سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  جودایی خه‌ڵكی له‌ باوه‌ڕ بوونیان به‌ غه‌یب
گۆڕینی فۆنت

باوکی موحه‌ممه‌د




به‌ ئه‌ندازه‌ی جیاوازی خه‌ڵكی له‌ باوه‌ڕ بوونیاند به‌ غه‌یب و په‌نهان جیاوازیشن له‌ باوه‌ڕیاندا به‌ گشتی، وه‌ پله‌و پایه‌و پێگه‌شیان به‌و شێوه‌یه‌ ده‌بێت لای خوای گه‌وره‌، هه‌روه‌ها پله‌و جێگه‌شیان له‌ به‌هه‌شتا به‌و پێیه‌ ده‌بێت، چونكه‌ هه‌روه‌ك گوتمان: باوه‌ڕ قسه‌ و كرده‌وه‌و هه‌روه‌ها بیروباوه‌ڕو جێ به‌ جێكردن و ئه‌نجامدان ئه‌خوازێت، هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌چنه‌ ژێر ناوی باوه‌ڕ به‌ غه‌یب و په‌نهانه‌وه‌، وه‌ لادان و لێ شێواندنێك كه‌ مرۆڤ له‌م رووه‌وه‌ تێی كه‌وتووه‌و توشی هاتووه‌‌ گه‌وره‌ترین لادان و گومڕاییه‌؛ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ناسینی خوای گه‌وره‌دا گومڕا بوون، هه‌موو ئه‌وانه‌ی هاوبه‌ش و هاوه‌ڵگیریان بۆ خوای گه‌وره‌ بڕیار دا، هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ ئینكاری پێغه‌مبه‌رانیان كردو ملیان نه‌داو باوه‌ڕیان پێ نه‌هێنان؛ هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ بوو كه‌ باوه‌ڕیان به‌ غه‌یب و په‌نهان نه‌بوو؛ كه‌واته‌ ئه‌مه دۆزو‌ مه‌سه‌له‌كه‌یه‌ و ڕاستیه‌كه‌ لێره‌دایه‌. 

خه‌ڵكی جوداو جیاوازن-وه‌ك وتمان- له‌‌ باوه‌ڕ به‌ غه‌یب و په‌نهاندا، خه‌ڵكانێك هه‌ن كه‌ باوه‌ڕێكی تێوری ژیری ڕووتیان به‌ غه‌یب هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌ حاڵی زۆربه‌ی موسڵمانانه‌، باوه‌رِیان به‌ غه‌یب هه‌یه‌، واته‌: به‌ ڕاستی ئه‌زانن كه‌ خوایه‌ك هه‌یه‌و پێغه‌مبه‌رێك هه‌یه‌و فریشته‌و ڕۆژی دوایی هه‌یه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر پرسیارت له‌ یه‌كێكیان كرد سه‌باره‌ت به‌ ڕۆژی دوایی، پردی دانراوی سه‌ر دۆزه‌خ، ته‌رازوو، لێ پرسینه‌وه‌، ئه‌ڵێ: به‌ڵێ دانی پیا ئه‌نێم و باوه‌ڕم پێیه‌تی و به‌ ڕاستی ئه‌زانم، به‌ڵام ئایا ئه‌مه‌ كرۆك و حه‌قیقه‌تی ئه‌و باوه‌ڕه‌ به‌ په‌نهانه‌یه‌ كه‌ خوا ئه‌یه‌وێت و له‌ پێناویدا كتێبه‌كانی ناردۆته‌ خواره‌وه‌ پێغه‌مبه‌رانی ناردووه‌ تا ڕوونی بكه‌نه‌وه‌و به‌ خه‌ڵكی بگه‌یه‌نن؟ 

به‌ڵكو هه‌روه‌ها هه‌یه‌ كه‌ ئینكاری باوه‌ڕ به‌ غه‌یب ئه‌كات و ملنادات بۆی و باوه‌ڕی پێ نیه‌! جیهانی په‌نهان و نادیار ئینكاری ئه‌كات، خۆ ئه‌گه‌ر وربوینه‌وه‌و كه‌وتینه‌ پشكنینی ته‌واو-له‌ رِاستیدا- هیچ ژیرو هۆشمه‌ندێك نابینینه‌وه‌ له‌م دنیایه‌دا كه‌ باوه‌ڕی به‌ غه‌یب و په‌نهان نه‌بێت و ئینكاری بكات، هه‌ر یه‌ك له‌ ڕوویه‌كه‌وه‌و به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان باوه‌ڕی به‌ جیهانێكی تری جگه‌ له‌ موشاهه‌ده‌و به‌رچاوو هه‌یه‌، به‌ڵام ئایا له‌ چ ڕێگه‌یه‌كه‌وه‌و چۆن ده‌بێ باوه‌ڕمان به‌و جیهانه‌ نادیارو په‌نهانه‌ ببێ؟

 1078

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram