سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ١- ته‌وحیدی خوایه‌تی. گرنگیی ته‌وحیدی خوایه‌تی (أهمية توحيد الألوهية)
گۆڕینی فۆنت



 دانراوه له‌لایه‌ن: باوکی موحه‌ممه‌د 

١- ته‌وحیدی خوایه‌تی .. گرنگیی ته‌وحیدی خوایه‌تی (أهمية توحيد الألوهية).

شرح العقيدة الطحاوية التوحيد (الحلقة الرابعة) توحيد الألوهية 
الشيخ الدكتور سفر بن عبدالرحمن الحوالي 

من درس: التوحيد (الحلقة الرابعة) 

1- ته‌وحیدی خوایه‌تی (توحيد الألوهية). 

- گرنگی ته‌وحیدی خوایه‌تی (أهمية توحيد الألوهية). 

بابه‌تی ته‌وحیدی خوایه‌تی بابه‌تێكی گرنگ و به‌ هه‌نده‌، ده‌بێ هه‌موو كاتێك پێیدا بچینه‌وه‌و جار له‌ دوای جار چاوی پێدا بخشێنینه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت كه‌ له‌م كتێبه‌دا له‌ به‌شه‌كانی كۆتایی و به‌ پچڕ پچڕ نه‌بێت ناێته‌وه‌ پێشمان، چونكه‌ كاری گه‌وره‌و به‌رده‌وامی ابن ابی العز ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت، بریتی بووه‌ له‌ باسكردن و ڕوونكردنه‌وه‌ی ته‌وحیدی ناو و سیفاته‌كان، پاشان ئه‌وانه‌ش كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ بواره‌كانی دیكه‌ی بیروباوه‌ڕه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ك قه‌ده‌ر و ئیمان و هاوه‌ڵه‌كان و كه‌رامه‌تی ئه‌ولیاو شتانی دیكه‌ی له‌م بابه‌تانه‌، به‌ڵام بابه‌تی ته‌وحیدی ئولوهییه‌ت له‌گه‌ڵ گرنگی و به‌ هه‌ندیدا بابه‌تێكی سه‌ره‌كی نه‌بووه‌ له‌م عه‌قیده‌یه‌دا، به‌ڵكوو ته‌نها یه‌كێك بووه‌ له‌و بابه‌تانه‌. 

جا شایه‌نه‌ پێمان كه‌ پێیدا بڕۆینه‌وه‌، تێیدا قوڵ بینه‌وه‌، بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و بناغه‌و بنه‌مایانه‌ی ڕاڤه‌یان كردوون ‌و ڕوونیان كردۆته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت كتێبی تيسير العزيز الحميد في شرح كتاب التوحيد چونكه‌ به‌ڕاستی له‌ گرنگترینی ئه‌و كتێبانه‌یه‌ له‌م بواره‌دا به‌ درێژی باسی كردبێت، وه‌ ڕوونی كردبێته‌وه‌ كه‌ هیچ كام له‌ ئوممه‌ته‌كانی پێشوو مشتومڕیان له‌ ته‌وحیدی خوایه‌تید انه‌بووه‌، واته‌: ئیمان و دان پیانان و ئیعتیرافكردن به‌وه‌ی كه‌ خوا –سبحانه‌وتعالی- هه‌ر خۆی به‌ ته‌نها دروستكه‌رو ڕۆزیده‌ره‌، مرێنه‌رو ژییێنه‌ره‌، هه‌ر ئه‌و زاته‌ كاره‌كان ڕێك ده‌خات و باران ده‌بارێنێت،‌ دوژمنایه‌تی و كێشمه‌كێشم له‌مه‌دا له‌ نێوان پێغه‌مبه‌ران و گه‌له‌كانیان ڕووی نه‌داوه‌، به‌ڵكوو پێغه‌مبه‌ران –سه‌لامی خوایان لێ بێت-‌ خوا ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ ناردوونی بۆ سه‌ر‌ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی خۆیان تاكو پێیان بڵێن: اعْبُدُوا اللَّهَ مَا لَكُمْ مِنْ إِلَهٍ غَيْرُه [هود:61] واته‌: هاتوون تاكو خوا به‌ تاك و ته‌نها و بێ هاوتا به‌ ته‌وحیدی خوایه‌تی به‌ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانیان بناسێنن. 

- ئا ئه‌مه‌یه‌ كه‌ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كان تێی كه‌وتوون، واته‌ كه‌وتونه‌ته‌ شیرك و هاوه‌ڵگیریی به‌ندایه‌تییه‌وه‌، به‌ندایه‌تی جگه‌ له‌ خواو هاواركردن له‌ جگه‌ له‌ خوا، وه‌ داوای كۆمه‌ك و فریاكه‌وتن له‌ جگه‌ له‌ خوا، ئومێدی زیان گه‌یاندن و سوود پێ به‌خشین له‌ جگه‌ له‌ خوا، سه‌ربڕین بۆ جگه‌ له‌ خوا، نه‌زركردن بۆ جگه‌ له‌ خوا، باوه‌ڕ بوون به‌وه‌ی كه‌ كه‌سێكی تر جگه‌ له‌ خوا –سبحانه‌وتعالی- په‌نهان ده‌زانێت یان هیچ كاروبارێكی ئه‌م بوونه‌ی به‌ ده‌سته‌، شیرك و هاوه‌ڵگیریی له‌م بابه‌ت و مه‌سه‌لانه‌دا دروست بووه‌، كاتێك خه‌ڵكی پاش ده‌ سه‌ده‌ ته‌وحیدو یه‌كخواپه‌رستی، كه‌وتنه‌ شیركه‌وه‌و هاوبه‌شیان بۆ خوا بڕیار دا وه‌ك خوای گه‌وره‌ ده‌ه‌فه‌رموێت: كَانَ النَّاسُ أُمَّةً وَاحِدَةً واته‌: جیاوازییان تێ كه‌وت، ئه‌وجا: فَبَعَثَ اللَّهُ النَّبِيِّينَ مُبَشِّرِينَ وَمُنْذِرِين [البقرة:213]. 

ده‌ سه‌ده‌ له‌سه‌ر ته‌وحید بوون و به‌ ته‌نها خوایان ده‌په‌رست، هه‌تا شه‌یتانه‌كان هاتن و له‌ ئایینه‌كه‌یان ده‌ریان هێنان، له‌ ته‌وحید و خواناسییه‌وه‌ به‌ره‌و شیرك و هاوه‌ڵگیریی لایاندان و گۆڕییانن، ئیتر به‌م شێوه‌یه‌ یه‌كه‌م گه‌لێك له‌ نه‌وه‌ی ئاده‌م تووشی شیرك هاتن و وازیان له‌ ته‌وحید هێنا گه‌لی نوح بوو سه‌لامی خوای لێ بێت، ئه‌ویش كه‌ به‌ هۆی به‌گه‌وره‌گرتن و پیرۆزكردنی ئه‌ولیاو د‌ۆستانی خواوه‌ بوو، كه‌ خه‌ڵكی گومانی خێرو چاكه‌ی پێیان هه‌بوو، ئه‌مه‌ بووه‌ هۆی پاساو و ڕێگه‌یه‌ك بۆ كه‌وتنه‌ ناو شیرك و لادان له‌ ته‌وحید. 

قورئان بۆمان باس ده‌كات كه‌ ئه‌و گه‌له‌ پیاوچاكه‌كانی خۆیان وه‌ك وه‌د و سواع و یه‌غوس و یه‌عوق و نه‌سرا وه‌ك خوایه‌ك ده‌په‌رست و له‌ خواری خواوه‌ هاواریان لێ ده‌كردن، ئا ئه‌وانه‌: ["كانوا رجالاً صالحين من قوم نوح"] (1) ئه‌مانه‌ پیاوچاكانی گه‌لی نوح بوون، هه‌روه‌ك له‌و فه‌رمووده‌یه‌دا هاتووه‌ كه‌ ئیمامی بوخاری له‌ سه‌حیحه‌كه‌یدا هێناویه‌تی، شه‌یتان كه‌ ویستی گه‌لی نوح گومڕا بكات پێی وتن: {لو صورتم هَؤُلاءِ وعملتم لهم التماثيل لتذكرتم عبادة هَؤُلاءِ لله، وتذكرتم قربهم من الله تَبَارَكَ وَتَعَالَى، فعبدتم الله -سُبْحَانَهُ وَتَعَالَى- مثل ما يعبده هَؤُلاءِ}(2) [ئه‌گه‌ر وێنه‌ی ئه‌مانه‌تان بكێشایه‌و په‌یكه‌رتان بۆ داتاشینایه‌ ئه‌وه‌ یادتان ده‌هاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌‌ چۆن به‌ندایه‌تییان بۆ خوا ده‌كرد، وه‌ یادی نزیكی ئه‌وانه‌تان ده‌هاته‌وه‌ له‌ خواوه‌، ئه‌وكات وه‌ك ئه‌وان چۆن به‌ندایه‌تییان كردووه‌، ئێوه‌ش ئاوه‌ها خواتان ده‌په‌رستن و لێی نزیك ده‌بوونه‌وه‌] ئا به‌م جۆره‌ شه‌یتان له‌سه‌ره‌تادا ئه‌م كاره‌ی لا جوان و شیرین كردن، په‌یكه‌ره‌كان دانران تاكو ته‌نها بیری به‌ندایه‌تیكردنی خوایان بێته‌وه‌و به‌س. 

پاشان چه‌ند وه‌چه‌و نه‌وه‌یه‌ك به‌ دوادا هاتن،عیلم نه‌ماو زانست نه‌سخ بۆوه‌، وازیان له‌ خوا په‌رستی هێناو كه‌وتنه‌ په‌رستن و هاوارلێكردنی پیاوچاكه‌كان، ئیتر هه‌ر به‌م جۆره‌یه‌ نه‌ریت و باوی نه‌ته‌وه‌كان، پاش تێپه‌ڕبوونی چه‌ند وه‌چه‌و نه‌وه‌یه‌ك مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی كه‌ له‌ پێناویدا بیدعه‌كه‌ داهێنراوه‌ یان په‌یكه‌ره‌كه‌ داتاشراوه‌ له‌ بیر ئه‌چێته‌وه‌، ڕاسته‌وخۆ ده‌چنه‌ ناو مه‌به‌سته‌كه‌وه‌و وێنه‌كه‌ یان په‌یكه‌ره‌كه‌ ده‌كه‌نه‌ خوایه‌ك و هاواری لێ ده‌كه‌ن و له‌ خواری خواوه‌ ده‌یپه‌رستن. 

ئه‌م پیاوچاكانه‌ كرانه‌ خواو په‌رستران و یه‌كخواپه‌رستی له‌ بیر چۆوه و شیرك و هاوه‌ڵگیری باڵی كێشا به‌سه‌ر گه‌لی نوح دا سه‌لامی لێ بێت‌، جا ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی ڕوودانی شیرك له‌ نه‌وه‌ی ئاده‌مدا، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوا -سبحانه‌وتعالی- باسی كردووه‌ له‌ هاوسه‌نگیكردن و یه‌كسانیكردنی كه‌سانی دیكه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ خوادا كه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ باره‌یه‌وه‌ ده‌فه‌رموێت: الْحَمْدُ لِلَّهِ الَّذِي خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ وَجَعَلَ الظُّلُمَاتِ وَالنُّورَ ثُمَّ الَّذِينَ كَفَرُوا بِرَبِّهِمْ يَعْدِلُونَ [الأنعام:1] (3) وه‌ له‌ ئایه‌تێكی ترد له‌ گێڕانه‌وه‌ی حاڵی ئه‌هلی ئاگر كه‌ له‌ دۆزه‌خدا سه‌ركرده‌و ده‌مڕاسته‌كانیان ده‌ڵێن ده‌فه‌رموێت: تَاللَّهِ إِنْ كُنَّا لَفِي ضَلالٍ مُبِينٍ * إِذْ نُسَوِّيكُمْ بِرَبِّ الْعَالَمِينَ [الشعراء:97، 98]. [سوێند به‌ خوا به‌ڕاستی ئێمه‌ له‌ گومڕاییه‌كی ئاشكرادا ده‌ژیاین * كاتێك كه‌ ئێوه‌مان ده‌برده‌ ڕیزی په‌روه‌ردگاری جیهانیانه‌وه‌و یه‌كسانمان ده‌كردن له‌ گه‌ڵ یه‌كدا] 

جا ئه‌وانه‌ی‌ كه‌سانی تریان كردۆته‌ هاوشانی په‌روه‌ردگار، له‌و باوه‌ڕه‌وه‌ نه‌بووه‌ كه‌ كه‌سێكی تری جگه‌ له‌ خوا بتوانێت دروست بكات یان ڕۆزی بدات یان سوود بگه‌یه‌نێت یان زیندوو بكاته‌وه‌ یان بمرێنێت یان كاره‌كان ڕێك بخات یان باران ببارێنێت، به‌ڵكوو شیركی ئه‌وانه‌ له‌ خۆشه‌ویستی و به‌ گه‌وره‌و پیرۆزگرتندا بووه‌، كه‌سانی دیكه‌یان له‌مانه‌دا كردۆته‌ هاوشان و هاوتای خوای په‌روه‌ردگار، وه‌ك خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: وَمِنَ النَّاسِ مَنْ يَتَّخِذُ مِنْ دُونِ اللَّهِ أَنْدَاداً يُحِبُّونَهُمْ كَحُبِّ اللَّهِ وَالَّذِينَ آمَنُوا أَشَدُّ حُبّاً لِلَّهِ [البقرة:165] كه‌ ئه‌مه‌ له‌ گه‌وره‌ترین و ترسناكترین ده‌رگاكانی شیركه‌. 

- وه‌ له‌ پێویستگه‌ڕانی ئه‌م ته‌وحیده‌ ئه‌وه‌یه‌: كه‌ هاوه‌ڵگیرانی ڕابوردوو هه‌رچه‌نده‌ له‌ كاتی خۆشی و گوشادیدا‌ هاواریان له‌ پیاوچاكان و پێغه‌مبه‌ران و نزیكانی لای خوا ده‌كرد، به‌ڵام كاتێك سواری كه‌شتییه‌ك ببونایه‌ له‌ هه‌موو لایه‌كه‌و باو و بۆران به‌ره‌و ڕوویان بهاتایه‌و شه‌پۆل گه‌مارۆی بدانایه‌، یان تووشی ته‌نگه‌شه‌یه‌ك بهاتنانه‌، ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ دڵسۆزانه‌ په‌نایان بۆ خوا دێناو، به‌ كوڵ هاواریان ده‌كردو داوای كۆمه‌ك و ده‌ربازبوونیان ده‌كرد، ئه‌مه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی شیرك و هاوه‌ڵگیری پاشینه‌كان، ئه‌بینن كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ كاتی ته‌نگه‌شه‌و ناڕه‌حه‌تیشدا هه‌ر هاوار له‌ جگه‌ له‌ خوا ده‌كه‌ن و لێیان ده‌پاڕێنه‌وه‌. 

ئه‌مه‌ش كه‌ گه‌وره‌ترین به‌ڵاو موسیبه‌ته‌ ئه‌م ئوممه‌ته‌ تێی كه‌وتووه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باوه‌ڕیان وایه‌ كه‌ جگه‌ له‌ خوا كه‌سێكی دیكه‌ ده‌ستی هه‌یه‌ له‌ په‌روه‌ردگارێتی و به‌ڕێوه‌بردنی بوونه‌وه‌ردا، له‌ خوا داواكارین له‌ له‌سه‌ری هه‌ڵگرێت و له‌ ناویاندا نه‌مێنێت، هاوه‌ڵگیرانی سه‌رده‌مه‌ پێشووه‌كان به‌م شێوه‌ نه‌بوون و باوه‌ڕیان وا نه‌بووه‌، ئه‌وان باوه‌ڕیان وابوو كه‌ خواكانیان ته‌نها تكاكارو نێوه‌ندن له‌ نێوان ئه‌وان و خوادا، له‌ خوا نزیكیان ده‌كه‌نه‌وه‌و خۆیان هێچیان به‌ ده‌ست نییه‌، به‌ڵام شیركی پاشینه‌كان به‌ جۆرێك باوه‌ڕیان به‌ خواكانیان تونده‌ كه‌ توانای دروستكردن و مردن و ژیان و ڕۆزیدانیان هه‌یه‌،‌ ئه‌مه‌ش‌ به‌ڵگه‌ی داڕوخان و پله‌ نزمیی و بێ ئه‌رزشییانه‌، چونكه‌ به‌ڕاستی هه‌رچه‌نده‌ مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و دواتر بێت له‌ په‌یام و هیدایه‌تی پێغه‌مبه‌ران دوورتر ده‌كه‌وێته‌وه‌ و شیرك و داڕمان و وێرانبوونی زیاد ده‌كات په‌نا به‌ خوا. 

- گه‌وره‌ترین موسیبه‌ت و نه‌هامه‌تیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م شیركه‌ له ناو گه‌لێكدا ڕوو بدات كه‌ خۆیان به‌ ئوممه‌تی موحه‌ممه‌د ده‌زانن (صلی الله علیه وسلم)، كه‌سانێك باوه‌ڕیان وا كه‌ قوتبه‌كان یان نه‌جیب و خانه‌دانه‌كان یان ئه‌بداله‌كان یان ئه‌ولیاو پیاوچاكه‌كان سوود و زیان و دروستكردن و ڕۆزیدان و ده‌ستێوه‌ردانیان له‌ كاروباری بوونه‌وه‌ردا به‌ ده‌سته و له‌ سه‌ر ئه‌م كارانه كاریگه‌رییان هه‌یه‌‌، لافی ئه‌وه‌ لێ ده‌ده‌ن كه‌ خوای گه‌وره‌ كاری ده‌ستێوه‌ردانی بوونه‌وه‌ری داوه‌ته‌ ده‌ستی ئه‌وانه‌، به‌ ئاره‌زووی خۆیان ده‌ست ئه‌خه‌نه‌ كارو باری بوونه‌وه‌ره‌وه‌، جا بۆ ئه‌وه‌ی چاوبه‌ستی له‌ خه‌ڵكی بكه‌ن كاتێك پێیان بگوترێت: هه‌ر خوایه‌ كاروباری بوونه‌وه‌ری به‌ ده‌سته و جگه‌ له‌و كه‌سی تر ئه‌و مافه‌ی نییه‌‌، ده‌ڵێن: به‌ڵێ، كاروباری بوونه‌وه‌ر به‌ ده‌ستی خوایه‌، به‌ڵام خوا هه‌ركه‌سێكی بوێت پێی ده‌به‌خشێ و ده‌توانێت له‌ موڵكی خوادا چی بوێت بیكات و بۆی به‌جێ جێت، ئه‌مه‌ش له‌ خراپترین و به‌تاڵترین ناڕه‌واییه‌‌، چونكه‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌گه‌ر ڕێز له‌ یه‌كێك له‌ به‌نده‌كان یان پیاوچاكان بگرێت، مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی خوایه‌تی ده‌داته‌ ئه‌و به‌نده‌یه‌، ئه‌وه‌ ته‌نها مافی خوایه‌و هیچ كه‌سێكی تر به‌شدار نییه تێیدا‌، هه‌ر له‌ پێناوی ئه‌وه‌دا ئاسمانه‌كان و زه‌وی دروست كردووه‌، فریشته‌ نزیكه‌كان و پێغه‌مبه‌ران و نێردراوه‌كان، پاشانیش له‌ دوای ئه‌وان به‌نده‌كانی خوا و هه‌موو خه‌ڵكی به‌گشتی خواپه‌رستی ده‌كه‌ن و ڕوو ده‌كه‌نه‌ خوا و كارو پیشه‌یان به‌ندایه‌تییه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك و به‌ هیچ جۆرێك ڕه‌وا نییه‌ هیچ كه‌سێك تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئولوهییه‌تی پێ بدرێت و به‌شدار بێت تێیدا. 

- به‌ڵكوو ئه‌مه‌ به‌درۆخستنه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ كیتاب و سوننه‌تداو له‌سه‌ر زاری هه‌موو پێغه‌مبه‌ران به‌گشتی هاتووه‌ و جێگیر بووه‌ كه‌ به‌ ته‌نها هه‌ر خوا مافی خوایه‌تی و ئولوهییه‌تی هه‌یه‌و هیچ كام له‌ دروستكراوه‌كانی به‌شداری و هاوبه‌شی نین‌. 

خۆ ئه‌گه‌ر وتیان: خوا خۆی مافی ده‌ستێوه‌ردانی داوه‌ به‌و ئه‌ولیاو دۆستانه‌ی خۆی له‌ بوونه‌وه‌ردا، توانای زیندوكردنه‌وه‌و مراندن و ژیان رۆزیدانی پێ داون.. ئه‌مه‌ ئیتر له‌ ڕوكه‌شترین به‌تاڵ و ناڕه‌واییه‌ كه‌ موسڵمان به‌ فیتره‌ی خۆی ده‌زانێت كارێكی به‌تاڵه‌و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌، چونكه‌ زانستی دڵنیابه‌خشی هه‌یه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ پێغه‌مبه‌رانی پێشوو و پێغه‌مبه‌ری خۆشمانی ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ ناردووه‌ تاكو به‌ ته‌نهاو بێ هاوه‌ڵ زاتی خوا به‌ خه‌ڵكی بناسێنن و له‌ ئولوهییه‌تیدا به‌ تاك بگیرێت، وه‌ك خوای گه‌وره‌ ئه‌فه‌رموێت: وَلَقَدْ بَعَثْنَا فِي كُلِّ أُمَّةٍ رَسُولاً أَنِ اعْبُدُوا اللَّهَ وَاجْتَنِبُوا الطَّاغُوتَ [النحل:36] ده‌ی چۆن ئیتر خوای گه‌وره‌ كه‌سێكی تری جگه‌ له‌ خۆی ئه‌كاته‌ هاوه‌ڵ و هاوشانی خۆی و وه‌ك تاغوت و له‌ سنوورده‌چویه‌ك ڕێی پێ ئه‌دات خه‌ڵكی بیپه‌رستن و هاواری لێ بكه‌ن؟! 

- وه‌ له‌ هۆكاره‌كانی كه‌وتنه‌ ناو شیرك: به‌گه‌وره‌گرتنی ئه‌ستێره‌كان یان پێوه‌ركردن له‌سه‌ر ئه‌ستێره‌كان، وه‌ك وتمان: سابیئه‌ حه‌ڕانییه‌كان –گه‌له‌كه‌ی ئیبراهیم- و ئوممه‌ته‌كانی پێش ئه‌وانیش له‌ كه‌نعانییه‌كان و بابلییه‌كان و ئاشورییه‌كان و زۆرێكی دیكه‌ش له‌و ئوممه‌تانه‌ی نه‌ماون و تیاچوون، باوه‌ڕیان وابووه‌ كه‌ ئه‌ستێره‌كان و ته‌نه‌كانی گه‌ردوون كاریگه‌رییان له‌سه‌ر جیهانی خواره‌وه‌ هه‌یه‌و ئه‌وان به‌ڕێوه‌یان ده‌به‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك په‌یكه‌ری گه‌وره‌یان ده‌تاشی و هه‌ر ئه‌ستێره‌یه‌ك به‌ پێی جۆری گونجاوی خۆی له‌سه‌ر زه‌ویدا بوت و یادبوودێكیان بۆ داده‌نا و به‌رزیان ده‌كرده‌وه‌، به‌م پێییه‌ ئه‌كه‌وتنه‌ په‌رستنی جگه‌ له‌ خواوه‌و شیرك و هاوه‌ڵگیرییان بۆ خوا بڕیار ده‌دا. 

دانه‌ر ڕ‌ه‌حمه‌تی خوای لێ بێت چه‌ند فه‌رمووده‌یه‌كی سه‌حیح و دروستی هێناوه‌ له‌سه‌ر جڵه‌وگیریی له‌ گۆڕپه‌رستی و كردنیان به‌ مزگه‌وت و شوێنی به‌ندایه‌تی، كه‌ كۆمه‌ڵه‌ فه‌رمووده‌یه‌كی سه‌حیح و زۆرن. 
.................
(1) رواه البخاري (4636) عن ابن عباس. فه‌رمووده‌كه‌: [صارت الأوثان التي كانت في قوم نوح في العرب بعد أما ود كانت لكلب بدومة الجندل وأما سواع كانت لهذيل وأما يغوث فكانت لمراد ثم لبني غطيف بالجوف ثم سبأ وأما يعوق فكانت لهمدان وأما نسر فكانت لحمير لآل ذي الكلاع أسماء رجال صالحين من قوم نوح فلما هلكوا أوحى الشيطان إلى قومهم أن انصبوا إلى مجالسهم التي كانوا يجلسون أنصابا وسموها بأسمائهم ففعلوا فلم تعبد حتى إذا هلك أولئك وتنسخ العلم] 
(2) رواه عبد بن حميد كما ذكره السيوطي في الدر المنثور (8 /294) من حديث محمد بن كعب. 
(3) [سوپاس و ستایش بۆ ئه‌و خوایه‌ كه‌ ئاسمانه‌كان و زه‌وی دروست كردووه‌، تاریكی و ڕوناكی فه‌راهه‌م هێناوه‌ (كه‌چی له‌ گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو به‌ڵگه‌ به‌هێزو سه‌رسام ئاوارانه‌دا) پاشان ئه‌وانه‌ی بێباوه‌ڕ بوون به‌ په‌روه‌ردگاریان یه‌كێك له‌ دروستكراوه‌كانی خوا ده‌كه‌نه‌ هاوتای خوا].

 

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram