه‌ندییه‌كان بكه‌ین، هه‌تاوه‌كو بتوانن فه‌زای خۆیان له‌و فه‌زایانه جیابكه‌نه‌وه كه خه‌ڵكی تر تێدایدا ئه‌ژین. قورئانیش ئاراسته‌مان ئه‌كات كه منداڵه‌كانمان و هه‌ر كه‌سێكی تریش كه له ماڵه‌كانماندان فێری مۆڵه‌ت وه‌رگرتن ببن، پێویسته‌له كاتی پشووداو له‌و كاتانه‌دا كه خه‌ڵك چاوه‌ڕێی كه‌س ناكات له هاتنه ژووره‌وه بۆ لاى دایك و باوك مۆڵه‌ت وه‌ربگرن. "هه‌ر یه‌ك له دایك و باوك له‌سه‌ریانه به تایبه‌تی دایك منداڵه‌كه‌ی فێری مانا‌و سنووری تایبه‌تمه‌ندی غه‌یری خۆی بكات، به‌بێ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن خۆیان به ژووری كه‌سی تردا نه‌كه‌ن، "هیچ شتێكی داخراویش كه هی خۆی نه‌بوو نه‌كاته‌وه هه‌رچه‌نده له‌و ماڵه‌شدا بژی یان له هه‌ر جێگه‌یه‌كی تر كه زۆر تێیدا ژیاوه ئیتر ئه‌و شته ده‌رگا یان ساردكه‌ره‌وه یان په‌ڕتوك یان سندووق یان هه‌ر شتێكی تر بێت. هه‌ندێك له ماڵ و خێزانه‌كان ڕێزگرتن له تایبه‌تمه‌ندی تێدا نه‌ماوه، بۆیه منداڵه‌كان گوێ به مافی غه‌یری خۆیان ناده‌ن و هه‌ڕه‌مه‌كی و بێ ئسوڵ و شه‌ڕه‌نگێز ده‌رچوون. "له‌سه‌ر باوك و دایكه سه‌ره‌تا خۆیان ڕێز له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی منداڵه‌كانیان بگرن، پێش ئه‌وه‌ی بچنه ژووره‌كانیان له ده‌رگا بده‌ن،" نهێنییه‌كانیان بپارێزن، هه‌ڵه یان تاوانێك كردبێتیان پێیانه‌وه نه‌لكێنن و سه‌تریان بكه‌ن، ئه‌گه‌ر له ئیشێكدا سه‌ركه‌وتنیان به ده‌ست نه‌هێنا چاوپۆشی‌یان لێ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر خۆیان وایان كرد، ئه‌وه سه‌ركه‌وتوو ئه‌بن له‌وه‌ی منداڵه‌كانیان فێری ڕێزگرتن له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی غه‌یری خۆیان بكه‌ن. ١٠ ـ دوورخستنه‌وه "باوك و دایكی واهه‌ن شه‌رم ئه‌كه‌ن له‌وه‌ی منداڵه‌كانیان به‌شداری له مه‌جلیسی كه‌سی گه‌وره‌دا بكه‌ن، هه‌ر كاتێك منداڵه‌كه‌شیان بیه‌وێت بێته مه‌جلیسی گه‌وره‌كانه‌وه ئه‌وه ده‌ریان ئه‌كه‌ن و به‌توندی دووریان ئه‌خه‌نه‌وه. " بێگومان پێویسته هه‌ندێ جار مۆڵه‌ت به منداڵ بدرێ تا له مه‌جلیسی له خۆیان گه‌وره‌تردا به‌شداری بكه‌ن، تا لێیانه‌وه فێرببن و كه‌ڵك له تاقی كردنه‌وه‌و به‌سه‌رهاته‌كانیان وه‌ربگرن، بوخاری و موسلیم ریوایه‌تیان كردووه، كه خواردنه‌وه‌یه‌كیان بۆ پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه‌و سلم) هێنا، ئه‌ویش لێی خوارده‌وه، له‌لای ڕاستیشییه‌وه مناڵێك دانیشتبوو له هه‌موو مه‌جلیسه‌كه بچووكتر بوو، له‌لاى چه‌پیشییه‌وه پیره‌كان دانیشتبوون، به منداڵه‌كه‌ی فه‌رموو: ئیزنم ئه‌ده‌ی پێش تۆ بیده‌م به وان؟ منداڵه‌كه وتی: به خوا ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا جێ ده‌می تۆ به‌شی خۆمه‌و ئه‌و به‌شه‌ش ناده‌م به كه‌س، ئیتر پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه‌و سلم) دای به ده‌ستییه‌وه. به‌م شێوه‌یه پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه‌و سلم) و هاوه‌ڵه‌كانی خوا لێیان رازی بێ مكوڕ بوون له‌سه‌ر ئاماده‌بوونی منداڵانی هاوه‌ڵان له هه‌ندێ كۆڕی گه‌وراندا، "چونكه له گرنگترین ئامانجی په‌روه‌رده له ئیسلامدا ئه‌وه‌یه كه مناڵان پێ بگه‌یه‌نێ تا سبه‌ینێ ببنه پیاوی ئوممه‌ت، "هه‌روه‌ها باوك و دایك پشت به مناڵه‌كانیان ببه‌ستن له پێناو بونیادنانی كه‌سایه‌تی به‌هێزو سه‌ربه‌خۆ كه پشتی پێ ببه‌سترێ، بۆیه به‌رنامه‌ی ئیسلامی به‌ربه‌ست دروست ناكات بۆ به‌شداری كردنی مناڵ و ئاماده‌بوونی له‌گه‌ڵ گه‌وره‌كان و كۆڕی قسه‌یان، چونكه وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا ئه‌وه ئه‌بێته فراوان كردنی مێشكیان و گه‌شه پێدانی تواناكانیان و به‌رزبوونه‌وه‌ی وره‌یان. دوورخستنه‌ی منداڵ له كۆڕی گه‌وره شێوازێكی په‌روه‌رده‌ی سه‌قه‌ت و خراپه، هه‌ر كاتێك نه‌هێڵرا منداڵ تێكه‌ڵی گه‌وره بكات و ته‌نها مناڵان له‌ناو یه‌كدا و به‌یه‌كه‌وه خه‌ریك بوون ئه‌وه مانا گه‌وره‌كانیان لا دروست نابێ و ته‌نها شتی بێ بایه‌خ له یه‌كه‌وه فێرئه‌بن و زۆر جاریش شه‌یتانه‌كان باوه‌شیان بۆ ئه‌كه‌نه‌وه‌و فێری شه‌ڕه‌نگێزی و كاری خراپیان ئه‌كات. وآ‌خر دعوانا ان الحمد لله رب العالمین. ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ (*) له بڵاوكراوه‌كانی (مدار الوطن للنشر ـ الریاض) وه‌رگێڕانی به ده‌ستكارییه‌وه: دایكی عه‌لی
بۆ باوكان و دایكان ..٥٢ مامۆستا بۆ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵان
ئه‌گه‌ر کۆمپیوته‌ره‌که‌ت سیسته‌می نووسینی کوردیی سۆرانی تێدا نییه، کرته‌ی ئێره بکه (ته‌خته‌کلیلی کوردی).