دانراوه له‌لایه‌ن: هه‌ردی كه‌ریم بانگخواز و قورئان ئێمه‌ی كۆمه‌ڵی مسوڵمان باوه‌ڕمان به خوای گه‌وره هێناوه‌و ئه‌زانین په‌روه‌ردگار بۆ خواپه‌رستی دروستیكردووین، شایه‌تومانمان هێناوه‌و تێگه‌یشتووین كه له گه‌یاندنی ئایین به‌رپرسیارین، پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) ئه‌فه‌رموێ:{بلغوا عني وَ لوْ آية} واته: ئه‌وه‌ی من هێناومه بیگه‌یه‌نن ئه‌گه‌ر ئایه‌تێكیش بێت، بۆیه ئێمه‌ی مسوڵمان ئه‌بێ بانگخوازبین و داوا له خوای گه‌وره بكه‌ین له‌سه‌ر ده‌ستمان خه‌ڵكی ڕێنموویی وه‌ربگرن و بۆ یه‌كتاپه‌رستی بگه‌ڕێنه‌وه. بانگه‌وازیش دوو به‌شه یه‌كه‌میان: بانگه‌وازكردنی مسوڵمانانه، به‌وه‌ی به‌رده‌وام ئایینه‌كه‌یان بیربخه‌ینه‌وه‌و گه‌وره‌یی په‌رستشه‌كانی ئیسلامیان تێ بگه‌یه‌نین، چونكه هه‌ركات ئایه‌تێك یان فه‌رمووده‌یه‌ك یان به‌سه‌رهاتی ژیانی هاوه‌ڵێكی پێغه‌مبه‌ر بزانین خۆشه‌ویستیمان بۆیان زیاد ئه‌كات و ئیمانمان به‌هێزتر ئه‌بێت. دووه‌میشیان: بانگه‌وازكردنی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه هێشتا خوا‌و پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) ناناسن و ئیسلامیان پێ بناسێنین، متمانه‌ی ته‌واویشمان هه‌یه هه‌ركات ئه‌و خه‌ڵكه خوای گه‌وره‌و پێغه‌مبه‌ریان ناسى ئیمان ئه‌هێنن و دوژمنایه‌تییان ناكه‌ن. به‌ڵام كه‌ی خه‌ڵكی پێشوازی له بانگه‌واز ئه‌كه‌ن؟ بێگومان ئه‌و كاته كه ئێمه‌ی مسوڵمان خواپه‌رستی ڕاسته‌قینه بین! جا ئایا په‌یوه‌ندی ئێمه له‌گه‌ڵ په‌روه‌ردگار به‌و شێوازه‌یه كه قورئان و سوننه‌ت بۆیان دیاری كردووین؟ ئایا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ قورئانی پیرۆز چۆن ئه‌كه‌ین؟ قورئانی پیرۆز ئه‌و په‌ڕتوكه‌ی كه كۆتا به‌ڵگه‌نامه‌ی ئاسمانیی ڕاست و نه‌شێوێنراوه! ئایا به‌و مانا گه‌وره‌یه به‌رجه‌سته‌یه له ژیانماندا؟ یان هه‌ر وه‌ك كتێبێكی عادی كه له هه‌موو شوێنێكدا ماڵ یان مزگه‌وت ئه‌یبنین و به‌و جۆره مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌كه‌ین؟ ئایا په‌یوه‌ندی مسوڵمانان چۆنه له‌گه‌ڵ قورئان؟ به داخه‌وه زۆرێكمان ته‌نها له مانگی ڕه‌مه‌زاندا په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ قورئان هه‌یه! دواتر وازی لێئه‌هێنین و ده‌ستی لێهه‌ڵئه‌گرین. فه‌رامۆشكردنی قورئان كارێكی هه‌روا ساده نییه ئه‌وه‌تا پێغه‌مبه‌ری خوا(صلی الله علیه‌و سلم) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه چه‌ندێك مه‌ینه‌تی مسوڵمانی به‌لاوه گرانه وه‌ك خوای گه‌وره له وه‌سفیدا ئه‌فه‌رموێ: لقدْ جاءكمْ رسولٌ منْ أنفسكمْ عزيزٌ عليهِ ما عنتمْ حريصٌ عليكمْ بالمؤمنينَ رؤوفٌ رحيمٌ {التوبة:١٢٨} واته: پێغه‌مبه‌رێكتان له خۆتان بۆ هاتووه، ده‌رده‌سه‌ری و ناڕه‌حه‌تییه‌كانتانی به‌لاوه قورس و گه‌وره‌یه‌و به‌ته‌نگتانه‌وه‌یه‌و بۆ باوه‌ڕداران نه‌رمونیان و میهره‌بانه. به‌ڵام پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) كه به سۆز‌و میهره‌بانی له قورئاندا وه‌سف كراوه له ڕۆژیی دوایدا له‌لاى خوای گه‌وره سكاڵا له‌و مسوڵمانانه ئه‌كات كه به دڵ و زمان قورئان فه‌رامۆش ئه‌كه‌ن و وازى لێ ئه‌هێنن، ئه‌فه‌رموێ: وَ قالَ الرسولُ يا ربِ انَ قومي اتخذوا هذا القرآنَ مهجوراً {الفرقان:٣٠} واته: پێغه‌مبه‌ر له ڕۆژیی دوایدا ئه‌فه‌رموێ ئه‌ی په‌روه‌ردگارم میلله‌ته‌كه‌م ئه‌م قورئانه‌یان وازلێهێناو ده‌ستیان لێهه‌ڵگرت. له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی ڕۆژانه قورئان نه‌خوێنێته‌وه... ئه‌وه‌ی بیر‌و ته‌گبیر له قورئاندا نه‌كات... ئه‌وه‌ی كار به قورئان نه‌كات... ئه‌وه‌ی به قورئان دڵ و ده‌روون و ژیانی چاك نه‌بێته‌وه... ئه‌وه قورئانی فه‌رامۆش كردووه. خوای گه‌وره ئه‌فه‌رموێ:يآيها الناسُ قدْ جآءتكمْ موعظةٌ منْ ربكمْ و شفآءٌ لما في الصدورِ وَ هدىً وَ رحمةٌ للمؤمنينَ، قلْ بفضلِ اللهِ وَ برحمتهِ فبذلكَ فليفرحوا هوَ خيرٌ مما يجمعونَ {یونس:٥٧ ـ٥٨} واته: ئه‌ی خه‌ڵكینه قورئانێكتان له په‌روه‌ردگارتانه‌وه بۆ هاتووه، ئامۆژگاری و شیفای دڵ و ده‌روون و ڕێنموویی و به‌زه‌ییه بۆ باوه‌ڕداران، كه‌واته با باوه‌ڕداران به‌و قورئانه دڵیان خۆش بێت، ئه‌و قورئانه چاكتره له وه‌ی له دنیادا كۆی ئه‌كه‌نه‌وه. ئه‌م مانایانه‌ی قورئان كه له‌م ئایه‌ته‌دا باسكراون هه‌مووی هه‌ق و ڕاستین... به‌ڵێ هه‌قیقه‌تن بۆ كه‌سێك هه‌ستی به‌و مانایانه كردبێ و لێیان تێگه‌یشتبێ، چونكه خۆشی و نه‌عیمی دونیا ته‌واو ئه‌بێ و له دوو حاڵه‌ت به‌ده‌ر نییه یان مرۆڤه‌كان ئه‌مرن و به‌جێیان ئه‌هێڵن... یان خۆشییه‌كانی ژیان هه‌ر له دنیادا له ده‌ستیان ده‌رئه‌چن و ئه‌وان مرۆڤه‌كان به‌جێ ئه‌هێڵن. پێویسته له ماناكان تێبگه‌ین پێویسته ئێمه له ماناكانی قورئان و فه‌رمووده تێبگه‌ین و به قوڵی بیریان لێ بكه‌ینه‌وه تا له ژیانماندا ببنه كردار‌و به‌رجه‌سته ببن، بۆ نموونه له عه‌بدوڵاى كوڕی مه‌سعووده‌وه خوا لێی ڕازی بێت، پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) فه‌رموویه‌تی:(منْ قرأَ حرفاً منْ كتابِ اللهِ فلهُ بهِ حسنةٌ، وَالحسنةُ بعشرِ أمثالها لا أقولُ الــم حرفٌ ولكنْ الفٌ حرفٌ وَلامٌ حرفٌ وَ ميمٌ حرفٌ) {رواه الترمذي وقال حسن صحيح}. واته: ئه‌وه‌ی پیتێك له قورئان بخوێنێته‌وه به‌وه خێرێكی بۆ ئه‌نووسرێ، خێریش لای په‌روه‌ردگار به ده ئه‌وه‌نده‌ی خۆی ئه‌نووسرێ، من ناڵێم الـــم پیتێكه به‌ڵكوو ئه‌لیف پیتێكه‌و لام پیتێكه‌و میمیش پیتێكه. ئایا ئێمه‌ی مسوڵمان هه‌ست ئه‌كه‌ین كاتێك قورئان ئه‌خوێنین هه‌موو پیتێكى ده خێرمان بۆ ئه‌نووسرێ و هه‌تا به نییه‌تێكی پاكیشه‌وه بیخوێنین خوای گه‌وره ئه‌و ده خێره‌ش چه‌ندین جار زیاد ئه‌كات هه‌تا ئه‌گاته ٧٠٠ جار یان زیاتر. كاتێك ئه‌م فه‌رمووده‌یه به ماناوه ئه‌خوێنینه‌وه ئه‌وسا تێئه‌گه‌ین بۆچی خوای گه‌وره له ئایه‌ته‌كه‌ی سووره‌تی یونسدا فه‌رمووی: قل بفضل الله و برحمتهِ فبذلكَ فليفرحوا هوَ خيرٌ مما يجمعونَ واته ئه‌و كات ئه‌زانین بۆچی خوای گه‌وره قورئانی به ڕه‌حمه‌ت ناو بردووه. ئه‌وه‌ش ئه‌بێ بزانین ڕه‌حمه‌ت و سه‌ركه‌وتنی هه‌قیقی له ئیمان هێنان به قورئان و شوێن كه‌وتنی پێغه‌مبه‌ردایه، خوای گه‌وره ئه‌فه‌رموێ:وَرحمتي وَسعتْ كلَ شيئٍ فسأكتبها للذينَ يتقونَ وَ يؤتونَ الزكاةَ وَ الذينَ همْ بأياتنا يؤمنون {الاعراف:١٥٦} واته: میهره‌بانی من به‌رینه‌و هه‌موو شتێكی گرتۆته‌وه، ئه‌ینووسم بۆ ئه‌وانه‌ی خۆیان له تاوان ئه‌پارێزن و زه‌كات ئه‌ده‌ن و ئه‌وانه‌ی ئیمان به ئایه‌ته‌كانمان ئه‌هێنن. به‌و ڕێگایه ئێمه ئه‌بێ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئایه‌ت و فه‌رمووده‌كان بكه‌ین، واته ئه‌گه‌ر مسوڵمان به‌و شێوه‌یه به قوڵی و به فه‌همی ته‌واوه له ئایه‌ت و فه‌رمووده‌كه‌ی سه‌ره‌وه تێبگات ئه‌وه هه‌رگیز قورئانی پیرۆز فه‌رامۆش ناكات، ئه‌گه‌ر مسوڵمانێك ئه‌و فه‌رموده‌یه‌ی پێغه‌مبه‌ری(صلی الله علیه‌و سلم) به‌سه‌نه‌دو مه‌تنه‌وه له‌به‌ر بێت به‌ڵام له ماناكه‌ی بێ ئاگابێت له‌وانه‌یه قورئان ببینێ به‌ڵام نه‌یخوێنێته‌وه چونكه ماناكه‌ی له‌لا حازر نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له مانای فه‌رمووده‌كه بێئاگانه‌بێ ئه‌وه هه‌موو ژیانی بۆ قورئان ته‌رخان ئه‌كات چونكه هۆشیاره‌و ئه‌زانێ له ساته سه‌خته‌كانی ڕۆژی دواییدا چه‌ندێك پێویستی به میهره‌بانی خوای گه‌وره ئه‌بێ. به‌و شێوه‌یه ئه‌و كه‌سه‌ی ئایه‌تێك یان فه‌رمووده‌یه‌كی به‌رچاو ئه‌كه‌وێ و به په‌له ئه‌یخوێنێته‌وه‌و ڕا‌وه‌ستانێك ناكات و بیری لێ ناكاته‌وه، وه‌كو ئه‌وه وایه په‌له‌ی بێت بۆ كارێكی تر یان وته‌یه‌كی گرنگتر، زۆر جار ئێمه به‌هۆی ڕه‌ق و ته‌قی دڵمانه‌وه كاتێك خۆمان یان ئه‌وانه ئه‌بینین كه قورئان ناخوێننه‌وه یان نوێژ ناكه‌ن یان... هتد، وائه‌زانین كه كارێكی ئاساییه‌و هیچ كارێكی خراپ ناكه‌ن. بانگخواز با چیتر كات به‌فیڕۆنه‌دات ١ـ بانگخواز با هه‌ر له ئێستاوه نییه‌ت بهێنێت قورئان له‌به‌ر بكات و به‌رده‌وام بێت تا ته‌واوی ئه‌كات، ئه‌و كاته پاش چه‌ند ساڵێكی تر خۆی له ئاستێكی زۆر به‌رزدا ئه‌بینێته‌وه‌و ئه‌توانێ له چاكترین شێوه‌یدا بانگه‌واز بكات، با بانگخواز ڕۆژانه حیزبێك یان جوزئێك له قورئان بخوێنێته‌وه‌و هه‌رگیز له هه‌ر بارودۆخێكدا بووه ته‌ركی نه‌كات، ئه‌وسا پاش دوو مانگ هه‌ست به خۆی ئه‌كات چۆن په‌ره ئه‌سێنێ و پێش ئه‌كه‌وێ و گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. ٢ ـ بانگخواز با بره‌و به زانیاری شه‌رعی بدات، زانیاری دینی و زانیارییه گشتییه‌كان، چونكه زانیاری شه‌رعی هه‌ردوو جۆره زانیارییه‌كه ئه‌گرێته‌وه‌و هه‌مووی پێویسته‌و ئێمه فه‌رمانمان به ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زه‌وی پێكراوه. ٣ ـ بانگخواز با له مانا ئیسلامییه‌كان تێبگات و له ژیانیدا ڕه‌نگ بداته‌وه، له وه‌سفی هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ردا وتراوه:"كان بواطنهم خير من ظواهرهم و ظواهرهم كان خير، و كان سرائرهم خير من علانيتهم و علانيتهم كان خير". واته: هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر ناوه‌وه‌یان چاكتر بوو له ده‌ره‌وه‌یان ده‌ره‌وه‌شیان هه‌ر چاك بوو، هه‌روه‌ها ڕاز‌و نهێنییه‌كانیان چاكتر بوو له ئاشكراییان ئاشكرایشیان هه‌ر چاك بوو. به‌و شێوه‌یه توانییان ڕه‌وشت ومانا مرۆییه‌كان بۆ هه‌موو جیهان ڕه‌وانه بكه‌ن، كه ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له ئه‌ركه‌كانی ئه‌مڕۆی بانگخوازی ئیسلامی تا به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ئه‌گه‌ر كه‌سیش له‌سه‌ر ده‌ستمان نه‌هاته ئیسلامه‌وه با نه‌بینه هۆی ساردكرنه‌وه‌ی خه‌ڵكی له ئیسلام وه‌ك خوای گه‌وره ئه‌فه‌رموێ: ربنا لا تجعلنا فتنة للذين كفروا... {الممتحنة:٥}. واته: په‌روه‌ردگارمان نه‌مان كه‌یته مایه‌ی ساردبوونه‌وه‌ی كافران له ئیسلام. مانای ته‌مه‌ن ته‌مه‌ن به خێرایی تێئه‌په‌ڕێ و چاوه‌ڕێی كه‌س ناكات، ته‌مه‌نیش ژماره‌ی ئه‌و ساڵانه نییه كه له ژیاندا ئه‌یبه‌ینه سه‌ر، به‌ڵكوو ئه‌و كارانه‌یه كه تێدایدا ئه‌نجام ئه‌ده‌ین، (سیبویه) ئه‌و زانا به‌ناوبانگه‌ی گه‌وره‌ترین خزمه‌تی به زمانی قورئان كرد، عه‌ره‌ب نه‌بوو به‌ڵكوو ناوه‌كه‌شی فارسییه‌و به مانای بۆنی سێ‌و دێت، به ساوایی ئه‌و ناوه‌یان لێنا هه‌تا له گه‌وره‌یدا ببێته زانا‌و وه‌ك سێ‌و بۆنی خۆش بێت، به‌ڵێ بووه زانا‌و خزمه‌تێكی بێ وێنه‌ی كرد، به‌ڵام ته‌مه‌نی نه‌گه‌یشته ٤٠ ساڵ و وه‌فاتی كرد، فاطمة الزهرا‌ء كچی پێغه‌مبه‌رى خوا(صلی الله علیه‌و سلم) ته‌مه‌نی نه‌گه‌یشته ٤٠ ساڵ، عامر بن فهیرة هاوه‌ڵی پێغه‌مبه‌رو ئه‌بوبه‌كر له ڕۆژی هیجره‌تدا پێش ٤٠ ساڵی وه‌فاتی كرد... هتد، موحه‌ممه‌د فاتح له ته‌مه‌نی ١٨ ساڵیدا قوسته‌نتینییه‌ی فه‌تح كرد. له كۆتایدا ژیانی دنیا تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌خته‌و هیچ مسوڵمانێك له دوای مردنی حه‌ز به گه‌ڕانه‌وه بۆ دنیا ناكات، ته‌نها یه‌ك كۆمه‌ڵ نه‌بێت ئه‌وانیش شه‌هیدانن! ته‌نها شه‌هید ئاره‌زووی گه‌ڕانه‌وه بۆ دنیا ئه‌كات تا جیهاد بكات و جارێكی تر له پێناوی خوادا بكوژرێته‌وه! بۆچی؟ چونكه ئه‌و له دنیادا خاوه‌نی فه‌رهه‌نگی شه‌هاده‌ت بووه و له مانای شه‌هیدی تێگه‌یشتبوو، له‌و دنیاش به چاوی یه‌قین پاداشتی خوای گه‌وره ئه‌بینێ، واته به هه‌قیقه‌ت هه‌ست به مانا‌و له‌زه‌تی خۆشی شه‌هیدی ئه‌كات، بۆیه ئاره‌زووی شه‌هیدبوون ئه‌كاته‌وه، خوای گه‌وره به‌نسیبمانی بكات... ئامین.