دانراوه له‌لایه‌ن: کوڕی پاك دوای سوپاس و ستایش بۆ خوای په‌روه‌ردگار و داواکردنی بارانی ڕه‌حمه‌ت بۆسه‌ر گیانی پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت)، داوا و تکامان وایه له خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان بمانکات به میراتگری به‌هه‌شت و کۆمانکاته‌وه له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) و یاوه‌رانی، ئامین! سه‌ره‌تا به ویستی خوا سۆفیایه‌تی و ڕێگاکانی هه‌ڵده‌وه‌شێنینه‌وه و ده‌یده‌ین له بێژنگی ئیسلام، بۆئه‌وه‌ی بۆمان ده‌رکه‌وێت تا چه‌ند له بازنه‌ی ئیسلامدا شوێنی کراوه‌ته‌وه و ڕێگه‌ی پێده‌درێت. ده‌ستپێکی بابه‌ته‌کان به‌م شێوه ده‌بێت به ویستی خوا: ١- وشه‌ی سۆفی ٢- پێناسه‌ی سۆفیایه‌تی ٣- سه‌رهه‌ڵدان و ده‌ستپێکردنی سۆفیایه‌تی ٤- جۆره‌کانی سۆفیایه‌تی و ڕێگاکانی ٥- به‌ناوبانگترین ناودارانی سۆفییه‌کان ٦- سه‌رچاوه زانستییه‌کانی سۆفییه‌کان ٧- عه‌قیده‌ی سۆفییه‌کان ٨- قوتابخانه‌کانی سۆفییه‌کان ٩- به‌ناوبانگترین ته‌ریقه‌ت ١٠- ڕه‌فتاری سۆفی له‌گه‌ڵ شێخ ١١- دیوانی سۆفی ١٢- زیکر و وێردی سۆفییه‌کان ١٣- سۆفی و ژنهێنان ١٤- سۆفی و جیهاد له‌پێناو خوادا ١٥- بۆچونی زانایان ده‌رباره‌ی سۆفیه‌تی ١- وشه‌ی سۆفی نووسه‌ران و مێژوونووسان له کۆن و ئێستا بۆچوونی جیایان هه‌یه سه‌باره‌ت به سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی سۆفیایه‌تی و مانای وشه‌ی سۆفی. ئینجا بۆچوونه‌کانی زاناکانمان کۆ کردۆته‌وه و ئه‌وه‌ی زیاتر له‌لایه‌ن زانا به‌ناوبانگه‌کانی سۆفییه‌کان باوه و زاناکانی سوننه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ن. بۆچوونه‌کان ١- وشه‌ی سۆفی له (سۆفیا)ی یۆنانییه‌وه وه‌رگیراوه، واتا دانا و پڕزان (الحکمة)، (أبو الريحان البيروني)، ٤٤٠ك. ٢- ئه‌م وشه‌یه له (الصفا)وه هاتووه، واتا ڕوون و به‌رچاو یان پاکوخاوێن. ٣- ئه‌م ناوه له (أهل الصفة)وه هاتووه، که‌سانێك بوون له هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) هه‌ژار و ده‌ستکورت بوون له گۆشه‌یه‌کی دیاریکراوی مزگه‌وت ژیانیان به‌سه‌ر ده‌برد. ژماره‌یان جاری وا بووه گه‌یشتۆته هه‌شتا که‌س. ٤- ئه‌م وشه‌یه ئه‌وه ده‌گرێته‌وه که هه‌میشه له ڕیزی پێشه‌وه‌ن له په‌رستنی خوادا. ٥- ئه‌م ناوه له (بني صوفة)وه هاتووه، كە هۆزێك بوون خزمه‌تکاری که‌عبه‌ی پیرۆزیان ده‌کرد پێش هاتنی ئیسلام. ٦- یه‌که‌م که‌س که خزمه‌تکاری ماڵی خوای کردووه پێیوتراوه (صوفة) کە ناوی (الغوث بن مر) بوو. ٧- ناوه‌که ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ (صوفة بن بشر)، کە کابرایه‌کی ناودار بوو به خواپه‌رستی پێش هاتنی ئیسلام. ٨- ناودارترین مێژوونووسی سۆفییه‌کان (السراج الطوسي) که له ساڵی ٣٧٥ك کۆچی‌دوایی کردووه له په‌رتوکه به‌ناوبانگه‌که‌یدا (اللمع) لاپه‌ڕه (٤)دا ده‌ڵێت: ناوی سۆفی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و جله‌ی که ده‌یانپۆشی و پێکهاتبوو له خوری. ئه‌م جۆره جلوبه‌رگه پۆشاكی پێغه‌مبه‌ری خوا (عیسا) و یاوه‌ره‌کانی بووه. ٩- (ابن خلدون) له په‌ڕتوکه‌که‌یدا (المقدمـة) به‌رگی (٣)دا ده‌فه‌رموێت ناوی سۆفی له خورییه‌وه وه‌رگیراوه که به زوبانی عه‌ره‌بی پێیده‌وترێت (الصوف)، چونکه به له‌به‌رکردنی ئه‌م جۆره جلوبه‌رگه له خه‌ڵك جیا ده‌کرانه‌وه. ١٠- (شیخ الاسلام ابن التیمیة) له (مجموعـة الفتاوی)دا ده‌فه‌رموێت له کۆتاییدا ئه‌وه‌ی زیاتر به‌لای زانا پایەبهرزهکانی ئیسلامدا په‌سه‌ندکراوه، ئه‌م ناوه له خورییه‌وه (الصوف)هاتووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتن و په‌یدابوونی سۆفیايهتی له‌به‌رکردنی ئه‌و پۆشاکه‌یه که له خوری پێکهاتبوو تا کردبوویان به دروشمی خۆیان و ئه‌و ناوه ناوێکی کۆنه تا پێش هاتنی ئیسلامیش ئه‌م ناوه هه‌ر باو بووه. وا دیاره سۆفییه‌کان له له‌به‌رکردنی پۆشاکی خوری خۆیان به شوێنکه‌وتووی پێغه‌مبه‌ری خوا عیسا -دروودی خوای له‌سه‌ر بێت- ده‌زانن. به‌ڵام لێره پرسیارێك دروست ده‌بێت: مه‌گه‌ر موسڵمان شوێنکه‌وتووی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) بێت چاکتر نییه؟ چونکه خوای په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێت: قُلْ إِن كُنتُمْ تُحِبُّونَ اللّهَ فَاتَّبِعُونِي يُحْبِبْكُمُ اللّهُ وَيَغْفِرْ لَكُمْ ذُنُوبَكُمْ وَاللّهُ غَفُورٌ رَّحِيمٌ. (آل عمران: ٣١). واته: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) (به ئیمانداران) بڵی: ئه‌گه‌ر ئێوه خواتان خۆش ده‌وێت، ده شوێنی من بکه‌ون و له فه‌رمانی من ده‌رمه‌چن، ئه‌وکاته خواش ئێوه‌ی خۆش ده‌وێت و له گوناهـ و هه‌ڵه‌کانیشتان خۆش ده‌بێت. ئه‌و خوایه لێخۆش‌بوو و میهره‌بانه. پێغه‌مبه‌ری خوا بۆ ئێمه‌ی موسڵمان له‌پێشتره که شوێنکه‌وتوویی بکه‌ین له پێغه‌مبه‌رانی تر. ئینجا با بزانین پیرۆزترین و چاکترین جلوبه‌رگ له‌لای خۆشه‌ویستی خوا دروودی خوای له‌سه‌ر بێت چی بووه: ثبت عن أنس أنه قال: كان أحب الثياب إلى رسول الله -صلى الله عليه وسلم- يلبسه الحِبَرَة. رواه الشيخان. ئه‌نه‌س ڕه‌زا و ڕه‌حمه‌تی خوای له‌سه‌ر بێت ده‌فه‌رموێت: خۆشه‌ویسترین جلوبه‌رگ که پێغه‌مبه‌ری خوا ده‌یپۆشی (الحِبَرَة) بوو. (الحِبَرَة) قوماشێکه له که‌تان یان لۆکه دروست ده‌کرا و بۆیه ده‌کرا، چون ئیمامی نه‌وه‌وی وا ده‌فه‌رموێت: تتخذ من الكتان أو القطن وهي محبرة أي مزينة كما قال النووي في -تهذيب الأسماء واللغات-) ٢/٦١. که‌واته پێغه‌مبه‌ری خوا (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) ئه‌و جلوبه‌رگه‌ی لا خۆشه‌ویست بوو و هه‌روه‌ها زۆری به‌کار هێناوه، پێکهاتبوه له لۆکه(القطن) نه‌وه‌ك له خوری (الصوف)، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناڵێین پێغه‌مبه‌ری خوا جلی پێکهاتوو له خوری له‌به‌ر نه‌کردووه. به‌ڵام که له‌به‌ریشی کردووه، بۆ به‌رگریی سه‌رما بووه له زستاندا. وه یه‌که‌م که‌س که نازناوی سۆفی به‌خۆدا هه‌ڵگرتووه، (أبو هاشم الكوفي)یه، کە له کووفه له عێراق له‌دایك ده‌بێت و زۆری ته‌مه‌نی له شام به‌سه‌ر ده‌بات و له ساڵی ١٦٠ك کۆچی‌دوایی کردووه، ئه‌مه بۆچوونی (شیخ الاسلام)ه . هه‌روه‌ها ده‌ڵێن یه‌که‌م که‌س که ناوی سۆفی به‌خۆدا هه‌ڵگرتووه (عبدك _ عبدالکریم یان محمد)ە، کە له ساڵی ٢١٠ك کۆچی‌دوایی کردووه. ئه‌مه بۆچوونی شێخێکی ناوداری سۆفییه‌کانه به‌ناوی (حارث المحاسبی). هه‌روه‌ها (ابن ندیم) ده‌فه‌رموێت یه‌که‌م که‌س که ناوی سۆفی به‌خۆدا هه‌ڵگرت (جابر بن حیان)ه. بۆ زانیاریتان ئه‌و که‌سایه‌تییه شیعه بووه و شیعه‌کان به گه‌وره‌ی خۆیانی ده‌زانن. ٢- پێناسه‌ی سۆفیایه‌تی سۆفیایه‌تی بریتییه له بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئایینی. سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ده‌گه‌ڕێته‌وه پێش کۆتاییی سه‌ده‌ی دووه‌می کۆچی تا سه‌ده‌ی سێیه‌می کۆچی. سه‌ره‌تا له تاکه‌که‌سییه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات و بانگەشه‌ی خۆپاکڕاگرتن له بێفه‌رمانیی خوا و به‌ندایه‌تیکردنی لهسنووربهدهر ده‌کات. واتا زیاده‌ره‌وی له خواپه‌رستیدا به‌مه‌به‌ستی له‌خوا نزیککه‌وتنه‌وه. ئه‌م چۆنیه‌تییه تیشکدانه‌وه (رد فعل)ی که‌سانێك بوو که پشتیان کردبووه خواپه‌رستی و ڕوویان له دونیاوه بوو. دواتر ئه‌م چۆنیه‌تییه په‌ره‌ی سه‌ند و تایبه‌تمه‌ندییان له‌نێو خه‌ڵکه‌وه ده‌رکه‌وت به‌ناوی سۆفی. ڕۆژ به‌دوای ڕۆژ ژماره‌یان زیاد ده‌بوو تا بوون به دیارده‌یه‌کی به‌رچاو. سۆفی هه‌ڵده‌ستێت به په‌روه‌رده‌کردنی دڵ و ده‌روون و لێکۆڵینه‌وه له خودای میهره‌بان له‌ڕێگه‌ی هه‌ستیاره‌ی دڵه‌وه (الالهامات القلبیة). نه‌وه‌ك دۆزینه‌وه و لێوردبوونه‌وه له خوای په‌روه‌ردگار له‌ڕێگه‌ی خوا و پێغه‌مبه‌ری خواوە. سۆفییه‌کان بۆ چۆنیه‌تیی دۆزینه‌وه‌ی خوا له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته هه‌ڵه‌یه‌یاندا (الالهامات القلبیة) به‌رده‌وام ده‌بن تا تێکه‌ڵ به فه‌لسه‌فه‌ی هیندی و فارسی و یۆنانی و هی تری ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر تۆزێك لێی ورد ببیته‌وه، جیاوازیت بۆ ده‌رده‌که‌وێت له‌نێوان (الزهد) و سۆفیهتیدا. (الزهد) ئه‌مه له سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ره (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) و هه‌روه‌ها پێویسته، به‌ڵام سۆفیایه‌تی لادانێکی ڕوون و به‌رچاوه له ڕێگه‌ی پێغه‌مبه‌ر و یاوه‌ره‌کانی. ٣- سه‌رهه‌ڵدان و ده‌ستپێکردنی سۆفیایه‌تی سه‌ره‌تا نه له‌کاتی پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) و نه له‌کاتی (خلفاء الراشدين) تا وه‌فاتکردنی شێخ (حسن البصري)ش لە ١١٠ك، سۆفی ناسراو نه‌بوون و دیارده‌یه‌ك نه‌بوون نه به‌ناو نه به‌شێوه نه به‌ڕه‌فتار، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی که باو بوو بۆ نموونه (موسوڵمان، ئیماندار) یان ناوی تایبه‌ت وه‌ك (الصحابي، البدري، اصحاب البیعـة، التابعي). ئه‌و سه‌رده‌مانه ئه‌و جۆره زیاده‌ڕه‌وییه له خواپه‌رستیدا و له عه‌قیده‌دا نه‌ده‌ناسران، به‌ڵکوو بوونیان نه‌بوو ته‌نها که‌سانێك نه‌بێت وه‌ك تاکه‌که‌س که ئازاری خۆیان ده‌دا و زیاده‌ڕه‌و بوون له خواپه‌رستی، وه‌ك ئه‌وانه‌ی که پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) به‌ربه‌ستی داونه‌ته‌وه له زۆر شوێندا، بۆ نموونه ئه‌و سێ هاوه‌ڵانه‌ی هاتن پرسیاری چۆنیه‌تیی خواپه‌رستیی پێغه‌مبه‌ریان کرد (دروودی خوای له‌سه‌ر) له خێزانه‌کانی پێغه‌مبه‌ر، بۆئه‌وه‌ی له پێغه‌مبه‌ری خوا زیاتر خوا بپه‌رستن. بۆیه وتیان ئه‌مه پێغه‌مبه‌ری خوا وا به‌ندایه‌تی خوا ده‌کات که پێغه‌مبه‌ره، ئه‌ی ئێمه؟ ده‌بێت له‌و زیاتر به‌ندایه‌تیی خوا بکه‌ین. بۆیه یه‌کێکیان وتی من هه‌موو ته‌مه‌نم به‌ڕۆژوو ده‌بم. ئه‌وه‌ی تریان وتی هه‌موو شه‌وێک شه‌ونوێژ ده‌که‌م ناخه‌وم. ئه‌وه‌ی تریان وتی تا ته‌مه‌نم هه‌یه ژن ناهێنم. ئینجا که پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) هه‌واڵی ئه‌و سێ هاوەڵانهی بیست، ناردی به‌دوایان و وتی ئێوه‌ن واتان وتووه؟ وتیان به‌ڵی، پێغه‌مبه‌ری خوا. پێغه‌مبه‌ر له وه‌ڵامدا فه‌رمووی: اما والله انی لاخشاکم لله واتقاکم له لكني أصوم وأفطر ، وأقوم وأنام ، وأتزوج النساء ، فمن رغب عن سنتي فليس مني. متفق علیه. واتا: وەڵڵاهی من له ئێوه لهخواترستر و ته‌قوادارترم له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا به‌ڕۆژوو ده‌بم و ڕۆژووش ده‌شکێنم، شه‌ونوێژ ده‌که‌م و ده‌شخه‌وم، هه‌روه‌ها ژن دێنم. ئینجا ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ڕه‌فتارمان نه‌بێت، ئه‌وه له ئێمه نییه. به‌ڵام ئاگادار به له ئێمه نییه واتا له ئیمانداری کامڵ نییه، مانای وا نییه کافره و له ئیسلام ده‌رچووه. یان ڕووداوه‌که‌ی زه‌ینه‌به له مزگه‌وتدا؛ گوریسێکی گرێ دابوو له‌نێوان دوو ئه‌ستونده‌ی مزگه‌وت بۆ ئه‌وه‌ی که توانای خۆڕاگرتنی هه‌بێت بۆ شه‌ونوێژ کردن له‌به‌ر خهدوا، ئه‌وا پاڵی پێوه بنێت و خۆی پێوه ڕابگرێت و له نوێژکردندا به‌رده‌وام بێت. که پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) گوریسه‌که‌ی بینی، فه‌رمووی: ما هذا الحبل؟ قالوا لزينب، فأذا فترت تعلقت به فقال النبي صلى الله عليه وسملم حلوه ليصليَ أحدكم نشاطه فاذا فتر فليرقد. متفق علیه. واتا: ئه‌و گوریسه چییه؟ وتیان ئه‌مه گوریسی زه‌ینه‌به‌یه، ئه‌گه‌ر ماندوو بوو خۆی پێوه ڕاده‌گرێت تا له شه‌ونوێژدا به‌رده‌وام بێت. پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) فه‌رمووی گوریسه‌که بکه‌نه‌وه و لایبه‌ن. با هه‌ریه‌ك له ئێوه توانای هه‌بوو با نوێژ بکات ئه‌گه‌ر توانای نه‌ما با پاڵ بکه‌وێت. به‌و شێوه‌یه سه‌رده‌می (صحابـة، تابعین وتابع التابعین) له‌سه‌ر ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ی که پێغه‌مبه‌ر بۆیانی ده‌ستنیشان کردبوو به‌رده‌وام بوون. ئه‌و به‌رنامه‌یه په‌یداکردنی زانست و زانیاری و کارپێکردنی له هه‌مان کاتدا و به‌ندایه‌تیی بۆخواکردن، ڕه‌نج و کۆششکردن بۆ به‌خێوکردنی خاوخێزان له یه‌ك کاتدا و به‌ندایه‌تی و په‌رستنی خوا و کۆششكردن (الجهاد). خواپه‌رستی و ڕێگری له داهێنراوی نوێ (البدع) و دژایه‌تیکردنیان و به‌رپه‌چدانه‌وه‌یان، هاوشێوه‌ی ئیبن مەسعوود -خوا لێی ڕازی بێت- چۆن بوو به ڕێگرێك له زیکری به‌کۆمه‌ڵ له مزگه‌وتی کووفه و کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌کانی پێداخستن وهەروەها به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی بۆ (معضد بن يزيد العجلي) و جه‌ماعه‌ته‌که‌ی، چۆن شوێنێکیان ده‌ستنیشان کردبوو له شاخ بۆ زیکر و وێردی خوا. ئینجا ئه‌گه‌ر هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر -خوا لێیان ڕازی بێت- بمابوونایه بۆ ئه‌مڕۆ، ده‌بوا چی‌یان به تهکیەکان بکردایه؟ با وه‌ڵامه‌که بۆ تۆ بێت. که‌واته سۆفی نه به‌ناو نه به‌چۆنیه‌تی نه وه‌کوو ئێستا که هه‌یه له‌و سه‌رده‌مانه‌ی سه‌ره‌تای ئیسلام بوو، نه‌بوون؛ به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی که باو بوو بۆ نموونه (موسوڵمان، ئیماندار) یان ناوی تایبه‌ت وه‌ك (الصحابي، البدري، اصحاب البیعـة، التابعي). ته‌واوی بابه‌تی سه‌رهه‌ڵدان و چۆنیه‌تی و شوێنه‌که‌ی و بڵاوبوونه‌وه‌ی به جیهانی ئیسلامی‌دا بۆ بابه‌تی تر هەڵدەگرین. ئه‌ی چۆن و بۆچی سۆفییه‌کان بانگەشه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن گوایه پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) بانگه‌وازی سۆفیایه‌تی کردووه یان ئیمامی عه‌لی یه‌که‌م که‌س بووه دانه‌ری سۆفیایه‌تی یان (ابوبکر الصدیق). بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌تانه، یه‌که‌یه‌که ڕوونیان ده‌که‌ینه‌وه و به ویستی خوا ئه‌و درۆ و هه‌ڵبه‌ستراوانه‌ش ده‌خه‌ینه به‌ر چاو. ئه‌مه زنجیره‌ی یه‌که‌م بوو له‌و بابه‌ته. چاوه‌ڕوانی به‌شی تری بن به ویستی خوا!