پرسیار : بۆ چی پێغه‌مبه‌ران خوای گه‌وره ڕه‌وانی کردن؟ وه‌ڵام: بۆ ڕاگه‌یاندنی به‌ندایه‌تی و یه‌کتاکپه‌رستی خوا نه‌هیکردن له هاوتا و هاوبه‌ش په‌یداکردن بۆ خوا. به‌ڵگه‌مان له قورئاندا :(وَلَقَدْ بَعَثْنَا فِي كُلِّ أُمَّةٍ رَّسُولاً أَنِ اعْبُدُواْ اللَّهَ وَاجْتَنِبُواْ الطَّاغُوتَ... ) سوره‌تی النحل ئایه‌تی 36 .به‌ڵگه‌مان له سوننه‌تدا: (و الأنبياء إخوة و دينهم واحد) [أي كل الرسل دعوا ٌإلى التوحيد]. متفق عليه.
ده‌مارگیـریی مه‌زهه‌بی زۆر ده‌مێكه پرسیارێك له‌لای موسڵمانان دروست بووه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئایا چاولێكردنی مه‌زهه‌بی دروسته؟ وه ئایا ده‌شێت كه‌وا ئینسان پابه‌ند بێت به هه‌موو مه‌زهه‌بێكه‌وه؟ ئایا ده‌بێت ته‌نها یه‌ك مه‌زهه‌ب وه‌رگری و به هه‌موو ده‌قه‌كانیشیه‌وه مولزه‌م بیت؟ ئه‌مانه هه‌مووی كۆمه‌ڵه پرسیارێكن، پێویستیان به وه‌ڵامدانه‌وه هه‌یه. جا ئێمه‌ش به پشتیوانی خوای په‌روه‌ردگار وه‌ڵامی تێكڕای ئه‌م پرسیارانه ده‌ده‌ینه‌وه به گێڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر مه‌زهه‌به‌كان خۆیان، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێك له‌ملاوه‌ڕا نه‌یه‌ت و بڵێت کابرای له‌ملاوه هاتوو، تۆ ئه‌م قسانه‌ت له‌كوێ هێنا؟! سه‌ره‌تا ده‌ڵێین، بێ گومان چاولێكردن دروسته بۆ كه‌سانێكی نه‌زان و نه‌شاره‌زا له دین، چونكه بنه‌ڕه‌ت له مه‌زهه‌به‌كان شیكردنه‌وه و ڕوونكردنه‌وه‌ی ئایین و به‌رنامه‌ی خوایه. هه‌ر ده‌بێت خه‌ڵك چاوساغێكیان هه‌بێت تا ده‌ستیان بگرێت و به‌ڕێیاندا ببات. هه‌روه‌ك شێخ (محمد ناصرالدين الالباني) -به‌ڕه‌حمه‌ت بێت- ده‌ڵێت: (ابن عبدالبر) ده‌ڵێت: "خه‌ڵكی نه‌شاره‌زا، پێویستیان به لاساییكردنه‌وه هه‌یه، چونكه خه‌ڵك پێویستیان به به‌ڵگه‌یه تاكوو ڕێگایان بۆ واڵا بێت و بگه‌ن به ڕاسته ڕێگا." هه‌روه‌ها (شێخی ئه‌لبانی) -به‌ڕه‌حمه‌ت بێت- ده‌ڵێت: "زانایان خیلافیان نییه له‌وه، كه خه‌ڵكی له‌سه‌ریانه ته‌قلیدی زانایان بكه‌ن، چونكه ته‌قلید ده‌كه‌وێته به‌ر ئایه‌تی فَاسْأَلوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لا تَعْلَمُونَ [ النحل: ٤٣] واته پرسیار له خاوه‌ن قورئان بكه‌ن گه‌ر نازانن. " بۆیه تێكڕا هاوده‌نگن كه بابای كوێر هه‌ر ده‌بێت ته‌قلیدی چاوساغێك بكات تاكوو ڕێگای پێ نیشان بدات و بیگه‌یه‌نێته ئه‌و شوێنه‌ی كه ده‌یه‌وێت، ئه‌گینا زۆر جاران بابای كوێر به بێ چاوساغ خۆی به شتێدا ده‌دات و سه‌ره‌نجام به‌فه‌تاره‌ت ده‌چێت. بۆ نموونه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕووگه (قبلة)، ده‌بێت كه‌سێك پێی نیشان بدات، ئه‌گینا ڕه‌نگه ڕوو له شوێنیكی تر بكات. لێره‌دا خه‌ڵكی نه‌زان به شه‌ریعه‌ت وه‌ك بابای كوێر وان، گه‌ر ڕێیان پێ نیشان نه‌درێت، حه‌تمه‌ن خۆیان به‌ره‌و هه‌ڵدێر و كه‌نده‌ڵان ده‌به‌ن. به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه ئه‌وه نین كه ته‌قلید به واجب بزانرێت یان ته‌نها و ته‌نها ده‌بێت به‌دوای یه‌ك تاكه مه‌زهه‌ب بكه‌وێت و به‌س (وه‌ك له كوردستانی بێسه‌روبه‌ری خۆمان خۆشیت بێت و ترشیت بێت هه‌ر ده‌بێت شوێن ئیمامی شافعی بكه‌ویت و به‌س؟!) و ده‌بێت به بێ (إنصاف) بڕوانیته مه‌زهه‌به‌كانی تر. به‌ڵاَم ده‌بێت بزانین كه‌وا هه‌ق ته‌نها له یه‌ك مه‌زهه‌بدا (حصر) نه‌بووه. له‌و گه‌وره‌تر (قورئان و سوننه‌ته كه بیانووی شه‌رعیی ڕاسته‌قینه‌ن)، ئه‌وه‌تا خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: فَإِنْ تَنَازَعْتُمْ فِي شَيْءٍ فَرُدُّوهُ إِلَي اللَّهِ وَالرَّسُولِ [النساء: ٥٩]، واته گه‌ر كێشه‌یه‌كتان بۆ دروست بوو، بگه‌ڕێنه‌وه لای خوا و پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)، واته ( قورئان و سوننه‌ت). له‌م ئایه‌ته‌ش ئه‌وه وه‌رده‌گیرێت كه‌وا هیچكه‌س له دوای پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) بێ‌تاوان (معصوم) نه‌بووه و نییه، به‌ڵكوو وه‌ك ئیمامی (مالك) -به‌ڕه‌حمه‌ت بێت- ده‌ڵێت: "كل احد بعد النبي r يؤخذ من قوله ويرد، الا النبي." واته: "هه‌موو كه‌سێك له دوای پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) لێی وه‌رده‌گیرێت و ڕه‌دیش ده‌كرێته‌وه، ته‌نها پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) نه‌بێت." پرسیاریان كرد له (بن القيم) -به‌ڕه‌حمه‌ت بێت- كه ئایا دروسته خه‌ڵكی له‌سه‌ر یه‌ك مه‌زهه‌بی دیاریكراو بن؟ له‌وه‌ڵامدا فه‌رمووی: "پێویست (الزام) ناكرێ له‌سه‌ر هیچكه‌سێك كه ته‌نها یه‌ك مه‌زهه‌ب وه‌رگرێت، چونكه هیچشتێك واجب نییه، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت كه‌وا خوا و پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) واجبیان كردووه؛ خوا و پێغه‌مبه‌ریش (صلى الله عليه وسلم) له‌سه‌ر كه‌س به واجبیان نه‌گرتووه كه ته‌نها ڕوو له یه‌ك مه‌زهه‌ب بكه‌ن، به‌ڵكوو هیچ له‌سه‌ر مه‌زهه‌به‌كانیش شتی وا سه‌یریان نه‌فه‌رمووه." (شيخ الاسلام ابن تيمية) -به‌ڕه‌حمه‌ت بێت- ده‌فه‌رموێت: "هه‌ركه‌سێك شوێنكه‌وتنی تاكه مه‌زهه‌بێك به واجب بزانێت، داوای ته‌وبه‌ی لێ ده‌كرێت، ئه‌گینا ده‌كوژرێت و له‌سه‌ری ده‌درێت. گه‌ر كه‌سێكیش گوتی: ده‌بێت ته‌قلیدی مه‌زهه‌بێك بكه‌یت، ئه‌وا نه‌فامێكی ڕه‌نجبه‌خه‌ساره." (الاختيارات الفقهیة)
ئه‌گه‌ر کۆمپیوته‌ره‌که‌ت سیسته‌می نووسینی کوردیی سۆرانی تێدا نییه، کرته‌ی ئێره بکه (ته‌خته‌کلیلی کوردی).