دانراوه له‌لایه‌ن: باوکی موحه‌ممه‌د كۆسپی هه‌ڵه‌شه‌یی و په‌له‌په‌ل له بانگه‌وازدا (٢) بۆ بینینی به‌شی یه‌كه‌م، سه‌یری بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار بكه! خوای گه‌وره باسی كردووه بۆمان كه كاتێك پێغه‌مبه‌ران گه‌له‌كانی خۆیان بانگهێشت كردووه بۆ یه‌كتاپه‌رستی و واز هێنان له شیرك و هاوه‌ڵگیری و ترساندوویانن به سزای خوا، هۆشدارییان پێ داون كه پاشه‌ڕۆژ و داهاتوویه‌كی ترسناك چاوه‌ڕێیانه له ئه‌نجامی ئه‌و سته‌م و فه‌ساد و لهڕێدهرچوونه كه گرتوویانه‌ته به‌ر. وه‌ڵامی زۆرێك له نه‌ته‌وه و ئوممه‌ته‌كانیان ئه‌وه بووه كه ئه‌گه‌ر ڕاست ئه‌كه‌یت و ئهمانترسێنی به سزای خوا، ده‌ی با زوو سزاكه‌ی بێنێته سه‌رمان و ئێمه په‌له‌مانه له هاتنی؛ وَيَسْتَعْجِلُونَكَ بِالْعَذَابِ وَلَنْ يُخْلِفَ اللَّهُ وَعْدَهُ وَإِنَّ يَوْماً عِنْدَ رَبِّكَ كَأَلْفِ سَنَةٍ مِمَّا تَعُدُّونَ [الحج: ٤٧]. خوانه‌ناس و بێباوه‌ڕه‌كان په‌له‌ت لێ ده‌كه‌ن كه ئه‌و سزایه‌ی واده‌ت پێ داون زوو یه‌خه‌یان بگرێت، بێ گومان هه‌رگیز خوا له به‌ڵێنی خۆی لانادات، به‌ڕاستی ڕۆژێك لای په‌روه‌ردگارت وه‌كوو هه‌زار ساڵ وایه كه ده‌یژمێرن. سه‌یری نه‌رمونیانی خوای گه‌وره و سوننه‌تی خوای گه‌وره بكه! په‌له ئه‌كه‌ن له‌وه‌ی كه سزا و تۆڵه‌ی خوای گه‌وره زوو بۆیان بێت و تێ‌یان بئاڵێ، به‌ڵام خوای گه‌وره سوننه‌ن و په‌یڕه‌وی خۆی بۆ ئه‌وان تێك نادات، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌بینین له زۆر ئایه‌تی تردا وه‌ڵامیان ئه‌داته‌وه: أَفَبِعَذَابِنَا يَسْتَعْجِلُونَ * أَفَرَأَيْتَ إِنْ مَتَّعْنَاهُمْ سِنِينَ * ثُمَّ جَاءَهُمْ مَا كَانُوا يُوعَدُونَ * مَا أَغْنَى عَنْهُمْ مَا كَانُوا يُمَتَّعُونَ [الشعرا‌ء: ٢٠٤-٢٠٧]. ئایا ئه‌وانه په‌له‌یانه زوو سزای ئێمه یه‌خه‌یان بگرێت؟!* باشه ئایا ئه‌گه‌ر ساڵه‌ها مۆڵه‌تیان بده‌ین و ژیانی دنیا به‌خۆشی ببه‌نه سه‌ر، باوه‌ڕ ده‌هێنن؟!* پاشان ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شه و سزایه‌ی كه له‌وان كراوه هاته دی و پێش هات، ده‌توانن چی بكه‌ن؟! ئه‌وسا ئیتر ئه‌و ڕابواردنه‌ی دنیایان هیچ فریایان ناكه‌وێت و بێسوود ده‌بێت. سبحان الله، په‌له ئه‌كه‌ن له هاتنی سزا و تۆڵه‌ی په‌روه‌ردگار و ده‌یانه‌وێ هه‌ر ئه‌مڕۆ بێته سه‌ریان! خۆ ئه‌گه‌ر بیر بكه‌نه‌وه كه چه‌نده ئه‌ژین له دنیادا، ئایا ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره مۆڵه‌تیان پێ بدا و وایان لێ بكات كه بێن و بچن له وڵات‌دا؟! ئایا ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه كه نایانگرێت به گرتنێكی دهسهڵاَتداری به‌توانا؟! ئایا خوای گه‌وره پشتگوێ‌یان ئه‌خات و ڕۆژێك تۆڵه و سزای به‌توندی خۆی نایانگرێت؟! سبحان الله، أَفَرَأَيْتَ إِنْ مَتَّعْنَاهُمْ سِنِينَ [الشعرا‌ء: ٢٠٥]. باشه ئایا ئه‌گه‌ر ساڵه‌ها مۆڵه‌تیان بده‌ین و ژیانی دنیا به‌خۆشی ببه‌نه سه‌ر. وا دانێ كه وایه و ساڵه‌های ساڵ مۆڵه‌تیان پێ درا، هه‌موو ژیانیان به‌خۆشی و ڕابواردنه‌وه به‌ڕێ كرد و سزای خوای گه‌وره بۆیان نه‌هات، به‌ڵام له كۆتاییدا: ثُمَّ جَاءَهُمْ مَا كَانُوا يُوعَدُونَ * مَا أَغْنَى عَنْهُمْ مَا كَانُوا يُمَتَّعُونَ [الشعرا‌ء: ٢٠٦-٢٠٧]. پاشان ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شه و سزایه‌ی كه له‌وان كراوه هاته دی و پێش هات، ده‌توانن چی بكه‌ن؟! ئه‌وسا ئیتر ئه‌و ڕابواردنه‌ی دنیایان هیچ فریایان ناكه‌وێت و بێسوود ده‌بێت. ئا ئه‌مه سه‌نگی مه‌حه‌كه و پێوه‌ره‌كه ئه‌مه‌یه؛ چی‌یان بۆ ئه‌كرێت و چی توانایه‌كیان هه‌یه كاتێ سزا و تۆڵه‌ی خوای گه‌وره ئه‌یانگرێته‌وه و لوولیان ئه‌كات؟! پرسیار بكه له‌وه‌ی كه ته‌مه‌نێكی درێژی پێ دراوه و هه‌موو ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی له ڕابواردن و له‌زه‌ت و خۆشی‌دا به‌سه‌ر بردووه: ئایا ئه‌و ساته‌ی كه خوای گه‌وره به گرتنێكی ده‌سه‌ڵاتداری به‌توانا ئه‌یگرێت، ئیتر ئه‌و هه‌موو خوشی و ڕابواردن و دنیایه هیچ سوودێكی پێ ئه‌گه‌یه‌نێت؟! قُلْ أَرَأَيْتُمْ إِنْ أَتَاكُمْ عَذَابُهُ بَيَاتاً أَوْ نَهَاراً مَاذَا يَسْتَعْجِلُ مِنْهُ الْمُجْرِمُونَ [يونس: ٥٠]. بڵێ: هه‌واڵم بده‌نێ باشه ئه‌گه‌ر سزا و تۆڵه‌ی خوا له شه‌وگاردا یان له ڕۆژگاردا یه‌خه‌ی پێ گرتن، تاوانباران (به‌ته‌مای چین؟) ئاخۆ بۆچی په‌له ده‌كه‌ن؟! جا كاتێ سزاكه هاته سه‌ری و یه‌خه‌ی پێ گرت، هه‌موو ئه‌و خۆشی و شادیانه ئه‌ڕۆن؛ هه‌موو ئه‌و له‌زه‌ت و ئاره‌زووانه نامێنن و پووچ ئه‌بنه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه له فه‌رمووده‌ی سه‌حیح و دروستدا هاتووه كه ئه‌فه‌رموێت: أنه يؤتى يوم القيامة بأنعم أهل الأرض من أهل الدنيا، وهو من أهل النار، فيغمس في النار غمسة واحدة، فيقال له: هل رأيت نعيماً قط؟ هل ذقت نعيماً قط؟ فيقول: لا والله، ما ذقت نعيماً قط والعكس، يؤتى بأشد الناس بؤساً في الدنيا من أهل الجنة، فيغمس في الجنة غمسة واحدة، يقال له: هل رأيت بؤساً قط؟ هل مرَّ بك شدة قط؟ فيقول: لا والله! ما ذقت بؤساً قط. مسلم (٢٨٠٧) عن أنس بن مالك. له ڕۆژی قیامه‌تدا خۆشنوودهترین كه‌سی دنیا ئه‌هێنن، كه له ئه‌هلی ئاگره، یه‌كجار له ئاگری هه‌ڵئه‌كێشن، ئیتر پێی ئه‌وترێ: ئایا هیچ خۆشییه‌كت دیوه له ژیانتدا؟ ئایا هیچ خۆشییه‌كت چه‌شتووه؟ ئه‌ڵێت: نه‌خێر، سوێند بێت به خوا، هیچ خۆشی و لهزهتێكم نه‌بینوه و نه‌مچه‌شتووه؛ وه به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، كڵۆڵترین كه‌سی دنیا ئه‌هێنن كه له ئه‌هلی به‌هه‌شته، یه‌كجار ههڵیئهكێشن له به‌هه‌شت، ئه‌وجا پێی ئه‌وترێ: ئایا هیچ نه‌هامه‌تی وكڵۆڵییهكت له دنیادا بینیوه؟ ئایا هیچ ناڕه‌حه‌تی و تهنگهشهیییهكت به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه؟ ئه‌ڵێت: نه‌خێر، سوێند بێت به خوا، هیچ كڵۆڵی و ناڕه‌حه‌تییه‌كم نه‌دیوه. كه‌واته عیبره‌ت و په‌ندوه‌رگرتن به ده‌ره‌نجامه، ئیتر بۆچی په‌له‌كردن؟ موشریك و هاوه‌ڵگیره‌كان په‌له‌ی هاتنی سزایان ئه‌كرد بۆ ئه‌وه بوو ته‌حه‌ددای پێغه‌مبه‌رانی پێ بكه‌ن -دروودی خوایان له‌سه‌ر بێت-، باوه‌ڕیان به‌و سزایه نه‌بوو كه هه‌ڕه‌شه‌یان پێ لێ كرابوو و پێغه‌مبه‌ره به‌ڕێزه‌كانیش ئهیانترساندن و وریایان ئه‌كردنه‌وه به‌وه كه مۆڵه‌تپێدانیان مانای ئه‌وه نییه كه سزای خوا نایه‌ت و دواكه‌وتنی مانای بێئاگایی نییه لێیان، به‌ڵام خوای گه‌وره (سبحانه وتعالی) مۆڵه‌تی ئه‌دان، خوای گه‌وره مۆڵه‌ت ئه‌دات به سته‌مكار تاكوو كاتێك كه گرتی ئیتر ده‌ربازی نابێت له خوا و پشتوپه‌نای ده‌ست ناكه‌وێ؛ بۆیه خوای (متعال) نموونه‌ی گه‌لانی پێش خۆمانی بۆ هێناوینهوه كه چۆن ئه‌وانه له خۆشگوزه‌رانیدا ژیاون و تۆڵه و سزای خوایان له‌بیركردوه و به‌درۆیان خستۆته‌وه و فه‌رمانه‌كانیان پشتگۆی خستووه. به‌ڵام هیچ ڕۆڵێكی نه‌بووه بۆیان، كاتێك سزا و تۆڵه‌ی په‌روه‌ردگار گرتونییه‌وه، هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیان نه‌بووه له خۆیانی لابه‌رن و دووری بخه‌نه‌وه؛ أَلَمْ تَرَ كَيْفَ فَعَلَ رَبُّكَ بِعَادٍ * إِرَمَ ذَاتِ الْعِمَادِ * الَّتِي لَمْ يُخْلَقْ مِثْلُهَا فِي الْبِلادِ * وَثَمُودَ الَّذِينَ جَابُوا الصَّخْرَ بِالْوَادِ * وَفِرْعَوْنَ ذِي الْأَوْتَادِ * الَّذِينَ طَغَوْا فِي الْبِلادِ * فَأَكْثَرُوا فِيهَا الْفَسَادَ * فَصَبَّ عَلَيْهِمْ رَبُّكَ سَوْطَ عَذَابٍ * إِنَّ رَبَّكَ لَبِالْمِرْصَادِ [الفجر: ٦-١٤]. ئایا نه‌تزانیوه په‌روه‌ردگاری تۆ چی كرد به هۆزی عاد * كه ئه‌ویش هۆزی (ارم) و خاوه‌نی پایه‌ی به‌رز و كۆڵه‌كه و نیرگه‌ی درێژ بوون (گه‌لی عاد له شاری ئیره‌م كه باڵابه‌رز و تێكسمڕاو بوون، خانوبه‌ره و كۆشك و ته‌لاری به‌رزیان دروست ده‌كرد) * له سه‌رده‌می ئه‌واندا له هیچ شار و شوێنێكدا، كۆشك و ته‌لاری وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان دروست نه‌كراوه * ئایا نه‌تزانیوه گه‌لی سه‌موودیش خوا چی لێ كردن، ئه‌وانه‌ی له دۆڵ و شیوه‌كانه‌وه به‌ردیان ده‌تاشی و ده‌یانگواسته‌وه بۆ ناوقه‌دی چیاكان و له‌وێ خانوویان دروست ده‌كرد؟ * هه‌روه‌ها فیرعه‌ونی خاوه‌ن ئه‌هرامه‌كان (چ كۆشك و بینایه‌كی مه‌حكه‌میان وه‌كوو مێخ داده‌كوتی به زه‌ویدا) * ئه‌وانه كه سته‌میان به‌رپا كرد له وڵات‌دا و خه‌ڵكیان ده‌چه‌وسانده‌وه * جا خراپه و تاوان و گوناهی زۆریان ئه‌نجام ده‌دا * ( دوای ماوه‌یه‌كی دیاریكراو) په‌روه‌ردگاری تۆ سزا و خه‌شم و قینی خۆی ڕژاند به‌سه‌ریاندا و ته‌فروتوونای كردن * به‌ڕاستی په‌روه‌ردگاری تۆ هه‌میشه و به‌رده‌وام له چاودێریدایه بۆیان و ئاماده‌یه تۆڵه له سته‌مكاران بسێنێت. كه‌واته ئیتر په‌له‌په‌ل بۆچی؟! ئایا نازانن خوا چی به‌سه‌ر ژیار و شارستانێتیی گه‌لی عاد هێنا؟! كه له شارستانێتییه ژێرخۆڵكهوتووهكانه، كه شتی سه‌رسوڕهێنه‌ری لێ ده‌گێڕنه‌وه؛ وه‌ك أبو الدرداء كاتێك ئه‌چێته دیمه‌شق و ئه‌بینێت وا خه‌ڵكی به‌راورد به‌و ژیانه‌ی كه له مه‌دینه‌دا هه‌بوو له نازونیعمه‌ت و خۆشییه‌كی زۆردان، ئه‌ڵێت: "يا أهل دمشق، ما لي أراكم تبنون ما لا تسكنون، وتجمعون ما لا تأكلون؟! إن الأمم قبلكم قد بنوا فشادوا، وجمعوا فأوعوا، وإنه قد بلغنا عن عاد أنهم بنوا لبنة من ذهب، ولبنة من فضة، فمن منكم يشتري تركة آل عاد بدرهمين؟" ذكره ابن كثير في التفسير (٣٤٢/٣) عن أبي الدرداء. ئه‌ی خه‌ڵكی دیمه‌شق، ئه‌تانبینم شتێك دروست ئه‌كه‌ن كه تێیدا دانانیشن و ئه‌وه‌ی كۆی ئه‌كه‌نه‌وه نایخۆن؟! به‌ڕاستی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی پێش ئێوه بینا و خانووی چاك و پته‌ویان دروست كرد و كۆیان كرده‌وه و سهریهكیان نا؛ وه پێمان گه‌یشتووه كه عاد خانووه‌كانیان هه‌ر خشتێكی زێڕ بووه و خشته‌كه‌ی دیكه‌شی زیو، ده‌ی كێ له ئێوه ئێسته پاشماوه‌ی عاد به دوو درهه‌م ئه‌كڕێت؟! هیچ كه‌سێك، چونكه هیچی نه‌ماوه‌ته‌وه و هه‌مووی له‌ناو چووه و ته‌فروتوونا بووه و پووكاوه‌ته‌وه و خوای گه‌وره نه‌یهێشتووه. شارستانێتیی فیرعه‌ونه‌كان، تاكوو ئێسته له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو شاره‌زایی و وردیكارییهدا كه زانیاریی نوێ به‌كاری هێناوه، نه‌گه‌یشتۆته شاره‌زابوون له زۆرێك له‌و پێشكه‌وتنه‌ی كه ئه‌وان به‌كاریان هێناوه، وه‌ك مۆمیاكردنی مردوو و به‌تاڵكردنه‌وه‌ی هه‌وا؛ تاكوو ئێستا زانیاریی نوێ سه‌رسامه له‌وه‌ی كه چۆن ئه‌وانه توانیویانه بگه‌نه ئه‌و ڕاده پێشكه‌وتووه. ئێسته كه ئه‌وان ڕۆیشتوون و نه‌ماون و تۆڵه‌ی خوا پێچانییهوه، كاتێك ئه‌وانه داوای پێشخستنی سزای خوایان ئه‌كرد و په‌له‌یان بوو له هاتنی! هه‌روه‌ها له هه‌مووكات و شوێنێكدا كافر و بێباوه‌ڕان په‌له‌ی هاتنی سزا و تۆڵه‌ی خوا ده‌كه‌ن و گاڵته‌ی پێ ئه‌كه‌ن و ئه‌ڵێن ئه‌وه بۆ دوا كه‌وت و نه‌هات! جا كاتێك ماوه‌یه‌كی به‌سه‌ردا چوو، دڵیان ڕه‌ق بوو و په‌یمان و هه‌ڕه‌شه‌ی خوای گه‌وره‌یان له‌بیر چۆوه، پاڵ ئه‌ده‌ن به دنیا و خۆشی و له‌زه‌ته‌كانی دنیا، بێ‌ئاگا ئه‌بن له هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه له‌لایه‌ن خواوه بۆیان هاتووه: فَلَمَّا نَسُوا مَا ذُكِّرُوا بِهِ فَتَحْنَا عَلَيْهِمْ أَبْوَابَ كُلِّ شَيْءٍ [الأنعام: ٤٤]. ئینجا كاتێك ئه‌و به‌رنامه و ڕێبازه‌ی كه یادیان خرابۆوه، فه‌رامۆشیان كرد، ئێمه‌ش ده‌روازه‌كانی هه‌موو شتێكیمان بۆ واڵا كردنه‌وه و بۆمان خستنه سه‌رپشت -نازونیعمهتمان به‌سه‌ردا ڕژاندن-، ئیتر خێروخۆشی له هه‌موو لایه‌كه‌وه بۆیان دێت و ئه‌مه واقیعه و ئێسته له به‌رچاوه. ئه‌م ژیاره‌ی ئه‌مڕۆی ڕۆژئاوا زیندووه و له به‌رچاومانه، كاتێك به خه‌ڵكی ئه‌ڵێین: بێ گومان ڕۆژئاوا ئه‌ڕووخێت، ڕۆژئاوا به‌رده‌وام نابێت به‌و شێوه‌یه، چونكه بێفه‌رمانی خوای گه‌وره ئه‌كات و گه‌یشتۆته پۆپه‌ی ملنه‌دان و پشتهه‌ڵكردن و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه سزا و تۆڵه‌ی خوا گه‌وره هه‌موو شارستانێتییه‌كانی پێشووی له‌ناو برده‌وه و ئه‌میش ئه‌گرێته‌وه و ده‌ربازی نابێت و له سوننه‌تی خوا ده‌رناچێت، هه‌ندێك له‌وانه‌ی كه كورتبینن یان بوونه‌ته ڕۆژئاوایی و ته‌نها به چاویلكه‌ی جیهانیی ماددی واقعه‌كه ئه‌بینن، ئه‌ڵێن: ئه‌م شارستانێتییه، هۆكاری مانه‌وه‌ی هه‌تاهه‌تایی له‌خۆ گرتووه و هه‌رگیز ناڕووخێت. به‌ڵێ، ڕاگره‌كانی له‌خۆی گرتووه به‌رده‌وام بێت تاكوو خوای گه‌وره ئه‌یه‌وێت. ئه‌مانه مه‌گه‌ر ئیمان بێنن به خوای په‌روه‌ردگار و واز له كوفر و بێباوه‌ڕی بێنن، ئه‌گینا هه‌ر ڕۆژێك دێته پێشه‌وه كه خوای گه‌وره به هێز و دهسهڵاَتی خۆی ئه‌یانگرێت و لوولیان ئه‌كات، كه هه‌موو شارستانێتتییهك و هه‌موو ئوممه‌ت و نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌م شێوه بووه. ئه‌گه‌ر باوه‌ڕی نه‌هێنابێت و نه‌گه‌ڕابێته‌وه بۆ لای په‌روه‌ردگاره‌كه‌ی، ئه‌وا بێ گومان خوای گه‌وره له‌ناوی بردووه و پاش ماوه‌یه‌ك له‌بیریش چۆته‌وه. كافر و بێباوه‌ڕه‌كان په‌له‌ی هاتنی سزای خوا ئه‌كه‌ن، كه هیچ گومانی تێدا نییه كه ئه‌یانگرێته‌وه و ده‌رباز نانن. وا ئه‌زانن كه ئه‌و سزایه كه خوای گه‌وره بۆی داناون دووره و نایانگاتێ. جا چ سزای دنیایی بێت یان قیامه‌تی كه ئه‌مه‌یان زۆر به‌هێزتر و لهناوبهرتره له سزای دنیا: وَالسَّاعَةُ أَدْهَى وَأَمَرُّ [القمر: ٤٦]. وه قیامه‌ت ڕۆژێكی زۆر سه‌ختتر و تاڵتره. ئه‌وان په‌له ئه‌كه‌ن له هاتنی سزای په‌روه‌ردگار بۆ سه‌ریان، به‌ڵام إِنَّهُمْ يَرَوْنَهُ بَعِيداً * وَنَرَاهُ قَرِيباً [المعارج: ٦-٧]. به‌ڕاستی ئه‌و بێباوهڕانه قیامه‌ت به دوور ئه‌بینن * ئێمه‌ش زۆر به نزیكی ئه‌زانین. جا ئه‌مه حاڵی بێباوهڕانه له‌گه‌ڵ سزا و تۆڵه و هه‌ڕه‌شه‌كانی خوای گه‌وره‌دا بۆیان.