چۆن بتوانیت ڕێ له منداڵبوون بگری به زانینی ماوه‌ی هێلکه دابه‌زین؟ سه‌لامى خواتان لێَ بێت، بۆ منداڵنه‌بوون له وه‌ڵامى برایه‌كدا فه‌رمووتان له مانگێكدا جارێك هێلكه له هێلكه‌دانه‌وه یه‌ته خواره‌وه، پرسیاره‌كه‌ى من ئه‌وه‌یه چۆنچۆنى بزانى ئه‌و هێلكه‌یه یه‌ته خواره‌وه؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه چۆن بزانیت ؟ ئه‌گه‌ر بكرێت ڕوون بكریته‌وه یان نیشانه‌كانى بووترێت؟ كه به‌هۆیه‌وه بزانرێت ئه‌وه هێلكه‌یه و ئه‌و چه‌ند ڕۆژه جیماع نه‌كرێت تا نه‌بێته هۆى منداڵ بوون واته ڕێگه بگرێت له منداڵبوون بۆ ماوه‌یه‌کی كاتى. خێرتان بنوسێت.
به ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان.
سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگار، دروود و ڕه‌حمه‌ت له پێغه‌مبه‌ری ئازیز (صلی الله‌علیه وسلم) و هه‌روه‌ها له ئال و یارانی.
بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی به‌ڕێزتان:
وه‌ک ئاشکرا بووه سووڕی بێ‌نوێژی ئافره‌ت(الدورة الشهرية) ئه‌گه‌ر ڕێک بێت(ناڕێک یان ئافره‌ته‌که شیرده‌ر نه‌بێت) ئه‌وا له‌نێوانی(٢١-٣٥) ڕۆژدا ده‌بێت، دابه‌زینی هێلکه‌ش له‌هێلکه‌دانه‌وه بۆ منداڵان به‌ده‌رکردنی(١٤) ڕۆژ ده‌بێت له سووڕی بێنوێژییه‌که، واته بۆنمونه ئه‌گه‌ر ئافره‌تێک له‌ماوه‌ی هه‌ر(٢٨) ڕۆژ جارێک بێ‌نوێژ ده‌بێت ئه‌وا دابه‌زینی هێلکه‌ی له‌نێوانی(١٣-١٥)ی مانگدا ده‌بێت، یان ئه‌گه‌ر هه‌ر(٣٠) ڕۆژ جارێک خوێنی دێت(الحیض) ئه‌وا دابه‌زینی هێلکه‌ی له‌نێوانی(١٥-١٦)ی مانگدا ده‌بێت...هتد.
ته‌مه‌نی هێلکه‌ش له‌نێوانی(١٢-٢٤) کاتژمێردا ده‌ژی ئه‌گه‌ر باری گونجاو بوو، که‌واته ئه‌گه‌ر ژن و مێردێک نه‌یانه‌وێت منداڵیان ببێت ئه‌وا ئه‌گه‌ر کاتی دابه‌زینی هێلکه‌که‌یان دیاری کرد، ده‌توانن له‌وکاته‌دا جیماعی ته‌واو نه‌که‌ن واته ئاوه‌که(مه‌نی پیاو) نه‌برێته ژووره‌وه ئیتر به‌ئیزنی خوا منداڵ پێک نایه‌ت، به‌ڵام باشتره جگه له‌و سێ ڕۆژه دووی تر له‌پێش و له‌پاشیان بخرێته سه‌ری یان هه‌ر بکرێته هه‌فته‌یه‌ک چونکه ئافره‌ت هه‌رچه‌ند سووڕی ڕێک بێت پێش و دوا ده‌که‌وێت سووڕه‌که‌ی جاروبار..
ئه‌م ڕێگه‌یه ده‌توانرێت به‌کاربهێنرێت بۆ منداڵبوونیش، ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت منداڵیان ببێت، ئه‌ویش به‌وه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا جیماع زۆر بکه‌ن کاتێک ده‌زانن هێلکه دابه‌زیوه و له‌ژیاندایه..
به‌تایبه‌تی بۆ دیاریکردنی جۆری منداڵه‌که(کوڕ یان کچ)، چونکه ئه‌گه‌ر زانرا هێلکه که‌ی داده‌به‌زێت ئه‌وا جیماعکردنی هاوکات و به‌زوویی له‌گه‌ڵ دابه‌زینی هێلکه‌دا ئومێدی منداڵی کوڕی هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌ک پسپۆڕان ده‌ریانخستووه که له‌کاتی جیماعدا له‌پێشدا تۆوه‌کانی توخمی نێرینه پێش ده‌که‌ون و به‌ره‌و منداڵان ده‌ڕۆن، چونکه چالاکترن و پاشان تۆوه هه‌ڵگره توخمه مێینه‌کان(مه‌به‌ست له تۆوی ناو مه‌نی پیاو که له‌گه‌ڵ هێلکه منداڵ پێک ده‌هێنن).
شایه‌نی باسه بۆ ڕێگرتن له‌منداڵ یاخوود منداڵ دروستکردن یان هه‌ڵبژاردنی ڕه‌گه‌زی منداڵه‌که، پسۆڕان هیچ ده‌رئه‌نجامێکی ته‌واو دڵنیا ناده‌ن به‌به‌کارهێنانی ئه‌م ڕێگه‌یه(ڕێگای ژماردنی ڕۆژه‌کان بۆ دیارکردنی دابه‌زینی هێلکه) ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی گۆڕان هه‌یه له له ماوه‌ی بێ‌نوێژی و دابه‌زینی هێلکه به‌به‌رده‌وامی، واته پێش و دوا ده‌که‌وێت،هه‌روه‌ها جیاوازیش هه‌یه له‌ئافره‌تێکه‌وه بۆ ئافره‌تێکی تر، هه‌ڵبه‌ته حیکمه‌تی خوا زۆره له‌و ناڕێکی و کارانه‌دا..
به‌ڵام ده‌کرێت سوود له‌م ڕێگه‌یه ببینرێت و تاقی بکرێته‌وه به‌تایبه‌تی له‌لای ئه‌وانه‌ی که زۆر به‌خه‌م نین له‌پێک هاتنی منداڵ، به‌مانای حه‌ز ده‌که‌ن جارێ نه‌بێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتیش ڕازین..
بۆ زیاتر ئاسانکاریش له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕێگه‌یه ده‌توانرێت ئامێری زانینی هێلکه هاتن بکرێت ، ئه‌م ئامێره‌ش له‌ده‌رمانخانه‌کاندا زۆره و کڕینیشی ئازاده و بۆ هه‌مووانه. ده‌کرێت بۆ نه‌هێشتنی گومان له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌و ئامێره‌ش به‌کاربهێنرێت هه‌تا به‌ته‌واوی نیشانی بدات هێلکه هاتووه یان نا، به‌ڵام ڕه‌نگه خه‌رجی بوێت به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام مانگانه به‌کاربهێنرێت..
هه‌روه‌ها ده‌توانرێت بۆ زیاتر دیقه‌تی و دڵنیایی ئافره‌ته‌که پله‌ی گه‌رمی خۆی بپێوێت، ئافره‌ت کاتێک هێلکه‌ی داده‌به‌زێت و هه‌تا دوو تا سێ ڕۆژ پله‌ی گه‌رمی له‌شی زیاتر ده‌بێت وه‌ک له‌ڕؤژانی ئاسایی، هه‌روه‌ها ڕژێنه‌کانی(إفرازات) منداڵانیشی زیاد ده‌کات دوابه‌دوای دابه‌زینی هێلکه‌که، که‌له داوێنییه‌وه دێته ڕوون و لینجه به وێنه‌ی سپێنه‌ی هێلکه‌ی ئاسایی.. له‌دوای ماوه‌ی هێلکه‌که‌ش ده‌گؤڕێت بۆ لێڵیکی هه‌وری و پاشان نامێنێت به‌ته‌واوی..
ئه‌وه هه‌وڵ و ویستی ئێمه‌یه(مرۆڤ) به‌ڵام هه‌ر ده‌بێت به‌ویستی خوا بێت.. ئاده‌مییه‌کانیش سه‌یرن، یه‌کێک ده‌یه‌وێت منداڵی نه‌بێت، ئه‌وی تریش عه‌وداڵێتی و هه‌موو ماڵی بۆ جه‌رج ده‌کات، یه‌کێک له‌کچ بێزاره و ئه‌وی تر تامه‌زرۆیه‌تی و که‌سیش به‌حاڵی ئه‌وی تر نازانێت..
خوای گه‌وره‌ش زاناتره (جل وعلا).
وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم.
----------------------------------------------------------------
لیژنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره شه‌رعییه‌کان/ ده‌نگی ئیسلام.