باوکی موحه‌ممه‌د لێره‌دا مه‌سه‌له‌یه‌كی تر هه‌یه: وَلَمَّا يَأْتِهِمْ تَأْوِيلُهُ [ يونس:39 ] وه ئه‌مه‌ش په‌یوه‌نده به‌وانه‌ی كه ئه‌ڵێن: ئه‌وه‌ی نه‌یبینین باوه‌ڕی پێ ناكه‌ین، یا ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ نه‌كه‌ین، یان له به‌رچاومانا نه‌بێ باوه‌ڕمان پێی نیه‌و نایسه‌لمێنین، جا كاتێ هات و ڕویدا و بینیان ئه‌و كات باوه‌ڕ دێنن، به‌ڵام ئه‌م كاره به‌و شێوه‌یه نیه كه ئه‌وان تێی گه‌یشتوون؛ چونكه فیرعه‌ون كاتێك كه نوقم بوو ئیتر زانی هیچ ده‌رفه‌تێكی تری نه‌ماوه ئه‌وكات باوه‌ڕی هێنا، هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سه‌ی كه گیان ئه‌دات و له حاڵه‌تی گیانه‌ڵادایه كاتێك فریشته‌كان دێنه سه‌ری و ئه‌یانبینێت له‌وێدا باوه‌ڕ دێنێت، به‌ڵام ئایا له‌و ساته‌دا باوه‌ڕ هێنان هیچ سوودێكی هه‌یه بۆی و ئه‌بێته هۆی ڕزگار بونی؟ بێ گومان نه‌خێر. كه‌ی جیهانی غه‌یب و په‌نهان ئه‌گۆڕێت به جیهانی بینین و موشاهه‌ده له به‌زه‌یی و ڕه‌حمه‌تی خوا به به‌نده‌كانی ئه‌وه‌یه كه ته‌وبه‌و په‌شیمانیان لێ وه‌رئه‌گرێت تاكو نه‌كه‌وتبێتنه گیانه‌ڵاوه، ماده‌م مرۆڤ له جیهانی غه‌یب و په‌نهادایه-با له سه‌ر جیگه‌ی مردنیش بێت-ئه‌وه خوا-سبحانه‌وتعالی- باوه‌ڕ هێنانی لێ وه‌رده‌گرێ، ته‌وبه‌و په‌شیمان بونه‌وه‌ی لێ وه‌رده‌گرێ، ئه‌مه‌ش له فراوانی و بێ سنووری به‌زه‌یی خوای گه‌وره‌یه، وه له فراوانی به‌خشنده‌یی و كه‌ره‌می ئه‌و زاته‌یه كه تا كۆتایین كاتی ژیانیان مۆڵه‌تی به‌نده‌كانی ده‌دات تاكو ته‌وبه بكه‌ن و له كوفر یان تاوان و گوناه په‌شیمان ببنه‌وه؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر مردن یه‌خه‌ی پێ گرت و هه‌قی به چاوی خۆی بینی و كه‌وته سه‌رمه‌رگ و گیانه‌ڵاو ئه‌و كاته وتی: ئه‌وه من ئێسته باوه‌ڕم هێنا، ئا لێره‌دا ئیتر به هیچ شێوه‌یه‌ك ته‌وبه‌ی بۆ نیه‌و ئه‌و كه‌سه‌و زیان لێكه‌وتوی دنیا‌و دواڕۆژه، چونكه له‌م كاته‌دا ئیتر باوه‌ڕ بوون به جیهانی نادیار و غه‌یب نامێنێت و هه‌موو شتێك له جیهانی غه‌یب دێته پێش چاوی ئه‌یبینێ، به چاوه‌كانی خۆی فریشته‌كان له پێش ده‌میدا ئه‌بینێت و هه‌موی ئه‌بێته جیهانی موشه‌هاده، په‌رده‌ی غه‌یب و په‌نهان ئیتر لاده‌درێت و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌وه‌و پێش غه‌یب و نادیار بوون ده‌یانبینێت و هه‌ستیان پێ ده‌كات، ئیتر هه‌موو كه‌س له‌وێدا به ناچاری ئیمان دێنێ و چاره‌و ده‌رچه‌یه‌كی نیه، كه‌واته: جیاوازی ئه‌و چیه له گه‌ڵ ئه‌و بێ باوه‌ڕانه‌ی كه به مه‌رجیان ده‌گرت ده‌بێ خوا ببینن ئه‌وجا باوه‌ڕی پێ دێنن، یان فریشته‌كان ببینن؟ ئه‌میش وا فریشته‌كانی بینی ئه‌و كات ئیمان دێنێت و ده‌ست له بێ باوه‌ڕی هه‌ڵده‌گرێ! به‌ڵام ئیتر ئه‌و كاته فرسه‌ت له ده‌ست چووه‌و كاره‌كان كۆتاییان هاتووه. كه‌واته ئیتر ئه‌و كاته جیهانی غه‌یب و په‌نهان نامێنێت، ته‌وبه‌ش نامێنێت و هه‌ڵئه‌گیرێت، هه‌روه‌ها مرۆڤایه‌تی هه‌مووی به گشتی ئه‌وه حاڵیه‌تی و ڕۆژێك دێت به سه‌ریدا كه ته‌وبه‌و په‌شیمانی لێ وه‌رناگیرێت، چونكه جیهانی غه‌یب ئیتر نامێنێت و گشتی ئه‌بێته جیهانی موشاهه‌ده: يَوْمَ يَأْتِي بَعْضُ آيَاتِ رَبِّكَ لا يَنْفَعُ نَفْساً إِيمَانُهَا لَمْ تَكُنْ آمَنَتْ مِنْ قَبْلُ أَوْ كَسَبَتْ فِي إِيمَانِهَا خَيْراً [ الأنعام:158 ] { له ڕۆژی هاتنی هه‌ندێ له نیشانه‌كانی په‌روه‌ردگارت (وه‌كو هه‌ڵهاتنی ڕۆژ له خۆرئاوا...)، ئه‌و كه‌سه ئه‌و ڕۆژه ئیمان و باوه‌ڕ دێنێت، ئه‌و ئیمان و باوه‌ڕه‌ی سوودی بۆی نابێت ئه‌گه‌ر پێشتر ئیمانی نه‌هێنابێ، یان كرده‌وه‌ی چاكی هاوڕێ له گه‌ڵ ئیمانه‌كه‌ی ئه‌نجام نه‌دابێت } مرۆڤ له حاڵه‌تی خۆیی و ته‌نیایدا ئه‌گه‌ر فریشته‌ی ئه‌شكه‌نجه‌و سزا هاته لای و كه‌وته گیانه‌ڵاوه ئه‌وه ئتر ته‌وبه نیه‌و باوه‌ڕ هێنان دادی نادات له‌وێدا، هه‌روه‌ها جیهان به گشتیش كاتێك كه‌وته گیانه‌ڵاوه به‌وه‌ی كه كۆتایی پێ هات و نیشانه گه‌وره‌كانی ڕۆژی دوایی ده‌ركه‌وتن، خوای گه‌وره فه‌رمانی دا به ته‌واوبونی ئه‌م جیهانه، ئه‌و نیشانانه هاتن كه خوا كردونیه سنوری جیاكردنه‌وه له نێوان دنیا‌و دواڕۆژدا، كه ئه‌وانه پێشه‌كین بۆ ڕۆژی ترس و بیمی هه‌ره گه‌وره(الفزع الاكبر) له‌وێشدا ئیتر باوه‌ڕ به غه‌یب و په‌نهان نامێنێت؛ به‌ڵكو ئیتر باوه‌ڕ بوون ئه‌بێت به شتێكی هه‌ست پێكراوو له به‌رچاو، هه‌مو كه‌سكێك باوه‌ڕ دێنێت چونكه به چاوه‌كانی خۆی ئه‌یبینێت. فه‌رموده‌ی سه‌حیح له ته‌فسیر و لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م ئایه‌ته بریتیه له ده‌ركه‌وتنی خۆر له ڕۆژئاوایه‌وه واته: ئه‌گه‌ر خۆر له ڕۆژئاوایه‌وه ده‌ركه‌وت ئه‌و كاته باوه‌ڕهێنانی هیچ كه‌سێك سوودی نیه بۆی ئه‌گه‌ر له‌وه‌و پێش باوه‌ڕی نه‌هێنابێ یان چاكه‌یه‌كی بۆ خۆی به ده‌ست نه‌هێنابێ، له به‌ر ئه‌وه‌ی كه پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) هه‌واڵی داوه كه دێت و ڕوو ده‌دات، وه سه‌مه‌ره‌ترینی شێتكه كه مرۆڤه‌كان ئه‌یبینن، وه له دورترینی كارێكه كه به ته‌مابن و باوه‌ڕیان هه‌بێت كه شتی وا ڕوو بدات، به‌ڵام كاتێك ڕوو ئه‌دات و به چاوی خۆیان ئه‌یبینن ئه‌ڵێن: ئه‌مه ئه‌وه‌یه كه پێغه‌مبه‌ر محمد(صلى الله عليه وسلم) هه‌واڵی پێ دابوو، ئێسته ئیتر باوه‌ڕی پێ دێنین! به‌ڵام له پاش چی! دوای ئه‌وه‌ی خۆر له ڕۆژئاوایه‌وه هه‌ڵهات و ده‌ركه‌وت ئه‌وجا باوه‌ڕ دێنن؟!! كه‌ی ته‌وبه‌و په‌شیمانی ئه‌پچڕێت؟ ئیتر ئه‌و كاته هیچ باوه‌ڕێك وه‌رناگیرێت، وه‌رناگیرێت یه‌كێك دوای هه‌ڵهاتنی خۆر له ڕۆژئاوایه‌وه بێت و بڵێت: من ئێسته ته‌وبه ئه‌كه‌م! وه هیچ مۆڵه‌تێكیش نامێنێته‌وه بۆ سه‌رپێچی كردن، ئیتر به‌و كه‌سه ئه‌وترێت: هیچ ده‌روونێك باوه‌ڕی لێ وه‌رناگیرێت ئه‌گه‌ر له‌وه‌و پێش باوه‌ڕی نه‌هێنابێ، یان هیچ شتێكی خێر‌و چاكه‌ی له باوه‌ڕه‌كه‌ی به ده‌ست نه‌هێنابێ، كه ئه‌مه حاڵه‌تی دووه‌مه. كه‌واته له سه‌ر مرۆڤ پێویسته كه له‌و ته‌مه‌نه سنوردار‌و كه‌مه‌یدا باوه‌ڕی به غه‌یب هه‌بێت و ملهوڕٍی و مله جۆرێ نه‌كات، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و ساتانه بێت به سه‌ریدا كه ئیتر هیچ په‌نایه‌كی نامێنێت و ته‌وبه‌شی لێ وه‌رناگیرێت، هه‌روه‌ها له سه‌ر مرۆڤایه‌تی به گشتی پێویسته كه باوه‌ڕ به خوای تاك و ته‌نها بێنن، وه باوه‌ڕ به غه‌یب و په‌نهان بێنن پێش ئه‌وه‌ی كه خۆر ل خۆرئاوایه‌وه هه‌ڵبێت، ته‌وبه بكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه بۆ لای په‌روه‌ردگاریان و ڕۆنه‌چن له بێ باوه‌ڕی و سه‌رپێچیاندا. باوه‌ڕ به غه‌یب سه‌رتاپاگیره بۆ هه‌موو ئه‌وه‌ی كه قورئاندا هاتووه، وه له پێغه‌مبه‌ریشه‌وه(صلى الله عليه وسلم) فه‌رموده‌ی صه‌حیحی له سه‌ر هاتووه، باوه‌ڕ به خوا، باوه‌ڕ به فریشته‌كانی، كتێبه‌كانی، پێغه‌مبه‌رانی، ڕۆژی دوایی، باوه‌ڕ به قه‌ده‌ر، باوه‌ڕ به به‌هه‌شت و دۆزه‌خ، وه درێژه‌ی ئه‌مانه هه‌موی له باوه‌ڕ هێنان به غه‌یب و په‌نهانه، وه فه‌رموده‌ی خوا كه ده‌فه‌رموێت: الَّذِينَ يُؤْمِنُونَ بِالْغَيْبِ [البقرة:3 ] { ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕ به نه‌بینراوه‌كان ده‌هێنن } هاوه‌ڵه به‌ڕێزه‌كانی وه‌ك ابن مسعود و ابن عباس هه‌روها أبو العالية و قتاده و جگه له‌وانیش له سه‌له‌ف لێكیان داوه‌ته‌وه به‌وه‌ی كه: هه‌مو كاره‌كانی باوه‌ڕ و هه‌مو كاره‌كانی غه‌یب ئه‌گرێته‌وه.