|
سه‌ره‌تا
:: فیقهـ و زانسته‌كانی
:: ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهیه‌كان
|
چاپی بکه
لێدوان بنێره
بینێره بۆ هاوڕێکه‌ت
|
له‌لایه‌ن: : باوكی سه‌لاحه‌ددین |
خوێنراوه‌ته‌وه: ٢٩٨ |
ڕێكه‌وت: ٢٠٠٧/ ٤/٢١ |
ئه‌م وتاره پاشه‌كه‌وت بكه
|
|
|
|
|
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان (٦)
پ (١٦):
داڕشتنی رێسا فیقهیه‌کان چۆنه و به چ شێوازێکه؟
وه‌ڵام:
به وردبوونه‌وه له داڕشتنی رێسا فیقهیه‌کان ده‌رکه‌وتووه که یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندیه‌کانیان بریتییه له‌وه‌ی:
به‌ده‌ربڕینێکی کورت و پوخت داڕێژراون و، به چه‌ند وشه‌یه‌کی که‌م له قاڵب دراون، به‌ڵام واتایه‌کی فراوان ده‌به‌خشن و چه‌ندین به‌ش و مه‌سه‌له‌ی زۆر له خۆ ده‌گرن، که ئه‌مه‌ش جۆرێکه له ره‌وان بێژی.
جاری وا هه‌یه که ده‌سته‌واژه‌ی رێسایه‌ک له ته‌نها دوو وشه یان سێ وشه پێکهاتووه.
وه‌کو(الضرر یزال) و (الضرورات تبیح المحظورات).
به‌ڵام پێویسته ئه‌وه بوترێت ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه نه له هه‌موو رێساکاندا به‌دی ده‌کرێت و نه له سه‌رجه‌م په‌ڕتوکه‌کانی رێسا فیقهیه‌کانیشدا به‌م جۆره‌یه، به‌ڵکوو له به‌شێک له‌و په‌ڕتوکانه‌دا هه‌ندێ رێسا به ده‌سته‌واژه‌و ده‌ربڕینی درێژ نوسراون و هه‌ندێ جاریش رێسایه‌ک به چه‌ند دێڕیک داڕێژراوه.
هه‌ندێک له‌رێساکان له‌سه‌ره‌تادا به‌ده‌ربڕینێکی درێژ داڕێژراون و دواتر له لایه‌ن زانایانی سه‌رده‌مانی دواتره‌وه ، پیاچوونه‌وه‌یان پێدا کراوه‌و به شێوه‌یه‌کی کورت و پوختتر داڕێژراونه‌ته‌وه.
وه‌کو:
رێسای (الاصل انه اذا قضی بالاجتهاد لایفسخ باجتهاد مثله ویفسخ بالنص).
دواتر به‌م شێوه‌یه‌ی لێهاتووه (الاجتهاد لا ینقض بمثله).
سه‌باره‌ت به‌وه‌ش که ده‌سته‌واژه‌ی رێساکان له کوێوه سه‌رچاوه‌یان گرتووه:
هه‌ندێ له رێساکان ده‌سته‌واژه‌کانیان بریتین له ده‌قی یه‌کێک له فه‌رمووده‌کانی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) بۆ نموونه:
رێسای (لاضرر و لا ضرار) ئه‌مه ده‌قی فه‌رمووده‌یه‌که.
هه‌ندێکی تر له ده‌سته‌واژه‌ی رێساکان بریتین له په‌ندێکی باو یان وته‌یه‌کی به‌جێی به‌ناوبانگ.
وه‌ک:
رێسای (من استعجل الشیء قبل أوانه عوقب بحرمانه) که له په‌رتووکی په‌نده‌کانیشدا وه‌کو په‌ندێک باس کراوه.
هه‌ندێکی تریشیان داڕشتنێکی تایبه‌تین و به‌شێوه‌یه‌کی ره‌وان و پاراو له‌لایه‌ن زانایانه‌وه داڕێژراون، زۆربه‌ی رێساکانیش له‌م جۆره‌ن.
سه‌باره‌ت به شێوازی ده‌ربڕینیش له داڕشتنی رێساکاندا، به دوو چه‌شنه:
چه‌شنی یه‌که‌م: شێوازی هه‌واڵ
واته ده‌سته‌واژه‌ی رێساکه به‌شێوازی هه‌واڵ داڕێژراوه و، ناوه‌ڕۆکی رێساکه وه‌کو بابه‌تێک یان هه‌واڵێکی یه‌کلایی بووه‌وه راده‌گه‌یه‌نێت، که فڵانه شت یان مه‌سه‌له به‌و جۆره‌یه.
وه‌کو:
رێسای(المشقة تجلب التیسیر) که وه‌ک هه‌واڵێک پێمان راده‌گه‌یه‌نێت: ناڕه‌حه‌تی ئاسانکاری دێنێت.
چه‌شنی دووه‌م: شێوازی پرسیار
ده‌سته‌واژه‌ی رێساکه به‌شێوازی پرسیار داڕێژراوه و، ناوه‌ڕۆکی رێساکه له چوار چێوه‌ی پرسیارێکدا ده‌ربڕراوه: ئایا فڵانه شت به‌و جۆره‌یه یان نا؟
وه‌ک رێسای: (اذا بطل الخصوص هل یبقی العموم؟) که پێشتر باسمان کردووه.
له ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه له شێوازی ده‌ربڕینی رێساکان و ره‌چاو کردنی کۆک بوونی زانایان له‌باره‌یانه‌وه ده‌رکه‌وتووه که:
ئه‌گه‌ر هه‌ر رێسایه‌ک به‌شێوازی هه‌واڵ داڕ‌ێژرابوو، ئه‌مه ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی زانایان کۆکن له‌سه‌ر ئه‌م رێسایه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر به شێوازی پرسیار داڕ‌ێژرابوو، مانای وایه زانایان رای جیاوازیان هه‌یه له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکی رێساکه.
ده‌کرێت رێسایه‌ک لای هه‌موو رێبازه‌کان به شێوازی هه‌واڵ داڕێژرابێت که ئه‌مه وه‌ها ده‌گه‌یه‌نێت لای هه‌موویان په‌سه‌ند کراوه، وه‌کو پێنج رێسا گه‌وره‌که.
به‌ڵام رێسای تر هه‌یه لای زانایانی رێبازێک یان چه‌ند رێبازێک به شێوازی هه‌واڵه و لای زانایانی رێبازێکی تر یان زیاتر له رێبازێک به شێوازی پرسیاره.
وه‌کو:
رێسای (العبرة في العقود للمقاصد و المعاني لا للألفاظ و المباني).
واته: له‌کاتی نه‌گونجانی وشه و داڕشتنه‌کانی گرێبه‌سته‌کان له‌گه‌ڵ مه‌به‌ست و واتاکانیاندا، مه‌به‌ست و واتاکان ره‌چاوده‌کرێن.
ئه‌م رێسایه به‌م شێوازه‌ی سه‌ره‌وه که هه‌واڵدانه، له رێبازی حه‌نه‌فیدا هاتووه و هه‌روه‌ها له رێبازی مالیکیشدا، به‌ڵام له‌لای رێبازی شافیعی به‌شێوازی پرسیار هاتووه: (هل العبرة بصیغ العقود أو بمعانیها؟) ، هه‌روه‌ها له رێبازی حه‌نبه‌لیشدا هه‌ر شێوازی پرسیار به‌کار هێنراوه.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت ته‌نها هه‌ردوو رێبازی حه‌نه‌فی و مالیکی له‌سه‌ر ئه‌م رێسایه کۆکن و لای زانایانی رێبازی شافیعی و حه‌نبه‌لی قسه و رای جیاوازی له‌سه‌ره.
تێبینی:
هه‌مان شتیش ده‌رباره‌ی رێکخه‌ری فیقهی(الضابط الفقهي) ده‌وترێت ، ئه‌گه‌ر به شێوازی هه‌واڵ بوو مانای وایه زانایان له‌سه‌ری پێکهاتوون و ئه‌گه‌ر به‌شێوازی پرسیاریش بوو مانای وایه رای جیاوازی له‌سه‌ره.
پ (١٧):
ئایا ده‌کرێت راسته‌وخۆ حوکمی مه‌سه‌له‌یه‌کی نوێ له رێسا فیقهیه‌کانه‌وه وه‌ربگیرێت؟
به‌واتایه‌کی تر ئایا دروسته رێسا فیقهیه‌کان بکرێن به‌به‌ڵگه‌و سه‌رچاوه بۆ ده‌رهێنانی حوکمێکی شه‌رعی سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌یه‌کی دیاریکراو که دێته ئاراوه؟
وه‌ڵام:
وه‌کو ده‌زانین له‌زانستی بنچینه‌کانی فیقهدا باس له‌و به‌ڵگه‌و سه‌رچاوانه کراوه که حوکمی شه‌رعی مه‌سه‌له‌کانیان لێوه وه‌ر‌ده‌گیرێت و هه‌موویان ده‌ستنیشان کراون، که بریتین له قورئان و سوننه‌ت، پاشان ئیجماع و قیاس و، دوای ئه‌مانیش کۆمه‌ڵه به‌ڵگه‌یه‌کی تر که زانایانی رێبازه فیقهیه‌کان رای جیاوازیان هه‌یه له باره‌یانه‌وه.
وه‌کو :(العرف) و (المصالح المرسلة) و (الاستصحاب) و (الاستحسان) و (سد الذرائع) و (شرع من قبلنا) و (قول الصحابي).
ئاشکراشه که رێسا فیقهیه‌کان له ریزی ئه‌م به‌ڵگه و سه‌رچاوانه‌دا باس نه‌کراوه و دانه‌نراوه.
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش مه‌سه‌له‌ی ته‌ماشاکردنی رێسا فیقهیه‌کان وه‌کو سه‌رچاوه‌یه‌ک و به‌ڵگه‌یه‌کی شه‌رعی بۆ ده‌رهێنانی حوکمێکی شه‌رعی بۆ ئه‌و کاروباره نوێیانه‌ی دێنه ئاراوه وروژێنراوه‌و قسه‌ی له‌سه‌ر کراوه.
که ئه‌مه خۆی بۆ خۆی گرنگییه‌کی تر و بایه‌خێکی زیاتر ده‌به‌خشێت به رێسا فیقهیه‌کان و ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات که ئه‌م رێسایانه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی رۆڵی کۆکردنه‌وه‌و رێکخستن و به‌یه‌که‌وه به‌ستنی مه‌سه‌له فیقهیه تۆمارکراوه‌کان ده‌بینن. ده‌کرێت له بواری دۆزینه‌وه‌ی حوکمی شه‌رعی مه‌سه‌له نوێیه‌کانیشدا رۆڵی خۆیان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر وه‌کو سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ و به‌شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆش نه‌بێت، ئه‌وا وه‌کو ئامرازێکی رێخۆشکردن و ئاسانکاری بۆ نزیک بوونه‌وه له حوکمه‌که‌و هه‌روه‌ها وه‌کو هێما و نیشانه‌یه‌کی رێ پیشانده‌ر بۆ ناسینه‌وه‌و زانینی حوکمه‌که.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش که ئایا دروسته رێسافیقهیه‌کان بکرێن به‌به‌ڵگه‌و سه‌رچاوه بۆ ده‌رهێنان و وه‌رگرتنی حوکمی شه‌رعی مه‌سه‌له تازه‌بابه‌ته‌کان؟
ناکرێت یه‌ک جۆر وه‌ڵام بۆ سه‌رجه‌م رێسا فیقهیه‌کان بدرێته‌وه!
به‌ڵکو به گوێره‌ی ئه‌وه‌ی بنه‌ڕه‌تی رێسافیقهیه‌کان جیاوازه‌و هه‌موویان له یه‌ک بنه‌ڕه‌ته‌وه سه‌رچاوه‌یان نه‌گرتووه ،له‌به‌رئه‌وه حاڵه‌تی بوونیان به به‌ڵگه‌و سه‌رچاوه بۆ ده‌رهێنانی حوکمه شه‌رعیه‌کان ده‌گۆڕێت و، ناگونجێت یه‌ک بڕیار بۆ هه‌موو رێساکان بدرێت.
هه‌روه‌ک پێشتر ئه‌م لایه‌نه‌مان له پرسیاری (١٣)دا روون کرده‌وه که بنه‌ڕه‌ت و سه‌رچاوه‌ی رێسافیقهیه‌کان یه‌ک چه‌شن نین و، هه‌ندێکیان له ده‌قه‌کانی قورئان و سوننه‌ته‌وه وه‌رگیراون و هه‌ندێکی تریشیان له‌خوێندنه‌وه (استقراء) و به‌دواداچوون و لێکدانه‌وه‌ی مه‌سه‌له و لقه فیقهیه هاوشێوه‌کانه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه.
له‌م روانگه‌یه‌وه دێینه‌وه سه‌ر وه‌ڵامی پرسیاره‌که و ده‌ڵێین:
زانایانی فیقهـ له‌سه‌ر ئه‌وه کۆکن که ئه‌و رێسایانه‌ی راسته‌وخۆ له ده‌قه‌کانی قورئان و سوننه‌ته‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه و بنه‌ڕه‌تی هه‌ریه‌که‌یان بریتییه له به‌ڵگه‌یه‌کی قورئان یان سوننه‌ت ، ده‌کرێت وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌ک یان به‌ڵگه‌یه‌کی شه‌رعی دابنرێن و حوکمی شه‌رعییان لێوه وه‌ربگیرێت و له فه‌توادان و دادوه‌ریدا پشتیان پێ ببه‌سترێت، چونکه به‌ڵگه هێنانه‌وه به‌م جۆره رێسایانه پشت به‌ستنه به بنه‌ڕه‌ته‌کانیان و، کاتێک یه‌کێک له‌م جۆره رێسایانه ده‌کرێت به سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتنی حوکمێک له‌به‌رئه‌وه‌یه که رێساکه هه‌ڵقوڵاوی ده‌قێکه‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌قه‌که‌یه.
وه‌کو رێسای( المشقة تجلب التیسیر) که له‌ئایه‌تی وَمَا جَعَلَ عَلَيْكُمْ فِي الدِّينِ مِنْ حَرَجٍ الحج ٧٨
وه‌رگیراوه یان رێسای (الأمور بمقاصدها) که له فه‌ر‌مووده‌ی (إنما الأعمال بالنیات) ه‌وه وه‌رگیراوه.
به ده‌ربڕینێکی تر: ده‌قه‌کانی قورئان وسوننه‌ت به‌ڵگه‌ی شه‌رعین و داڕشتنی واتاکانیان له قاڵبی رێسایه‌کی فیقهیدا نابێته هۆی ئه‌وه‌ی پله‌ی به‌به‌ڵگه‌بوونیان لێ دوور بخاته‌وه.
هه‌روه‌ها حاڵه‌تێکی تر بۆ ئه‌و رێسایانه‌ی که دروسته پشتیان پێ ببه‌سترێت بۆ ده‌رهێنانی حوکم و فه‌توادان ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر رێسا فیقهیه‌که له رێسایه‌کی گشتی بنچینه‌کانی فیقهـه‌وه هاتبوو، بۆنموونه:
رێسای فیقهی (الأصل في الأشیاء الإباحة) واته: حوکمی بنه‌ڕه‌تی شته‌کان بریتیه له رێپێدراوی و دروستی.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی رێسایه‌کی فیقهیه له هه‌مان کاتیش‌دا رێسایه‌کی ئوسوڵیشه ، له‌به‌رئه‌وه ده‌کرێت بکرێت به‌به‌ڵگه و حوکمی پێ بدرێت.
به‌ڵام ئه‌و رێسایانه‌ی له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی به‌دواداچوون و لێکۆڵینه‌وه‌و لێکدانه‌وه‌ی مه‌سه‌له فیقهیه هاوشێوه‌کان دامه‌زراون و، ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر بنه‌ڕه‌تی یه‌کێک له به‌ڵگه شه‌رعیه‌کانی تر و یان له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی ئیجتیهاد و به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ی عه‌قڵی دامه‌زراون زانایان سه‌باره‌ت به‌م جۆره رێسایانه دوو رایان هه‌یه .
رای یه‌که‌م:
پێی وایه ئه‌م رێسایانه نابن به‌به‌ڵگه‌و، ناکرێت حوکمی شه‌رعیان لێوه وه‌ربگیرێت.
له‌و زانایانه‌ی ئه‌م رایه‌یان هه‌یه (الامام الجویني) و (ابن دقیق العید) و (ابن نجیم) و چه‌ندین زانای تریش که لایان وایه ده‌رهێنانی حوکمی فیقهی له‌م چه‌شنه رێسایانه به‌رنامه‌یه‌کی نادروسته و نه‌شیاوه و، به رای ئه‌وان ئه‌م رێسایانه ته‌نها رۆڵی کۆکردنه‌وه‌و به‌یه‌که‌وه به‌ستنی مه‌سه‌له فیقهیه‌کان ده‌بینن، واته بریتین له کۆکه‌ره‌وه و به‌سته‌ر (جامع و رابط) نه‌وه‌ک به‌ڵگه‌ی سه‌ربه‌خۆ و، له‌و ئاسته‌دا نین که له ریزی به‌ڵگه‌کانی تری شه‌رعدا دابنرێن.
پوخته‌ی ئه‌و هۆیانه‌ش که ئه‌م رایه‌ی له‌سه‌ر بنیات نراوه بریتییه له:
١) به بۆچوونی ئه‌مان رێساکان به ته‌واوی گشتگیر نین و حوکمه‌کانیان زۆرینه‌یین و، چه‌ندین مه‌سه‌له هه‌ن نایانگرنه‌وه‌و لێیان جیاکراونه‌ته‌وه، له‌به‌رئه‌وه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ئه‌و مه‌سه‌له نوێیه‌ی به‌شوێن حوکمه‌که‌یدا ده‌گه‌ڕێین یه‌کێک بێت له‌مه‌سه‌له جیاکراوه‌کان و ئه‌مه‌ش وا ده‌کات حوکمه‌که نادروست بێت ئه‌گه‌ر به پێی واتای رێساکه حوکمی به‌سه‌ردا بدرێت.
٢) ئه‌م رێسایانه له رێی خوێندنه‌وه‌و به‌دواداچوون و لێکدانه‌وه‌ی مه‌سه‌له فیقهیه‌کان هاتوونه‌ته ئاراوه و، زۆرێکیان لێکۆڵینه‌وه‌ی تێر‌و ته‌سه‌لی وه‌هایان له‌باره‌وه نه‌کراوه که دڵنیایی ته‌واو به‌دی بێنێت و بێباکانه پشتیان پێ ببه‌سترێت بۆ ده‌رهێنانی حوکمی شه‌رعی، به‌ڵکو ته‌نها له روانگه‌ی چه‌ند لق و وێنه‌یه‌کی دیارکراوه‌وه وه‌رگیراون که دڵنیایی و متمانه‌ی ته‌واومان بۆ دروست ناکه‌ن.
٣) ئه‌م رێسایانه خۆیان به‌رهه‌می مه‌سه‌له و لقه فیقهیه جۆراو جۆره‌کانن و له‌وانه‌وه وه‌رگیراون ته‌نها وه‌ک کۆکه‌ره‌وه و پێکه‌وه‌به‌ستێک مه‌سه‌له‌کانیان له‌خۆ گرتووه، له‌به‌رئه‌وه ناگونجێت شتێک که خۆی به‌رهه‌م و ده‌ره‌نجام بێت و ته‌نها رۆڵی کۆکردنه‌وه و پێکه‌وه به‌ستن بێت بکرێت به به‌ڵگه و سه‌رچاوه بۆ ده‌رهێنانی حوکمی مه‌سه‌له‌ی تر.
له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه پێیان وایه دروست نییه رێساکان بکرێن به‌به‌ڵگه و سه‌رچاوه بۆ ده‌رهێنانی حوکمی مه‌سه‌له نوێیه‌کان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌ڵێن رێساکان وه‌کو هێماو نیشانه‌یه‌کن له‌پاڵ به‌ڵگه‌کاندا.
رای دووه‌م:
پێی وایه ئه‌م رێسایانه شیاون بۆ ئه‌وه‌ی بکرێن به به‌ڵگه‌و، ده‌کرێت حوکمی شه‌رعی مه‌سه‌له‌ی نوێیان لێوه وه‌ربگیرێت.
له‌و زانایانه‌ش که ئه‌م رایه‌یان لا په‌سه‌نده (القرافي) و (ابن عرفة) و (ابن بشیر) که له‌زانایانی رێبازی پێشه‌وا مالیکن.
سه‌باره‌ت به‌و هۆیانه‌ش که له رای یه‌که‌مدا باس کران ده‌کرێت چه‌ند سه‌رنجێک باس بکه‌ین:
١) ئه‌گه‌ر به‌راده‌ی پێویست به هوشیاری و ئاگاداری و ورده‌کاری زیاتره‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له نوێیه‌که‌دا بکرێت، ئه‌وا ده‌کرێت به ته‌واوی ئه‌وه یه‌کلا بکرێته‌وه که نه‌چێته چوار چێوه‌ی مه‌سه‌له جیاکراوه‌کانه‌وه و به‌ڵکوو به ته‌واوی و تێر‌و ته‌سه‌لی واتای رێسایه‌کی گونجاوی بۆ دیاری بکرێت که پڕاو پڕ به‌سه‌ریدا بچه‌سپێت.
٢) کاتێک رێساکان خۆیان به‌رهه‌می مه‌سه‌له و لقه فیقهیه‌کانن و کۆکه‌ره‌وه‌ی ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ن، ئه‌مه رێ له‌وه ناگرێت ببن به‌به‌ڵگه بۆ ده‌ستنیشانکردنی حوکمی مه‌سه‌له‌یه‌کی نوێ، چونکه رێسا ئوسوڵیه‌کانی زانستی بنچینه‌کانی فیقهیش به‌هه‌مان شێوه -به تایبه‌تی له رێبازی حه‌نه‌فیدا- له روانگه‌ی حوکمی مه‌سه‌له فیقهیه‌کانه‌وه وه‌رگیراون، که‌سیش ناڵێت ناگونجێت پشت به‌و رێسایانه ببه‌سترێت له ده‌رهێنان و بڕیاردانی حوکمه‌کاندا، به‌ڵکوو رێساکان به‌شێوه‌یه‌کی گشتی له هه‌موو زانسته‌کاندا له به‌ش و لقه جۆراو جۆره‌کانی زانسته‌که‌وه وه‌رگیراون و دواتریش له بڕیاردانی مه‌سه‌له جۆراوجۆره‌کاندا به‌کارهێنراون.
٣) سه‌باره‌ت به‌وه‌ش که رێساکان له ئاستێک‌دا نین دڵنیایی ته‌واو ببه‌خشن،ئه‌و زانایانه‌ی رایان وایه که رێساکان ده‌شێن بۆ ئه‌وه‌ی بکرێن به به‌ڵگه و حوکمی مه‌سه‌له‌ی نوێیان له‌سه‌ر بنیات بنرێت، مه‌به‌ستیان ئه‌و رێسایانه‌یه که واتاکانیان ساغ کراوه‌ته‌وه و ته‌واو یه‌کلایی بوونه‌ته‌وه و هیچ شتێک نیه هه‌ڵیان بوه‌شێنێته‌وه.
له‌بواری پشت به‌ستن به‌م جۆره رێسایانه -واته ئه‌و رێسایانه‌ی له مه‌سه‌له هاوشێوه‌کانه‌وه وه‌رگیراون- ده‌بێت ئه‌وه‌مان له بیر بێت که:
کاتێک دروسته پشت به‌م جۆره رێسایانه ببه‌سترێت بۆ فه‌توادان و بنیاتنانی حوکمی مه‌سه‌له‌یه‌کی نوێ، که دوای گه‌ڕان ده‌رکه‌وتبێت هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی شه‌رعی یان ده‌قێکی فیقهی له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له‌ئارادا نییه و، به‌ته‌نها رێسایه‌کی فیقهی هه‌بێت که ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له‌خۆ بگرێت، ئه‌وکات ده‌شێت مه‌سه‌له‌که بخرێته چوارچێوه‌ی واتای رێساکه‌وه‌و حوکمی رێساکه‌ی بۆ بڕیار بدرێت و به‌مه‌ش مه‌سه‌له‌که ده‌بێت به وێنه‌یه‌کی نوێ له وێنه‌کانی جێبه‌جێ بوونی رێساکه.
|
|
|
بابه‌تی پێوه‌ندیدار
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان (٥)
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان (٤)
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی رێسا فیقهییه‌کان (٣)
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان (٢)
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان (١)
|
|
|
|
|
|
|
|
|