
قه‌رزی ڕه‌مه‌زان و شه‌شه‌ڵان.
برسياريكم هه يه برا به ريزه كانم
ئايا ئيمه وه كو ئافره ت سه‌ره‌تا قه‌رزه‌كانمان بگرينه‌وه يان ڕۆژووى شه‌شه‌ڵان بگرين؟
به ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان.
سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگار، دروود و ڕه‌حمه‌ت له پێغه‌مبه‌ری ئازیز (صلی الله‌علیه وسلم) و هه‌روه‌ها له ئال و یارانی.
بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی به‌ڕێزتان:
زانایان ناکۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌گه‌ر که‌سێک قه‌رزی ڕه‌مه‌زانی له‌سه‌ر مابێت بۆی هه‌یه شه‌شه‌ڵان بگرێ و دواتر قه‌رزه‌کان بگێڕێته‌وه. ڕای جومهور له‌سه‌ر ئه‌وه‌ن که به‌ڵێ جائیزه و ناباشی تێدا نییه، به‌ڵگه‌شیان بۆ ئه‌وه ئایه‌تی
ومن كان مريضاً أو على سفر فعدة من أيام أخر
[البقرة: ١٨٥] ه. واته/ ئه‌وه‌ی نه‌خۆش بوو یان له ڕێبواریی بوو با له چه‌ند ڕۆژانی داهاتوو بیانگرێته‌وه. ئه‌مه‌ش هه‌تاوه‌کو ڕه‌مه‌زانی داهاتوو مۆڵه‌تی تێدایه، هه‌روه‌کو دایکمان عائیشه-خوای لێ ڕازی بێت- ده‌فه‌رموێ " كان يكون علي الصوم من رمضان فما أستطيع أن أقضيه إلا في شعبان" رواه البخاري ومسلم. واته/ من جار ده‌بوو قه‌رزی ڕه‌مه‌زانم له‌سه‌ر ده‌ما و نه‌مده‌توانی بگێڕمه‌وه هه‌تاوه‌کو مه‌گه‌ر له شه‌عبان(واته مانگی پێش ڕه‌مه‌زانی داهاتوو).
زۆرێک له زانایان پێیان وایه دروسته به‌بێ ناپه‌سه‌نی و شافیعی و مالیکییه‌کانیش پێان ڕه‌وایه به‌ڵام له‌گه‌ڵ ناباشی، واته نه‌کرێ باشتره. ئیمام ئه‌حمه‌دیش-ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت- پێی حه‌رامه سوننه‌تی ڕۆژوو پێش قه‌رزی واجب بخرێ..
زانایانی تریش وه‌کو ئیبن باز و ئیبن عوثه‌یمین-ڕه‌حمه‌تی خوایان لێ بێت- و له پێش ئه‌وانیش، پێیان وایه ئه‌و پێشخستنه شه‌وال ناگرێته‌وه، واته ده‌شێت قه‌رزی ڕۆژووی ڕه‌مه‌زان دوابخرێ و ڕۆژووی سوننه‌ت بگیرێ به‌ڵام بۆ شه‌شه‌ڵان نایگرێته‌وه، به‌ڵگه‌شیان بۆ ئه‌وه فه‌رمووده‌ی" من صام رمضان ثم أتبعه بست من شوال كان كصيام الدهر" أخرجه مسلم.
واته/ ئه‌وه‌ی ڕه‌مه‌زانی گرت پاشان دوای ڕه‌مه‌زانی خست به شه‌ش ڕۆژ له شه‌وال، وه‌کو ئه‌وه‌یه هه‌موو ساڵه‌که به‌ڕۆژوو بووبێت.
بۆیه ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌و پاداشته‌ی ده‌وێ با ڕه‌مه‌زان ته‌واو بکات ئه‌وجا شه‌شه‌ڵان بگرێ.. واته ئه‌گه‌ر ده‌توانی هه‌ر له‌م مانگه قه‌رزه‌کانت بگێڕه‌وه و شه‌شه‌ڵانیش بگری باشتره و بۆ خۆت مسۆگه‌رتره له ده‌ستخستنی ئه‌و پاداشته.
به‌ڵام بۆ که‌سێکیش له ده‌ستی خۆی نییه و پێی ناکرێ هه‌ردووکیان له‌م مانگه بگرێ، ئه‌وا به ئومێدی ئه‌وه‌ی هه‌موو کرده‌وه‌کان به نییه‌ته و بۆچوونی جومهوریش ڕێیان پێداوه، پشت به خوا بۆی ده‌نووسرێ.
خوای گه‌وره‌ش زاناتره (جل وعلا).
وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم.
- - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - -
لیژنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره شه‌رعییه‌کان/ ده‌نگی ئیسلام.