دانراوه له‌لایه‌ن: باوكی سه‌لاحه‌ددین هه‌ڵوێستێكی كه‌موێنه ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی میوانی باسه‌که‌مانه یه‌کێکه له‌و جۆره هه‌ڵوێستانه‌ی پێویست به هیچ پیاهه‌ڵدانێک ناکات؛ چونکه هه‌ر وه‌سف و پیاهه‌ڵدانێک له باره‌یه‌وه له‌چوارچێوه‌ی وشه و رسته کاندا ده‌مێنێته‌وه، له کاتێکدا هه‌ڵوێسته‌که قۆناغی وته‌ی تێپه‌ڕاندووه‌و بووه به بونیادێکی زیندوو به‌ده‌ر له قاڵبی پیته‌کان و داڕشتنیان. له‌به‌ر ئه‌وه له‌جیاتی پیاهه‌ڵدان به هه‌ڵوێسته‌که‌دا به‌راوردکارییه‌ک له ئاوێنه‌ی رۆژگاری ئه‌مڕۆمانه‌وه ده‌خه‌ینه ڕوو که خوێنه‌ر دوای شادبوونی به‌دیداری هه‌ڵوێسته‌که ئه‌وکات زیاتر له‌گه‌ڵ مه‌به‌سته‌کانی به‌راوورده‌که ئاشناده‌بێت. شتێکی به‌ڵگه نه‌ویسته هه‌ڵوێستی زیندوو له که‌سانی خاوه‌ن بیر‌و دڵی زیندوو ده‌وه‌شێته‌وه، له‌به‌رامبه‌ریشدا زۆرێکن ئه‌و که‌سانه‌ی به لاشه زیندوون به‌ڵام به‌دڵ و ده‌روون و بیر‌و هۆش له ڕیزی گۆڕنشینانن؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به ئه‌ندازه‌ی ڕووبه‌ری سێبه‌ری لاشه‌کانیان سوودیان بۆ خودی خۆشیان نیه. بگره هه‌ندێ جار خه‌ڵکی ئاواته خوازن هه‌ندێک له‌م که‌سه به جه‌سته زیندووی دڵ مردووانه مه‌رگ ئێخه‌یان پێ بگرێت و چی تر له ژیاندا نه‌مێنن؛ چونکه کاریگه‌ری خراپی گفتار و ره‌فتاریان نه‌ک هه‌ر خۆیانی داگرتووه به‌ڵکو شه‌پۆله‌کانی ئه‌و کاریگه‌ره خراپه که‌سانی تریشی گرتۆته‌وه، بێگومان ئه‌مه‌ش به رادده‌و ئاستی جیاواز، ئیتر که‌سانێک که‌م تا زۆر له سایه‌یاندا لاڕێ بوون و به‌ره‌و هه‌ڵدێر چوون یان هه‌ر هیچ نه‌بێت به لای که‌مه‌وه به‌رچاو تاریک و لێڵ بوون و راستییه‌کان وه‌کو خۆی نابینن. کار له‌م ئه‌ندازه‌یه‌دا نه‌وه‌ستاوه‌و له جیاتی به‌خۆداچوونه‌وه‌و پاشگه‌ز بوونه‌وه له هه‌موو چه‌وتی و لارییه‌ک وپه‌شیمانی ده‌ربڕین له ئاستی ناڕێکییه‌کان بگره ئاماده نین دان به‌وه‌دا بنێن که له بنه‌ڕه‌ته‌وه به‌هه‌ڵه‌دا چووبن و به جۆرێک مامه‌ڵه ده‌که‌ن که نه‌با بوو بێت و نه باران. جا ئه‌گه‌ر ئه‌مه حاڵی که‌سانی ناو بازنه ئیسلامییه‌که بێت. ئه‌وا ئیتر له حاڵی بازنه نا ئیسلامییه‌که هه‌ر مه‌پرسه که‌هه‌ندێکیان هه‌ر ڕۆژه‌ی له‌سه‌ر په‌تێک یاری ده‌که‌ن و له كوێوه با بێت ئه‌وان شه‌نی خۆیان ده‌که‌ن. دوای ئه‌م دیمه‌نه له ئاوێنه‌ی ئه‌مڕۆمانه‌وه، ڕوو ده‌که‌ینه ئاوێنه‌ی مێژووی پرشنگداری هه‌ڵوێسته که‌م وێنه‌که‌مان: هه‌ڵوێسته‌که: هه‌ڵوێسته که دڵۆپێکه له ڕووباڕی روون و به خوڕی ژیانی که‌ڵه زانای ئوممه‌تی ئیسلام که به‌ته‌نها نازناوه‌که‌ی ناسنامه‌ی که‌سایه‌تی خاوه‌نه‌که‌یه‌تی ئه‌ویش: (سوڵتانی زانایان عیززی کوڕی عه‌بدولسه‌لام) ه، ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت. له‌و رۆژگاره‌ی سوڵتانی زانایان له دیمه‌شق ژیانی به‌سه‌ر ده‌برد، رۆژێک پیاوێک هات بۆ لای و ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له‌یه‌ک پرسیاری لێ کرد، ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه. کابراش دوای بیستنی فه‌توا‌که له سوڵتانی زانایان هه‌ستاو رۆیشت. شایانی وتنه سوڵتانی زانایان پیاوه‌که‌ی نه‌ده‌ناسی. ئه‌وه بوو دوای رۆیشتنی کابرا زانای پایه به‌رزمان تێڕامانێکی تر له پرسیاره‌که‌ی کابرا ده‌کات و بۆی ده‌رده‌که‌وێت وه‌ڵا‌مه‌که‌ی هه‌ڵه بووه و راستی مه‌سه‌له‌که به‌م جۆره‌ی تریانه که دوای ڕۆیشتنی کابرا بۆی ده‌رکه‌وتووه. ئه‌ی چی بکات؟! ئه‌ملا کابرا.... ئه‌ولا کابرا .... کابرا دیار نابێت .. وه‌کو ئاماژه‌شمان پێدا کابراشی نه‌ناسیووه. ئه‌ی چۆن خۆی و کابرا له ئاکامی فه‌توایه‌کی هه‌ڵه رزگار بکات؟!! ئه‌وه‌بوو که‌سێکی راسپارد بچێت به‌شه‌قامه‌کانی دیمه‌شقدا بگه‌ڕێت وجاڕبدات: خه‌ڵکینه!! .. خه‌ڵکینه!! هه‌رکه‌س دوێنێ سه‌باره‌ت به فڵان مه‌سه‌له عیززی کوڕی عه‌بدولسه‌لام فه‌توای بۆ داوه، ئه‌وا بابزانێت وه‌ڵا‌مه‌که‌ی هه‌ڵه بووه‌و بابێته‌وه بۆ لای تاوه‌کو وه‌ڵا‌مه راسته‌که ببیستێت!! ئه‌مه هه‌ڵوێستی سوڵتانی زانایان بوو: به‌رامبه‌ر به فه‌توایه‌ک که بۆ ته‌نها که‌سێک داویه‌تی وپاشان به‌و جۆره هه‌ڵه‌ی خۆی ئاشکرا کرد به جاڕدان به ناو هه‌موو خه‌ڵکدا. ئه‌م هه‌ڵوێسته له کوێ و هه‌ڵوێستی زانایانی سوڵتان له کوێ؟ که به بۆنه‌و به بێ بۆنه له دیوه‌خانی تاغوته‌کانی سه‌رده‌مدا و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان فه‌تواکانیان ده هۆننه‌وه. به‌م کاره‌شیان سه‌رتاپای ئوممه‌تی ئیسلامی‌یان گیرۆده کردووه. یان هه‌ڵوێستی ئه‌و فه‌تواده‌رانه له کوێ؟ که پێشتر له‌به‌ر هه‌ر هۆکارێک بێت ڕای خۆیان یه‌کلا کردووه‌ته‌وه، پاشان ده‌چن به‌دوای به‌ڵگه‌دا ده‌گه‌ڕێن بۆ سه‌لماندنی بۆچوونه‌که‌یان و بگره ملی به‌ڵگه‌کان به‌زۆر باده‌ده‌ن بۆ سه‌پاندنی رای خۆیان . یان ئه‌وانه‌ی فه‌توای سه‌ر پێیی ده‌ده‌ن که ده‌کرێت ناوی لێ بنێین(فتاوی وانت ماشی) که به‌راست و چه‌پدا حه‌ڵاڵ و حه‌رام ده‌به‌خشنه‌وه؟ له سه‌روو هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه ترسناکی ئه‌و فه‌توایانه‌ی له که‌ناڵه ئاسمانییه‌کانه‌وه به‌بێ جڵه‌و گرێکی شه‌رعی ڕه‌سه‌ن ئاڕاسته‌ی ژماره‌یه‌کی بێ ئه‌نداز ده‌کرێت. له‌کۆتاییدا هه‌زاران ره‌حمه‌ت له سوڵتانی زانایان.