دانراوه له‌لایه‌ن: ده‌نگی ئیسلام ئه‌وه‌نده‌ی ورد بومه‌ته‌وه له سوننه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌و بینیومه، نه‌وه‌ی ڕوخاو و شكست خواردوو سه‌رناكه‌وێت، به‌ڵكوو سه‌ركه‌وتنی لێوه دروست ئه‌بێت و له دایك ئه‌بێت. چونكه یه‌كه‌م نه‌وه‌یه كه هه‌ست به تاڵ و تفتی ڕوخان و ژێر كه‌وتن و زه‌لیلی ئه‌كات، ئه‌مه‌ش له نیعمه‌ته‌كانی خوایه . وه له‌وانه‌یه نه‌خوشی و له‌ش ناساغی ببێته هۆی چاك بونه‌وه‌ی لاشه‌ی مرۆڤ. شاعیر وتویه‌تی: وربما صحت الأجساد بالعلل ده‌ردو به‌ڵا دێن به‌سه‌رتا، ڕووخان و داڕمان دێن به‌سه‌رتا، گرفت و ته‌نگه‌شه‌كان ئه‌ملاولات ئه‌ده‌ن، ئیتر له ناخت‌دا هه‌ست به كه‌م و كوڕی و كه‌مته‌رخه‌می ئه‌كه‌یت، هه‌ست ئه‌كه‌یت پێویسته له سه‌رت كه هه‌ڵوێست وه‌ربگریت و بگه‌ڕێیته‌وه بۆ فه‌رمانی خوای گه‌وره، ئیتر لێره‌وه خاڵی ده‌ستپێكردن دروست ئه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنێكی كۆتایی و به‌رده‌وام بێت پێویستی به ماوه‌یه‌كی دوورودرێژو كاتێكی زۆر هه‌یه، به چه‌ند ساڵێكی دیاریكراو سنووری بۆ دیاری ناكرێت، به‌ڵكوو هه‌رچۆنێك بێت و هه‌رچه‌ندێكی بوێت پێویستی به ئارامی و له سه‌ر خۆیی هه‌یه. ئینجا لێره‌و پێویسته له سه‌رمان به‌وه‌ی كه له هه‌ر ڕووداوێكدا، وه له هه‌ر قۆناغێكدا، وه له هه‌ر كاتێكدا، بنه‌ما سه‌ره‌كی و بنچینه‌ییه‌كانمان له یاد نه‌چێته‌وه كه هه‌ر كارێكی له سه‌ر پێك دێت و به‌رهه‌م دێت. پێویسته سه‌ره‌تا ئه‌وه باش بزانین كه ته‌وحیدو یه‌كتاپه‌رستی یه‌كه‌مین بنه‌ماو بنچینه‌ی سه‌ره‌كییه له بانگه‌وازو جیهادو تێكۆشانماندا، ته‌وبه‌و په‌شیمان بونه‌وه‌و داوای لێبوردن كردن له خوای گه‌وره‌و به كوڵ له خوا پاڕانه‌وه، واز هێنان له گوناهو تاوان، هه‌ڵكه‌ندنی ده‌روون له‌وه‌ی كه خوا قه‌ده‌غه‌ی كردووه، لێپرسینه‌وه و موحاسه‌به‌كردنی خۆ، ئه‌مانه هه‌موویان پێویستن و له هه‌موو حاڵێكی ژیانماندا ده‌بێ له‌گه‌ڵمان بن و لێمان دوور نه‌كه‌ونه‌وه. ئه‌گه‌ر یه‌كێك له خودی خۆیدا ویستی كه عیلم وزانیاری وه‌ربگرێت و فێری ببێت، ئه‌وه یه‌ك ئه‌ركێك پێویسته خێرا بێت له‌سه‌ری به‌جێهێنانی یه‌كخواپه‌رستییه له خۆیدا. ئه‌گه‌ر ویستی جیهادو تێكۆشان له پێناوی خوا بكات، ئه‌وه ته‌وحیدو یه‌كتاپه‌رستی یه‌كه‌م واجب و فه‌رمانه به‌سه‌ریه‌وه. ئه‌گه‌ر ویستی كه بانگه‌واز بكات و خه‌ڵكی به‌ره‌و ئیسلام بێنێت، ئه‌وه ته‌وحیدو یه‌كتاپه‌رستی یه‌كه‌م واجب و فه‌رمانه به‌سه‌ریه‌وه. وه ئه‌گه‌ر هه‌ر كارێك له كاره‌كانی دنیای مه‌به‌ست بوو به‌جێیان بێنێ، ئه‌وه یه‌كه‌م شتێك كه پێویسته ده‌ستی پێ بكات ته‌وحیدو یه‌كتاپه‌رستییه، ئینجا دوای ئه‌وه ئه‌بێت ده‌ست بگرێت به سوننه‌ت و ڕێڕه‌وه‌كانی خوای گه‌وره‌وه له گۆڕانكاریه‌كانی ژیاندا. جا نه‌وه‌ی یه‌كه‌م، نه‌وه‌ی ڕوخاوو، یه‌كه‌م نه‌وه‌ی تێكشكاو و ڕوخاوه‌و هیچی پێ ناكرێ، له به‌ر ئه‌وه بینیمان كه چۆن ڕوخان و شكستی و تێكشان گشت جیهانی ئیسلامی گرته‌وه، هه‌روه‌ك چۆن له ساڵی(1967) له شه‌ش ڕۆژدا (له‌و شه‌ش ڕۆژه‌ی هه‌موو سوپای عه‌ره‌بی له به‌رامبه‌ر ئیسرائیل تێك‌شكان) تێك‌شكان و مه‌ینه‌تی هه‌ره گه‌وره ڕوویدا، به‌ڵام ده‌بینین له‌وێوه نه‌وه‌ی ڕابونی ئیسلامی دروست بو و گه‌ڕانه‌وه بۆ لای خوا ده‌ستی پێ كرد. هه‌موو ڕژێمه نه‌ته‌وه‌یی و ئیشتراكیه‌كان هه‌موو ڕوخان و داڕمان و نه‌مان، ئایدولۆجیاو فیكر‌و بۆچونه‌كانیان له دڵ و مێشكی خه‌ڵكیدا هه‌ره‌سی هێنا، هه‌رچی بانگه‌شه‌ی درۆ و داهێنراو و له ده‌ره‌و هاتوو هه‌بوو هه‌موو ده‌ركه‌وتن و ناسران، ئیتر ورده ورده بیریان كرده‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه بۆ لای خوای گه‌وره. با سه‌یر بكه‌ین بزانین چه‌ندمان پێویسته؟ گومانی تێدا نییه كه تا ئێسته نه‌گه‌شتوینه‌ته ئه‌و حاڵه‌ته‌ی كه ئه‌هلی سه‌ركه‌وتن بین؛ چونكه مه‌سه‌له‌كه به ماوه‌یه‌كی كه‌م ناێته دی و پێویستی به كات و ماوه‌یه‌كی دوور‌و درێژ هه‌یه، تاكو نه‌وه‌یه‌كی پاك و پوخت و مه‌چه‌ك به ده‌ستنوێژ بێنه پێشێ و هه‌رچی پاشماوه‌ی نه‌فامی هه‌یه ڕایماڵن و ئیسلام سه‌رله‌نوێ بێته‌وه گۆڕه‌پانه‌كه، له به‌ر ئه‌وه كاتێك له هه‌ڵمه‌تی یه‌كه‌می خاچ په‌رسته‌كاندا قودس گیراو له مسوڵمانان سه‌نرا، پێش ئه‌وه‌ی قودس بگرن و داگیری كه‌ن چه‌ند شوێنێكیان داگیر كرد وه‌ك ئه‌نتاكیه‌و چه‌ند به‌شێك له سه‌روی وڵاتی شام. ئیتر سالاَنێك ڕۆشت به‌سه‌ر ئه‌م واقعه تاڵه‌و قودس هه‌ر له ژێر ده‌ستی خاچپه‌رستاندا بوو تاكو نورالدین الزنكی هات، وه دوای ئه‌ویش ئیتر سه‌لاح ا‌لدین ی ئه‌ییوبی هات. ئینجا له كۆتاییدا شه‌ری حه‌تتین ڕووی دا‌و مسوڵمانه‌كان سه‌ركه‌وتن و دوای ئه‌ویش ئیتر چونه بیت المقد‌س و ڕزگاریان كرد. ئه‌مانه هه‌مووی په‌یوه‌ندی به ڕۆشتن و هه‌نگاونانه‌وه هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و سوننه‌ت و ڕێڕه‌وه‌انه هه‌یه له‌گه‌ڵ خۆئاماده‌كردنی ته‌واو و پێشبینی كردنی ئه‌وه ده‌ره‌نجامانه‌ی لێیه‌وه دروست ده‌بن. خۆ ئاماده كردن له هه‌موو بواره‌كاندا، ئاماده‌كردنی ماددی، ئاماده‌كردنی زانستی، ئاماده‌كردنی ئه‌ده‌بی و وێژه‌یی، له هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا،كاتێ خاچ په‌رسته‌كان هاتن له شارێكی وه‌ك دمشق دا ته‌نها یه‌ك قوتابخانه‌ی تێدا بوو كه وه‌ك كۆلێجی ئێستا وابێت، كه دیمه‌شق ئه‌و كاته پایته‌ختی وڵاتی شام بوو، به‌ڵام له سه‌رده‌می صلاح ا‌لدین دا نزیكه‌ی سه‌د مه‌دره‌سه‌و قوتابخانه‌ی زانستی تێدا دانرابوو، ده‌ی كه‌واته بۆچی له‌م لایه‌نه گرنگه بێ ئاگا بین. هه‌میشه سه‌یری ئه‌وه ئه‌كه‌ین و ئه‌وه‌مان له به‌ر چاوه كه صلاح ا‌لدین سوپای كۆكرده‌وه‌و سه‌ركه‌وتنی به ده‌ست هێنا، ئه‌مه ڕاسته و نابێت له بیر بكرێت، به‌ڵام ئایا ئه‌گه‌ر شتێكی تر له‌م ئوممه‌ته‌دا به‌ره‌و گۆڕانگاری نه‌ڕۆشتبێت سووپا هه‌ر هه‌ر له خۆیه‌وه به‌م شێوه‌یه سه‌ركه‌وتن به ده‌ست دێنێ؟! له ڕاستیدا گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی و بنچینه‌یی ڕووی دا له‌و كاته‌ی ئوممه‌تی ئیسلامدا، له ناخه‌وه ئوممه‌تی ئیسلام به‌ره‌و ئایینه‌كه‌یان گه‌ڕانه‌وه، ئه‌ویش گه‌ڕانه‌وه‌یان بوو بۆ عیلم وزانست، بۆ بانگه‌واز بۆ خێر‌و چاكه‌و خواناسی و گه‌ڕانه‌وه بۆ لای خوا. هه‌ر زانایان و بانگخوازان بوون كه ئوممه‌تیان بزواندو گیانی جیهادو تێكۆشانیان تێدا دروست كردن، كه هه‌میشه زانا‌و بانگخوازان له‌م ئوممه‌تدا هۆكاری خێر‌و چاكه‌و یه‌كبون و یه‌كڕیزی بوون، له سه‌ر خێر‌و چاكه یه‌كیان خستوه‌و ڕیزبه‌ندیان كردووه، ( ابن قدامة) خاوه‌نی كتێبی (المغني) ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت، له لای ڕاستی صلاح الدینه‌وه بوو خه‌ڵكی له سه‌ر كیتاب و سوننه‌ت كۆ ئه‌كرده‌وه‌و هه‌ڵی ئه‌نان بۆ جیهاد له پێناوی خوادا، وه هه‌موو قوتابیانی عیلم له‌گه‌ڵی كۆ بوون و به چوارده‌وریه‌وه بوون، ئینجا ئیتر سه‌ركردایه‌تیه‌كی ئیماندار‌و تێكۆشه‌ر له‌گه‌ڵ زانا‌و شاره‌زایانێك كه كار به عیلم و زانیاریه‌كه‌یان ئه‌كه‌ن یه‌كیان گرت، له‌گه‌ڵ بانگوازانی ڕاسته‌قینه، ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتن بوو به فه‌رمانی خوا، ئه‌وه‌بو سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر خاچ په‌رسته‌كاندا و ته‌فرو تونایان كردن و سه‌ركرده‌كه‌شیان به دیل گرتن. ئا ئه‌مه‌یه كه پێویسته به‌رده‌وام بیری لێ بكه‌ینه‌وه‌و هه‌وڵی بۆ بده‌ین، له ده‌روون و هه‌ست و سۆزماندا هیچ بوارێك بۆ په‌له په‌لی و هه‌ڵپه‌كردن نه‌هێڵینه‌وه، به‌ربومه‌كه نه‌ڕنین پێش ئه‌وه‌ی بگات و به‌رهه‌م بێت، ئیتر هه‌ر كارێك بێت، وه هه‌رچه‌نده پێویست به ڕنین و لێكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ش بكات، ئه‌مه سوننه‌ت و ڕێبازێكی خواییه، پێویسته هه‌ر بێته جێ ئه‌و كات كاره‌كان ئه‌نجام ئه‌درێن ئیتر سه‌باره‌ت تاك بێت یان كۆمه‌ڵ، وه هه‌موو كه‌سێك، به‌ڵكوو هه‌موو جیهان به‌شێك له‌و سوننه‌ن و ڕێڕه‌وانه ئه‌زانێت هه‌ر یه‌ك به‌پێی خۆی. كاتێك یابان ده‌ستی كرد به ده‌ركردن و ڕاونانی ڕۆژئاوا، كه ده‌ستی به‌و كاره‌ی كرد-ئه‌مه‌ی ئه‌زانی-، ده‌یزانی له ماوه‌یه‌كی كورتدا ناتوانێت هه‌موو هێزی ڕۆژئاوا وه‌رده‌رنێت و له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێ، ئارامی گرت له سه‌ر ژێرده‌سته‌یی و ژێر ڕكێفی ڕۆژئاوادا تاكو بووه هێزێكی سه‌ره‌كی ململانێی ڕۆژئاوا‌و توانی سه‌ركه‌وتنی خۆی به ده‌ست بێنێت و ڕزگاری ببێت له ده‌ستیان. كۆریاش له هه‌مان خاڵی یابانه‌وه ده‌ستی پێ كرد، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵی له ده‌وڵه‌تانی تریش به هه‌مان شێوه، وڵاتانێك نه باوه‌ڕیان به خوا هه‌یه وه نه به ڕۆژی دوایی، به‌ڵام هه‌ستیان به‌و سونه‌ن و یاسانه كرد كه له‌م بونه‌وه‌ره‌دا دانراوون و پێویسته بۆ ته‌واوكردنی هه‌ر كارێك بگیرێنه به‌ر، ئه‌ویش كه هه‌ر ئه‌بێت په‌یڕه‌و و نه‌خشه‌یه‌ك ئاماده بكرێت، ئه‌وجا ئیتر له سه‌ری به‌رده‌وام بیت و به ئارام بیت له سه‌ری تاكو به‌رهه‌مه‌كه‌ی ئه‌گات و ئه‌وجا بیڕنیت و لێی بكه‌یته‌وه، بێ په‌له په‌ل كردن تا كۆتایی پێ دێنیت، ئه‌نا ده‌نا پێش گه‌یشتن به ئامانج و مه‌به‌تی خۆت ئه‌بێت دوباره سه‌رله نوێ ده‌ست پێ بكه‌یته‌وه. من له‌م قسانه‌مدا هه‌وڵم داوه كه له سه‌ر خاڵه بنه‌ڕه‌تیه‌كان قسه بكه‌م كه پێویسته به‌رده‌وام له بازنه‌ی گرنگی و پێویستی ژیانماندا بن و له یادیان نه‌كه‌ین، ئه‌نا مه‌سه‌له‌ی په‌له‌كردن له بانگه‌وازدا پێوستی به قسه‌و باسێكی دوورودرێژ هه‌یه، پێویستمان به‌وه‌یه كه قسه بكه‌ین له سه‌ر په‌له كردن له كاره تایبه‌تیه‌كانمان، وه‌ك په‌له‌كردن له ژن هێنان به نموونه، وه په‌له كردن له بڕیاردانی هه‌ڵبژاردن و چونه كۆلیج، وه په‌له كردن له كارێك كه په‌یوه‌ندی به ژیانی تایبه‌تیته‌وه هه‌یه، یان دانانی پڕۆژه‌یه‌ك، یان به هه‌ر كارێك له كاره‌كان، به‌ڵام ئه‌وه ماوه‌و كاتێكی دوور‌و درێژی پێویسته.