|
سه‌ره‌تا
:: فیقهـ و زانسته‌كانی
:: ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهیه‌كان
|
چاپی بکه
لێدوان بنێره
بینێره بۆ هاوڕێکه‌ت
|
له‌لایه‌ن: : باوكی سه‌لاحه‌ددین |
خوێنراوه‌ته‌وه: ٢١٩ |
ڕێكه‌وت: ٢٠٠٧/ ٦/٩ |
ئه‌م وتاره پاشه‌كه‌وت بكه
|
|
|
|
|
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان (٧)
پ (١٨):
دانانی رێسا فیقهییه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چ سه‌رده‌مێك و به چه‌ند قۆناغدا تێپه‌ڕ بووه؟
وه‌ڵام:
به‌ر له هه‌موو شتێك پێویسته ئه‌وه بزانین که ڕێسا فیقهییه‌کان هه‌موویان به‌یه‌کجار و له یه‌ك سه‌رده‌مدا دانه‌نراون، به‌ڵکوو ئه‌م کاره له کات و سه‌رده‌می جیاجیادا بووه و زانایانی ڕێبازه فیقهییه جۆراوجۆره‌کان تیا به‌شدار بوون.
ئه‌گه‌ر چی نازانرێت به‌ته‌واوی و به‌وردی که‌ی ده‌ست کراوه به دانانی یه‌که‌م ڕێسای فیقهی، به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی گشتی پێ ده‌چێت ئه‌و ڕێسایانه‌ی له ده‌قه‌کانی قورئان و سوننه‌ته‌وه ده‌رهێنراون له‌پێش ئه‌و ڕێسایانه‌دا دانرابن که له مه‌سه‌له هاوشێوه‌کانه‌وه وه‌رگیراون. چونکه ئاشکرایه ده‌قه‌کانی قورئان و سوننه‌ت له بوونیاندا له‌پێش مه‌سه‌له فیقهییه‌کانه‌وه‌ن. هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌کان به‌رهه‌می ئه‌و ده‌قانه و به‌ڵگه شه‌رعییه‌کانی ترن.
له رووی ده‌ستپێشکه‌ری رێبازه‌کانیشه‌وه له بواری داڕشتنی رێسا فیقهیه‌کاندا ده‌رکه‌وتووه زانایانی رێبازی حه‌نه‌فی پێشه‌نگ بوون، وه‌کو له هه‌ندێ له‌سه‌رچاوه‌کانی رێسا فیقهیه‌کاندا ئه‌وه‌یان گێڕاوه‌ته‌وه که یه‌کێک له زانایانی رێبازی حه‌نه‌فی له‌سه‌ده‌ی چواره‌می کۆچیدا به‌ناوی " أبو طاهر الدباس" هه‌موو مه‌سه‌له‌کانی رێبازی حه‌نه‌فی له ١٧ رێسادا کۆکردووه‌ته‌وه.
سه‌باره‌ت به دانه‌ری هه‌ر رێسایه‌کی فیقهیش، له هه‌ندێ سه‌رچاوه‌دا ئاماژه کراوه که فڵانه رێسا فڵان زانا وتویه‌تی، ئه‌مه‌ش ده‌ری ده‌خات که ئه‌و رێسایه کێ دایناوه‌و له چ سه‌رده‌مێکدا دانراوه، به‌ڵام هه‌موو رێساکان ئه‌م لایه‌نه‌یان روون نه‌کراوه‌ته‌وه و زۆرینه‌ی رێساکان دانه‌ره‌کانیان نه‌زانراون و به‌رهه‌می هه‌وڵی چه‌ندین زانایه و به کۆششی له‌دوایه‌کی هه‌موویان رێساکه گه‌یشتووه‌ته دوا داڕشتنی.
ده‌رباره‌ی ئه‌و قۆناغانه‌ش که دانانی رێسا فیقهیه‌کانی پێدا تێپه‌ڕ بووه، به شێوه‌یه‌کی گشتی دوو قۆناغه:
قۆناغی یه‌که‌م: قۆناغی سه‌رهه‌ڵدان و دروست بوون(النشأة و التکوین).
قۆناغی دووه‌م: قۆناغی گه‌شه سه‌ندن و نوسینه‌وه(النمو و التدوین).
قۆناغی یه‌که‌م: قۆناغی سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوونی رێساکان
سه‌ره‌تاکانی سه‌رهه‌ڵدانی رێساکان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماوه‌ی نێوان سه‌ده‌ی یه‌که‌م تا سێیه‌می کۆچی که له‌م قۆناغه‌دا به‌ره به‌ره رێساکان سه‌ریان هه‌ڵداوه و ده‌رکه‌وتوون به تایبه‌تی له نیوه‌ی سه‌ده‌ی دووه‌مدا، له‌م بواره‌شدا ده‌قه‌کانی قورئان و سوننه‌ت و هه‌روه‌ها هه‌ندێ له وته و زاراوه‌و ده‌ربڕینی زانایانی چینی هاوه‌ڵان و گه‌وره شوێنکه‌وتووانیان بوون به هه‌وێن بۆ دروست بوونی کۆمه‌ڵه بنچینه‌و بنه‌ڕه‌تێکی گشتی که دواتر له ژێر ناوی رێسا فیقهیه‌کاندا ناسراوه.
شایانی ئاماژه‌یه که زانایانی ئه‌و سه‌رده‌مه وشه‌ی (أصل) یان به‌کارهێناوه واته: بنه‌ڕه‌ت یان بنچینه که هه‌ر مه‌به‌ست پێی رێساکانه.
بۆ نموونه: وتویانه (الأصل عند أبي حنیفة کذا...) واته ئه‌سڵ لای ئه‌بوو حه‌نیفه به‌و جۆره‌یه، که هه‌ر به‌مانای رێسا دێت وه‌کو له‌به‌کارهێنانه‌کانی وشه‌ی (أصل) دا هاتووه که به واتای (قاعدة) ش دێت.
له‌م قۆناغه‌دا سه‌ره‌تاکانی رێسافیقهیه‌کان سه‌ریان هه‌ڵداوه‌و ده‌رکه‌وتوون هه‌روه‌ک له کتێبی (الخراج)ی "أبو یوسف" و کتێبی (الأصل)ی "محمد بن الحسن الشیبانی" که هه‌ردووکیان قوتابی پێشه‌وا "أبو حنیفة" بوون، هه‌روه‌ها له کتێبی"الأم"ی پێشه‌وا "شافعي"دا چه‌ندین ده‌ربڕین و ده‌سته‌واژه‌ی گشتی به‌دی ده‌کرێن که بوون به به‌ردی بناغه‌ی هه‌ندێک له رێساکان و دواتر له به‌رگی رێسایه‌کی فیقهیدا نه‌خشێنراون.
رێسا فیقهیه‌کان پێش ئه‌وه‌ی وه‌کو رێسای فیقهی ده‌رکه‌ون پێشتر واتاکانیان له‌بیرو هۆشی پێشه‌وا موجته‌هیده‌کاندا گه‌ڵاڵه بوون و مه‌سه‌له فیقهیه‌کانیان پێ مه‌زه‌نده کردووه و حوکمه‌کانیان پێ لێک داوه‌ته‌وه.
سه‌ره‌ڕای ده‌رکه‌وتن و سه‌رهه‌ڵدانی رێساکان له‌م قۆناغه‌دا به‌ڵام نوسینی سه‌ربه‌خۆ سه‌باره‌ت به رێساکان دواکه‌وتوه بۆ سه‌رده‌مه‌کانی دواتر و، باسکردنی رێساکان له‌م قۆناغه‌دا تێکه‌ڵه له‌گه‌ڵ بابه‌ته فیقهیه‌کاندا و له کتێبه گشتییه‌کانی فیقهدایه.
زانایان له‌گه‌ڵ باسی مه‌سه‌له فیقهیه‌کاندا جاروبار باسیان له هه‌ندێ رێسا کردووه که په‌یوه‌ندیان به بابه‌ته‌که‌وه هه‌بووبێت.
هه‌ندێ جاریش بۆ لێکدانه‌وه‌ی حوکمێک باسی رێسایه‌کیان کردووه و هه‌ندێ جاری تر وه‌ڵامی مه‌سه‌له‌یه‌کیان به رێسایه‌ک داوه‌ته‌وه و له هه‌ندێ جێگه‌ی تریشدا ره‌خنه‌یان له رایه‌ک گرتووه له‌به‌رئه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی رێسایه‌که و، ئه‌مانه و چه‌ند وێنه و بۆنه‌یه‌کی تر که رێساکانیان تیا باس کردووه.
به ده‌ربڕینێکی تر رێساکان به په‌رش و بڵاوی لێره‌و له‌وێ له ناواخنی باسه فیقهیه‌کاندا باس کراون.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش به‌دی کراوه که رێساکان له‌م قۆناغه‌دا زۆر جار به‌ده‌سته‌واژه‌ی درێژ داڕێژراون و، له‌وانه‌شه هه‌ندێ رێسا زیاتر له ده‌سته‌واژه‌یه‌کیان بۆ دانرابێت.
قۆناغی دووه‌م: قۆناغی گه‌شه سه‌ندن و نوسینه‌وه‌ی رێساکان
له‌م قۆناغه‌دا رێساکان وه‌ک بوارێکی فیقهی تایبه‌ت نووسینی سه‌ربه‌خۆیان له‌سه‌ر نوسراوه و، رێسا په‌رش و بڵاوه‌کان کۆکراونه‌ته‌وه‌و ئه‌مه‌ش له سه‌ده‌ی چواره‌می کۆچییه‌وه ده‌ستی پێکردووه و له سه‌ده‌کانی دواتردا زیاتر په‌ره‌ی سه‌ندووه.
نووسینه‌کانی زانایانی ئه‌م قۆناغه سه‌ره‌تا بریتی بووه له کۆکردنه‌وه‌ی رێسا په‌رش و بڵاوه‌کانی نێو کتێبه فیقهیه‌کان و باسکردنی چه‌ند وێنه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ک بۆ هه‌ر رێسایه‌ک.
پاشان له هه‌نگاوێکی تردا زانایانی دوای ئه‌مان به هه‌وڵه‌کان و نووسینه‌کانی پێش خۆیاندا چوونه‌ته‌وه و له‌چه‌ند روویه‌که‌وه خزمه‌تی زیاتریان به رێساکان کردووه وه‌ک رێکخستن و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی هه‌ندێ له رێساکان و پوخته‌کردنی ده‌سته‌واژه‌کانیان و، باسکردنی رێسا بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌و باسانه‌ی که پێشتر رێساکانیان له‌گه‌ڵدا باس نه‌کراوه‌و، خستنه‌سه‌ری هه‌ندێ رێسای تر و دانانی هه‌ندێ رێسای نوێش.
وه‌ک له (الموسوعة)شدا باس کراوه سه‌ده‌ی هه‌شته‌می کۆچی به‌سه‌رده‌می زێڕینی رێساکان داده‌نرێت.
پ (١٩):
شێواز‌و به‌رنامه‌ی نووسینه‌کانی بواری رێسا فیقهیه‌کان چۆنه؟
وه‌ڵام:
بێگومان ئه‌و زانایانه‌ی له بواری رێسا فیقهیه‌کاندا نووسیویانه یه‌ک شێواز و یه‌ک به‌رنامه‌یان نه‌بووه، به‌ڵکوو چ له‌رووی ناوه‌ڕۆکی کتێبه‌کانیان و چ له رووی رێکخستنی بابه‌ته‌کانیشیاندا شێوازی جۆراو جۆر له کتێبه‌کانیاندا به‌دی کراوه.
له ڕووی ناوه‌ڕۆکه‌وه هه‌ندێکیان به ته‌نها رێسا فیقهیه‌کانیان باسکردووه و له‌وانه‌شه هه‌ندێ رێسای ئوسوڵیشیان باس کردبێت.
هه‌ندێکی تریان له نوسینه‌کانیاندا رێسا فیقهیه‌کان و ئوسوڵیه‌کان و مه‌ته‌ڵه فیقهیه‌کان(الالغاز الفقهیة) و حوکمه ناوازه‌و تایبه‌ته‌کان و چه‌ندین بابه‌تی تری فیقهیان هێناوه.
له رووی رێکخستنی رێساکانیشه‌وه هه‌ندێکیان به پێی بابه فیقهیه‌کان رێساکانیان باس کردووه، که ئه‌مه‌ش شێوازێکی نه‌گونجاوه بۆ باسکردنی رێساکان چونکه وه‌ک ده‌زانین رێساکان چه‌ندین باب و بواری فیقهی ده‌گرنه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئه‌م جۆره رێکخستنه وا ده‌کات کاری دۆزینه‌وه‌ی رێساکان گران بکات چونکه نازانرێت له چ بابێکدا دانراون و خه‌مڵاندنی کارێکی ئاسان نییه.
له هه‌ندێ له په‌رتوکه‌کانی تری رێساکاندا شێوازێکی تر گیراوه‌ته به‌ر بۆ رێکخستنی باسی رێساکان ئه‌ویش بریتیه له ریزکردنی رێساکان به‌پێی پیتی سه‌ره‌تای یه‌که‌م وشه‌ی رێساکه و به‌ڕه‌چاو کردنی ریزبه‌ندی پیته‌کان له فه‌رهه‌نگدا دانراون ، واته:
ئه‌و رێسایانه‌ی به ئه‌لف ده‌ست پێده‌که‌ن پاشان ئه‌وانه‌ی به پیتی بێ و به‌وجۆره..
ئه‌م رێگایه‌ش ئاسانتر و گونجاو تره بۆ خستنه ڕووی رێساکان.
شێوازێکی تریش له کتێبه‌کانی رێساکاندا به‌دی کراوه ئه‌ویش بریتییه له دانانی چه‌ند به‌شێک بۆ نموونه به‌شێک بۆ پێنج رێسا گه‌وره‌که پاشان به‌شێک بۆ رێسا گشتیه‌کانی تر که چه‌ندین بابی فیقهی ده‌گرنه‌وه پاشان به‌شێک بۆ ئه‌و رێسایانه‌ی که ته‌نها بابێک ده‌گرنه‌وه.
پ (٢٠):
به‌گوێره‌ی چوار رێبازه فیقهیه‌که، ناوی کتێبێکی رێسا فیقهیه‌کان له‌هه‌ریه‌که‌یاندا بنووسه؟
وه‌ڵام:
(1) انوار البروق في انواء الفروق به‌ناوبانگه به (الفروق) / القرافي المالکي ( ٦٨٤ ک کۆچی دوایی کردووه).
٢) تقریر القواعد و تحریر الفوائد به‌ناوبانگه به (القواعد) / ابن رجب الحنبلي ( ٧٩٥ ک کۆچی دوایی کردووه ).
٣) الاشباه والنظائر / جلال ا‌لدین السیوطي الشافعي ( ٩١١ ک کۆچی دوایی کردووه ).
٤) الاشباه والنظائر / ابن نجیم الحنفي ( ٩٧٠ ک کۆچی دوایی کردووه ).
پ (٢١):
حوکمی خوێندن و فێربوونی زانستی رێسا فیقهیه‌کان چییه؟
وه‌ڵام:
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی فه‌رزی کیفایه‌یه، به‌ڵام بۆ دادوه‌ر و موفتیه‌کان فه‌رزی عه‌ینه له‌سه‌ر ئه‌وان.
تێبینی:
به‌شی یه‌که‌می ده‌روازه که بریتی بوو له (ناساندنی زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان) لێره‌دا کۆتایی هات و له ئه‌ڵقه‌ی داهاتووه‌وه پشت به خوای گه‌وره ده‌ست ده‌که‌ین به به‌شی دووه‌م که بریتییه له باسی خودی ڕێسا فیقهییه‌کان.
|
|
|
بابه‌تی پێوه‌ندیدار
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان (٦)
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان (٥)
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان (٤)
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی رێسا فیقهییه‌کان (٣)
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان (٢)
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زانستی ڕێسا فیقهییه‌کان (١)
|
|
|
|
|
|
|
|
|