دانراوه له‌لایه‌ن: ئیحسان بورهانەددين گفتوگۆ چه‌كێكى كاریگه‌ره به ده‌ستى مرۆڤه‌وه، به‌تایبه‌تى بۆ مرۆڤى موسوڵمان چونكه داواى لێكراوه په‌یامه‌كه‌ى به‌جوانی و به‌به‌ڵگه‌وه بگه‌یه‌نێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش و ئه‌گه‌ر بانگخواز بیه‌وێت ده‌ره‌نجامى باش له كاره‌كه‌یدا به‌ده‌ست بهێنێ، پێویسته ڕه‌چاوى بنه‌ماكان بكات له‌م باره‌وه كه زانایان و پسپۆڕان جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگى كردووه. ڕۆڵى منیش لێره‌دا كۆكردنه‌وه‌ى ئه‌و بنه‌مایانه‌یه كه به‌شێوه‌یه‌كى كورت و پوخته و بیخه‌مه به‌رده‌ستى خوێنه‌رى موسوڵمانى كورد. له ده‌ستپێكى ئه‌م باسه‌شدا باشتره جیاوازى بكه‌ین له‌نێوان گفتوگۆ (كه بریتییه له قسه‌كردن و تاوتوێكردنى بابه‌تێك له‌نێوان دوو كه‌سدا به‌نۆره به مه‌به‌ستى گه‌یشتن به ئه‌نجام) و مشت‌ومڕ و ده‌مه‌قاڵه و دژایه‌تیی یه‌كتركردن كه زۆرجار كارێكى بێئاكامه و ده‌ره‌نجامى باشى لێناكه‌وێته‌وه. قورئانیش گفتوگۆ (حوار)ى زۆر تێدایه... به وته‌ى هه‌ندێ له زانایان له زیاتر له ٥٠٠ جێگه‌دا هاتووه، بۆ نموونه: (البقرة: ٣٠-٣٢و ٢٦٠)، (الاعراف: ١٤٣)، (المائدة: ١١٦)، (الصافات: ١٠٢) و (القصص: ٧٦)... به هه‌مان شێوه له سوننه‌تى پێغه‌مبه‌ردا (صلى الله علیه وسلم)، بۆ نموونه گفتوگۆى نێوان پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) له‌گه‌ڵ عوتبه‌ى كوڕى ڕه‌بیعه‌دا (ابن هشام: ١/٣١٣). ئه‌مه‌ش گرنگترین بنچینه‌كانى گفتوگۆیه: نییه‌ت: واته دڵنیا بیت له‌وه‌ى مه‌به‌ستت خوایه و سه‌رخستنى ئیسلامه له‌و گفتوگۆیه‌دا. وریا بیت ئه‌و كاره مه‌زنه له خۆت نه‌شيَوێنى به‌وه‌ى نییه‌تت بۆ كه‌سێكى تر یا شتێكى تر بێت جگه له خواى گه‌وره (انما الاعمال بالنیات وانما لكل امرىء ما نوى...). هه‌ڵبژاردنى بارودۆخى گونجاو: پێویسته ئه‌و كه‌سه‌ى گفتوگۆ ده‌كات ته‌ماشا بكات تا چه‌ند بارۆخه‌كه له‌باره بۆ گفتوگۆكردن، پێویسته ڕه‌چاوى جێگه و كات و خودى كه‌سه‌كه‌ش بكات كه جێگاى مه‌به‌سته. شاره‌زاییی ته‌واو: له‌مه‌سه‌له‌یه‌كدا قسه مه‌كه شاره‌زاییى ته‌واوت نه‌بێت، ئه‌گینا شه‌رمه‌زار ده‌بیت و بیرۆكه‌كه‌ش ناشیرین ده‌كه‌یت، چونكه خه‌ڵكى زۆرجار كاريگه‌ر ده‌بن به بیرۆكه ئه‌گه‌ر به‌رجه‌سته بێت له هه‌ڵگره‌كه‌یدا. لێهاتوویى ڕازیكردنه بۆ خواى گه‌وره و دیارده‌ى ڕێزگرتنیشه له خۆ و له خه‌ڵكى. خه‌ڵكى هه‌موویان یه‌ك شێواز نین: به‌ڵكوو جیاوازییان له عه‌قڵ و تێگه‌یشتن و ئاستى ڕۆشنبیریدا هه‌یه، ئه‌و به‌ڵگه‌ش بۆ فڵان ده‌گونجێت مه‌رج نییه بۆ كه‌سێكى تر بگونجێت. ئاستى به‌رانبه‌ره‌كه‌ت بزانه كه گفتوگۆى له‌گه‌ڵ ده‌كه‌یت، بۆ نموونه قوتابى و زانا و گه‌وره و بچووك و ژیر و گێل ناكرێت به یه‌ك شێواز قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت. قسه‌كردن بۆ خۆت قۆرخ مه‌كه! ئه‌و كه‌سه‌ى گفتوگۆ ده‌كات پێویسته بیرى لاى كات بێت. قۆرخكردنى قسه‌كردن بۆ ته‌نها خۆت وه‌كوو قۆرخكردنى خواردنه بۆ ته‌نها خۆت... هه‌ردووكیان ناشیرینن. خواى گه‌وره یه‌ك زمان و دوو گوێى بۆ مرۆڤ دروست كردووه بۆ ئه‌وه‌ى كه‌م قسه بكات و زۆر گوێ بگرێت. درێژكردنه‌وه‌ى قسه‌كردنیش نه‌خۆشییه‌كه زیانى له سوودى زۆرتره، هۆكاره‌كانیشى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ: - خۆپه‌سه‌ندكردن و واگومانبردن كه‌زانسته‌كه‌ى تازه‌یه. - حه‌زى ناوده‌ركردن و ستایشى خه‌ڵكى. - بێئاگایى له ئاستى به‌رانبه‌ر. گوێـــــــــــگرتن: قسه‌كه‌رى لێهاتوو پێویسته گوێگرێكى لێهاتووش بێت. قسه به به‌رانبه‌ره‌كه‌ت مه‌بڕه، چونكه ئه‌ویش پێى خۆشه گوێى لێبگریت. زۆرجار خه‌ڵكى به گوێنه‌گرتن له به‌رانبه‌ره‌كه‌یان ناتوانن شوێنه‌وارێكى چاك له دڵیان‌دا به‌جێ بهێڵن. دیل كارنیجى له كتێبى (كیف تكسب الاصدقاء)دا ده‌ڵێت: "گه‌ر ده‌ته‌وێت خه‌ڵكى له‌ده‌ورت بڵاوه بكه‌ن و گاڵته‌ت پێ بكه‌ن كاتێك پشتیان تێده‌كه‌یت، فه‌رموو پێت بڵێم پێویسته چى بكه‌یت: هه‌لى قسه‌كردن به‌كه‌س مه‌ده و به‌بێ وچان قسه بكە! ئه‌گه‌ر بیرۆكه‌یه‌كیشت بۆ هات چاوه‌ڕوانى به‌رانبه‌ره‌كه‌ت مه‌كه له قسه‌كه‌ى بێته‌وه، چونكه ئه‌و زیره‌كیى تۆى نییه، بوارى مه‌ده و خۆت هه‌ڵقورتێنه ناو ئاخاوتنه‌كه‌ى!" چاودێریى خۆت بكه! وریاى خۆت به له‌كاتى ئاخاوتندا! ئایا ده‌نگت به‌رز نییه؟ ئامۆژگارییه‌كه‌ى لوقمانت له‌بیر نه‌چێت بۆ كوڕه‌كه‌ى: واقصد فی مشیك واغضض من صوتك ان انكر الاصوات لصوت الحمير. وریابه له ڕوخسارتدا یان له شێوازى قسه‌تدا یان له ئاماژه‌ى ده‌ستتدا خۆبه‌زلزانیت پێوه دیار نه‌بێت، ئه‌گینا خێرا خۆت چاك بكه‌ره‌وه! ئه‌گه‌ر پێویستیشى كرد داواى لێبوردن بكه! خۆت به ده‌ستى عاتیفه‌وه مه‌ده و ببیته وتارخوێن! مه‌به كۆپیش له‌سه‌ر كه‌سێكى تر چونكه خه‌ڵكى بێزارن له دووباره‌بوونه‌وه. قسه‌ڕوونى و زمانپاراوی: ده‌ربڕينى به‌هێز و زمانپاراوى و قسه‌كردنى جوان كۆڵه‌كه‌ى ئاخاوتنى به‌هێزن. چه‌ندین حه‌ق به‌زایه چوون به‌هۆى لاوازیى ده‌ربڕینه‌وه... چه‌ندین ناحه‌قیش سه‌ركه‌وت به‌هۆى به‌هێزیى ده‌ربڕینه‌وه. ده‌گێڕنه‌وه ئه‌حمه‌د شه‌وقى خۆى شیعره‌كانى خۆى نه‌ده‌خوێنده‌وه... گه‌ر وای بكردایه، به‌شێكى له جوانىی هۆنراوه‌كانى له‌ده‌ست ده‌دا به‌هۆى لاوازى و ساردىی خوێندنه‌وه‌كه‌ى. هه‌روه‌ها قۆستنه‌وه‌ى هه‌لێكى گونجاو بۆ قسه‌یه‌كى خۆش یان نوكته‌یه‌ك یان باسێكى ناوازه مایه‌ى به‌هێزییه بۆ ئه‌و گفتوگۆیه. هێنانه‌وه‌ى په‌ند و نموونه: قسه‌كه‌رى ژیر ئه‌و كه‌سه‌یه كه ده‌زانێت چۆن په‌ند و نموونه‌ى گونجاو له شوێنى خۆیدا به‌كار ده‌هێنێت بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ى بیرۆكه‌كه‌ى. ده‌گێڕنه‌وه زانایه‌ك نموونه‌ى له‌سه‌ر مه‌زنيى په‌روه‌ردگار هێنایه‌وه و فه‌رمووى: "گەڵاى دارتوو، یه‌ك ڕه‌نگ و یه‌ك تامى هه‌یه، كه‌چى كرم ده‌یخوات ده‌یكاته ئاورێشم، هه‌نگ ده‌یخوات ده‌یكاته هه‌نگوین، مه‌ڕ و ماڵاتیش ده‌یخۆن و ده‌یكه‌نه پشقڵ و پیسى، ئاسكیش ده‌یخوات و ده‌یكاته بۆنى میسك... جا گه‌وره‌یى بۆ ئه‌و خوایه كه په‌روه‌ردگاری مه‌زنە." گه‌ر بێت و قسه‌كه‌رێك تاكو ئێواره باسى خۆنه‌ویستى بكات، ئه‌وه‌نده‌ى ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ى سێ برینداره‌كه‌ى جه‌نگى یه‌رمووك كاریگه‌رى نابێت كه هه‌ریه‌كه له‌وانه ده‌یوت با براكه‌م له‌پێش من ئاو بخواته‌وه تاكوو هەر سێكیان گیانیان سپارد. باسه‌كه درێژه‌ى ده‌بێت ان شا‌ء الله.