سه‌ره‌تا
:: فیقهـ و زانسته‌كانی
:: ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهیه‌كان
چاپی بکه
لێدوان بنێره
بینێره بۆ هاوڕێکه‌ت
له‌لایه‌ن: : باوكی سه‌لاحه‌ددین |
خوێنراوه‌ته‌وه : ٢٨٢ |
ڕێكه‌وت : ٢٠٠٧/ ٤/١٢ |
ئه‌م وتاره پاشه‌كه‌وت بكه
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان (٥)
پ (١٣):
سه‌رچاوه‌ی دانانی رێسا فیقهیه‌کان چییه؟ یان بڵێین رێسا فیقهیه‌کان له کوێوه وه‌رگیراون؟
وه‌ڵام:
سه‌رچاوه‌کانی وه‌رگرتنی رێسا فیقهیه‌کان بریتین له:
١) ده‌قه‌کانی قورئان یان سوننه‌ت.
هه‌ندێ له رێسا فیقهیه‌کان راسته‌وخۆ له ده‌قێک یان زیاتر له ده‌قێکی قورئان یان سوننه‌ت، یان له هه‌ردووکیانه‌وه وه‌رگیراون.
بۆ نموونه:
رێسای(الضرورات تبیح المحظورات): پێویسیتییه ناچارییه‌کان مایه‌ی رێ پێدانی قه‌ده‌غه‌کراوه‌کانن.
ئه‌م رێسایه له‌ده‌قی ئه‌م ئایه‌ته قورئانیه و ده‌قه هاوشێوه‌کانیه‌وه وه‌رگیراوه:
خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: (فَمَنِ اضْطُرَّ غَيْرَ بَاغٍ وَلاَ عَادٍ فَلا إِثْمَ عَلَيْهِ ) البقرة ١٧٣
واته: ئینجا هه‌رکه‌سێک ناچار بوو – به خواردنی یه‌کێک له‌و شته حه‌رامانه- به بێ یاخی بوون و ده‌رچوون له سنوور ئه‌وه هیچ گونا‌هێکی له‌سه‌ر نییه.
ئه‌م ده‌قه قورئانیه به‌شێکه له‌و ئایه‌ته‌ی باس له حه‌رامکردنی خواردنی مرداره‌وه بوو و خوێن و چه‌ند شتێکی تریش ده‌کات، دوابه‌دوای باسی حه‌رامبوونی ئه‌وشتانه هاتووه‌و ئه‌وه‌ی روون کردووه‌ته‌وه که له حاڵه‌تی ناچاریدا دروسته به ئه‌ندازه‌ی ناچاریه‌که له‌و شته حه‌رامانه بخورێت.
نموونه‌ش بۆ وه‌رگرتنی رێسایه‌کی فیقهی له ده‌قێکی سوننه‌ته‌وه:
رێسای (الأمور بمقاصدها ) : کاروباره‌کان به پێی نیازه‌کانیانن.
له فه‌ر‌مووده‌ی (إنما الأعمال بالنیات ) ه‌وه وه‌رگیراوه.
٢) ئیجماع:
سه‌رچاوه‌ی هه‌ندێ له رێسا فیقهیه‌کان بریتییه له ئیجماع، وه‌کو رێسای (الاجتهاد لا ینقض بالاجتهاد ) یان (الاجتهاد لا ینقض بمثله ).
ئه‌م رێسایه ئیجماعی له‌سه‌ره.
٣) مه‌سه‌له‌و حوکمه فیقهیه هاوشێوه‌کان:
زانایان کاتێک له مه‌سه‌له و حوکمه فیقهیه‌کان وردبوونه‌ته‌وه و، له‌وه کۆڵیونه‌ته‌وه که حوکمه ئیجتیهادیه‌کان بگه‌ڕێننه‌وه بۆ به‌ڵگه‌کانیان وهه‌ریه‌که‌یان به به‌ڵگه‌ی خۆیه‌وه گرێ بده‌ن، هه‌روه‌ها له رێی لێکدانه‌وه‌ی هۆیه‌کانی مه‌سه‌له جۆراو جۆره‌کان و پێوانه کردنیان له‌سه‌ر یه‌کتری و شیته‌ڵکردنی لایه‌نه جیاوازه‌کانی هه‌ر یه‌کێک له‌و مه‌سه‌لانه، له ئاکامی ئه‌م کارانه‌یاندا گه‌یشتوونه‌ته ئه‌وه‌ی که‌زۆرێک له حوکمه‌کان هاوشێوه‌ن و یه‌ک واتای گشتی به‌سه‌ریاندا ده‌چه‌سپێت و له‌م روانگه‌یه‌وه رێساکانیان داناوه.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که ئه‌و رێسایانه‌ی به‌م جۆره له مه‌سه‌له هاوشێوه‌کانه‌وه وه‌ه‌رگیراون به‌ڵگه‌ی شه‌ر‌عییان له‌سه‌ر نه‌بێت، چونکه هه‌ر یه‌کێک له حوکمی ئه‌و مه‌سه‌لانه پشت ئه‌ستووره به به‌ڵگه‌یه‌کی شه‌رعی ئیتر ئایا به‌ڵگه‌ی قورئان بێت یان سوننه‌ت یان ئیجماع یان پێوانه کردن یان هه‌ر به‌ڵگه‌یه‌کی په‌سه‌ندی شه‌رعی تر بێت.
واته ئه‌گه‌ر چی راسته‌وخۆ رێساکه له به‌ڵگه شه‌رعیه‌که‌شه‌وه وه‌رنه‌گیرابێت، به‌ڵام کاتێک به وردی ته‌ماشا ده‌که‌ین بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که رێساکان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ر ئه‌و به‌ڵگه شه‌رعیانه‌ی که هه‌ریه‌که له‌و مه‌سه‌له هاوشێوانه‌ی لێوه وه‌رگیراوه.
هه‌روه‌کو له نموونه‌ی رێسای (ماجاز لعذر بطل بزواله ) دا بۆمان ده‌رکه‌وت، ئه‌گه‌ر چی راسته‌وخۆ له ده‌قێکی قورئان یان سوننه‌ته‌وه وه‌رنه‌گیراوه، به‌ڵام ئه‌و حوکمه فیقهیانه‌ی به‌سه‌ریاندا چه‌سپاوه و ده‌کرێت بڵێین لێیانه‌وه وه‌رگیراوه، هه‌ریه‌که‌یان پشت ئه‌ستورن به به‌ڵگه‌یه‌کی شه‌رعی که ئه‌م رێسایه ساغ ده‌که‌نه‌وه.
پ (١٤):
گرنگی زانستی رێسا فیقهیه‌کان وسووده‌کانی زانینی رێسا فیقهیه‌کان روون بکه‌ره‌وه !
وه‌ڵام: له پێشه‌کی ئه‌م ده‌روازه‌یه‌دا که‌مێک باسمان له‌گرنگی و بایه‌خ و سوودی ئه‌م زانسته کرد، به‌ڵام جێی خۆیه‌تی لێره‌دا تیشکی زیاتر بخه‌ینه سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره‌یه.
زانستی رێسا فیقهیه‌کان زانستێکی پڕ بایه‌خه و زانایانیش ئاماژه‌یان به‌م راستییه کردووه و گرنگی و سووده‌کانیان باس کردووه.
بۆ نموونه زانای پایه‌دار (القرافي) که ناوی(شهاب ا‌لدین أبو العباس أحمد بن ادریس)ه‌و یه‌کێکه له زانایانی مه‌زهه‌بی مالیکی و خه‌ڵکی میسره‌و له‌ساڵی ٦٨٤ ک کۆچی دوایی کردووه و، خاوه‌نی چه‌ندین په‌ڕتوکه له بواری فیقهـ و ئوسوڵدا، ده‌رباره‌ی گرنگی و پله‌و پایه‌ی ئه‌م زانسته دواوه و له پێشه‌کی په‌ڕتوکی (الفروق)دا کاتێک باس له بنچینه‌کانی شه‌ریعه‌ت ده‌کات و ده‌یکات به‌دوو به‌شه‌وه، به‌شی یه‌که‌م باس له رێسا ئوسوڵیه‌کان ده‌کات و پاشان دێته سه‌ر به‌شی دووه‌م که رێسا فیقهیه‌کانه و سه‌باره‌ت به گرنگییان ده‌ڵێت:
( "والقسم الثاني: قواعد کلیة فقهیة جلیلة کثیرة العدد عظیمة المدد مشتملة علی أسرار الشرع و حکمه ، لکل قاعدة من الفروع في الشریعة ما‌لا یحصی...
وهذه القواعد مهمة في الفقه عظیمة النفع ، و بقدر الاحاطة بها یعظم قدر الفقیه و یشرف و یظهر رونق الفقه ویعرف و تتضح مناهج الفتوی وتکشف ..) "
واته: به‌شی دووه‌م: بریتییه له کۆمه‌ڵێک رێسای گشتی فیقهی مه‌زن که ژماره‌یه‌کی زۆرن و سوودی گه‌وره‌یان هه‌یه و نهێنی وحیکمه‌ته‌کانی شه‌رعیان له‌خۆ گرتووه، هه‌ر یه‌کێک له‌م رێسایانه ژماره‌یه‌کی بێ ئه‌نداز لق و به‌شیان له شه‌ریعه‌تدا هه‌یه...
ئه‌م رێسایانه رێساگه‌لێکی گرنگن له فیقهدا و بایه‌خ و سوودی گه‌وره‌یان هه‌یه و، به ئه‌ندازه‌ی ئاگادار بوونی فیقهزان لێیان، پله‌و پایه و رێزی گه‌وره‌تر ده‌بێت و، به هۆیانه‌وه ره‌ونه‌قی فیقهـ ده‌رده‌که‌وێت و ده‌زانرێت، هه‌روه‌ها به‌رنامه‌کانی فه‌توا روون ده‌بنه‌وه‌و ئاشکرا ده‌بن..).
زانایان هێنده زانینی ئه‌م رێسایانه‌یان به‌لاوه گرنگ بووه ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان وتویانه:
(الفقه معرفة النظائر): فیقهـ برتیییه له زانینی مه‌سه‌له له‌یه‌ک چووه‌کان، واته ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی له ژێر یه‌ک حوکمی گشتی و له‌ناو یه‌ک چوارچێوه‌دا کۆ ده‌بنه‌وه، که ئه‌مه‌ش واتای رێسا فیقهیه‌کان ده‌گرێته‌وه.
دوابه‌دوای باسکردنی ئه‌م وته به‌نرخانه سه‌باره‌ت به زانستی رێسا فیقهیه‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ین سوود و بایه‌خی ئه‌م رێسایانه له چه‌ند خاڵێکدا بخه‌ینه روو:
١) خوێندنی رێسا فیقهیه‌کان و له‌به‌رکردنیان، ئاسانترین رێگه‌یه بۆ زانینی حوکمی مه‌سه‌له به‌شییه فیقهیه‌کان (أحکام الجزئیات الفقهیة) و یادکه‌وتنه‌وه‌یان به ئاسانی له‌کاتی پێویستدا، چونکه رێساکان حوکمێکی گشتگیرن و هه‌موو وێنه له‌یه‌ک چووه‌کانیان له خۆیاندا کۆکردووه‌ته‌وه.
له‌کاتێکدا فێربوون و خوێندنی یه‌ک به‌یه‌کی مه‌سه‌له و حوکمه‌کان هه‌ریه‌که به جیا کارێکی ئاسان نییه و بیرکه‌وتنه‌وه‌شیان هه‌ر یه‌که‌و له شوێنی خۆیدا شتێکی قورسه.
هه‌روه‌کو (القرافي) له‌م باره‌یه‌وه وتویه‌تی: ("ومن ضبط الفقه بقواعده استغنی عن حفظ أکثر الجزئیات لاندراجها في الکلیات " ).
واته: هه‌ر یه‌کێک زانستی فیقهـ له رێی رێساکانییه‌وه تێبگات و زه‌بتی بکات، ئه‌وا پێویستی به‌وه نابێت که زۆربه‌ی به‌ش و ورده‌کاریه‌کان له‌به‌ر بکات؛ چونکه ئه‌مانه ده‌چنه‌وه چوارچێوه‌ی مه‌سه‌له گشتییه‌کان.
٢) ئه‌گه‌ر فێرخوازی فیقهـ ته‌نها بایه‌خ به‌مه‌سه‌له به‌شی یه‌کان و لقه فیقهیه‌کان بدات، له‌وانه‌یه هه‌ندێ جار وا بزانێت دژیه‌کیه‌ک له نێوان مه‌سه‌له‌کاندا هه‌بێت یان نه‌توانێت به‌ته‌واوی مه‌سه‌له‌کان به‌یه‌که‌وه ببه‌ستێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رێسا فیقهیه‌کانی زانی و له‌بیری بوون و هه‌رمه‌سه‌له‌یه و هه‌ر لقێکی خسته‌وه چوارچێوه‌ی رێسای گونجاوی خۆی ئیتر ئه‌و کات هیچ نه‌گونجانێک به‌دی ناکات و به‌ڵکوو به‌رێک وپێکی له‌مه‌سه‌له‌کان تێ ده‌گات.
٣) زانینی رێسا فیقهیه‌کان هۆکارێکی یاریده‌ده‌ره بۆ زانایان تاوه‌کو له‌رێیانه‌وه حوکمی ئه‌و مه‌سه‌له و رووداوانه بزانن که دێنه ئاراوه‌و زانایانی پێش خۆیان باسیان نه‌کردوون و هیچیان له باره‌وه نه‌وتووه.
هه‌روه‌ها خوێندنی رێساکان به‌هره‌و توانای فیقهی لای فێرخوازان و توێژیارانی بواره فیقهیه‌کان دروست ده‌کات و توانای تێگه‌یشتن و ده‌ر‌هێنانی حوکمی فیقهی مه‌سه‌له نوێیه‌کانیان له‌لا زیاد ده‌کات.
٤) زانینی رێسا فیقهیه‌کان به‌تایبه‌تی رێسا گه‌وره‌کانیان یاریده‌ده‌ره بۆ زانینی مه‌به‌ست و ئامانجه باڵاکانی شه‌ریعه‌ت(مقاصد الشریعة). له‌کاتێکدا زانینی حوکمی به‌شه جۆراو جۆره‌کان و مه‌سه‌له په‌رش و بڵاوه‌کان که هه‌ریه‌که‌یان به‌جیا له کات و جێگه‌ی جیاوازدا دێنه رێی فێرخوازی فیقهـ ، ئاکامی به‌م جۆره‌ی لێ په‌یدا نابێت.
بۆ نموونه:
کاتێک فیقهخواز خه‌ریکی خوێندنی بابه‌ته فیقهیه‌کان ده‌بێت به شێوه‌یه‌کی تێکڕایی که به‌زنجیره به‌سه‌ر بابه‌ته فیقهیه‌کاندا ده‌ڕوات، چه‌ندین مه‌سه‌له دێنه به‌رده‌می که حوکمه‌کانیان گیانی ئاسانکاری تیایه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ریه‌ک له‌و‌مه‌سه‌لانه له نێو چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی تردان و له بابی سه‌ربه‌خۆ وجێگه‌ی جیاواز و په‌رش و بڵاودان، له‌وانه‌یه سه‌رنجی فێرخواز رانه‌کێشن بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌م مه‌سه‌لانه ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن که ئاسانکاری ئامانجێکی باڵای شه‌ریعه‌ته .
به‌ڵام کاتێک رێسای (المشقة تجلب التیسیر ) ده‌خوێنێت و نموونه‌کانی ئه‌م رێسایه ته‌ماشا ده‌کات، راسته‌وخۆ ئه‌وه دێته به‌رچاو و ناو هزریه‌وه که یه‌کێک له‌مه‌به‌سته باڵاکانی شه‌ریعه‌ت بریتییه له ئاسانکاری بۆ خه‌ڵکی چونکه نموونه و مه‌سه‌له‌کانی ئه‌م بواره‌ی به کۆکراوه‌یی دێته به‌رده‌ست.
٥) خوێندنی رێسا فیقهیه‌کان رێگایه‌کی ئاسانه بۆ یاساناسان و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و که‌سانه‌ش که پسپۆڕ نین له‌زانستی شه‌ریعه‌تدا، تاوه‌کو له رێیانه‌وه ئاگاداری بواره فیقهیه‌کان ببن و ئاسانتر شاره‌زایی تێدا به‌ده‌ست بێنن.
٦) زانستی رێسا فیقهیه‌کان به قۆناغێک له قۆناغه‌کانی بینای فیقهی داده‌نرێت که بریتییه له:
گواستنه‌وه یان په‌ڕینه‌وه له‌مه‌سه‌له به‌شییه‌کانه‌وه(الجزئیات) به‌ره‌و مه‌سه‌له گشتییه‌کان(الکلیات).
جا هه‌رکه‌سێک بیه‌وێت له‌م قۆناغه بکۆڵێته‌وه ئه‌وا ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ په‌ڕتوکه‌کانی بواری رێسا فیقهیه‌کان و له‌و بواره‌دا که‌ڵکیان لێ وه‌ربگرێت.
٧) زانین وتێگه‌یشتن له رێسا فیقهیه‌کان و له‌به‌رکردنیان کارئاسانی زۆر ده‌کات بۆ دادوه‌ر و موفتیه‌کان له‌کاتی لێکۆڵینه‌وه یان گه‌ڕانیان به دوای حوکمی مه‌سه‌له نوێیه‌کان و ئه‌و کێشه جیاوازانه‌ی دێنه رێ‌یان.
٨) به پێی ئه‌وه‌ی که زانایانی موجته‌هید کۆکن له‌سه‌ر زۆرێک له رێسا فیقهیه‌کان و، ئه‌و بابه‌ت و جێگایانه‌ی مایه‌ی جیاوازین که‌مترن، ئه‌مه خاڵێکی رێخۆشکه‌رو یاریده‌ده‌ره بۆ ئه‌وه‌ی توانا‌و به‌هره‌ی به‌راوردکاری له‌لای توێژیار دروست بکات و له‌کاتی گه‌ڕان به دوای هۆیه‌کانی جیاوازی له نێوان مه‌زهه‌به‌کاندا رێی بۆ رۆشن بکاته‌وه.
پ (١٥):
ئایا رێسا فیقهیه‌کان هه‌موویان یه‌ک جۆرن و له یه‌ک پله‌دان؟
وه‌ڵام:
له راستیدا رێسا فیقهیه‌کان هه‌موویان یه‌ک جۆر نین و له یه‌ک پله‌شدا نین، به‌ڵکوو له چه‌ند روویه‌که‌وه پۆلێن ده‌کرێن بۆ چه‌ند جۆرێک و هه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌م دابه‌ش بوونه‌شیان پله‌ی جیاواز وه‌رده‌گرن.
به شێوه‌یه‌کی گشتی رێسا فیقهیه‌کان له سێ رووه‌وه پۆلێن ده‌کرێن:
یه‌که‌م: له رووی فراوانی و گشتگیرییانه‌وه بۆ مه‌سه‌له‌کان.
دووه‌م : له رووی کۆک بوون و پێکهاتن له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکیان.
سێیه‌م: له رووی سه‌ربه‌خۆییانه‌وه.
یه‌که‌م: رێسا فیقهیه‌کان له رووی فراوانی و گشتگیرییانه‌وه بۆ مه‌سه‌له‌کان.
به گوێره‌ی راده‌ی فراوانی و زۆری ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی که رێسا فیقهیه‌کان له خۆیان ده‌گرن، رێساکان سێ پله‌یان هه‌یه:
پله‌ی یه‌که‌م:
ئه‌و رێسا گشتییه گه‌ورانه‌ن که زۆربه‌ی زۆری بابه‌ت و مه‌سه‌له فیقهیه‌کان ده‌گرنه‌وه‌و پانتاییه‌کی فراوانیان هه‌یه له بابه فیقهیه جۆراو جۆره‌کاندا و، به پێنج رێسا گه‌وره‌که یان پێنج رێسا به‌نا‌وبانگه‌که ناسراون که ئه‌مانه‌ن:
(الأمور بمقاصدها)، (الیقین لا یزول بالشک)، (المشقة تجلب التیسیر)، ( الضرر یزال)، (العادة محکمة).
پله‌ی دووه‌م:
ئه‌و رێسایانه‌ن که زۆرێک له مه‌سه‌له فیقهیه‌کانی باب و بواره جیاجیاکان له‌خۆ ده‌گرن، به‌ڵام ناگه‌نه ئاستی رێسا گه‌وره‌کان و راده‌ی گشتگیریان له‌وان ته‌سک تر و که‌متره.
بۆ نموونه: وه‌کو رێسای (الاجتهاد لا ینقض بالاجتهاد ) .
پله‌ی سێیه‌م:
ئه‌و رێسایانه‌ن که چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌کی که‌م له خۆ ده‌گرن وه‌کو رێسای (الرضی بالشیء رضی بما یتولد منه): رازی بوون به شتێک رازی بوونه به‌وه‌ش که لێی دێته ئاراوه.
هه‌روه‌ها ئه‌و رێسایانه‌ش که تایبه‌تن به ته‌نها یه‌ک بابی فیقهی یان به‌شێکی دیاریکراو له بابێکی فیقهیدا، وه‌کو پێشتر ئاماژه‌مان بۆ کرد له وه‌ڵامی پرسیاری (٧) دا زیاتر به رێسای له‌م جۆره ده‌وترێت رێکخه‌ری فیقهی (الضابط الفقهي) یان(الضابطة الفقهیة).
وه‌کو (کل میتة نجسة الا السمک و الجراد) که ته‌نها تایبه‌ته به مه‌سه‌له‌ی مرداره‌وه بوو.
دووه‌م: رێسا فیقهیه‌کان به پێی کۆک بوون و رێککه‌وتن له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکیان.
رێسا فیقهیه‌کان به پێی کۆک بوون و رێککه‌وتن یان جیاوازی له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکیان له نێوان رێبازه فیقهیه‌کاندا، ده‌کرێن به‌چه‌ند به‌شێکه‌وه، که هه‌ر به‌شێک پله‌یه‌کی جیا له‌وانی تر ده‌نوێنێت:
١) ئه‌و رێسایانه‌ی لای هه‌موو رێبازه فیقهیه‌کان په‌سه‌ند کراون و، هه‌مووان له‌سه‌ریان کۆکن و رێککه‌وتوون.
وه‌کو پێنج رێسا گه‌وره‌که و چه‌ندین رێسای تریش.
٢) ئه‌و رێسایانه‌ی ته‌نها له لای یه‌ک رێبازی فیقهی په‌سه‌ند کراون، واته زانایانی یه‌ک رێبازی فیقهی له‌سه‌ری پێکهاتوون، به‌ڵام جێی جیاوازی و مشتومڕن له‌گه‌ڵ رێبازه‌کانی تردا.
وه‌کو ئه‌و ٤٠ رێسایه‌ی پێشه‌وا (السیوطي) له به‌شی دووه‌می کتێبی (الأشباه و النظائر)دا باسی کردوون که بریتین له‌و رێسایانه‌ی له رێبازی پێشه‌وا شافیعیدا له‌سه‌ری رێککه‌وتوون.
٣) ئه‌و رێسایانه‌ی له ناو یه‌ک رێبازیشدا جێی مشتومڕو جیاوازین و زانایانی رێبازه‌که نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری پێک بێن.
وه‌کو ئه‌و ٢٠ رێسایه‌ی که پێشه‌وا (السیوطي) له به‌شی سێیه‌می هه‌مان کتێبیدا باسی کردوون.
ئه‌م جۆره‌شیان به شێوه‌یه‌کی گشتی به‌شێوازی پرسیار داڕێژراون، وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی که رای جیاوازی له‌سه‌ره. بۆ نموونه: له‌مه‌زهه‌بی شافیعیدا ئه‌م رێسایه‌ی لای خواره‌وه چه‌ند رایه‌کی له‌سه‌ره له‌به‌رئه‌وه به شێوازی پرسیار داڕێژراوه:
إذا بطل الخصوص هل یبقی العموم؟!
واته: ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ک دوو لایه‌نی تێدا بوو لایه‌نێکی تایبه‌تی و لایه‌نێکی گشتی ئایا ئه‌گه‌ر لایه‌نه تایبه‌تیه‌که هه‌ڵوه‌شایه‌وه ئایا لایه‌نه گشتیه‌که‌شی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه یان ده‌مێنێته‌وه؟ جیاوازی هه‌یه له‌م باره‌یه‌وه، له‌به‌رئه‌وه به‌شێوه‌ی پرسیار کراوه. (وێنه‌یه‌کی ئه‌م رێسایه: ئه‌گه‌ر که‌سێک نێتی نوێژی نیوه‌ڕۆی هێنا و نوێژه‌که‌ی کرد پاشان ده‌رکه‌وت کاتی نه‌هاتووه، لایه‌نه تایبه‌ته‌که ئه‌وه‌یه ئه‌و نوێژه به‌نیازی نیوه‌ڕۆ کراوه به‌ڵام به‌تاڵه چونکه کاتی نه‌هاتووه، لایه‌نه گشتییه‌که ئه‌وه‌یه که نوێژێکه و کراوه، ئایا به نوێژێکی سوننه‌تی زیاده داده‌نرێت؟ ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت لایه‌نه گشتییه‌که به‌هه‌ڵوه‌شانی تایبه‌ته‌که هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه پێی وایه ناچێته بری سوننه‌ت، به‌پێی رای به‌رامبه‌ریش به سوننه‌ت داده‌نرێت).
تێبینی:
له‌نێوان جۆری یه‌که‌م و دووه‌مدا ده‌کرێت جۆرێکی تر یان پله‌یه‌کی تر دابنرێت وه‌کو ( د.عبدالعزیز محمد عزام) له‌کتێبی (القواعد الفقهیة) باسی کردووه، که بریتیه له‌و رێسایانه‌ی له‌لایه‌ن زۆربه‌ی رێبازه فیقهیه‌کانه‌وه په‌سه‌ند کراون، واته له‌یه‌که‌م پله نزمتره چونکه هه‌مووان له‌سه‌ری رێک نه‌که‌وتوون، له دووه‌میش به‌رزتره چونکه زیاتر له رێبازێک له‌سه‌ری کۆکن.
نموونه‌شی به‌وه بۆ هێناوه‌ته‌وه: (ابن نجیم) که یه‌كێکه له‌زانایانی رێبازی حه‌نه‌فی ، له کتێبه‌که‌ی خۆیدا که هه‌ر به ناونیشانی (الأشباه و النظائر)ه، ١٩ رێسای له ٤٠ رێساکه‌ی (السیوطي) هه‌ڵبژاردووه که لای ئه‌وانیش په‌سه‌ند کراون، وه‌کو رێسای:
(تصرف الإمام منوط بالمصلحة ): به‌ڕێوه‌بردنی کاروباره‌کان له‌لایه‌ن پێشه‌وا‌ی خه‌ڵکیه‌وه به‌ستراوه به به‌رژه‌وه‌ندیه‌وه.
که هه‌ردوو زاناکه وه‌کو رێسایه‌کی په‌سه‌ند له رێبازه‌که‌ی خۆیاندا باسیان کردووه.
له روانگه‌ی ئه‌م تێبینییه‌وه پله‌کان به گوێره‌ی کۆک بوون و جیاوازی له‌سه‌ر رێساکان ده‌بن به ٤ به‌ش یان پله‌وه و به‌م جۆره ده‌بن:
١) ئه‌و رێسایانه‌ی هه‌مووان له‌سه‌ری کۆکن.
٢) ئه‌و رێسایانه‌ی زۆربه‌ی رێبازه‌کان یان زیاتر له رێبازێک له‌سه‌ری کۆکن.
٣) ئه‌و رێسایانه‌ی ته‌نها زانایانی رێبازێک له‌سه‌ری کۆکن .
٤) ئه‌و رێسایانه‌ی له‌ناو یه‌ک رێبازیشدا رای جیاوازیان له‌سه‌ره.
سێیه‌م: رێسا فیقهیه‌کان له رووی سه‌ربه‌خۆییانه‌وه.
به پێی ئه‌وه‌ی که ئایا رێساکان سه‌ربه‌خۆ و بنه‌ڕه‌تین یان پاشکۆن بۆ رێسای تر، له‌م رووه‌شه‌وه رێساکان ده‌بن به دوو به‌ش یان جۆره‌وه:
١) رێسا بنه‌ڕه‌تییه‌کان یان سه‌ربه‌خۆکان (القواعد الأصلیة أو المستقلة):
به‌و رێسایانه ده‌وترێت که لقێک نین له رێسایه‌کی تر‌و، بوونیان بنه‌ڕه‌تییه و بۆ خۆیان سه‌ربه‌خۆن، هه‌روه‌ها نه‌بوون به مه‌رج یان سنوور بۆ رێسایه‌کی تر.
وه‌ک پێنج رێسا گه‌وره‌که و چه‌ندین رێسای تریش وه‌کو:
(من استعجل الشیء قبل أوانه عوقب بحرمانه ): هه‌رکه‌س بیه‌وێت شتێکی پێش کاتی خۆی ده‌ست بکه‌وێت، سزاکه‌ی ئه‌وه‌یه لێی بێ به‌ش ده‌کرێت.
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی زۆربه‌ی رێساکان له‌م جۆره‌ن ، واته رێسای بنه‌ڕه‌تین و سه‌ربه‌خۆن.
٢) رێسا پاشکۆکان (القواعد التابعة):
ئه‌و رێسایانه‌ن که له روویه‌کی دیاریکراوه‌وه خزمه‌ت به رێسایه‌کی تر ده‌که‌ن، یان بوون به پاشکۆی رێسایه‌کی تر، ئه‌مه‌ش له دوو لایه‌نه‌وه به‌دی دێت:
لایه‌نی یه‌که‌م:
ئه‌وه‌یه که ئه‌م رێسا پاشکۆیه لقێک بێت له رێسایه‌کی گه‌وره‌تر له خۆی، واته لایه‌نێک له لایه‌نه‌کانی رێسایه‌کی بنه‌ڕه‌تی روون بکاته‌وه، یان چه‌ند روویه‌کی دیاریکراوی جێبه‌جێکردنی رێسا بنه‌ڕه‌تیه‌که بنوێنێت، وه‌کو هه‌ردوو رێسای:
(الأصل براءة الذمة ): ئه‌سڵ ئه‌ستۆپاکییه.
(الأصل بقاء ماکان علی ماکان ): هه‌رشتێک هه‌رچۆن بووبێت ئه‌سڵ وایه هه‌روه‌کو خۆی ماوه.
که‌هه‌ریه‌که‌یان لقێکن له رێسای بنه‌ڕه‌تی (الیقین لا یزول بالشک)و، له لایه‌نی دڵنیایی رێسا بنه‌ڕه‌تیه‌که‌وه هه‌ڵقوڵاون. یه‌که‌میان ئه‌وه‌ده‌رده‌خات ئه‌ستۆپاکی شتێکی ره‌سه‌نه و ناکرێت به بێ به‌ڵگه و له‌سه‌ر گومان له‌که‌دار بکرێت، هه‌روه‌ها دووه‌میشیان ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت مانه‌وه‌ی شتێک یان بارێک وه‌کو خۆی شتێکی ئاساییه و جێی متمانه‌یه و له‌سه‌ر دڵنییایی دامه‌زراوه، تا به‌ڵگه‌یه‌ک نه‌یسه‌لمێنێت گۆڕاوه هیچ بڕیارێکی تری له‌سه‌ر نادرێت.
لایه‌نی دووه‌م:
به‌وه‌ی رێسا پاشکۆکه سنوورێک یان مه‌رجێک ده‌ست نیشان بکات بۆ واتای رێسایه‌کی تر ، وه‌کو:
رێسای (الضرر لا یزال بمثله) که مه‌رجێک یان سنورێکی ده‌ستنیشان کردووه بۆ رێسای (الضرر یزال)، چونکه ئه‌وه‌ی ده‌ست نیشان کردووه که نابێت زیان به‌زیانێکی هاوشێوه لاببرێت، ئه‌گه‌رچی لابردنی زیان شتێکی داواکراوه به‌ڵام به‌و مه‌رجه.
هه‌روه‌هارێسای (الرخص لا تناط بالمعاصي ): روخسه‌ته‌کان نابه‌سترێنه‌وه به‌تاوانه‌کانه‌وه، سنوورێک یان مه‌رجێک دیاری ده‌کات بۆ رێسای (المشقة تجلب التیسیر)و، ئه‌وه ده‌ست نیشان ده‌کات که هه‌ر کارێک تاوان بێت با ناڕه‌حه‌تیش بێت روخسه‌ت نایگرێته‌وه و نابێته مایه‌ی ئاسانکاری، بۆ نموونه کورت کردنه‌وه‌ی نوێژ ئه‌و که‌سه ناگرێته‌وه که سه‌فه‌ر ده‌کات بۆ ئه‌نجامدانی کارێکی حه‌رام.
بابه‌تی پێوه‌ندیدار
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان (٤)
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی رێسا فیقهییه‌کان (٣)
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان (٢)
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان (١)