پرسیار : بۆ چی پێغه‌مبه‌ران خوای گه‌وره ڕه‌وانی کردن؟ وه‌ڵام: بۆ ڕاگه‌یاندنی به‌ندایه‌تی و یه‌کتاکپه‌رستی خوا نه‌هیکردن له هاوتا و هاوبه‌ش په‌یداکردن بۆ خوا. به‌ڵگه‌مان له قورئاندا :(وَلَقَدْ بَعَثْنَا فِي كُلِّ أُمَّةٍ رَّسُولاً أَنِ اعْبُدُواْ اللَّهَ وَاجْتَنِبُواْ الطَّاغُوتَ... ) سوره‌تی النحل ئایه‌تی 36 .به‌ڵگه‌مان له سوننه‌تدا: (و الأنبياء إخوة و دينهم واحد) [أي كل الرسل دعوا ٌإلى التوحيد]. متفق عليه.
به ڕوخسه‌تی مه‌لاكان ... وه‌ڵامێكی تر بۆ حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن قسه‌كردن و گفتۆگۆ له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌رێكدا كه هه‌ندێك خاوه‌نی ڕێز بێت و شیاو بێت به‌وه‌ی كه ڕێزی به‌رامبه‌ر بگرێت، چه‌نده ڕێزی لێ بگریت جێی خۆیه‌تی و خۆتی پێ به‌رزتر ده‌بیته‌وه. به‌ڵام كه‌سانێك كه تا سه‌رئێسقان بێڕێزی بنوێنن، پێویسته تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ڕه‌ق بیت و شێوازه‌كه به‌پێی پله و شوێنه‌كه بێت. مه‌حوی ده‌ڵێت: له وه‌ڵامی قسه‌ی ساردا هه‌مه ئاهونزووله‌ی سارد ئه‌وه‌ی كوێرانه به‌ردم تێ ده‌گرێ، من به‌رقی تێ ده‌گرم سه‌یر نییه كه‌سێكی وه‌ك حه‌مه‌سه‌عید، دژ به ئیسلام بنووسێت، چونكه ئه‌و دژایه‌تیی ئیسلامی به شیره‌وه خواردووه و هه‌ر له سه‌رده‌می كۆنه شیوعییه‌ته‌كه‌یه‌وه نه‌یاری سه‌رسه‌ختی ئیسلام بووه. له‌به‌ر ئه‌وه هیچ نرخ و به‌هایه‌ك بۆ قسه‌كانی دانانرێت كاتێك سه‌باره‌ت به ئیسلام یان پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) ده‌نووسێت و خۆشی ئه‌وه ده‌زانێت. باش ده‌زانێت كه كه‌سێكی بابه‌تی نییه له دژایه‌تیكردنی ئیسلامدا و جگه له جوێن و قسه‌ی لابه‌لا هیچی دیكه‌ی پێ نییه. من نه خۆم مه‌لام و نه باوك و باپیره و باپیره‌گه‌وره‌شم مه‌لا بوون، به‌ڵام درۆ و بوختان و ناهه‌قی به‌رامبه‌ر به هه‌ر كه‌س بكرێت، كارێكی ناڕه‌وایه به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر به چینێك كه تا ڕابوردوویه‌کی نزیکیش گه‌لی كورد به نانه‌ڕه‌قیش بووبێت به‌خێویان كردوون. من نه‌مده‌ویست و ناشمه‌وێت له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا كه بێئه‌مه‌كانه و بێ ڕه‌چاوكردنی هیچ بنه‌مایه‌ك بكه‌ومه شه‌ڕه‌جوێن و وتنی قسه‌ی لابه‌لا. چونكه من نووسه‌ر نیم و حه‌زیشم پێ نییه له‌گه‌ڵ كه‌سانێكدا كه مه‌به‌ستیان ته‌وهین و بێڕێزییه به به‌رامبه‌ر، ئه‌و به‌هایه‌ی بده‌مێ قسه‌كانی ئه‌وه‌ند به هه‌ند بگرم. به‌ڵام ئه‌م قسه و ته‌وهینه‌ی حه‌مه‌سه‌عید به چینی مامۆستایانی ئایینیی كورد سه‌رنجی ڕاكێشام و حه‌زم كرد چه‌ند خاڵێك بخه‌مه ڕوو. دیاره كوردگوته‌نی: "چه‌م بێ چه‌قه‌ڵ نابێ" و مه‌لاش هه‌موو باش نین، به‌ڵام ئه‌م كابرایه چونكه به‌رچاوی ته‌ڵخه له ئاست بینینی چاكه و باشه‌ی كه‌سانی جگه له خۆیدا به‌تایبه‌ت چینێك كه ئه‌م زۆر دژیانه، بۆیه چاك و خراپی لا نییه و وا ده‌زانێت به قسه پێوتنیان ئاستی به‌رزتر ده‌بێته‌وه و زیاتر ده‌توانێت شووڵی لێ هه‌ڵكێشێت. نووسیویه: "نازانم ئێوه زووزوو پێویستیتان به مه‌لا ده‌بێت، یان نا؟ ئه‌ز ته‌نیا جارێك پێویستیم پێ بووه، ئه‌و جاره‌ش نائومێدی كردووم." حه‌مه‌سه‌عید ئه‌وه‌ی له‌بیر چۆته‌وه كه كاتێك باوك و دایكی كاری سه‌رجێیان كردووه، ئه‌م حه‌مه‌یان لێ بووه. ئه‌گه‌ر مه‌لا نه‌بووایه ئێسته ناوی حه‌مه( ) ده‌بوو نه‌ك حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن. چون بێ گومان مه‌لا دایكی له باوكی ماره كردووه و ئه‌م نموونه‌ی لێ بووه! له‌به‌ر ئه‌وه هه‌تا ماوه، ده‌بێ ملكه‌چی ئه‌و مه‌لایه بێت كه حه‌یای بنه‌ماڵه‌كه‌ی پاراستووه. ناڵێم حه‌یای خۆی، ئه‌و ڕه‌نگه باوه‌ڕی به شتێك نه‌بێت ناوی حه‌یا و داوێنپاكی بێت و پێی نه‌نگ و شه‌رم بێت باس له ژن و ژنخوازی، ماره‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی شه‌رعی بكرێت. قسه‌یه‌كی ناو مناڵان ده‌هێنێت، كه له كاتی یاریكردندا گوتوویانه: "مه‌لا مه‌لا نوێژ ئه‌كات هینه (قه‌په) درێژ ئه‌كات به هینی وه‌ی نوێژ ناكات" ئه‌مه، سه‌ره‌تا به‌ڵگه‌ی ئاستنزمیی ئه‌م كابرایه‌یه، چونكه هێنانی نموونه‌یه‌كی ئاوه‌ها و سه‌پاندنی به‌سه‌ر ده‌یان و سه‌دان مه‌لای به‌رز، جوامێر، شاره‌زا و كه‌سایه‌تیی به‌رزی كوردستاندا، به‌ڵگه‌ی ڕاده‌ی ڕقنی و بێبابه‌تیی هێنه‌ره‌كه‌یه‌تی. پاشان قسه‌كه ده‌گۆڕێت و درۆیه‌كی زه‌قی پێوه ده‌لكێنێت. چون ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه له بنچینه‌دا دوو دێڕه و به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌یه: مه‌لا مه‌لا نوێژ ئه‌كات هینه (قه‌په) درێژ ئه‌كات به كاكڵان خۆشی ئه‌كات به هینی ئه‌وه‌ی قسان ئه‌كات ئه‌مه، مناڵان كاتێك به‌كاریان ده‌هێنا كه بیانیویستایه یارییه‌ك بكه‌ن و بزانن كێیان ماوه‌یه‌كی زیاتر بێده‌نگ ده‌بێت و هه‌ركه‌س سه‌ره‌تا بێده‌نگییه‌كه‌ی بشكاندایه، به‌ر ئه‌وه ده‌كه‌وت. ئیتر به هیچ شێوه‌یه‌ك باسی نوێژی تێدا نییه. نازانم جه‌نابی نووسه‌ر ئه‌م درۆ زله‌ت له كوێ هێنا و كوێڕا نوێژت کرده ناو ناوانه‌وه؟! جا ئه‌وه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌ركه‌وت كه كاكی نووسه‌ر به درۆ و بۆ مه‌به‌ستی نووسینه‌كه‌ی خۆی، هۆنراوه‌كه‌ی گۆڕی و سووڕاندی بۆ باسی نوێژكردن. كه‌چی ئه‌م براده‌ره خه‌ڵكیش تۆمه‌تبار ده‌كات و ده‌ڵێت: "من وتووێژ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا ناكه‌م كه شمشێری درۆ و جوێنیان بڵند كردۆته‌وه." ئه‌ی ئه‌مه‌ی تۆ درۆ نییه وا له جیاتی (قسه) (نوێژ)ت هێناوه و خستووته شوێنی؟! باس له مه‌لا ده‌كات كه ئه‌و نه‌بێت، كێ بیانترسێنێت به عه‌زابی قه‌بر و پاشان دوای مردنیش وازیان لێ ناهێنێت و ته‌لقینیان ده‌كات وهتد... ده‌ڵێم: هیچ خه‌مت نه‌بێت، تۆ ته‌ڵقین ناكرێیت چون تۆ كه‌سێكی كافر و بێباوه‌ڕیت و هه‌ر سه‌رله‌ئێواره به‌ره‌و چاره‌نووسی لێڵ و پڕ مه‌ینه‌تی خۆت ئاودیوو ده‌كرێیت. به‌ڵام گوێ بگره با هه‌ندێك باسی مه‌لات بۆ بكه‌م. مه‌لا له هه‌موو چینێك زیاتر له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر و چینی هه‌ژاران و گه‌ڕه‌كه‌که‌ی خۆیدا ماندووه و له خزمه‌تیاندایه. سه‌ره‌تا كچ و كوڕێك كه به‌یه‌ك ده‌گه‌ن مامۆستا ماره‌یان ده‌كات و به شێوه‌یه‌كی شه‌رعی ده‌بنه حه‌ڵاڵی یه‌كتر و ئاسووده ده‌بن (قسه‌م له ئێوه نییه، كه هه‌روا تێ به‌رده‌بن) پاشان كه منداڵیان بوو، ئه‌وه مه‌لا ناوی ده‌نێت و شیرینی ده‌خاته ده‌می. پاشانیش هه‌ركه‌سێك له گه‌ڕه‌ك مرد، ئه‌وه ئه‌وه‌ی كه زۆر پێوه‌ی ماندوو ده‌بێت، مه‌لای مزگه‌وته‌كه‌یه؛ ده‌بێت بچێته مزگه‌وت و ئاوی بۆ گه‌رم بكرێت و بشۆردرێت، پاشان نوێژی له‌سه‌ر ده‌كرێت و ئینجا به‌ڕێزه‌وه به‌ره‌و گۆڕستان ده‌برێت و ده‌نێژرێت. پاشان مه‌لا له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه‌دا دێنه‌وه بۆ ماڵی خاوه‌ن مردوو تاكوو سه‌ره‌خۆشی لێ بكه‌ن و دڵی بده‌نه‌وه. پاشانیش سێ ڕۆژی ڕه‌به‌ق ئه‌م مامۆستایه له ته‌عزێكه‌یدا داده‌نیشێت و ته‌عزێ ده‌گێڕێت. واته هه‌ر له له‌دایكبوونه‌وه، مه‌لا له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدایه تاكوو ئه‌و كاته ده‌یخه‌نه ناو گۆڕ. لێره‌دا حه‌زم ده‌كه‌م پرسیارێك له ئێوه بكه‌م. پێم ناڵێی ئێوه‌ی قسه‌زل له ژیانتاندا كارێكی واتان بۆ گه‌ڕه‌ك و چوارده‌وره‌كه‌ی خۆتان كردووه؟ خۆ ئێوه‌ی بێدینیش كه كه‌سێكتان ئاودیو ده‌بێت، سه‌ر شۆڕ ده‌كه‌ن و دێنه‌وه مزگه‌وته‌كان و یه‌خه‌ی مه‌لاكه ده‌گرن. چه‌ند كۆنه‌شیوعی و بێدینمان دی له كاتی سه‌ره‌مه‌رگیدا ئاوی خه‌جاڵه‌تی به دوو لێو‌یدا ده‌هاته خواره‌وه؟ پاشان تۆ ئاوه‌ها ته‌وهین و بێڕێزی به كۆمه‌ڵێكی زۆر به‌ڕێز و به‌سه‌نگ ده‌كه‌یت له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا، ئه‌ی تۆ خۆت چ نرخ و ئه‌رزشتێكت هه‌یه و كێ تۆ ده‌ناسێت؟ ئه‌و قسانه‌ی تۆ ده‌یڵێیت، بێڕێزین به ڕابوردووی میلله‌ته‌كه‌شمان. مامۆستا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس كه یه‌كه‌م نووسه‌ری كورده له بواری نووسینه‌كانییه‌وه، مه‌لا نه‌بوو؟ سه‌ركرده‌ی شۆڕشی كورد مه‌لا مسته‌فای به‌رزانی، مه‌لا نه‌بوو؟ شێخ مه‌عرووفی نۆدێ و كاك ئه‌حمه‌دی شێخ مه‌لا نه‌بوون؟ مه‌حوی، بێخود و ده‌یان و سه‌دان كه‌ڵه‌شاعیر و ئه‌دیب و نووسه‌ر، مه‌لا نه‌بوون؟ ئه‌گه‌ر خوێنده‌واریت، بڕۆ هه‌ردوو كتێبه‌كه‌ی مامۆستا مه‌لا كه‌ریم (بنه‌ماڵه‌ی زانیاران) وه (علمائنا فی خدمه العلم و ا‌لدین) بخوێنه‌وه، ئه‌وسا نرخی خۆتت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌زانیت باییی چه‌ندیت. كاكی نووسه‌ر گومانی له حه‌ڵاڵیی مووچه‌ی مه‌لاكان هه‌یه، چونكه خه‌ڵكی ده‌ترسێنن به قه‌بر و قیامه‌ت. پێشنیاریش ده‌کات كه داهاتی كوردستان له‌واندا خه‌رج نه‌كرێت و ده‌ڵێت: "گومانم هه‌یه و پێموایه ده‌سه‌ڵات مافی ئه‌وه‌ی نییه له داهاتی وڵات، مووچه به كه‌سێك بدات كه ته‌مه‌نی خۆی بۆ تۆقاندنی میلله‌ت ته‌رخان كردبێت." باشه كام مه‌لایه تاكوو ئێسته میلله‌تی تۆقاندووه؟ ئه‌و میلله‌ته‌ی تۆ بۆی به‌په‌رۆشیت، مه‌لاكان له هه‌موو كه‌سێك به ئه‌مینتر و نزیكتر ده‌زانێت بۆ خۆی له هه‌ر كه‌سێكی تر. خۆ تۆ ماوه‌یه‌ك له سوێد ژیاویت و باوه‌ڕت به دێمۆکراسی و ئازادی هه‌یه، بۆ ناچیت له‌و شوێنانه‌ی مه‌لاكان وتاری لێ ده‌ده‌ن، ڕاپرسییه‌ك بكه‌یت و بزانین ئه‌و خه‌ڵكه زراویان تۆقیوه له مه‌لا یان قسه‌كانیان پێ په‌سه‌نده و به‌ڕێزه‌وه تێی ده‌ڕوانن. كامه‌یه ئه‌و میلله‌ته‌ی مه‌لا تۆقاندوونی؟ ئه‌ی تۆ نازانیت كێ میلله‌ت چه‌واشه ده‌كات و ده‌یتۆقێنێت؟ با بزانیت و باشیش بزانیت، جگه له هه‌ندێك كۆلكه‌مه‌لا كه بوونه‌ته گوێله‌مشتی ده‌سه‌ڵات و نرخی خۆیان له‌ده‌ست داوه، ئه‌گینا مامۆستایانی كوردستان هه‌ر له كۆنه‌وه تا ئه‌مڕۆش به‌ڕێزترین كه‌سانی ناو گه‌ل و میلله‌تی خۆیان بوون و هه‌میشه قسه‌ی خۆش و مژده‌دان و شیرینی و چاكه نه‌بێت، هیچی دیكه‌یان پێ نه‌بووه. ئه‌گه‌ر باوه‌ڕیش ناكه‌یت، ئه‌وه عه‌رز و ئه‌وه گه‌ز، سه‌یری ڕابوردوو بكه و بزانه مه‌لاكانی كوردستان چۆن بوون و ئێسته‌ش بۆ خۆت تاقی ناكه‌یته‌وه و بزانیت داخۆ تۆ نرخ و ڕێزت له مه‌لایه‌كی دڵسۆز به میلله‌ته‌كه‌ی زیاتره یان نا؟ حه‌مه‌سه‌عید كاتێك له سوێد بووه، وای زانیوه كه ئیتر مه‌لا له كوردستان نه‌ماوه و قه‌ڵاچۆ بوون، به‌ڵام ئێسته خۆی باش ده‌زانێت هه‌ر تاكه مه‌لایه‌كی هه‌ولێرێش ده به‌رامبه‌ری ئه‌و ئه‌رزشی هه‌یه. بۆیه وا كه‌وتۆته ته‌قه و جامی ڕق و قینی خۆی به‌رامبه‌ر به مه‌لای كوردستان ده‌ڕێژێت. نازانم مه‌لاكانی كوردستان چ زه‌ره‌ر و زیانێكیان تا ئێسته له گه‌لی خۆیان داوه! شه‌ڕی ناوخۆیان به‌رپاكرد؟ پاره و سامانی میلله‌تیان دزی؟ فایلداری ناو به‌عس بوون؟ دوژمنیان هێنایه سه‌ر میلله‌ت؟ ئه‌م كابرایه گرێ ده‌روونییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه نابێت كه‌س له خۆی باشتر و چاكتر بێت. شوكر بۆ خوا ده‌سه‌ڵاتی نییه و نووسه‌ره، ئه‌گینا ئێستا ده‌می زۆر كه‌سی به‌ستبوو. سه‌باره‌ت به ئه‌نفلۆنزای ئیلحاد و بێباوه‌ڕی، هه‌رچه‌ند ئه‌مڕۆ هیچكه‌س بوێریی ئه‌وه‌ی نییه كه به‌ئاشكرا و له كه‌ناڵ و شوێنه گشتییه‌كان باسی ئیلحاد و بێباوه‌ڕی بكات، ئه‌ویش ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه بیردۆزه‌ی ئیلحاد خێراتر له به‌فری به‌هار له به‌رده‌م ڕاستییه‌كاندا ده‌توێته‌وه. كه‌چی ئه‌م براده‌ره بیرۆكه‌كه‌ی خۆی پێ ئه‌نفلۆنزا نییه و مه‌لاكانی پێ ئه‌نفلۆنزایه! سه‌یره، ئه‌نفلۆنزای باڵنده له هه‌ر وڵاتێك چه‌ند كه‌سێكی دیاریكراو تووشی هاتوون و وڵاته‌كه ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ر ده‌گرێته به‌ر بۆ بڵاونه‌بوونه‌وه‌ی زیاتری و چاره‌سه‌ری تووشبووه‌كان. كاكی برا، بڕۆ ناو خه‌ڵك و بوێرانه باس له بیرۆكه‌ی بێباوه‌ڕی و ئیلحادی خۆت بكه له‌ناو خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌وجا باش بۆت ڕوون ده‌بێته‌وه تۆ تووشی ئه‌نفلۆنزا بوویت یان خه‌ڵكی تر! ئه‌وجا ده‌زانیت بیرۆکه ئه‌نفلۆنزایییه‌كه‌ی تۆ چه‌ندێك مه‌ترسیداره و ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت. حه‌مه‌سه‌عید، تۆ جوێن و ته‌وهین به مه‌لاكانی كورد ده‌كه‌یت. خۆ ئه‌گه‌ر شۆڕشگێڕی بێت، ناگه‌یته داوێنی مه‌لا مسته‌فای به‌رزانی؛ ئه‌گه‌ر كه‌سایه‌تی و ناوداری و شانوشه‌وكه‌ت بێت، ناگه‌یته داوێنی مه‌لای گه‌وره؛ ئه‌گه‌ر عیلم و زانست و وێژه و ڕۆشنبیریش بێت، ناگه‌یته داوێنی شێخ موحه‌ممه‌دی خاڵ؛ ئه‌گه‌ر نووسین و ده‌فته‌ر و قه‌ڵه‌میش بێت، به هه‌موو ته‌مه‌نت و دوو ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌شی بخه‌یته سه‌ر، ناگه‌یته داوێنی مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس. ته‌نانه‌ت مه‌لا شیوعییه‌كانی وه‌ك به‌هائه‌ددین نووریش زۆر ئاستی كه‌سایه‌تییان له تۆ به‌رزتره. له هیچ شتێكتدا ناگه‌یته كۆلكه‌مه‌لایه‌كیش، ئیتر ئه‌م خۆبه‌زلزانی و فیز و لووتبه‌رزه‌ییه‌ت له چییه؟ دڵنیا به، ئه‌مه‌ش ده‌چێته سه‌ر ڕه‌سیدی داشكان و داڕمانی كه‌سایه‌تیته‌وه، كه ئه‌وه ماوه‌یه‌كه وا به‌ره‌و خوار ده‌چێت. ده‌ڵێن ئیمامی عه‌لی گوتوویه‌تی: "مرۆڤی به‌فیز و خۆبه‌گه‌وره‌زان، وه‌ك بابابه‌ك وایه له‌سه‌ر شاخێكه‌وه سه‌یری كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی خوار شاخه‌كه بكات و گاڵته‌یان پێ بكات كه چه‌ند بچووك دیارن. به‌ڵام ئه‌و داماوه نازانێت كه ئه‌وانیش له خواره‌وه ئه‌م له‌و بچووكتر ده‌بینن و گاڵته‌ی پێ ده‌كه‌ن." له كۆتاییدا ده‌ڵێم: حه‌مه‌سه‌عید، ئه‌گه‌ر چه‌نده‌ت ته‌مه‌نه، دوو ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌شی بخه‌یته سه‌ر و هه‌ر بنووسیت، هێشتا ناگه‌یته داوێنی مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس، كه ته‌نها مه‌لایه‌كی كورده و گه‌لی كورد به درێژاییی مێژووی خۆی سه‌دان مه‌لای وای تێدا هه‌ڵكه‌وتووه. جا ماڵی قه‌ڵب سه‌ری خاوه‌نێتی و قسه‌كانی تۆش ته‌نها بۆ خۆت ده‌گه‌ڕێنه‌وه و هیچی تر.
ئه‌گه‌ر کۆمپیوته‌ره‌که‌ت سیسته‌می نووسینی کوردیی سۆرانی تێدا نییه، کرته‌ی ئێره بکه (ته‌خته‌کلیلی کوردی).