|
(كوردستان نێت)یش به‌ره‌و هه‌ڵدێر
به‌نده تا سه‌رئێسقان بڕوام به ئازادیی ڕاده‌ربڕین هه‌یه و به هیچ نووسین و وتارێكیش تووڕه و قه‌ڵس نابین. وه‌لێ ئه‌وه ماناى ئه‌وه نییه وتار و بابه‌ته چه‌وت و هه‌ڵه‌كان قسه‌یان له‌سه‌ر نه‌كرێت. چونكه ڕاستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كان و ڕێنماییكردنى هه‌ندێك كه‌س كه هیچ شاره‌زایییه‌كى ئیجابییانه‌یان نییه، شتیَكى پێویسته. ئه‌وه‌ى پتر مه‌به‌ستمه له‌و نووسینه‌دا، تایبه‌ته به سایتى كوردستان نێت كه ئێمه وه‌ك مه‌لا كه‌سانێك كه شانازى به كوردبوون و موسڵمانبوونى خۆمان ده‌كه‌ین، هه‌میشه شانازیمان به‌وه كردووه كه له‌و سایته ده‌نووسین. له‌وانه‌یه له زۆر دانیشتن و مه‌جلیس و كۆڕیشدا دیفاعمان له‌و سایته كردووه؛ به‌وه‌ى سایتێكى ئازاده و خاوه‌ن كه‌سایه‌تی و پێگه‌یه‌كى دیاره. بگره له‌وه‌ش پتر به‌نده یه‌كێك بوو له هه‌ندێك سایتى دیكه‌ى ناحه‌ز له‌گه‌ڵ كوردستان نێت ده‌ینووسى ته‌نها له‌پێناوى ئه‌وه‌ى له كوردستان نێت دانه‌بڕێین، وازمان لێیان هێنا.
وه‌لێ خه‌ریكه كوردستان نێت ئه‌و سه‌نگه‌ى خۆى له‌ده‌ست ده‌دات. چونكه سه‌رپه‌رشتیارى سایته‌كه هه‌ر بۆچوون و تێڕوانینێكى هه‌یه، ئه‌وه شتێكى شه‌خسی و تایبه‌ت به خۆیه‌تى، به‌ڵام ئه‌و نووسین و بۆچوونانه له سایته‌كه ڕه‌نگ بداته‌وه، ئه‌وه مایه‌ى نیگه‌رانییه. به‌مه‌ش له‌وانه‌یه كوردستان نێت میسداقییه‌تى له‌ده‌ست بدات، چونكه یه‌كێك له‌و بڕگانه‌ى كوردستان نێتى گه‌رم كردووه، مه‌سه‌له‌ى ئیسلام و موسڵمانێتیی گه‌لى كورده. ماوه‌یه‌كه زۆر به‌ڕاشكاوى پێیه‌وه دیاره، ئه‌ویش له گرنگیدانى به‌و بابه‌تانه‌ى دژایه‌تى خودى ئیسلام ده‌كه‌ن، نه‌ك حیزب و گرووپه ئیسلامییه‌كان. ده‌كرێ چه‌ند نموونه‌یه‌ك بهێنینه‌وه.
١) له كاتى ڕاگرتنى زنجیره‌دراماى ئاریا، كوردستان نێت پێى وا بوو كارێكى نایاسایی و ناشارستانى بوو، بۆیه هه‌ر زوو كه‌مپینێكى كرده‌وه دژى ئه‌و بڕیاره؛ كه ده‌بوو پێشتریش هه‌مان كه‌مپینى بكردبایه‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر ڕاگرتن له دیدى ئه‌وانه‌وه سووكایه‌تیكردن بێت، ئه‌وا شێواندنى ڕاستییه‌كان و هه‌قیقه‌ته‌كانیش سووكایه‌تییه‌كى دیكه‌ى گه‌وره‌تره. پاساوهێنانه‌وه‌ش به‌وه‌ى دواتر مه‌لا ڕۆڵى ئیجابى پێ دراوه، ئه‌وه قه‌باحه‌تتره، چونكه ئه‌و مه‌لایه‌ى ڕۆڵى ئیجابى پێ درابوو، ده‌رچووى زانكۆ بوو كه ده‌كاته مه‌لاى چه‌ند ساڵێك. ئه‌و هه‌موو مه‌لایه‌ى پێشترى كوردایه‌تى، ئه‌وانه‌ى له حوجره‌كان ده‌رچوونه دیاره ئه‌وانه هیچ لایه‌نه‌كى ئیجابییان نه‌بووه.
٢) كاتێك سایتى كوردستان نێت هه‌واڵێكى بڵاو كرده‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه دوو به‌رپرسى كۆمه‌ڵى ئیسلامى یه‌كه‌و ژنێكى دیكه‌یان خواستووه. تا ئێره ئاساییه؛ ئه‌گه‌ر له‌سه‌رى بنووسن، ئه‌ویش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كوردستان نێت شتێكى نوێى ده‌رخستبێت، به‌ڵكوو ئه‌وه په‌یوه‌ندى به خودى ئایینه‌وه نییه. بۆیه من قسه‌ى له‌سه‌ر ناكه‌م. هه‌رچه‌نده ئه‌وه‌ى ئه‌وانیش هێشتا زۆر كه‌متره له به‌رپرسانى حیزبه عه‌لمانییه‌كان، كه زۆربه‌یان دوو ژن و سێ ژنیان هه‌یه و سه‌ربارى خانمه دۆسته‌كانیشیان. به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه بوو كوردستان نێت وێنه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ دانابوو، كه ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا كێشه‌یه‌كى جیهانى لێ كه‌وته‌وه؛ واته یه‌كێك بوو له‌و وێنانه‌ى كاریكاتێریسته دانیماركییه‌كه دروستى كردبوو به مه‌به‌ستى سووكایه‌تیكردن به پێغه‌مبه‌رى ئیسلام -دروودى خواى له‌سه‌ر بێت-. به‌مه‌ش گومانێكى زۆرمان كه‌وته دڵ به‌رامبه‌ر سایتى كوردستان نێت، به‌وه‌ى ده‌ستێكى غه‌یرى ڕۆژنامه‌وانى له‌پشتییه‌وه بێت، كه ده‌شێت دژى كورد و كوردستانیش بێت. هیوادارم وا نه‌بێت. كه له‌و حاڵه‌تانه‌دا كوردستان نێت خیانه‌تى به كوردستان كردووه، به‌وه‌ى له‌ڕێى ئه‌و شتانه‌وه ئه‌منى ئه‌م وڵاته بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه. چونكه كوردستان نێت وه‌ك سایته هه‌رچیوپه‌رچییه‌كان نییه، كه هیچشتێكى له‌سه‌ر حسێب نه‌كرێت. له‌وانه‌یه مافی خۆشمان بێت له‌سه‌ر ئه‌و وێنانه به‌ره‌و دادگا په‌لكێشیان بكه‌ین.
٣) یه‌كێكى دیكه ئه‌وه بوو كاتێك كه‌سێك بابه‌تێكى بڵاو كردبووه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئیسلام گه‌یشتۆته یابان، كه‌سه‌كه نووسیبووى: "ئه‌نفلۆنزاى ئیسلام گه‌یشته یابان". تا ئێره ئاسایییه، چونكه كه‌سه‌كه ڕاى خۆى ده‌ربڕیوه، به‌ڵام سه‌یره‌كه ئه‌وه بوو سه‌رپه‌رشتیارانى سایته‌كه بۆ گرنگیدان به باسه‌كه له‌گه‌ڵ وێنه‌یه‌كى مه‌زن له ته‌نیشتى سایته‌كه‌ى دانابوو وه‌ك شتێكى سه‌رنجڕاكێش. خۆ ئه‌گه‌ر ته‌نها چه‌ند هه‌واڵێك له‌وانه بڵاو بكاته‌وه كه ڕۆژانه چۆن ڕۆژئاوایییه‌كان به‌ره‌و ئیسلام دێن، ئه‌وا ده‌مانگوت قه‌ی چی ئه‌كات؟ چونكه پێشتریش چه‌ند هه‌واڵێكى موسڵمانانه‌ى ئاوا به‌گرنگییه‌وه دانابوون. به‌ڵام كه پێشتر هیچ شتێكى باشى نه‌كردبێت، ئه‌وا ئێمه مافی خۆمانه لێیانه‌وه به‌گومان بین.
بۆیه هیوادارم كوردستان نێت میسداقییه‌تى خۆى له‌ده‌ست نه‌دات و وه‌ك سایته باشه‌كان بمێنێته‌وه و ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ڕاى جه‌ماوه‌رى كوردستان بێت، نه‌ك ته‌نها جێگه‌ى نه‌خۆشان و ماركسی و ئه‌وانه بێت، كه جگه له زمانى سووكایه‌تى هیچى دیكه نازانن.
cefergwani@gmail.com
پیاچوونه‌وه و هه‌ڵه‌چنیی ڕێنووس: به‌رپرسی ڕێنووسی ده‌نگی ئیسلام
|