|
هه‌ڵوێستێکی مه‌ردانه
له ڕۆژگارێکی وه‌ها پڕ تاریکیدا له مێژووی سه‌رۆکه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا و له سایه‌ی زاڵبوون و باڵاده‌ستبوونی زلهێزێکی خاوه‌ن دروشمی بریقه‌دار و ناوه‌ڕۆك- قێزه‌ونی وه‌ك ئه‌مریکادا و پشتگیریکردنی کوێرانه‌ی له ئیسرائیل، ئه‌و هه‌ڵویسته مه‌ردانه‌یه‌ی سه‌رۆکی ڤه‌نزۆئێلا که ڕۆژی پێنجشه‌ممه (٠٣/٠٨/٢٠٠٦) نواندی به فه‌رمانی کشانه‌وه‌ی باڵوێزی وڵاته‌که‌ی له ده‌وڵه‌تی زایۆنیی ئیسرائیل له دژی هێرشه ناڕه‌وا و دڕندانه‌کانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر لوبنان، - هه‌ڵوێستێکی له‌م جۆره - چه‌نده سه‌رانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی ئه‌تك ده‌کات و په‌رده له‌سه‌ر ڕسوابوونیان تا سه‌ر ئێسقان لاده‌بات، هێنده‌ش بگره زیاتر جێی دڵخۆشی و ئاهێك به‌به‌رداهاتنه‌وه‌یه بۆ هه‌موو سته‌مدیده‌یه‌ك له هه‌ر قوژبنێکی ئه‌م جیهانه‌دا.
چونکه تۆمار کردنی هه‌ڵوێستێکی له‌م جۆره که‌مترین هه‌وڵ و بچووکترین هه‌نگاوه بۆ سه‌رانی وڵاتانی وه‌ك میسر و ئوردن، که ده‌بووایه به‌رامبه‌ر به ئیسرائیل و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتانی تری عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا به‌رامبه‌ر به ئه‌مریکا تۆماریان بکردایه.
به‌ڵام به‌ڕاستی شتی گه‌وره له که‌سانی دۆڕاو ناوه‌شێته‌وه و چاوه‌ڕوانکردنی هه‌ڵوێستی ڕه‌سه‌ن له که‌سانی ناڕه‌سه‌ن ئاسنی سارد کوتانه.
ئه‌م هه‌ڵوێسته مه‌ردانه‌یه‌ی سه‌رۆك چاڤێز ئه‌گه‌ر به دیوه به‌رچاوه‌که‌یدا شانازی بێت بۆ خۆی و وڵاته‌که‌ی و له به‌رامبه‌ریشدا ده‌رخستنی گرگنی و شه‌رمه‌زاریی هه‌ڵوێستی سه‌رانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی بێت، ئه‌وا به دیوی ناوه‌وه‌یدا ئاماژه‌یه که بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌ك –ئه‌گه‌رچی بچووکیش بێت– به ڕووی ئه‌و ته‌وژمه‌دا که ده‌یه‌وێت به‌ره‌نگاری هه‌ڵمه‌ت و ڕه‌وتی داگیرکه‌رانه به ڕرابه‌رایه‌تیی ئه‌مریکا ببێته‌وه و له هه‌مان کاتیش‌دا داکوتانی بزمارێکی تره به داره‌ته‌رمی سه‌رانی ناپاك به ئایین وخاك و میلله‌تانیان. ئه‌و سه‌رکردانه‌ی خێروبێری نیشتیمانیان فرۆشتوه و به سامانی میلله‌ته‌کانیان خۆیان و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانیان ده‌وڵه‌مه‌ند کردووه و له‌شکره‌کانیشیان ته‌نها و ته‌نها بۆ پاراستنی خۆیان و سه‌رکوتکردنی گه‌له‌کانیان و داپڵۆساندنی نه‌یاره‌کانیانه.
ئه‌م ڕووداوانه‌ی دواییی فه‌له‌ستین و لوبنان که‌لێنی نێوان گه‌لان و حکومه‌ته‌کانیان له وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا زۆر فراوانتر کرد و هاوکاتیش وێنه‌ی ئه‌مه‌ریکای له جاران قێزه‌ونتر کرد به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌یه‌وه که ده‌یویست ڕوخساری خۆی پێ جوان بکاته‌وه له به‌رده‌م گه‌لانی جیهان به‌گشتی و گه‌لانی موسڵمان به‌تایبه‌تی.
ماوه‌ته‌وه بڵێین له سه‌روو هه‌موو ئه‌مانه‌وه تینوێتیمان بۆ سه‌ربه‌رزی و مه‌ردایه‌تی و بوێری –که زۆر ده‌مێکه سه‌رکرده‌کانمان له‌ده‌ستیان داوه- وه‌هامان لێ ده‌کات ده‌ستخۆشی له به‌ڕێز سه‌رۆك هۆگۆ چاڤێز بکه‌ین و بڵێین خۆزگه هاووڵاتیی وڵاتێك بووینایه سه‌رۆکی وه‌ك به‌ڕێزتانی هه‌بێت، که بوێرێت به ڕووی هێمای تاکجه‌مسه‌ری زۆرداری (ئه‌مریکا) و کۆرپه به‌نازه‌که‌ی ( ئیسرائیل)دا بڵێت نه‌خێر.
هیواشمان ئه‌وه‌یه نموونه‌ی وه‌ك چاڤێز زۆر بن، تاوه‌کوو چی تر (کار‌زایه‌کانمان) لێ قوت نه‌که‌نه‌وه.
پیاچوونه‌وه و هه‌ڵه‌چنیی ڕێنووس: به‌رپرسی ڕێنووسی ده‌نگی ئیسلام
|