|
خزمه‌تگوزاریی (RSS) ... سکرتێرێکی بێمووچه بۆ خۆت دابین بکه!
خزمه‌تگوزاریی (RSS) چییه؟
- خزمه‌تگوزارییه‌کی نوێیه و بێبه‌رامبه‌ره (خۆڕایییه) و زۆر به‌ئاسانی له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت ده‌ست ده‌که‌وێت.
- له‌ڕێگه‌ی ئه‌م خزمه‌ته‌وه ده‌توانیت زۆر به‌ئاسانی ئاگاداری نوێترین هه‌واڵ و تازه‌ترین بابه‌ت بیت که له ماڵپه‌ڕه جیاجیاکاندا بڵاو ده‌کرێنه‌وه.
- هاوکات له‌گه‌ڵ بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌که یان بابه‌ته‌که له ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی خۆی، ده‌ستبه‌جێ ده‌گاته لای تۆش به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویست به‌وه بکات سه‌ردانی یه‌که‌یه‌که‌ی ئه‌و ماڵپه‌ڕانه بکه‌یت.
- ئه‌وه‌ی پێویست بێت بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م باسه‌ی سه‌ره‌وه، ته‌نها بریتییه له هه‌بوونی به‌رنامه‌ی تایبه‌ت به‌ئه‌م خزمه‌تگوزارییه و تۆمارکردنی ناونیشانی ئه‌و ماڵپه‌ڕانه‌ی ئه‌م خزمه‌ته پێشکه‌ش ده‌که‌ن له‌ناو به‌رنامه‌که‌دا.
كاری (RSS)
له کاتی خستنه‌گه‌ڕی به‌رنامه‌ی تایبه‌ت به‌م خزمه‌ته، به‌رنامه‌که له‌جیاتی تۆ هه‌ڵده‌ستێت به په‌یوه‌ندیبه‌ستن له‌گه‌ڵ ئه‌و ماڵپه‌ڕانه‌ی تۆمارت کردوون له‌به‌رنامه‌که‌دا و هه‌ر بابه‌تێك یان هه‌واڵێکی نوێ هه‌بێت، کۆیان ده‌کاته‌وه و ڕیزیان ده‌کات و له چوارچێوه‌یه‌کدا هه‌موویان ده‌خاته ڕوو؛ هه‌ر ماڵپه‌ڕه و بابه‌ته‌کانی خۆی به‌جیا.
به واتایه‌کی تر, ده‌شێت بڵێین ئه‌م به‌رنامه‌یه کاری سکرتێرێکی ڕاگه‌یاندنت بۆ ده‌کات، به‌ڵام باشیی ئه‌م له‌وه‌دایه له کۆتاییی مانگدا داوای مووچه‌ت لێ ناکات.
زاراوه‌ی (RSS)
له سه‌ره‌تای په‌یدابوونی ئه‌م خزمه‌ته‌دا, ئه‌م سێ پیته ئاماژه بوو بۆ (RICH SITE SUMMRY) واته: پوخته‌یه‌کی تێروته‌سه‌ل (چڕ)ی ماڵپه‌ڕ. به‌ڵام ئێستا ئه‌م سێ پیته هێمان بۆ (EALLY SIMPLE SYNDICATION)، که ده‌کرێت به‌م جۆره مانا بکرێت "بڵاوکردنه‌وه‌ی هاوکات و فره‌په‌یوه‌ندیی زۆر ئاسان".
چونکه هاوکات له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی بابه‌ته‌که له هه‌ر ماڵپه‌ڕێك، ده‌ستبه‌جێ ده‌گات به هه‌موو به‌شداربووانی خزمه‌ته‌که، هه‌روه‌کچۆن به‌رنامه‌ی (RSS) له یه‌ك كاتدا له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ناونیشانانه‌ی تێیدا تۆمار کراون (ماڵپه‌ڕه‌کان) په‌یوه‌ندی ده‌به‌ستێت. (له ڕاستیدا زاراوه‌یه‌کی کوردیی پڕاوپڕم ده‌ست نه‌که‌وت بۆ (SYNDICATION)، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زاراوه‌که نوێیه، به‌ڵام به ڕه‌چاوکردنی مانای بنه‌ڕه‌تیی وشه‌که و شێوازی کارکردنی به‌رنامه‌که به‌و جۆره‌ی سه‌ره‌وه مانام کردووه. هیوادارم هه‌رکه‌س وشه‌ی پڕاوپڕی لایه بڵاوی بکاته‌وه).
ده‌ستخستن و به‌کارهێنانی خزمه‌تگوزاریی (RSS)
چه‌ند ڕێگه‌یه‌ك هه‌یه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته؛ لێره‌دا باسی ته‌نها ڕێگه‌یه‌ك ده‌که‌م که خوێنه‌ر به‌ئاسانی بتوانێت ئه‌م خزمه‌ته‌ی ده‌ست بکه‌وێت و سوودمه‌ند بێت لێی. به‌ڵام پێش هه‌نگاوه‌کان جێی خۆیه‌تی دوو خاڵ بخه‌ینه ڕوو:
یه‌که‌م: پێویسته به‌رنامه‌ی به‌کارهاتوو له‌گه‌ڵ سیستمی خستنه‌گه‌ڕی کۆمپیوته‌ره‌که‌تدا بگونجێت، چونکه نوسخه‌کانی به‌رنامه‌که جیاوازن بۆ ویندۆز و ماك.
دووه‌م: به‌رنامه‌ی تایبه‌ت به خزمه‌تگوزاریی (RSS) له‌ژێر ناونیشانی جۆراوجۆردا ده‌رده‌که‌وێت، به‌ڵام هه‌موویان یه‌ك کار ده‌که‌ن. له‌و ناونیشانانه‌ی باون: (News Reader, RSS Reader, Feed Reader, Active Web Reader).
شایانی باسه ئه‌و ماڵپه‌ڕانه‌ی ئه‌م خزمه‌ته پێشکه‌ش ده‌که‌ن، زۆربه‌یان به‌سته‌ری دابه‌زاندنی به‌رنامه‌که‌ش داده‌نێن.
هه‌نگاوه‌کانی ده‌ستخستنی به‌رنامه‌که
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی به‌کارهێنه‌رانی کۆمپیوته‌ر سیستمی خستنه‌گه‌ڕی ویندۆز به‌کار ده‌هێنن، ئه‌م نموونه‌ی باسی ده‌که‌م له‌گه‌ڵ ویندۆز ده‌گونجێت.
١- به‌رنامه‌که (Download) بکه بۆ هاردێکی تر بێجگه له (C) به مه‌به‌ستی هه‌ڵگرتنی به‌رنامه‌که تێیدا. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هاردی (C)ت فۆرمات کرد، بتوانیت جارێکی تر به‌رنامه‌که دامه‌زرێنیته‌وه.
٢- بۆ خستنه‌گه‌ڕی (RSS Reader)، پێویسته پێشتر (Net frame work1.1)ت هه‌بێت. بچۆ بۆ ماڵپه‌ڕی [www.microsoft.com] و له‌وێوه (Net frame work1.1) دابگره.
٣- پاشان بچۆ بۆ [rssreader.com] و له‌وێوه (Download)ی (rssreader.exe) هه‌ڵبژێره.
تیبینی: هه‌ر له‌م ماڵپه‌ڕه‌شدا به‌سته‌ر هه‌یه بۆ ده‌ستخستنی (Net frame work1.1).
٤- ئێستا دوای ته‌واوبوونی (Download)ی به‌رنامه‌که، دوو كرته له‌سه‌ر ئایکۆنی (Net frame work1.1) بکه. خۆی ده‌ست ده‌کات به ئاماده‌سازی. چاوه‌ڕێ بکه و به‌رده‌وام به له‌گه‌ڵیدا تا ته‌واو ده‌بێت.
پاشان هه‌مان کار دووباره بکه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ ئایکۆنی (RSS Reader). ئێستا به‌رنامه‌که ئاماده‌یه بۆ کار.
به‌کارهێنانی به‌رنامه‌که
١- له ڕێی ئایکۆنی به‌رنامه‌که‌وه له‌سه‌ر ڕوومێز (Desktop)، به‌رنامه‌که بکه‌ره‌وه.
٢- ماڵپه‌ڕێك بکه‌ره‌وه كه خزمه‌تی (RSS)ی هه‌بێت بۆ نموونه [news.bbc.co.uk] له‌وێ به‌شی (اخبار العالم) بکه‌ره‌وه و چاو بگێڕه بۆ ئایکۆنێکی پرته‌قاڵی له‌سه‌ری نووسراوه (RSS). کرته‌ی له‌سه‌ر بکه. به‌م کرته‌یه تۆ لاپه‌ڕه‌که ده‌خه‌یته سه‌ر خزمه‌تی (RSS).
٣- بگه‌ڕێوه بۆ سه‌ر به‌رنامه‌ی (RSS)؛ لیستی (File) بکه‌ره‌وه و (Add feed) هه‌ڵبژێره یان ڕاسته‌وخۆ كرته له‌سه‌ر ئایکۆنی (Add) بکه که له‌سه‌ر ڕووکار‌ی به‌رنامه‌که هه‌یه. په‌نجه‌ره‌یه‌ك ده‌کرێته‌وه بۆ تۆمارکردنی ناونیشان. ئیتر ڕاسته‌وخۆ ناونیشانی لاپه‌ڕه‌ی (اخبار العالم) تۆمار ده‌بێت و ته‌نها (Next) بکه تا کرداری تۆمارکردنه‌که ته‌واو ده‌بێت. ئه‌گه‌ر ناونیشانه‌که تۆمار نه‌بوو، ئه‌وا خۆت به (copy & paste) ئه‌نجامی بده.
٤- بۆ تۆمارکردنی ناونیشانی هه‌موو ئه‌و ماڵپه‌ڕانه‌ی خۆت ده‌ته‌وێت، هه‌مان کاری نموونه‌که‌ی سه‌ره‌وه دووباره بکه‌وه.
٥- بۆ خستنه‌ڕووی بابه‌ته‌کان، ناونیشانێك دیاری بکه یان هه‌موویان به‌یه‌کجار واته (My feeds) ڕاسته‌وخۆ كرته له‌سه‌ر ئایکۆنی (Get) بکه که له‌سه‌ر ڕووکار‌ی به‌رنامه‌که‌یه یان (File) بکه‌ره‌وه و (Get all new headlines) هه‌ڵبژێره. به‌م جۆره هه‌موو بابه‌ته نوێیه‌کان ده‌خاته به‌رده‌ستت به‌بێ ئه‌وه‌ی تۆ خۆت ماندوو بکه‌یت به سه‌ردانی ئه‌و ماڵپه‌ڕانه.
شێوازی خستنه‌ڕووی بابه‌ته‌کان
به‌رنامه‌که دوای کۆکردنه‌وه‌ی بابه‌ت و هه‌واڵه‌کان له‌ته‌نیشت هه‌ر ناونیشانێکدا ژماره‌که‌یان ده‌خاته ڕوو. کاتێك تۆ هه‌ر ناونیشانێك دیاری ده‌که‌یت، له به‌رامبه‌ردا سه‌ردێڕه‌کانت بۆ ڕیز ده‌کات و له‌گه‌ڵ ده‌ستنیشانکردنی هه‌ر سه‌ردێڕێکیشدا، پوخته‌یه‌کت بۆ ده‌نووسێت و دوو هه‌ڵبژاردنیش ده‌خاته به‌رده‌ستت: یه‌کێکیان (زیاتر بخوێنه‌وه) یان (لاپه‌ڕه‌که خۆی بکه‌ره‌وه).
دواجار ئه‌وه ماوه بڵێم به‌رنامه‌که چه‌ند لیست و فه‌رمانێکی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه که ده‌توانیت له‌ڕێیانه‌وه هه‌ندێك ئاماده‌سازی و شێوازی کارکردنی ده‌ستکاری بکه‌یت. له‌وانه ئایا له‌گه‌ڵ کارکردنی ویندۆز بکه‌وێته کار یان نا، شێوازی ئاگادارکردنت له هاتنی هه‌واڵی نوێ: زه‌نگت بۆ لێ بدات یان نا، ڕه‌نگی ناونیشان و سه‌ردێڕی هه‌واڵه‌کان و ماوه‌ی هێشتنه‌وه‌یان و سڕینه‌وه‌یان دوای خوێندنه‌وه وهتد...، که له‌گه‌ڵ به‌کارهێنانیدا زیاتر ئاشنایان ده‌بیت.
له‌گه‌ڵ ماڵئاواییدا هیوادارم توانیبێتم سوودێکتان پێ بگه‌یه‌نم و هه‌ر شاد بن!
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سوودم له‌م سه‌رچاوانه وه‌رگرتووه که پێشنیار ده‌که‌م خوێنه‌ر سه‌ردانیان بکات:
[news.bbc.co.uk]
[www.islamtoday.net]
[www.alarabiya.net]
پیاچوونه‌وه و هه‌ڵه‌چنیی ڕێنووس: به‌رپرسی ڕێنووسی ده‌نگی ئیسلام
|