|
تێرۆر و تۆقاندن و مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی
الحمد لله والصلاة والسلام علی رسول الله محمد خاتم الانبياء وآله وصحبه ومن تبع هداه.
سوپاس و ستایشی بێپایان بۆ خوای په‌روه‌ردگار و دروود و سه‌لامی نه‌بڕاوه‌ش له‌سه‌ر گیانی پاكی سه‌رداری پێغه‌مبه‌ران و یار و یاوه‌ر و شوێنكه‌وتووانى به‌گشتى.
پێناسه‌ی تێرۆر
هه‌موو فه‌رهه‌نگه‌كانی زمان بۆ نموونه فه‌رهه‌نگی (المعجم الوسیط) و (لسان العرب) و قامووسی (ئۆكسفۆرد)ی بریتانی و فه‌رهه‌نگه‌كانی دیكه‌ش هه‌موویان له‌سه‌ر ئه‌وه یه‌كده‌نگن و یه‌ك قسه ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: وشه‌ی تێرۆر له‌ئه‌سڵدا وشه‌یه‌كی فه‌ره‌نسییه, كه سپێڵه‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه ده‌نووسرێت (terror) و ده‌ڵێن تێرۆر واتاكه‌ی ترساندن و تۆقاندن و هه‌ڕشه‌له‌خه‌ڵككردنه؛ كه جاری واش هه‌یه ترساندن و تۆقاندنه‌كه سه‌ر ده‌كێشێ بۆ كوشتن و فه‌وتاندنیش.
ئه‌وه مه‌عنای زمانه‌وانییه‌تی. جا هه‌رچه‌نده وشه‌كه له ئه‌سڵدا فه‌ره‌نسییه, به‌ڵام له زمانه‌كانی تریشدا به‌كار هێنراوه و ڕه‌واجی پێ دراوه وه‌ك گه‌لێ وشه‌ی دیكه.
ئینجا با بزانین داخوا مانای سیاسیی ئه‌و وشه‌یه چيیه؟ له قامووسی سیاسی‌دا مانای وشه‌ی تێرۆر به‌كورتی بریتییه له كوشتنی سیاسییانه به‌هۆی به‌كارهێنانی چه‌كه‌وه. هه‌نێكیان ئاوایان پێناسه كردووه بۆ نموونه (المعجم الوسیط) دوای ئه‌وه‌ی كه له ڕووی زمانه‌وانییه‌وه وشه‌ی (ێیرۆر) ده‌به‌نه‌وه سه‌ر (ئیرهاب)؛ وه‌ك زانایان وتوویانه: "أرهب فلانٌ فلاناَ يرهَبهُ أي: خوَفهُ وفزعهُ." واته: فڵانه‌كه‌س فڵانه‌كه‌سی ترساند و تۆقاندی و زراوی برد. دوای ئه‌وه وتوویانه: "الإرهابيونَ وصفُ يطلقُ على الذين يسلكونَ سبيل العنفِ والإرهابِ لتحقيقِ أهدافهم السياسية." واته: ئیرهابییه‌كان, ئه‌وه وه‌سفێكه بۆ كه‌سانێك به‌كار ده‌هێنرێت كه ڕێگای توندوتیژی و تۆقاندن ده‌گرنه به‌ر بۆ هێنانه‌دیی مه‌رامه سیاسییه‌كانیان.
كه‌واته هه‌ركه‌سێك ڕێگای توندوتیژی و كوشتنوبڕین و داپڵۆسین و تۆقاندن بگرێته به‌ر بۆ هێنانه‌دیی ئامانجی سیاسی، ئه‌وا "تێرۆریست"ه و ڕێبازه‌كه‌شی "تێرۆریزم"ه و كاره‌كه‌یشی "تیرۆر"ه. ئیتر ئه‌و كه‌سه هه‌ركه‌سێك بێت؛ مسوڵمان بێت یان كافر, ڕۆژهه‌ڵاتی بێت یان ڕۆژئاوایی, فه‌رق ناكات و هه‌مان حوكمی هه‌یه مادام ئه‌و وه‌سف و پێناسه‌ی به‌سه‌ردا بچه‌سپێ.
قورئانی پیرۆزیش بۆ تۆقین و ترس و زه‌نده‌قچوون به‌كاری هێناوه وه‌ك ده‌فه‌رموێ: لأنتم أشدُ رهبةً في صدورهم . [الحشر: ١٣]. واته: ئێوه (ئیمانداران) زیاتر ترستان خستۆته دڵیانه‌وه.
هه‌روه‌ها ئایه‌تی ترهبونَ بهِ عدوَ اللهِ وعدوَكم . [الانفال: ٦٠]. واته: بۆ ئه‌وه‌ی دوژمنی خودا و خۆتانی پێبترسێنن. ئه‌و ئایه‌تانه‌ی به‌م مانایانه باس له وشه‌ی (ره‌ب) یان (أرهب) ده‌كه‌ن ئایه‌تی جه‌نگین و باس له حاڵه‌تی پێكدادان و جه‌نگی به‌رامبه‌ریی ده‌كه‌ن و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به وشه‌ی ئیرهابه‌وه نییه كه ئه‌مڕۆكه وه‌ك زاراوه‌یه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی باسی لێوه ده‌كرێت. له‌حاڵه‌تی جه‌نگدا مرۆڤ ئارامی و هێمنایه‌تی له‌ده‌ست ده‌دات و به‌رامبه‌ره‌كان خۆیان ئاماده كردووه بۆ پاكتاوكردنی یه‌كتری و كوشتوبڕكردن.
به‌ڵام ئیرهاب به مانا نوێیه‌كه‌ی بریتییه له توندوتیژی و خوێنڕشتنی جه‌سته‌ى گیانی مرۆڤی سیاسی و بێگوناهـ و خه‌ڵتانی خوێنى ده‌كات.
ئیرهاب به مانا نوێیه‌كه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه له ئاشتی و خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و كه‌سێتیی سیاسی و ژیانی ئاساییی خه‌ڵك. بۆیه كرده‌وه‌یه‌كی بێڕه‌وشتانه‌ی دژبه مرۆڤایه‌تییه؛ هیچ مانایه‌ك ناهێڵێته‌وه بۆ مرۆڤبوون. به‌ڵام له قورئانی پیرۆزدا ئیرهاب باس له حاڵه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌نگی ده‌كات كه ده‌وڵه‌تی مسوڵمان بۆ به‌رگریكردن دژبه به‌هاكانی كوفر و بێباوه‌ڕی و زوڵم و سته‌م ئه‌نجامی ده‌دات. بۆیه ئیرهاب له قورئانی پیرۆزدا وێنه‌یه‌كه بۆ گیانی به‌رخۆدان و نه‌ترسان له دوژمن و زیاد له‌وه‌ش ترساندنی دوژمنی سه‌رسه‌خته به گیانفیدایی و ئازایه‌تی. به‌ڵام ئیرهاب به مانا نوێیه‌كه‌ی له‌و ڕاستییه دوور كه‌وتۆته‌وه و ڕه‌هه‌ندێكی تری وه‌رگرتووه و ناكرێ وه‌كوو یه‌ك فه‌رهه‌نگ سه‌یریان بكه‌ین.
مێژووی په‌یدابوونی تێرۆر (إرهاب)
تیۆرنووسه هاوچه‌رخه‌كانی ئیرهاب بریتین له‌كۆمه‌نیست و ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كان و چه‌پ و لیبڕاڵه توندڕه‌وه‌كان. ئه‌مانه‌ن كه بانگه‌شه بۆ ئیرهاب به مانا نوێیه‌كه‌ی ده‌كه‌ن. (ڤلادیمێر لینین) دامه‌زرێنه‌ری یه‌كه‌م ده‌وڵه‌تی كۆمۆنیستی له دونیادا ده‌ڵێت: "ده‌وڵه‌ت پێویستی به ئیرهاب و تۆقاندنی خه‌ڵكه تا سڵی لێ بكرێته‌وه. كۆمۆنیستی شۆڕشگێڕیش له قوَناغی شۆڕشدا پێویستی به ئیرهابه بۆ ئه‌وه‌ی بوونی خۆی بسه‌لمێنێ." له كتێبی (تأریخ جیهان)دا كه كتێبێكی فارسیی گه‌وره‌یه هاتووه وه‌ك قامووسه‌كانی زمانیش ئاماژه‌یان پێ كردووه كه یه‌كه‌م جار وشه‌ی تێرۆر له ساڵی (١٧٩٣) زایینی‌دا و له وڵاتی فه‌ره‌نسا به‌كار هێنراوه. چونكه شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا له ساڵی (١٧٨٩) كراوه. جا ماوه‌یه‌ك دوای به‌رپابوونی ئه‌و شۆڕشه، كابرایه‌ك به‌ناوی (ڕوبسپیر) جڵه‌وی حوكمڕانی له فه‌ره‌نسا گرته ده‌ست. ئه‌و كابرایه ڕێبازی توندوتیژی و تۆقاندنی گرته به‌ر. وه حوكمه‌كه‌ی له ساڵی (١٧٩٣) تا (١٧٩٤) -واته ساڵێك دوو ساڵی- خایاند.
وه هه‌ركه‌سێك گومانی لێ بكرایه كه دژی شۆڕشه (شۆڕشی فه‌ره‌نسا)، ده‌یانكوشت. ئه‌وه بوو له‌ماوه‌ی حوكمڕانییه‌كه‌یدا سیوپێنج هه‌زار (٣٥٠٠٠) كه‌سیان به بیانووی ئه‌وه‌ی كه دژی شۆڕشن، كوشت.
هه‌ركه‌سێك به‌س گومانیان لێ كردبایه، ده‌یانكوشت. وه یه‌كێك له‌وانه‌ی به‌و بیانووه‌وه كوژرا، (دانتۆن) بوو، كه ڕێبه‌ری خۆشه‌ویستی شۆڕشی فه‌ره‌نسا بوو. یه‌كێكیشیان (لوئه‌ی شازده‌یه‌م) بوو، كه پاشای فه‌ره‌نسا بوو. وه ئه‌وانه‌ی كه ده‌كوژران به ئامێرێك ده‌یانكوشتن و سه‌ریان ده‌بڕین به ناوی (گیوتین) كه ئاله‌تێكه له هه‌ندێك له فه‌رهه‌نگه‌كاندا وێنه‌ى كێشراوه و شوێنێكی تێدایه كه مرۆڤیان وه‌ك جه‌نازه تێدا ڕاكێشاوه و ئاسنێكی تیژیش له‌سه‌ره‌وه بووه؛ پلاكێكی لێ بووه كه ده‌ستیان پێدا هێناوه و به‌ربۆته‌وه و ملی كابرای قرتاندووه! ئیتر(٣٥٠٠٠) كه‌سیان به‌و شێوه‌یه كوشتووه! دوایى له ساڵ (١٧٩٤)دا (ڕوبسپیر) بۆ خۆشی هه‌ر به‌و ئامێری (گیوتین)ه ئیعدام كراوه و "ئه‌و سه‌رده‌مه به‌زمانی فارسی پێی وتراوه: (دوران وحشت) و به زمانی عه‌ره‌بی پێی وتراوه (عصرالإرهاب) به فه‌ره‌نسی پێیان وتووه (چاخی تێرۆریزم). "ئه‌و سه‌رده‌مه كۆتایی پێ هاتووه. كه‌واته ئه‌گه‌ر واقعبینانه ته‌ماشای ئه‌و وشه‌یه بكه‌ین و ته‌ماشای ئه‌و ڕێبازه بكه‌ین هه‌م وه‌ك لایه‌نی زمانه‌وانی و هه‌م وه‌ك زاراوه‌یه‌كی سیاسی كه وشه و زاراوه‌ی (تێرۆر) هیچ په‌یوه‌ندیی نییه به عاله‌می ئیسلامییه‌وه، ئه‌سڵه‌ن په‌یوه‌ندیشی نییه به جیهانی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه به‌گشتی، به‌ڵكوو وشه‌یه‌كی ڕۆژئاوایییه و به‌ته‌حدید وشه‌یه‌كی فه‌ره‌نسییه و زاراوه‌یه‌كی فه‌ره‌نسیشه.
ئه‌مه له‌باره‌ی پێناسه‌ی وشه‌ی (تێرۆر terror) و چه‌مك و واتای و چۆنییه‌تیی سه‌رهه‌ڵدانی وه‌ك وشه‌یه‌ك و وه‌ك زاراوه‌یه‌كی سیاسی وه‌ك باسمان كرد هیچ په‌یوه‌ندیهی‌كی نه به ئیسلامه‌وه نه به عاله‌می ئیسلامییه‌وه و نه عاله‌می ڕۆژهه‌ڵاته‌وه نییه.
له ساڵی (١٨٨١)ی زایینی‌دا له‌سه‌ر ده‌ستی كۆمه‌ڵێ كۆمۆنیستدا قه‌یسه‌ر كوژرا. له ئاكامی ئه‌وه‌دا لافاوی خوێن هه‌ستا. وه له سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی كۆمۆنیستیدا -له ساڵی ١٩١٨-١٩٣٢- هه‌شت سه‌د هه‌زار موعاره‌زه‌ی سیاسی به ناوی ڕه‌جعییه‌ته‌وه پاكتاو كران و ژماره‌یه‌كی زۆریشیان هاوڕێیانی خۆیان بوون. بۆیه له سه‌رده‌می دوو سه‌ده‌ی ڕابوردوودا خوێناوی‌ترین ده‌سه‌ڵات و ئیرهابیترین ڕێكخراوه كۆمۆنیسته‌كان بوون. له ساڵی (١٩١٤)دا به‌هۆی كاری تێرۆرستانه‌ی ڕێكخراوی (ده‌سته‌ڕه‌شه‌كه‌وه) كه ڕێكخراوێكی ڕه‌گه‌زپه‌رستی سربی بوون، جه‌نگی یه‌كه‌م هه‌ڵگیرسا و (١٠) ملیۆن مرۆڤ تێیدا كوژرا, جگه له زیانی ماددی و برینداره‌كان.
ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی باسمان كرد له مێژووی ئیسلامی‌دا ڕووی بدایه، ئه‌مڕۆ نه‌مانده‌توانی سه‌ر به‌رز بكه‌ینه‌وه. به‌ڵام به‌داخه‌وه چه‌ند گرووپێكی ئیسلامیش چوونه‌ته سه‌ر ڕه‌ویه‌ی ئه‌و كاره ئیرهابییانه و هه‌مان ڕچه‌ی ئه‌وانیان هه‌ڵگرتووه له كاری ئیرهابیدا. وه‌ك ده‌رخستنی ڕاستییه‌كیش ده‌بێ بزانین كه ئیسلام وه‌ك ئایین مه‌زنترین ئایینی پڕ له گیانی له‌خۆبورده‌یییه له هه‌موو دونیادا. ناكرێ مرۆڤی موسڵمان به‌و هه‌سته ناسكه موسڵمانه‌تییه‌وه به‌ڕه‌وای بزانێت ژن و منداڵ و بێچه‌ك و ئه‌سیر و خه‌ڵكی بێگوناهـ بكوژێت.
موسڵمانان له دونیای ئه‌مڕۆدا زۆر شتی گرنگی خۆیان له‌ده‌ست داوه. له‌وانه ئه‌و گیانه پڕ له سه‌ماحه‌ت و لێبوردنه‌ی كه قورئان و سیره‌ی پێغه‌مبه‌ر (د.خ.) فێریان كردووین.
فیكری سیاسیی هه‌ندێ ته‌وژمی ئیسلامی ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر گرژی و زبری تێدایه. بۆیه له هه‌ناوی ده‌قه‌كانی قورئان و فه‌رمووده‌دا بۆ ئه‌و ده‌قانه ده‌گه‌ڕێت كه پاساوی خۆی پێ بدات.
ئه‌گه‌ر نا بنه‌مای ئیرهاب و كاری ئیرهابییانه په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به ئایینه‌وه نییه؛ ڕاستتر وایه بڵێین په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به پێكهاته ده‌روونییه‌كانی خودی مرۆڤه‌وه هه‌یه، به‌و مانایه هه‌ندێ كه‌س -ئایینپه‌روه‌ر بێت یا بێئایین- ده‌كرێت له یه‌ك كاتدا ئیرهابی بن. كه‌واته ئه‌وه‌ی ده‌بێته ئیرهابی مرۆڤه نه‌ك بیروباوه‌ڕ. هه‌ندێ جاریش بیروباوه‌ڕی سیاسییانه‌ی نه‌زۆك و ناواقعی -هه‌ر ئاراسته‌یه‌كی هه‌بێ- به‌هۆی كورتبینی و داخرانی خۆیه‌وه ناتوانێ به شێوه‌یه‌كی مه‌نتیقی و واقیعی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی ده‌وروبه‌ریدا بكات. بۆیه په‌نا ده‌باته به‌ر شێوازی زه‌بر و تۆقاندن بۆ خۆساغكردنه‌وه و دروستكردنی پاڵه‌وان له به‌رامبه‌ر په‌یكه‌ره‌كانی به‌رامبه‌ردا. ئه‌م جۆره تێزانه گوتاری ڕۆژانی ئاشتی و ئاوه‌دانییان پێ نییه. له ڕۆژانی شه‌ڕ و ڕه‌وتی نائاسایی و تام تۆماندندا ده‌توانن قسه بكه‌ن. بۆیه هه‌موو كاتێك پێویستیان به بوونی جه‌نگ و ده‌نگ و سه‌دای تفه‌نگ هه‌یه تا بتوانن قسه بكه‌ن و به خه‌ڵكی بڵێن ئێمه‌ش هه‌ین. ئه‌م هه‌سته گه‌لێك دووره له‌و په‌یامه‌ی كه له ناوه‌ڕۆكی ده‌قه‌كانی قورئان و فه‌رمووده‌دا هه‌یه و ده‌خوازێ مرۆڤایه‌تی له‌ژێر سایه‌ی خۆیدا بحه‌سێنێته‌وه.
هۆیه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی ئیرهاب
ئیرهاب به‌و مانایه‌ی دیارده‌یه‌كی سیاسیی جیهانییه، هۆیه‌كانی توندوتیژی و تۆقاندن به‌كار ده‌هێنێ بۆ چه‌سپاندن و ملكه‌چكردنی نه‌یاره‌كانی خۆی به‌شێوه‌یه‌كی نادروست و ناڕه‌وشت. ئه‌م دیارده‌یه به ئه‌ندازه‌ی ترسناكێتیی خۆی و ئه‌و ترسناكییه‌ی له‌سه‌ر واقعی سیاسی و هێمنایه‌تی دروستی ده‌كات, دیارده‌یه‌كه هۆی جه‌وهه‌ری و بابه‌تی خۆیی هه‌یه. باسكرنی هۆیه‌كانی ئیرهاب مانای پاساودانی كاره تیرۆریستییه‌كانی ئیرهاب ناگه‌یه‌نێ. به‌ڵكوو تیشكخستنه‌سه‌ر چاوگی سه‌ره‌كی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و دیارده‌یه وه‌كوو سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ڕێگه‌چاره‌سه‌ركردنی. له‌سه‌ر ئاستی دونیا چه‌ند هۆیه‌كی سه‌ره‌كی هه‌یه بۆ سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی ئیرهاب به مانا جیهانییه‌كه‌ی. ده‌كرێت لێره‌دا چه‌ند خاڵێك بخه‌ینه ڕوو:
١- ئیستیبدادی سیاسییانه و بوارنه‌هێشتنه‌وه بۆ حیواری نیشتیمانی چاره‌سه‌ری سیاسییانه و ده‌رفه‌تنه‌دان بۆ خه‌مڵاندنی ژیانی فره‌حیزبی و پێكه‌وه‌ژیانی سیاسی.
٢- بێڕه‌وشتانه مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆز و مه‌سه‌له چاره‌نووسسازه‌كاندا و چاوپۆشیكردن له كێشه‌ی گه‌لان و نه‌ته‌وه‌كانی دونیا و گه‌ڕان به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندییه مادییه‌كاندا.
٣- نائومێدبوونی گرووپه‌كانی ئیرهاب (پێش ئه‌وه‌ی ببنه ئیرهابی) له ڕێگه‌چاره‌ی سیاسی و چاره‌دۆزی هێمنانه.
٤- به‌شدارینه‌كردن و حسابنه‌كردن بۆ گرووپه سیاسییه بچووكه‌كان پێش ئه‌وه‌ی ببنه گرووپی ئیرهابی و به‌هیچسه‌یركردنیان.
٥- تیۆریسته‌كردن (تنظیر) بۆ ئیرهاب و جوانكردنی به مانای سیاسی و ئایینی و ڕه‌وشتی وێناكردنی ئیرهاب وه‌ك پاڵه‌وانی نیشتیمانی و ڕزگاركه‌ری گه‌لان و كه‌مه‌رشكێنی زاڵمان.
٦- ئه‌ده‌بیاتی سیاسی له زۆر شوێندا هه‌تا ئێستاكه‌ش ئه‌ده‌بیاتێكی شۆڕشگێڕانه‌یه و نه‌یتوانیوه به‌پێی قۆناغه سیاسییه‌كه گۆڕان به‌سه‌ر خۆیدا بهێنێ.
٧- حیزبی سیاسی ده‌سه‌ڵات له هه‌ندێ ناوه‌ندا كه ئیرهابی تێدا په‌یدا بووه نه‌یتوانیوه ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسیی یاسایی ئه‌وه‌نده به‌ربڵاو دروست بكات هه‌موو گرووپه‌كان له‌خۆ بگرێت. بۆیه كه‌لێنی سیاسی دروست كردووه و هه‌ندێ له‌و گرووپه بچووكانه به ئیرهاب گوزارشت له قورساییی خۆیان ده‌كه‌ن.
٨- ئاماده‌گیی هه‌ندێ ئایده‌لۆژیای سیاسی و ئه‌نجامدانی كاری ئیرهابییانه به به‌هانه‌ی به‌رگریله‌خۆكردن و دروستكردنی پشتێنه‌ی ئه‌منی و تۆقاندنی به‌رامبه‌ر و خۆسه‌پاندن به مه‌نتیقی هێز. ئه‌م جۆره ئایدۆلۆژیانه مه‌نتیقی ئه‌قڵ و سیاسی‌یان لاوازه و زه‌مینه‌ی له‌ناو خه‌ڵكیدا نیيه.
٩- مامه‌ڵه‌كردنی ده‌سه‌ڵات له زۆر شوێندا له‌گه‌ڵ ئه‌نجامه‌كانی ئیرهابدایه نه‌ك له‌گه‌ڵ هۆیه‌كانیدا. ئه‌م دوو پرۆسه‌یه‌ش دوو شتی ته‌واو جیاوازن؛ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هۆیه‌كاندا بۆ چاره‌سه‌ركردنه. به‌ڵام مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدا بۆ خۆسه‌پاندنی به‌رامبه‌ر و زه‌برنواندنه. ئه‌مه‌ش دیارده‌ی ئیرهاب گه‌وره‌تر و ئاڵۆزتر ده‌كات.
١٠- گوتاری سیاسیی حیزبی ده‌سه‌ڵات له هه‌ندێ جێگه‌دا گوتارێكی ئایدۆلۆژی داخراوه و كار له‌سه‌ر لاته‌ریكخستنی گوتاری هه‌ندێ گرووپ و لایه‌نی تر ده‌كات و له‌به‌رده‌م ئه‌م سیاسه‌ته‌شدا حاكمی ئیرهابیی به‌رامبه‌ر دروست ده‌بێت.
١١- ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌یی و بێگانه بۆ كاروباری سیاسی و شڵه‌قاندنی هێمنایه‌تیی سیاسی ناوچه بۆ هێشتنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسییه‌كان و پاراستنیان.
١٢- توندڕه‌ویی ئایینی كه توندوتیژی و عونفی له‌گه‌ڵدا بێت و په‌نا بۆ كار و كرده‌وه‌ی تیرۆر و به‌كارهێنانی زه‌بروزه‌نگ ده‌بات وه‌ك ئه‌و توندڕه‌وی و توندوتیژییه‌ی له‌لایه‌ن هه‌ندێ گرووپ و ڕێكخراوی ئیسلامییه‌وه له نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی پێشووه‌وه له‌جه‌زائیر و هه‌ندێ وڵاتی تر هه‌یه و تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه. یان وه‌ك ئه‌و توندوتیژییه‌ی كه له‌لایه‌ن گرووپه توندڕه‌وه‌كانی جووله‌كه و زایۆنیسته‌كانه‌وه له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و ده‌رچوونی وه‌عد‌ی به‌لفۆره‌وه دژبه خه‌ڵكی فه‌له‌ستین ئه‌نجام ده‌درێت. هه‌روه‌ها ئه‌و توندوتیژییه‌ی له‌نێوان هیندۆسه‌كان و مسوڵمانه‌كانی هیندستان ناوبه‌ناو ڕوو ده‌دات.
١٣- توندڕه‌ویی نه‌ته‌وه‌گه‌رایه‌تى و ڕه‌گه‌زپه‌رستی كه توندوتیژی وعونفی له‌گه‌ڵدا ده‌بێت وه‌ك توندڕه‌وی و توندوتیژیی نازییه‌كانی ئه‌ڵمانیا و فاشییه‌كانی ئیتالیا و سپیپێسته‌كان دژبه ڕه‌شپێسته‌كان له ئه‌مریكا و خوارووی ئه‌فریقا و تۆرانییه‌كان دژ به گه‌لی كورد له توركیا و هتد...
١٤- توندڕه‌ویی ئایده‌لۆژی و سیاسی كه توندوتیژی و عونف به‌كار دێنێ دژبه نه‌یاران وه‌ك نموونه‌ی دیكتاتۆریه‌تیی پرۆلیتاریا و عونفی ستالینی دژبه نه‌یاران و گه‌لانی بنده‌ستی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران یان نموونه‌ی تاوانه‌كانی جینۆساید و به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی و ڕاگواستن و گۆڕینی دیمۆگرافی و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كه له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسی ڕووخاوی عێراقه‌وه به‌رامبه‌ر به‌گه‌لی كوردى موسڵمان كرا، كه ئه‌نجامه‌كه‌ی به له‌ناوچوون و ڕووخانی ئه‌و ڕژێمه فاشییه كۆتایى هات.
١٥- توندڕه‌وی و توندوتیژیی گرووپه‌كانی مافیا و تاوانی ڕێكخراوی (الجریمة المنظمة) كه هه‌ڵده‌ستن به بازرگانیكردن به ماده بێهۆشكه‌ره‌كان و شۆردنه‌وه و سپیكردنه‌وه‌ی پاره و ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تێرۆریستی.
١٦- به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی دیارده‌ی ئیرهاب وه‌ك به‌شێك له پرۆژه‌ی عه‌وله‌مه‌ی ئیرهاب و تێپه‌ڕاندنی سنووره‌كانی جوگرافیای سیاسیی وڵاتان و گه‌یشتنه ناوچه ئۆرگانییه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌تان.
گوتاری عه‌لمانییه‌تی فیكر و ڕۆشنبیری عه‌لمانی زۆرجار گوتارێكی ته‌واو داخراو و ترسناكه سڵ له شێواندنی هیچ چه‌مكێكی ئیسلامی ناكاته‌وه. ڕاسته كه عه‌لمانییه‌تی سیاسی له‌سه‌داسه‌د ئه‌م جۆره تێزانه په‌سه‌ند ناكات وه‌كوو به‌شێك له گوتاری خۆی, به‌ڵام ئه‌و جۆره نووسه‌ر و تیۆرنووسانه ئایدۆلۆژیاپه‌رستان ده‌پارێزێت و شانازییان پێوه ده‌كات. لێره‌وه گوتاری به‌رامبه‌ری ئیسلامی هه‌ست به حه‌یف و نابه‌رابه‌ری ده‌كات. ئیتر مۆركی ئیرهاب به هه‌موو شێوه‌كانیه‌وه حاڵه‌تێكی چاوه‌ڕوانكراو ده‌بێت.
له‌وانه‌یه به‌ده‌ر له‌م خاڵانه هۆی تریش هه‌بن بۆسه‌رهه‌ڵدانی ئیرهاب, كه هه‌ندێكیان ڕاسته‌وخۆ زاتین و گوزارش له‌ناخی ئیرهابییه‌كان ده‌كه‌ن. ئه‌م جۆره تێزانه ئه‌گه‌ر له‌ناو كه‌شوهه‌وای ئازادی و دێمۆكراسیدا گه‌وره ببن هه‌ر ئیرهابییان لێ ده‌رده‌چێت.
چاره‌سه‌ره‌كانی دیارده‌ی ئیرهاب
لێره‌دا به پێویستمان زانی كه ئاماژه به‌چه‌ند ڕه‌هه‌ندێك بكه‌ین كه زه‌مینه‌سازییه‌كی باش ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردن و بنه‌بڕكردنی ئه‌و دیارده دزێوه كه ئێستا بۆته كێشه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و ته‌واوی وڵاتان و گرووپ و لایه‌ن و ده‌سه‌ڵاتداران و كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نییه‌كانی ورووژاندووه وجوهد و توانا و مه‌ساریفێكی زۆرى له‌پێناودا به‌ڕێ ده‌كرێ.
ڕێگه‌چاره بۆ ئه‌م دیارده‌یه په‌یوه‌ندی به دوو لایه‌نه‌وه هه‌یه:
یه‌كه‌م: لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدار
دووه‌م: كۆمه‌ڵگا و گرووپ و لایه‌نه‌كانی تر
دیاره ئه‌م دوو لایه‌نه‌ش ئه‌رك و واجباتی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه كه ئه‌نجامی بده‌ن له‌پێناو بنه‌بڕكردنی ئه‌م دیارده‌یه، هه‌تا ئه‌و مافانه‌ش كه چاوه‌ڕێ ده‌كرێت بۆ هه‌ردوو لا وه‌ك پێویست بێته دی و لێی به‌هره‌مه‌ند بن.
سه‌ره‌تا جێی خۆیه‌تی ئاماژه به چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكی سه‌ره‌كی بكرێت له چاره‌سه‌ره‌كانی دیارده‌ی ئیرهاب كه په‌یوه‌ندیداره به لایه‌نی ده‌سه‌ڵاته‌وه، چونكه به‌رپرسیاریه‌تی له‌م بواره و له هه‌موو بوارێكی تری ژیانی كۆمه‌ڵگا به پله‌ی یه‌كه‌م له‌وه‌وه ده‌ستپێ ده‌كات. به‌م پێیه ده‌بێت بڵێین بۆ بنه‌بڕكردنی ئیرهابی ده‌وڵه‌تی و ده‌سه‌ڵاتداران، ده‌بێت ڕه‌چاوی ئه‌م بوار و ڕه‌هه‌ندانه‌ی لای خواره‌وه بكرێت هه‌تا دیارده‌ی ئیرهاب له ته‌ره‌فی دووه‌مدا واته (گرووپ و لایه‌ن و كۆمه‌ڵگا به‌گشتی) سه‌ر هه‌ڵنه‌دات وه یان ئه‌گه‌ر بوویش كار له‌سه‌ر بنه‌بڕكردنی بكرێت؛ له‌و ڕێگه‌چارانه‌ش:
١- هه‌وڵدانی لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدار له پیاده‌كردنی عه‌داله‌ت و دادپه‌روه‌ری
ئه‌لف- له ڕووی ئابوورییه‌وه:
له ڕووی ئابووری و ئاوه‌دانی و دابینكردنی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی له سه‌رچاوه و به‌روبووم و داهاتی ئه‌و خاك و نیشتیمانه كه هی خه‌ڵكییه و به‌ئه‌مانه‌ت له‌ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتداراندایه. زۆرجار (ئیسراف و ئيتراف)ێكی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و به‌هه‌ده‌ربردنی ماڵ و سامانی وڵات له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه زۆر دیارده‌ی خراپ ده‌خوڵقێنێت و ده‌بێته هۆی دروستبوونی ناڕه‌زایی و ڕێپێوان و له‌سه‌رنووسین و دروستبوونی گرووپ و لایه‌ن بۆ چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردن و زۆرجاریش كه قه‌یران زیادی كرد، سه‌ر ده‌نێ به كاری ئیرهابییه‌وه.
ب- له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه:
ڕاگرتنی دابونه‌ریت و كلتور و ڕه‌سه‌نایه‌تی و ئایین و به‌ها باڵاكانی كۆمه‌ڵگا و نه‌شێواندنی شیرازه و ئامرازه‌كانی مانه‌وه‌ی بنه‌ماكانی كۆمه‌ڵگه كه زۆرجار ده‌ستبردن بۆ ئه‌و مه‌سه‌لانه ده‌بێته مایه‌ی ورووژاندنی كۆمه‌ڵگا و له نه‌بوونی چاره‌سه‌ری گونجاو‌دا سه‌ر ده‌نێ به كاری توندوتیژی و له هه‌ردوو لاوه په‌نا بۆ كاری ئیرهابی ده‌برێت.
ج- له ڕووی سیاسییه‌وه:
ده‌بێت لایه‌نی ده‌سه‌ڵات هه‌میشه له هه‌وڵی پیاده‌كردنی سیاسه‌تێكی هه‌ڵقوڵاو بێت له كانگای بارودۆخه‌كانی وڵات و چاره‌سه‌ری خواست گرفته‌كانى سه‌رده‌م و كه‌نارگیریكردن له هاورده‌كردنی له وڵاتان و گرووپه‌كانی تر و ڕه‌چاونه‌كردنی جیاوازیی كۆمه‌ڵگاكان له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ كه سوود له سیاسه‌تی وڵاتان و میلله‌تانی تر وه‌رنه‌گیرێت.
هه‌روه‌ها ده‌بێت واقیعییانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌موو چینوتوێژ و گرووپ و لایه‌نێكی ئه‌و ساحه‌یه‌دا بكرێت.
ئازادییه‌كانی فیكر و بیروباوه‌ڕ و مه‌زه‌هه‌ب و موماره‌سه‌ی كاری سیاسی فه‌راهه‌م بكرێ. فشار و ململانێی ناشه‌ریفانه نه‌سه‌پێنرێ به‌سه‌ر خه‌ڵكی و گرووپ و لایه‌نه‌كاندا. له‌ئاست و هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاته‌وه مامه‌ڵه نه‌كرێت و له‌سه‌ر ئاستی تاك و كۆمه‌ڵ خوێندنه‌وه هه‌بێت بۆ هه‌مووان. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مانه‌شه‌وه بێ گومان كێشه‌ی جۆربه‌جۆر دێته ئارا و ئه‌گه‌ر به شێوه‌ی شارستانییانه چاره‌سه‌ر نه‌كرێت سه‌ر ده‌نێت به كاری توندوتیژی و ئیرهابه‌وه.
د- له ڕووی په‌روه‌رده‌وه:
پێویسته كه‌لایه‌نی ده‌سه‌ڵات له‌بیری پیاده‌كردنی په‌روه‌رده‌یه‌كی بنیاتنه‌ر بێت بۆ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ و كار له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه بكات كه زیندوویی و دامه‌زراوی و میلله‌تی پێوه به‌نده و له‌م بواره‌شدا په‌یامه ئاسمانییه‌كان باشترین ڕۆڵیان هه‌یه له ڕاگرتنی كه‌سێتیی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ و خێزان و شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگا به‌گشتی. هه‌روه‌ها وریاكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا به یاساكان و ده‌ستووری وڵات و شه‌ریعه‌ت و به‌رنامه‌ی ئایینیی ئه‌و میلله‌ته له‌ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌كان و چاپه‌مه‌نی و ئاسته جیاجیاكانی خوێندنگاكانه‌وه, كه ئه‌مانه‌ش هه‌مووی له خزمه‌تی پێگه‌یاندنی تاكی سوودبه‌خش ده‌بێت له‌داهاتوودا بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كان. به‌ڵام ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌سه‌ڵات تێیاندا ئامرازی هاندانه بۆ له‌ده‌ستدانی سیفاته پڕبه‌هاكانی مرۆڤ و دیارده‌ی به‌دڕه‌وشتی و ئیباحییه‌ت و شێواندنی بیروباوه‌ڕ و ڕه‌واجدان به (ماده بێهۆشكه‌ره‌كان) و (مدمن)بوونی كۆمه‌ڵگا و سه‌رهه‌ڵدانی ڕووداوه جۆربه‌جۆره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و سه‌رئه‌نجام په‌یدابوونی بانده جۆربه‌جۆره‌كانی دزین و كوشتن و مادده سڕكه‌ره‌كان وهتد... كه هه‌موو ئه‌مانه له ئه‌نجامی نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌كی ڕاست و دروست له په‌روه‌رده‌كردنی چینوتوێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا و به‌ڵكوو به‌زۆری له ئه‌نجامی زه‌مینه‌سازییه بۆ ئه‌و دیاردانه كه بێ گومان هه‌ندێك له كاره توندوتیژییه‌كان هه‌ڵقوڵاوی ئه‌و هۆكارانه‌ن.
هـ- له ڕووی ڕاگه‌یاندنه‌وه:
ڕاگه‌یاندن به (ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م) وه‌سف كراوه، به‌ڵام زۆرجار كاریگه‌ریی سلبی و ئیجابی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی تریش هه‌یه. بۆیه ده‌بێت ڕۆڵی ڕاگه‌یاندن هه‌میشه به بواری ئیجابیدا به‌كار بهێنرێت.
سیاسه‌تی چه‌واشه‌كاری له ڕاگه‌یاندندا زۆرجار بچووك زۆر گه‌وره ده‌كات و یان شتی گه‌وره ده‌شارێته‌وه و خراپ ده‌شكێته‌وه به‌سه‌ر به‌رامبه‌ره‌كانیدا، كه زۆرجار بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئیعتیباریان شته‌كان وه‌ك خۆیان لێ بكرێته‌وه و زۆرجاریش ئه‌سته‌مه وای لێ بێت؛ په‌نا بۆ شێوازی ئیرهابییانه ده‌برێت له‌ڕاستكردنه‌وه‌كه‌دا.
بۆیه ده‌بێت هۆكاره‌كانی ڕاگه‌یاندن هه‌موویان له سنووری یاسادا مامه‌ڵه بكه‌ن و شتی نه‌خوازراوی لێ نه‌كه‌وێته‌وه.
و- په‌نابردن بۆ كاری ئیرهابی:
واته ده‌سه‌ڵات ده‌بێت له‌پێش هه‌موو كه‌سێكدا خۆی په‌نا نه‌بات بۆ كاری توندوتیژی و ئیرهاب و ڕه‌شه‌كوژی (إغتیالات)؛ چونكه ئه‌م كارانه ڕاسته‌وخۆ هه‌مان شێوه‌ی لێوه چاوه‌ڕێ ده‌كرێت.
ز- له ڕووی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان:
هیچ میلله‌تێك بێ كێشه و گرفت نابێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لایه‌نی ده‌سه‌ڵات ده‌بێت گیانی حیوار و گفتوگۆ تێیدا به‌رجه‌سته بێت و هه‌ر كێشه‌یه‌ك هاته ئاراوه، بانگهێشتی خاوه‌ن گرفت و كێشه بكات. وه یان بچێت به‌ده‌میه‌وه و تا ئه‌ندازه‌یه‌كیش كێشه‌كان له جه‌ماوه‌رو گرووپ و لایه‌نه‌كانی تر شاراوه نه‌بن، هه‌تا خاوه‌ن حه‌ق خاوه‌نی ته‌ئییدی جه‌ماوه‌ریش بێت و ناهه‌قیش ئه‌گه‌ر هه‌ر ته‌ره‌فێكه ده‌ستبه‌رداری ناڕه‌وای بێت. یاسا و ده‌ستوور هه‌میشه به‌رقه‌رار بێت و میزاجی به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتداران ده‌خاله‌ت له كاره یاسایی و دادگایییه‌كاندا نه‌كات و هیچكه‌س و لایه‌نێك هه‌ست به مافخوراوی نه‌كات و بیری وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و مافه به شێوازی تر بكاته‌وه. ئه‌مانه و ده‌شێت ڕه‌هه‌ند و ته‌وه‌ری تریش هه‌بن كه لێره ده‌رفه‌تی ئاماژه پێكردنیان نییه.
٢- كۆمه‌ڵگا و گرووپ و لایه‌نه‌كان
دیاره له هه‌موو كۆمه‌ڵگاكانی دونیای ئه‌مڕۆدا گرووپ و لایه‌نی زۆر هه‌ن و به دید و ئایدیا و بیروباوه‌ڕی جیاواز خه‌بات ده‌كه‌ن. به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌بێت كۆمه‌ڵگایش به هه‌موو گرووپ و لایه‌نه‌كانییه‌وه پابه‌ندی ئه‌و یاسا و ڕێسایانه بن كه عه‌داله‌ت و به‌رژه‌وندییه گشتییه‌كان و به‌ها باڵاكان و سه‌روه‌ری میلله‌ت و خاك و نیشتیمان تێیاندا ڕه‌چاو كراوه.
ئه‌لف- ڕه‌چاوكردنی یاساكانی ده‌وڵه‌ت به‌گشتی یاساكانی تایبه‌ت به موماره‌سه و كاری حیزبی و سیاسی و ڕێكخراوه‌یی و چاپه‌مه‌نییه‌كان و ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه. وه له ڕه‌چاونه‌كردنیاندا بێ گومان كێشه‌ی جۆربه‌جۆر دێته ئاراوه و ده‌گونجێ كاری ئیرهابیان لێ بكه‌وێته‌وه.
ب- له‌ئاست هه‌ر كه‌موكووڕییه‌ك كه له ته‌ره‌فی ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌ستپێ ده‌كرێت, باش وایه ئالیه‌تی ئاگاداركردنه‌وه و ڕوونكردنه‌وه و زمانی گفتوگۆی هێمنانه و (إقامة الحجة) ئه‌سڵ بێت له چاره‌سه‌ردا و ته‌ره‌فی ده‌سه‌ڵاتیش خوێندنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر و وه‌ڵامی خۆی هه‌بێت؛ نه‌وه‌ك بێنرخسه‌یركردن و فه‌رامۆشكردنی داخوازیيه‌كان.
ج- له مامه‌ڵه‌كردنی كاری حیزبی و ڕێكخراوه‌ییدا ڕۆڵی ته‌واوكار و هاوكار ببینرێ, نه‌وه‌ك ڕۆڵی سه‌ربه‌خۆیانه و له هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵات و تواناكان و ورووژاندنه جه‌ماوه‌رییه‌كانه‌وه ڕاسته‌وخۆ ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ ڕووداو و پێشهاته‌كاندا بكرێت بێ گوێنه‌دانه لایه‌نی ده‌سه‌ڵات و ڕه‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندیيه گشتییه‌كان .
د- په‌راوێزكاری له كاری ژێربه‌ژێر و سیاسه‌تی چه‌واشه‌كاری و ئه‌و كار و كرده‌وانه‌ی ده‌بنه مایه‌ی شێواندنی په‌یوه‌ندییه‌كان و سه‌رئه‌نجام به زیانی كۆمه‌ڵگا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان كۆتایی دێن. ئه‌مانه و چه‌ندین خاڵی تریش كه لێره ده‌رفه‌تی باسكردنیان نیيه.
له‌به‌ر ڕه‌چاونه‌كردنی ئه‌م چاره‌سه‌رانه وه‌ك پێویست ده‌بینین تا ئێستایش مه‌ترسییه‌كانی ئیرهاب هه‌ڕه‌شه له زۆرێك ده‌سه‌ڵات و ناوه‌نده جیاجیاكان ده‌كات و ئاكامه‌كانی ئایینده‌شی هه‌ر وا ئاسان مه‌زه‌نده ناكرێت.
دواوته و كۆتایی
جارێكی تر دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه تێرۆر دیارده‌یه‌كی زۆر توندڕه‌وانه و نامۆیه به ئیسلام و به‌ها و ئامانجه‌كانی په‌یامی ئاسمانی. به‌داخه‌وه له‌م سه‌رده‌مه‌دا له‌ژێر دروشمی جیهاد له‌ڕێگای خوادا, خه‌ڵكی بێ‌تاوان ده‌كوژرێن و هێرش ده‌برێته سه‌ر كڵێسا و خه‌سته‌خانه‌كان و كار و كرده‌وه‌ی تۆقاندن و تێرۆرستی ئه‌نجام ده‌درێت و ئارامی و هێمنیی گشتی ئه‌شێوێنرێت بێ سڵه‌مینه‌وه له هه‌ر كردارێكی تێكده‌رانه تا ده‌گاته هه‌ڵته‌كاندنی گۆڕی پیاوچاكان و ده‌رهێنانی ئێسكوپیروسكی مردووه‌كان. بێ گومان ئه‌وه عه‌قڵییه‌تێكی زۆر دژوار و چه‌وته په‌یوه‌ندی به هیچ ئایین و مه‌بده‌ئێكی ئینسانییه‌وه نییه, به‌ڵكوو له‌ڕاستیدا جه‌ریمه و تاوانێكی ناڕه‌وایه و تێكه‌ڵكردنێكی ئاشكرایه له‌نێوان جه‌ریمه و جیهاددا و ڕێبازێكی چه‌واشه‌كارانه‌یه و ئیسلام ڕه‌تی ده‌كاته‌وه و ڕه‌نگه هه‌ندێ جاریش له‌لایه‌ن ده‌ست و لایه‌نی ناحه‌ز به ئیسلام به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئه‌نجام بدرێت به مه‌به‌ستی شێواندنی ئیسلام و ته‌یاری ئیسلامی.
له‌ولاشه‌وه ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و ئاژانسه‌كانی ده‌نگوباس به‌گشتی بێ وچان باس له ئیرهابی و ئیسلامی ده‌كه‌ن و ئیسلام و موسوڵمانان به‌وه تاوانبار ده‌كه‌ن كه مه‌یل و ئاره‌زووی سروشتییان هه‌یه بۆ كوشتن و دوژمنكاری به‌رامبه‌ر به غه‌یر. دیاره ئه‌وه‌ش پلانێكی دوژمنكارانه‌ی له‌پشته‌وه‌یه به مه‌به‌ستی ئاوه‌ژووكردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان و چه‌واشه‌كردنی بیر و هۆشی خه‌ڵك و ڕای گشتی و شێواندنی ڕوخساری دره‌وشاوه‌ی گه‌وره‌ترین شارستانییه‌تی ئینسانی له مێژوودا، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر ئیسلام و موسڵمانان نه‌توانن له‌سه‌ر شانۆی ژیان ڕۆڵی مێژووییی شیاوی خۆیان ببینن.
بۆیه پێویسته ڕاشكاوانه په‌رده له ڕووی ئه‌و كار و كرده‌وه توندڕه‌وی و تێرۆریستییانه‌دا هه‌ڵبدرێته‌وه كه به‌ناڕه‌وا به‌رگی ئیسلامیان له‌به‌ر ئه‌كرێت و به ناوی جیهاد له‌ڕێگای خوادا ئه‌نجام ئه‌درێت. چونكه ئه‌و زه‌ره‌ر و زیانه گه‌وره‌یه‌ی ئه‌و دیارده نامۆ و دزێوه به فه‌رهه‌نگ و شارستانیه‌تیی ئیسلامی و موسڵمانانی گه‌یاندووه, به هه‌موو پێوه‌رێك له‌سنووربه‌ده‌ره و به‌ئاسانی قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه. كوشتنوبڕین و تۆقاندنی خه‌ڵكی بێگوناهـ و بێ‌تاوان و تێكدان و شێواندنی ئاشتی و ئارامی و ئاسووده‌ییی كۆمه‌ڵگه هه‌رگیز ناگونجێت به جیهاد له‌ڕێگه‌ی خوادا له‌قه‌ڵه‌م بدێت و نابێ به‌ناڕه‌وا تێكه‌ڵ بكرێت به‌خه‌بات و تێكۆشان و قوربانیدانی گه‌لان و له‌پێناو كێشه ڕه‌واكان و به‌رگریكردن له‌گه‌ل و نیشتیمان و موقه‌ده‌سات.
له كۆتاییدا داواكارم له‌خوای گه‌وره هه‌موو لایه‌ك له‌كاری تێكده‌رانه و ئاشووبی بپارێزێت و به‌زه‌یی به‌م گه‌لی كوردی مسوڵمانه‌دا بێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی تۆزێك ماندووێتیی بحه‌سێته‌وه.
والسلام علیكم ورحمة الله وبركاته.
بۆ په‌یوه‌ندیكردن به نووسه‌ری بابه‌ته‌كه: Mohamad_computer@yahoo.com
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سه‌رچاوه‌كان:
١- قورئانی پیرۆز.
٢- ( تأریخ جیهان)، ئه‌م كتێبه‌م له‌سه‌ر CD وه‌رگرتووه.
٣- (المعجم الوسیط)، ده‌رهێنانی ابراهم مێگفى چاپی ئه‌سته‌مبول، دار الدعوة ١٩٨٩.
٤- لسان العرب للعلامه ابن منصور، الطبعه الاولى، دار احیا‌ء التراث الإسلامی، بیروت ١٩٩٦.
٥- ظاهرة الإرهاب وضرورة الحد منها (د. صباح محمد البرزنجی) ٢٠٠٤.
٦- مشكلات التطرف والإرهاب الدولي (د. منذر الفضل) بابه‌تێكه له ئینته‌رنێته‌وه وه‌رگیراوه.
٧- ئیرهاب له فیقهی ئیسلامی‌دا (د. محمد گه‌زنه‌یی) ٢٠٠٤.
٨- الإرهاب والتأریخ: (د. علي الشامي)، مامۆستا له زانستگای لوبنان. بابه‌تێكه له ئینته‌رنێته‌وه وه‌رگیراوه.
٩- له وتارێكی (د. محسن عبد الحمید)، زانا و نووسه‌ری ئیسلامی-كوردیی عێراقی وه‌رگیراوه.
١٠- كتێبی (الإسلام والسیاسة)، عبد العزیز بلقزیز، چاپی یه‌كه‌م ٢٠٠١.
١١- توندڕه‌وی و تێرۆر (هادی عه‌لی)، ساڵی ٢٠٠٢.
١٢- چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی باوی سه‌رده‌م (مامۆستا عه‌لی باپیر)، چاپی چواره‌م ٢٠٠٥.
پیاچوونه‌وه و هه‌ڵه‌چنیی ڕێنووس: به‌رپرسی ڕێنووسی ده‌نگی ئیسلام
|