پرسیار : بۆ چی پێغه‌مبه‌ران خوای گه‌وره ڕه‌وانی کردن؟ وه‌ڵام: بۆ ڕاگه‌یاندنی به‌ندایه‌تی و یه‌کتاکپه‌رستی خوا نه‌هیکردن له هاوتا و هاوبه‌ش په‌یداکردن بۆ خوا. به‌ڵگه‌مان له قورئاندا :(وَلَقَدْ بَعَثْنَا فِي كُلِّ أُمَّةٍ رَّسُولاً أَنِ اعْبُدُواْ اللَّهَ وَاجْتَنِبُواْ الطَّاغُوتَ... ) سوره‌تی النحل ئایه‌تی 36 .به‌ڵگه‌مان له سوننه‌تدا: (و الأنبياء إخوة و دينهم واحد) [أي كل الرسل دعوا ٌإلى التوحيد]. متفق عليه.
به‌شی یانزه و كۆتایی: پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله علیه وسلم) له دوایین ڕۆژه‌كانیدا حه‌جی ماڵئاوایی له ساڵی ده‌یه‌می كۆچی‌دا پێغه‌مبه‌رى خوا(صلى الله علیه‌و سلم) له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆر له مسوڵمانان كه له گشت لایه‌كه‌وه بۆ حه‌جكردن هاتبوون به‌ره‌و مه‌ككه به ڕێكه‌وت، ژماره‌ی حاجیان له‌و ساڵه‌دا له ١٠٠ هه‌زار زیاتر بوو، كاتێك گه‌یشتنه مه‌ككه له‌وێ پێغه‌مبه‌رى خوا(صلى الله علیه‌و سلم) شێوازی حه‌جكردنی فێری مسوڵمانان كرد‌و بنه‌ماو ڕێساكانی حه‌ج و چۆنیه‌تى سوننه‌ته‌كانی حه‌جی پیشاندان، له عه‌ره‌فه‌شدا پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله علیه‌و سلم) وتارێكی بۆ ئه‌و ژماره زۆره له مسوڵمانان خوێنده‌وه‌و بنودو بیروباوه‌ڕی ئیسلامی تیا ڕۆشن كرده‌وه. هه‌ندێ بڕگه‌ی وتار‌ی ماڵئاوایی پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) سه‌ره‌تا پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله علیه‌و سلم) پرسیاری له خه‌ڵكه‌كه كرد‌و فه‌رمووی: ئه‌ی خه‌ڵكینه ئایا ئێوه ئه‌زانن له چ مانگێك و له چ ڕۆژێك و له چ شارێكدان؟ وتیان: به‌ڵێ له ڕۆژو شار‌و مانگی حه‌رامداین، فه‌رمووی: كه‌واته بزانن خوێنتان و ماڵتان و خۆتان له یه‌كتری حه‌رامه، وه‌ك حه‌رامێتی ئه‌م ڕۆژه‌تان له‌م مانگه‌تاناو له‌م شاره‌تانا، ئێوه به خزمه‌ت خوای خۆشتان ئه‌گه‌ن، ئه‌وه من پێم گه‌یاندن و ئه‌وه‌ی ئامانه‌تیشی له لایه با بیپارێزێ و بیداته‌وه به خاوه‌ن ئامانه‌ته‌كه، سووش هه‌مووی به‌تاڵه‌و سووی هیچ كه‌س ناسێنرێت یه‌كه‌م سوویه‌كیش كه به‌تاڵ بێت سووی(عباس) ی كوڕی(عبدالمطلب)ه، خوێنی سه‌رده‌می نه‌فامیش ڕۆیشتووه‌و تۆڵه‌ی ناسێنرێت یه‌كه‌م خوێنیش كه به رۆیشتووی دابنێم خوێنی ڕه‌بیعه‌ی كوڕی حاریسی كوڕی (عبدالمطلب)ه. ئه‌ی خه‌ڵكینه: له خوا بترسن ده‌رباره‌ی ئافره‌تان؛ ئه‌مانه‌تی خوان لاتان و به فه‌رمووده‌ی خوا بۆتان حه‌ڵاڵ بوون، ئێوه مافتان هه‌یه به‌سه‌ریانه‌وه: بێ پرس و مۆڵه‌تی ئێوه ڕێ به‌كه‌س نه‌ده‌ن بێته ماڵتانه‌وه‌و به ته‌نیا له‌گه‌ڵ هیچ پیاوێكی تردا كۆنه‌بنه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌شیا‌ن كرد ئه‌وه لێیان بده‌ن به جۆرێك زیانیان پێنه‌گات، مافی ئه‌وانیش به‌سه‌ر ئێوه‌وه: به‌شێوه‌یه‌كی چاك ڕۆزییان بۆ په‌یداكه‌ن و پۆشاكیان بۆ بكه‌ن، په‌یڕه‌ویش بكه‌ن له قورئان و سوونه‌تی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌تان، ئێوه‌ش ده‌رباره‌ی من پرسیارتان لێ ئه‌كرێت: ئایا ئێوه چی ئه‌ڵێن؟ وتیان: شایه‌تی ئه‌ده‌ین كه تۆ گه‌یاندت و ئامۆژگاریت كرد‌و پێویستی سه‌ر شانت به‌جێ هێنا، پێغه‌مبه‌ریش(صلى الله علیه‌و سلم) فه‌رمووی: خوایه به شایه‌ت به. له پاش ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله علیه‌و سلم) هه‌موو ئادابه‌كانی حه‌جی به‌جێهێنا، به‌ره‌و مه‌دینه گه‌ڕایه‌وه، كاتێكیش مه‌دینه‌ی بینی سێ جار(الله أكبر) ی كرد‌و فه‌رمووی: (لا اله الا الله وحده، لا شريك له، له الملك و له الحمد وهو على كل شئ قدير، آيبون، تائبون، عابدون، ساجدون، لربنا حامدون، صدق الله وعده، و نصر عبده، وهزم الاحزاب وحده). واته: هیچ په‌رستراوێك نییه ته‌نها خوا نه‌بێت، هاوكاری نییه‌و، سامان و ستایش هی خوایه‌و به‌سه‌ر هه‌موو شتێكیشدا به توانا‌و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته، بۆ لای خوا گه‌ڕاوه‌ین، ته‌وبه‌كارین، خواپه‌رستین، سوجده‌به‌رو چه‌ماوه‌ین، سوپاس و ستایشی په‌روه‌ردگارمان ئه‌كه‌ین، خوای گه‌وره‌ش واده‌ی خۆی برده سه‌ر، به‌نده‌ی خۆی سه‌رخست و، به ته‌نها دوژمنانیشی شكاند. نه‌خۆشكه‌وتنی پێغه‌مبه‌ری خوا(صلی الله علیه‌و سلم) پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله علیه‌و سلم) له حه‌جی ماڵئاوایی به دوو مانگ و نیو؛ كاتێك ئاماده‌ی به خاك سپاردنی ته‌رمێك بوو له گۆڕستانی به‌قیع له ڕێ تووشی سه‌ر ئێشه‌یه‌كی گران هات و نه‌خۆش كه‌وت. كاتێك نه‌خۆشییه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله علیه‌و سلم) زیاتر ناڕه‌حه‌تی كرد مۆڵه‌تی له خێزانه‌كانی وه‌رگرت تا له ماڵی خاتوو عائیشه‌دا بخه‌وێ، ئه‌وانیش ڕازی بوون، هاوه‌ڵانیش خوایان لێ ڕازی بێت باسی گرانی تاو گه‌رمییه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ر(صلى الله علیه‌و سلم) كرد فه‌رمووی: به‌ڵێ من تا ئه‌گرم و دوو ئه‌وه‌نده‌ی تای ئێوه گه‌رم و ناڕه‌حه‌ته. وتار‌ی پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) بۆ مسوڵمانان رۆژێك تاو نه‌خۆشییه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله علیه‌و سلم) زۆر په‌ره‌ى سه‌ند، داوای كرد كه ئاوێكی زۆری بۆ بهێنن تا فێنكی بكه‌نه‌وه... پێی وتن: حه‌وت كوپه ئاو له حه‌وت بیره ئاوی جیاواز بێنن بیكه‌ن به سه‌رما. خاتوو عائیشه خوا لێی ڕازی بێت ئه‌ڵێ: پێغه‌مبه‌رمان له ته‌شتێكی خاتوو(حفصة) دا دانا‌و ئاوه‌كه‌مان كرد به‌سه‌ریا هه‌تا فه‌رمووی: به‌سمه، به‌سمه. پاش خۆشتن پێغه‌مبه‌ر(صلى الله علیه‌و سلم) سه‌ری به‌ست و چووه مزگه‌وته‌وه، نوێژی به مسوڵمانان كرد‌و پاشان چووه سه‌ر مینبه‌ره‌كه‌ی دانیشت و وتارێكی بۆ مسوڵمانان خوێنده‌وه، سه‌ره‌تا دوعای خێری بۆ شه‌هیده‌كانی جه‌نگی ئوحود كرد، پاشان پێغه‌مبه‌رى خوا(صلى الله علیه‌و سلم) باسی ئه‌وه‌ی كرد كه پێغه‌مبه‌ران ئه‌مرن و هیچ پێغه‌مبه‌رێكی تریش پێشتر له‌سه‌ر زه‌وی نه‌ماوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ئامۆژگاری مسوڵمانانی كرد كه به باشی له‌گه‌ڵ كۆچه‌رییه‌كان و پشتیوانانی مه‌دینه‌دا مامه‌ڵه بكه‌ن، به‌تایبه‌تی ئاماژه‌یدا به ڕۆڵی پشتیوانان له‌سه‌رخستنی ئیسلام، وه‌سێتیشی بۆ كردن كه دادپه‌روه‌ربن و خراپه‌نه‌كه‌ن و... هتد، ئه‌مه‌و پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله علیه‌و سلم) له ڕۆژانی دوایی ته‌مه‌نی پیرۆزیدا ئامۆژگاری زۆری مسوڵمانانی كرد له‌و ئامۆژگارییانه‌ش؛ ڕاگوێزانی موشریكه‌كان له دوورگه‌ی عه‌ره‌ب و ڕێگه‌دان به وه‌فده‌كانیان به مه‌رج و په‌یمانی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله علیه‌و سلم)، گومانی باشبردن به خوای گه‌وره، هه‌روه‌ها جه‌ختیكرد له‌سه‌ر نوێژه‌كان و به‌جێهێنانی به‌و چه‌شنه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله علیه‌و سلم) كردوویه‌تی، له‌گه‌ڵ باش مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌سانی ژێر ده‌سته، ڕێگری و قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌وه‌ی گۆڕه‌كه‌ی بكرێت به بت و بپه‌رسترێت... هتد. سپاردنی پێش نوێژی به ئه‌بوبه‌كر خوا لێی ڕازی بێت پێغه‌مبه‌رى خوا(صلى الله علیه‌و سلم) تا ده‌هات تاكه‌ی گه‌رمتر ئه‌بوو تا وای لێهات توانای نه‌ما بچێته مزگه‌وت و پێش نوێژی بكات، فه‌رمووی: با ئه‌بوبه‌كر پێش نوێژی بۆ مسوڵمانان بكات، خاتوو عائیشه خوا لێی ڕازی بێت وتی: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا ئه‌بوبه‌كر پیاوێكی دڵ نه‌رمه‌و ده‌نگی نزمه، ناتوانێ له جێی تۆدا ڕاوه‌ستێ، فه‌رمووی: به ئه‌بوبه‌كر بڵێن با نوێژ به مسوڵمانان بكات، خاتوو عائیشه‌ش خوا لێی ڕازی بێت دووباره هه‌مان قسه‌ی كرده‌وه، پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله علیه‌و سلم) فه‌رمووی: ئێوه وه‌ك ئافره‌تانی لای یوسفن واته دڵناسكن، بڵێن با ئه‌بوبه‌كر پێش نوێژی بۆ مسوڵمانان بكات، خاتوو عائیشه خوا لێی ڕازی بێت وتی: به خوا ئه‌و قسه‌یه‌م بۆیه كرد چونكه ئه‌مزانی خه‌ڵكی پێیان خۆش نییه كه‌س بچێته شوێنی پێغه‌مبه‌ری خوا، بۆیه حه‌زم كرد ئه‌وه تووشی ئه‌وبه‌كر نه‌بێ. به‌و شێوه‌یه پێغه‌مبه‌رى خوا(صلى الله علیه‌و سلم) زیاد له ١٠ ڕۆژ به‌و نه‌خۆشییه گرانه‌وه مایه‌وه‌و له ڕۆژانی دوایشدا ئه‌بوبه‌كر خوا لێی ڕازی بێت به‌رده‌وام پێش نوێژی بۆ مسوڵمانان ئه‌كرد، ڕۆژێكیان پێغه‌مبه‌ر(صلى الله علیه‌و سلم) هه‌ندێ تاكه‌ی سووك بوو چوو تا له مزگه‌وت نوێژ بكات له‌و كاته‌دا مسوڵمانان چووبوونه نوێژه‌وه‌و ئه‌بوبه‌كر پێش نوێژی بۆ ئه‌كردن، ئه‌بوبه‌كر خوا لێی ڕازی بێت ویستی جێگاكه‌ی بۆ چۆڵ بكات و پێغه‌مبه‌ر(صلى الله علیه‌و سلم) خۆی پێش نوێژی بكات، به‌ڵام پێغه‌مبه‌ر(صلى الله علیه‌و سلم) به ده‌ستی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌بوبه‌كر كرد فه‌رمووی: نوێژه‌كه‌یان بۆ بكه. خۆیشی له‌لاى ڕاستی ئه‌بوبه‌كره‌وه به دانیشتنه‌وه نوێژه‌كه‌ی كرد، دوای ئه‌وه‌ی له نوێژیش بوونه‌وه پێغه‌مبه‌رى خوا(صلى الله علیه‌و سلم) دوا وه‌سیه‌تی بۆ كردن؛ باسی چۆنیه‌تی كفن و ناشتنی خۆی بۆ كردن و ئامۆژگاریشی كردن كه له‌كاتی وه‌فاتی پێغه‌مبه‌ردا(صلى الله علیه‌و سلم) قیژه‌و هاوار نه‌كه‌ن. پێغه‌مبه‌ری خوا(صلی الله علیه‌و سلم) له ده‌ماوده‌می كۆتایدا به‌و شێوه‌یه ئه‌بوبه‌كر خوا لێی ڕازی بێت پێش نوێژی مسوڵمانانی ئه‌كرد، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله علیه‌و سلم) تیایدا وه‌فاتی كرد، له‌و ڕۆژه‌دا پێغه‌مبه‌رى خوا(صلى الله علیه‌و سلم) په‌رده‌ی سه‌ر ژووره‌كه‌ی خۆی لاداو سه‌یری مزگه‌وتی كرد كه بینی مسوڵمانان له نوێژدان زه‌رده‌خه‌نه گرتی، كاتێكیش مسوڵمانان بینییان له خۆشی‌دا خه‌ریك بوو نوێژه‌كه‌یان ببڕن، به‌ڵام پێغه‌مبه‌رى خوا(صلى الله علیه‌و سلم) ده‌ستی بۆ ڕاوه‌شاندن كه به‌رده‌وام بن و نوێژه‌كه‌تان مه‌بڕن، به‌و شێوه‌یه بۆ دوا جار چووه مزگه‌وت و چاوی به مسوڵمانان كه‌وت، به‌م هاتنه‌ی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله علیه‌و سلم) مسوڵمانان دڵشادبوون و به ته‌مای ئه‌وه‌بوون پێغه‌مبه‌ر(صلى الله علیه‌و سلم) چاك بووبێ و نه‌خۆشییه‌كه به‌ریدابێت. به‌ڵام كاتێك پێغه‌مبه‌رى خوا(صلى الله علیه‌و سلم) گه‌ڕایه‌وه بۆ ژووره‌كه‌ی خۆی ورده ورده ئێش و ئازاری په‌ره‌ی سه‌ندو تاكه‌ی گه‌رمتر بوو، قاپێ ئاوی ساردیان لا دانا هه‌موو جارێ پێغه‌مبه‌ر(صلى الله علیه‌و سلم) ده‌ستی تێده‌خست و ئه‌یهێنا به ده‌مووچاویدا، هه‌تا خاتوو فاتیمه خوا لێی ڕازی بێت ده‌ستی كرده گریان و وتی: هاوار بۆ باوكم، ئه‌ویش چاوی كرده‌وه‌و فه‌رمووی: له‌مڕۆ زیاتر هاوار بۆ باوكت نییه. خاتوو عائیشه‌ش خوا لێی ڕازی بێت ئه‌ڵێ: پێغه‌مبه‌ری خوا سه‌ری كرده سه‌ر كۆشم و ڕاكشا، ئیتر به‌و جۆره پێغه‌مبه‌رى خوا سه‌رى له باوه‌شی مندا بوو گیانی به خوا سپارد، منیش له‌گه‌ڵ ئافره‌تانا ده‌ستم به گریان كرد. به‌و شێوه‌یه پێغه‌مبه‌رى خوا(صلى الله علیه‌و سلم) وه‌فاتی كرد به‌ڵام قورئانی پیرۆز‌و سوننه‌تی پاكی خۆی بۆ جێهێشتین كه ئه‌گه‌ر ده‌ستیان پێوه‌بگرین هه‌رگیز تووشی لادان و گومڕایی نابین، هه‌روه‌ها هاوه‌ڵه به‌ڕێزه‌كانیشی په‌روه‌رده‌كرد دوای خۆی ئیسلامیان بۆ خه‌ڵكی ڕوونكرده‌وه‌و شوێنه‌كانی تری سه‌ر ڕووی زه‌وییان فه‌تح كرد‌و ڕوناكی ڕێنموویی خواییان به جیهاندا په‌خشكرد. له كۆتایدا داواكارین له خوای گه‌وره(أن يجزي محمداً خير ما جزى الله نبياً عن امته... و آخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين).
ئه‌گه‌ر کۆمپیوته‌ره‌که‌ت سیسته‌می نووسینی کوردیی سۆرانی تێدا نییه، کرته‌ی ئێره بکه (ته‌خته‌کلیلی کوردی).