دانراوه له‌لایه‌ن: مه‌لا جه‌عفه‌ر گوانی پیرۆزكردنى عه‌لمانییه‌ت له به‌رامبه‌ر ئاییندا جیاوازیى عه‌لمانییه‌ت له‌گه‌ڵ ئاییندا به‌تایبه‌تى ئیسلام، له‌وه‌دایه كه له عه‌لمانییه‌تدا هیچ شتێك پیرۆز نییه و هه‌موو شتێك ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ریى ئه‌قڵ و به ئه‌قڵ هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت. هه‌روه‌ك مرۆڤه‌كان له شته تایبه‌تییه‌كانى خۆیان ئازادن، به‌وه‌ى چ شتێك بۆ خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن، ئه‌وه‌ى گرنگه له عه‌لمانییه‌تدا ته‌نها به‌ڕێوه‌بردنى سیاسه‌ت و ئابوورییه. هه‌روه‌ها له هه‌مان كاتیش‌دا بناغه‌ى عه‌لمانییه‌ت دێمۆكراسییه و هیچكاتێك دیموكراسی به‌بێ عه‌لمانییه‌ت نایه‌ته دى. به پێچه‌وانه‌ى ئیسلام كه شتگه‌لێكى پیرۆز هه‌یه و عه‌قڵیش تێیدا ئه‌وه‌نده كاریگه‌ر نییه و دێمۆكراسیشى تێدا نییه. هه‌روه‌ك جلوبه‌رگى تایبه‌تى به‌سه‌ر مرۆڤه‌كاندا ده‌سه‌پێنێت. ئه‌وانه‌ى سه‌ره‌وه قسه‌ى پێغه‌مبه‌ران و بانگه‌وازكارانى عه‌لمانییه‌ت بوو تا چه‌ند ساڵێك به‌ر له ئێستا، به‌ڵام ئێستا شته‌كان هه‌موویان پێچه‌وانه بوونه‌وه؛ ڕووداو و پێشهاته‌كان سه‌لماندیان كه ئه‌گه‌ر سه‌رده‌مێك عه‌لمانییه‌ت به‌م شێوه‌یه بووه كه له سه‌ره‌وه باسمان لێوه كرد، له‌به‌ر ئه‌وه بووه خۆى له لووتكه‌ى ده‌سه‌ڵات بووه و ئه‌م بانگه‌شه‌یان بۆ ئه‌و گه‌لانه كردووه كه هێشتا ئازاد نه‌بوونه. له‌و كاته بووه كه عه‌لمانییه‌ت ته‌نها له مه‌یدانى مه‌سیحییه‌تدا بووه. مه‌سیحییه‌تیش به‌پێى ده‌ق و مێژووه‌كه‌ى نه‌یتوانیوه به‌ره‌نگارى ئه‌و ته‌وژمه‌ى عه‌لمانییه‌ت ببێته‌وه. وه‌لێ له قۆناغى نوێى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى عه‌لمانییه‌ت له‌گه‌ل ئیسلام، عه‌لمانییه‌ت هه‌موو ئه‌و مهفهوومانهى سه‌ره‌وه له‌ده‌ست ده‌دات. چونكه ئه‌و پاساوانه‌ى عه‌لمانییه‌ت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌سیحییه‌ت هه‌یبوون، ئێستا له ئیسلامدا ده‌ست ناكه‌ون. بگره هه‌موو ئه‌و شانازییانه‌ى عه‌لمانییه‌ت خۆى پێ هه‌ڵده‌داته‌وه، ده‌بینین ئیسلام به چه‌ندین سه‌ده بهپێشى كه‌وتووه، له پێكه‌وه‌ژیان و مافدانى ئایینه‌كانى دیكه و به‌كارهێنانى ئه‌قڵى مرۆڤه‌كان له به‌ڕێوه‌بردنى ژیانیان و بره‌ودان به زانست و زانیارى و پێكهێنانى شارستانییه‌ت. بۆیه ئێستا عه‌لمانییه‌ت به دیدى چاودێرانه‌وه له قۆناغی پیرۆزكردندایه و خه‌ڵكانێكى زۆر به ئاگایى و بێ ئاگایى وه‌كوو ئایینێك پێڕه‌وى لێوه ده‌كه‌ن. ئه‌و قسانه‌ى ئێمه له‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه به‌ڵگه‌ى مهلمووسن له گۆڕه‌پانى فیكرى سیاسی‌دا له رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتدا. یه‌كه‌مین هه‌نگاویش كه وه‌كوو یاسایه‌ك عه‌لمانییه‌تى پێوه پیرۆز ده‌كه‌ن وڵاتێكى زه‌به‌لاح و نوێنه‌رى عه‌لمانییه‌تى وه‌ك فه‌ره‌نسا بوو، كاتێك له دژى پۆشینى حیجاب، ئه‌و وڵاته یاسایه‌كى ده‌ركرد به ناوى "یاساى پاراستنى عه‌لمانییه‌ت". (رۆژنامه‌ی شه‌رقه‌لئه‌وسه‌ت ژماره ١٠٤٦٩، ڕۆژی ٢٨ی ته‌ممووز، عجائب الدنيا الألف). ئیدى نازانم عه‌لمانییه‌ت له چى ده‌پارێزن!!! مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى عه‌لمانییه‌تى لێ ده‌پارێزن شتێكى شه‌خسی و تایبه‌تى نییه و به‌ئازادى كه‌سه‌كه ده‌یپۆشێت؟! ئه‌ى عه‌لمانییه‌ت ماناى ئه‌وه نییه مرۆڤ له شته تایبه‌تییه‌كانى ئازاده؟! باشه جیاوازىی ئه‌وه چییه وڵاتێكى وه‌ك فه‌ره‌نسا سهرڕووتى له‌سه‌ر قوتابییه‌كانى فه‌رز بكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ڕژێمێكى وه‌ك تاڵیبان بۆ نموونه نیقاب له‌سه‌ر ئافرهتهكانى فه‌رز بكات؟ مه‌گه‌ر هه‌ریه‌كه و به‌پێى بیروبۆچوون و تێگه‌ییشتنى خۆى جۆره به‌رگێكى فه‌رز نه‌كردووه؟ له ئه‌زموونى توركیاش پێش هه‌ڵبژاردن و دواى هه‌ڵبژاردنیش كۆمسیۆنى ئه‌ورووپا و هه‌روه‌ها حیزبه عه‌لمانى-نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانى ئه‌و وڵاته‌ش هۆشدارییان ده‌دایه حیزبى عه‌داله به‌وه‌ى ده‌ستكاریی بنه‌ما عه‌لمانییه‌كان نه‌كات و پێویسته پارێزگاری‌یان لێ بكرێت. نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ست بۆ پره‌نسیپه‌كانى عه‌لمانییه‌ت ببرێت. ئیدى له‌وه‌ش سه‌رسوڕ ما، چونكه گه‌لى توركیا زیاتر له هه‌شتا ساڵه موماره‌سه‌ى عه‌لمانییه‌ت ده‌كات، بۆ ده‌بێ ئازاد نه‌بێت به‌وه‌ى هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و نیزامه بمێنێته‌وه یان نا؟ مه‌گه‌ر شارهزایییهكى ته‌واویان نییه له‌و بواره؟ بۆ ده‌بێت حكوومه‌تى فه‌ره‌نسا به‌هۆى ده‌زگا حكوومییه‌كان و هێزى ده‌وڵه‌ت پارێزگارى له بنه‌ما عه‌لمانییه‌كانى خۆیان بكه‌ن یان توركیا بیه‌وێت به‌هۆى هێزى سه‌ربازى و به پاڵه‌په‌ستۆى ڕۆژئاوا پارێزگارى له بنه‌ماكانى عه‌لمانییه‌ت بكات، ئه‌گه‌رچى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به‌زۆر به‌سه‌ریاندا سه‌پێندرابێت؟ به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ئه‌گه‌ر ئێمه‌ى موسڵمان وه‌كوو جه‌ماوه‌ر بڕژێینه سه‌ر شه‌قامه‌كان و داوا بكه‌ین بنه‌ما ئایینییه‌كانمان پارێزراو بن و سووكایه‌تى به پیرۆزییه‌كانمان نه‌كرێت، بۆ ئێمه دواكه‌وتوویی و ڕهجعییهت بێت؟! بۆ عه‌لمانییه‌ت بۆی هه‌بێت به عه‌سكه‌ر و هێز و زه‌بروزه‌نگ پارێزگارى له خۆى بكات، به‌ڵام ئیسلام بۆى نه‌بێت بیروباوه‌ڕ و عه‌قیده‌ى خه‌ڵكى پارێزگارى لێ بكات؟ بۆ ڕاى جه‌ماوه‌ر پێچه‌وانه‌ى یاسا بێت، به‌ڵام عه‌سكه‌رتارى یاسا بێت؟ به‌كورتى ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌وه‌ى پێى ده‌گوترا عه‌لمانییه‌ت به‌و شێوه‌ى به‌رامبه‌ر مه‌سیحییه‌ت وه‌ستایه‌وه و خۆى سه‌پاند له ئه‌ورووپادا، له به‌رامبه‌ر ئیسلامدا پرۆژه‌یه‌كى شكستخواردووه و ناتوانێت خۆى بسه‌پێنێت؛ بگره ئه‌و عهلمانییهتهى به زه‌برى هێز له توركیا سه‌پێندرا، ئێستا ته‌نها ئاماژه هه‌یه بۆ نه‌مانى، كه ئه‌گه‌ر نه‌شمێنێت یان لاواز بێت -بێ گومان له‌ڕێگاى ده‌نگدانى جه‌ماوه‌ره‌وه كه ساڵه‌های ساڵه له‌ژێر ڕكێڤى عهلمانییهتدایه- كه‌چى هه‌موو هێزێك هه‌یه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ڕاى جه‌ماوه‌ر و سندووقه‌كانى ده‌نگدان و هێز به‌كار ده‌هێنن. به‌كورتى ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌و ئه‌زموونه به‌رامبه‌ر ئیسلام و موسڵمانان ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ى ناهێنێت كه له ڕۆژئاوا و جیهانى مه‌سیحییه‌ت وه‌ده‌ستى ده‌هێنێت. له هه‌مان كاتیش‌دا كۆمه‌ڵێك گرووپى توندڕه‌و ئیسلام بقۆزنه‌وه بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنى خه‌ڵكى. بۆیه ئێمه پێویستمان به‌وه‌یه حكوومه‌تى ئێمه و په‌رله‌مانى كوردستان خۆیان نه‌خه‌نه ناو ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ى پێیان وا بێت كه ئیسلام له گۆڕه‌پان دوور بخه‌نه‌وه و بیانه‌وێت هه‌مان ئه‌و مامه‌ڵه‌یه له‌گه‌ڵ ئیسلام بكه‌ن كه ڕۆژئاوا له‌گه‌ڵ مه‌سیحییه‌ت كردى. چونكه (بوادر)ى دۆڕانه‌كه دیارن. بۆیه وه‌ك نووسه‌رێك ده‌یگوت: "له حه‌فتاكان و هه‌شتاكاندا ماركسییه‌ت له ڕووخان و داڕماندا بوو، كه‌چى حیزبه كوردییه‌كان له شاخه‌كان كێشه و مونافه‌سه‌یان له‌سه‌ر ده‌كرد"، ئێستاش ئه‌و عهلمانییهتهى ڕۆژئاوایى له به‌رامبه‌ر ئیسلام له لاوازبوون و كزبووندایه، چونكه ئیسلام ئه‌گه‌ر به‌هه‌ڵه نه‌خوێندرێته‌وه و وه‌كوو خۆى بخوێندرێته‌وه و به‌هه‌ڵه و به‌پێى ته‌فسیراتى كه‌سانێكى توندڕۆ ته‌ماشاى ئیسلام نه‌كرێت، ئه‌وا ئایینێكه به‌رنامه‌ى ژیانى مرۆڤه‌كانى تێدایه به جوانترین و باشترین شێواز. په‌رله‌مانى كوردستان، سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم و حكوومه‌تى كوردستان له‌برى به‌كارهێنانى عه‌لمانییه‌تى ڕۆژئاوایی و په‌راوێزخستنى ئیسلام له ژیانى ڕۆژانه، له ڕاگه‌یاندنه‌كان و له ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستاندا، پێویسته هه‌وڵ بده‌ن سوودى زیاتر له ئیسلام وه‌ربگرن، ئه‌ویش له‌ڕێگاى كه‌سانى پسپۆڕه‌وه.