سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
   ٤. ئه‌ركی شه‌رشانی بانگخوازان چاره‌سه‌ركردنی هه‌ڵه‌شه‌ و په‌له‌كردنه‌ له‌ بانگه‌وازدا
گۆڕینی فۆنت

دانراوه له‌لایه‌ن: ده‌نگی ئیسلام 



له‌ سه‌ر برایانی بانگخواز پێویسته‌-خوا یارمه‌تی ئێمه‌ش و ئه‌وانیش بدات- كه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌م كاره‌ بكه‌ن كاتێك كه‌ ڕووداوێك یان كارێك تووشی مسوڵمانان دێت، له‌ هه‌موو ڕووداوێك و له‌ هه‌موو هه‌ڵوێستێكدا، وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌سێكدا كه‌ بانگی ئه‌كه‌ن، له‌ سه‌ریان پێویسته‌ كه‌ ئه‌م سۆزو عاتیفه‌و غه‌زیزه‌ هه‌ڵچووه‌‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ئه‌ویش به‌‌ له‌ سه‌رخۆیی و په‌له‌ نه‌كردن و گرتنه‌ به‌ری چاره‌سه‌ری گونجاو، له‌ پێكهێنانی كه‌سایه‌تیت یان زانستیت یان هه‌ر شتێكی تر بێت. 

برای وایه‌ ئه‌ڵێت: ئه‌مه‌وێ هه‌موو قورئان له‌ به‌ر بكه‌م، له‌ عیلم و زانستا بگه‌مه‌ فڵان پله‌و فڵان پله‌، له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا بگه‌مه‌ ئاستێكی زۆر به‌رز، په‌له‌ ئه‌كات و خۆی ماندوو ئه‌كات تاكو هه‌رچی زووه‌ بگاته‌ ئاستێكی دیاری كراو له‌ زانست و زانیاری، جا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی بۆ نه‌كراو بۆی سه‌رنه‌گیرا- كه‌ بۆی ناكرێت و سه‌رناگرێت ته‌نها به‌ رۆشتن له‌ سه‌ر سوننه‌ته‌كانی خوا نه‌بێت- ده‌ڕوخێت و به‌ یه‌كجاری واز دێنێت، چونكه‌ مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئه‌و تواناو تێكۆشانه‌شدا كه‌ هه‌یه‌تی، وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كاته‌شدا كه‌ له‌ به‌ر ده‌ستیدایه‌، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی بۆ ناكرێ كه‌ ده‌یه‌وێ =، پاشان ئیتر له‌وانه‌یه‌ تووشی تێكشان و داڕوخان ببێت، وه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌ر وازیشی لێ بێنێ و ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ستی پێ كردووه‌ ته‌واوی نه‌كات .. لێره‌وه‌ ده‌بێ باش بزانین بۆ چاره‌سه‌ركرنی هه‌ر ڕووداو و پێشهاتێك نابێت به‌ په‌له‌و جرت و فرت ده‌ستی بده‌یتێ، ده‌بێ له‌ سه‌ر خۆ بیری لێ بكه‌یته‌وه‌و بڕیاری له‌سه‌ر بده‌یت و چاره‌سه‌ری بكه‌یت. 

په‌له‌ كردن له‌ به‌ر چی، پێش ئه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه‌ به‌ ته‌واوی بزانیت و چی له‌ دواوه‌یه‌تی و ده‌ره‌نجام و پاشماوه‌كه‌ی به‌ چی ئه‌گات‌، پێش ئه‌وه‌ی بگه‌یه‌ت به‌ كه‌سانێك كه‌ له‌ خۆت شاره‌زاترو ئاگادارترن و پرسیاریان لێ بكه‌یت و ڕایان وه‌ر بگریت، كه‌ وردبینترو به‌رچاوڕۆشنترن له‌و كاره‌دا له‌ تۆ؟! په‌له‌ مه‌كه‌ له‌ فه‌رماندان به‌سه‌ر كارێكداو له‌و خۆته‌وه‌و به‌ هه‌ڵه‌شه‌یی و بێ لێكۆڵینه‌وه‌ فه‌رمانی بۆ ده‌ر مه‌كه‌. 

دوو سیفه‌ت هه‌ن خوای گه‌وره‌ سبحانه‌وتعالی خۆشی ئه‌ون، وه‌ك پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) له‌ فه‌رموده‌ی (أشج عبد القيس) باسی كردوون ئه‌و دوانه‌ش : نه‌رم و نیانی و له‌ سه‌ر خۆیی و هێمنین، فه‌رمووی: {إن فيك لخصلتين يحبهما الله: الحلم والأناة } مسلم (17) عن ابن عباس. { تۆ دو ڕه‌وشت و ئاكارت تێدایه‌ خوا خۆشیانی ده‌وێ : نه‌رم و نیانی و له‌ سه‌ر خۆیی و هێمینی} مه‌به‌ست له ا‌لأناة: له‌ سه‌ر خۆیی و ورد هه‌نگاو هه‌ڵهێنانه‌، كه‌ مرۆڤ دوای ئه‌وه‌ په‌شیمان نابێته‌وه‌ له‌سه‌ری، وه‌ ئه‌گه‌ر داواو پاڕانه‌وه‌شت له‌ خوای گه‌وره‌ كرد عزوجل ئه‌وه‌ له‌ سه‌ر خۆو هێمن و نه‌رم و نیان به‌و په‌له‌ مه‌كه‌. 

له‌وانه‌یه‌ تاوانبارو گوناهبارێك بگۆرێ به‌ كه‌سێكی زۆر زۆر باش و سوودبه‌خش بۆ ئیسلام- كه‌ ئه‌مه‌ زۆر جار ڕووی داوه‌-‌ ببێته‌ شمشێرێكی تیژ له‌ سه‌ر دوژمنانی ئیسلام، ببێته‌ چقڵی چاوی بانگخوازانی شه‌ڕو فه‌سادو خراپه‌كاری، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی كه‌ بانگخوازان ده‌بێ به‌ ئارام بن له‌گه‌ڵیداو نه‌رم و نیان له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵس و كه‌وت بكه‌ن تاكو به‌ ئاگا دێته‌وه‌و به‌ ڕێگه‌ی ڕاست ئاشنا ئه‌بێت، ئیتر گۆێڕایه‌ڵ ئه‌بێت و وه‌ری ئه‌گرێت، تاكو بزانێت و بۆی ڕۆشن بێته‌وه‌ كه‌ تۆ بانگی ناكه‌یت مه‌گه‌ر بۆ خێری هه‌ردو دنیا نه‌بێت و هیچ مه‌به‌ستێكیت پێ نییه‌ ته‌نها پیشاندانی ڕێگه‌ی ڕاست نه‌بێت، كه‌واته‌ هه‌ر ئه‌بێ نه‌رم نیان و له‌ سه‌ر خۆ بین و په‌له‌ په‌ل نه‌كه‌ین به‌ تایبه‌ت له‌ بانگه‌وازماندا له‌گه‌ڵ كه‌سانێكدا كه‌ تازه‌ دێنه‌ ناو ئیسلام. 

په‌له‌كردن له‌ بڕیاره‌ تاكه‌كه‌سیه‌كاندا، به‌وه‌ی كه‌ مرۆڤ په‌له‌ بكات له‌ بڕیارێكدا، دوایی په‌شیمان بێته‌وه‌، هه‌روه‌ها په‌له‌كردن له‌ بڕیاره‌كانی بانگه‌وازدا، كارێكی بێ به‌رهه‌مه‌و ئاكامێكی نه‌زۆكی لێ ئه‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌بینین بانگخوازی وا هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ی په‌له‌یه‌ ئه‌یه‌وێت یه‌كسه‌ر هه‌رچی پرسیارێكی له‌ هه‌ر بوارێك له‌ بواره‌كانی بانگه‌وازدا كرد یه‌كسه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ی وه‌ر بگرێته‌وه‌، ئه‌یه‌وێت خێراو به‌ په‌له‌ ببێته‌ خاوه‌ن ئیستیقامه‌و جێگیر بوون، یان په‌له‌ ئه‌كات له‌ سوننه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌ كه‌ جارێ كاتی خۆیان نه‌هاتووه‌وبه‌ هیچ شێوه‌یه‌ك گۆڕانكاریان به‌سه‌ردا نایه‌ت، ئه‌یه‌وێت خێرا جێبه‌ جێ ببن. 

بێ گومان خوای گه‌وره‌ په‌یمانی داوه‌ به‌ ئیمانداران به‌وه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتنیان پێ ده‌به‌خشێت: إِنَّا لَنَنْصُرُ رُسُلَنَا وَالَّذِينَ آمَنُوا فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَيَوْمَ يَقُومُ الْأَشْهَادُ [غافر:51] { به‌ڕاستی ئێمه‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانمان و ئه‌وانه‌ش كه‌ باوه‌ڕیان هێناوه‌ سه‌رده‌خه‌ین، له‌ ژیانی دنیادا هه‌روه‌ها ئه‌و ڕۆژه‌ش كه‌ شایه‌ته‌كان شایه‌تی ده‌ده‌ن} به‌لاَم مرۆڤ به‌رده‌وام ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی خوا نه‌هات؟!! چاوه‌ڕوان ناكات و به‌پێی سوننه‌ته‌ خواییه‌كه‌ هه‌نگاو نانێ، ئه‌یه‌وێت ئێسته‌و له‌ ته‌مه‌نی خۆیدا بیبینێت..! 

له‌ ڕاستیدا ئه‌م په‌له‌كردن و هه‌ڵپه‌كردنه‌ ده‌ردێكه‌و خه‌ڵكی پێوه‌ تووش هاتووه‌، به‌ڵام كه‌سێك كه‌ كتێبی خواو سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ری(صلى الله عليه وسلم) خوێندبێته‌وه‌ نابێت تێی بكه‌ویت و پێوه‌ی گیرۆده‌ ببێ، پێویسته‌ بانگخوازان ئاگاداری ئه‌وه‌ بن كه‌ ئه‌م ده‌رده‌ به‌ره‌و بێهیواییان نه‌بات و تووشی ته‌ممه‌ڵی و دانیشتنیان نه‌كات، ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موومانه‌ به‌ گشتی كه‌ سوننه‌ت و ڕێڕه‌وه‌كانی خوای گه‌وره‌ باش بزانین و تێان بگه‌ین، بزانین كه‌ په‌یڕه‌وی ڕاست و دروستی خوایی له‌ گۆڕینی كۆمه‌ڵگاو خه‌ڵكاندا چییه‌. 

ئه‌مڕۆ ئێمه‌و هه‌موو ئوممه‌تی ئیسلامی به‌ره‌نگاری دوژمنه‌كانمان بوینه‌وه‌ له‌ ڕۆژهه‌لاَت و ڕۆژئاوا به‌ گشتی، ئایا ئه‌بێت په‌له‌ی سه‌ركه‌وتن بكه‌ین و بڵێین ئه‌بێ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا خوای گه‌وره‌ سه‌ركه‌وتنمان پێ ببه‌خشێت، په‌له‌ بكه‌ین له‌وه‌ی كه‌ لای خوایه‌، له‌وه‌ی كه‌ خوا په‌یمانی داوه‌ به‌ ئیمانداران، هه‌ڵپه‌ بكه‌ین له‌وه‌ی كه‌ چی بكه‌ین و چی نه‌كه‌ین و كاره‌كانمان به‌ هێمنی و وردبینی و له‌ سه‌رخۆیی و به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ نه‌كه‌ین؟! له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ پێویسته‌ له‌ سه‌رمان كاره‌كانمان به‌ له‌ سه‌رخۆیی و دیراسه‌كردن و ورد بینیه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ین، پێویسته‌ مێژوو باش بخوێنینه‌وه‌، په‌ندو ئامۆژگاری لێ وه‌ربگرین، چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ك خوای گه‌وره‌ سبحانه‌وتعالی حاڵی میلله‌تانی گۆڕیوه‌؟! كاتێك كه‌ هێرشه‌كانی ته‌تارو خاچ په‌رسته‌كان هاتنه‌ سه‌ر وڵاتی ئیسلام و مسوڵمانانیان شكاند، كۆمه‌ڵه‌ سوننه‌ن و ڕێگه‌یه‌ك هه‌بوون بۆ گۆڕانكاری و سه‌ركه‌وتنی مسوڵمانان، گرتیانه‌ به‌رو پاشان توانیان خاچپه‌رستان له‌ناوبه‌رن و بیانخه‌نه‌وه‌ كونه‌كانی خۆیان. 

به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌ركی سه‌رشانی بانگخوازانه‌ كه‌ كۆسپی په‌له‌كردن و هه‌ڵه‌شه‌یی و زووبڕیاردان له‌ كاری بانگه‌وازدا چاره‌سه‌ر بكه‌ن، نه‌خوازه‌ڵا بۆ خۆیان تێی بكه‌ون و گیرۆده‌ی ببن. 
به‌ڕاستی ئه‌مڕۆ بانگه‌واز بۆ ئیسلام پێویستی به‌ چه‌ند بانگخوازێكی جێگیر و ئارام و نه‌رمونیان و دووربین هه‌یه‌ كه‌ بتوانن كاری ئیسلامی به‌ره‌و ئاستێكی به‌هێز و به‌توانا ببه‌ن و جڵه‌وی ئه‌و كاره‌ بگرنه‌ ئه‌ستۆ.

 267

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram Google Plus