سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  چیرۆکه‌ قورئانییه‌کان موعجیزه‌ن یان ئه‌فسانه‌؟!
گۆڕینی فۆنت



 سه‌ردار شه‌مامی 

کاتێك که‌ لاپه‌ڕه‌کانی قورئان هه‌ڵده‌ده‌یته‌وه‌ و سه‌رنج ده‌ده‌یه‌ چیرۆك و به‌سه‌رهاتی پێغه‌مبه‌ران و فیرعه‌ونه‌کان، له‌گه‌ڵ چیرۆکگه‌لێکدا ڕووبه‌ڕوو ده‌بیته‌وه که‌ ئاوه‌زی مرۆڤ له‌به‌رامبه‌ر خۆیاندا کشومات ده‌که‌ن!!! بۆ وێنه‌ کاتێك بۆ چیرۆکی عوزه‌یر و گوێدرێژه‌که‌ی ده‌ڕوانیت که‌ بۆ ماوه‌ی سه‌د ساڵ له‌ چۆڵگه‌یه‌کدا به‌خه‌و‌توویی ده‌مێننه‌وه‌؛ یان یارانی ئه‌شکه‌وت (اصحاب الکهف) دێنیته‌ به‌رچاو که‌ بۆ ماوه‌ی سێسه‌دونۆ سال خه‌ویان لێده‌که‌وێت و دواتر دێنه‌ بازاڕه‌وه‌ بۆ ده‌ستخستنی بژیوێك؛ یان بیر له‌ ئیبراهیم ده‌که‌یه‌وه‌ که‌ به‌زیندوویی فڕێ ده‌درێته‌ نێو ئاگره‌وه‌ و به‌سه‌لامه‌تی دێته‌ ده‌ره‌وه‌ وهتد... کاتێك بیر له‌م وێنه‌گه‌ل و چێرۆکانە‌ ده‌که‌یته‌وه‌، واقت وڕ ده‌مێنێت و سه‌رت سووڕ ده‌خوا. 

ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك، له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ کاتێك بۆ وته‌ و وتاری پسپۆڕان ده‌ڕوانیت، ده‌بینیت شتانێك ده‌ڵێن که‌ ئاوه‌زی مرۆڤ کشومات ده‌که‌ن!!! وه‌ك ئه‌مه‌ی که‌ ده‌ڵێن: له‌پێشدا زه‌وی و خۆر پێکه‌وه‌ گرێدراو بوون، به‌ڵام دواتر لێكجوێ کراونه‌ته‌وه‌؛ جێی خۆیه‌تی لێره‌دا ئاماژه‌ به‌و ده‌قه‌ قورئانییه‌ بکه‌ین که‌ سه‌بارت به‌ گۆی زه‌وی و ئاسمان ده‌فه‌رموێت: أَوَلَمْ يَرَ الَّذِينَ كَفَرُوا أَنَّ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ كَانَتَا رَتْقًا فَفَتَقْنَاهُمَا. (الانبیاء: ٣٠).﴾ ئایا ئه‌وانه‌ی بێباوه‌ڕ بوون نه‌یانبینیوه‌ و بۆیان ڕوون نه‌بۆته‌وه‌ به‌ڕاستی ئاسمانه‌کان و زه‌وی یه‌ك پارچه‌ بوون، له‌وه‌ودوا لێکمان جیا کردنه‌وه‌. یان ده‌ڵێن: هه‌رگیز ده‌نگی مرۆڤ له‌به‌ین ناچێت و ده‌کرێت با ئامرازی تایبه‌ت ده‌نگ و قسه‌کانی مرۆکانی ڕابردوو کۆ بکرێنه‌وه‌؛ یان هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆئه‌وه‌ی له‌سه‌ر گۆی مانگ ژینگه‌یه‌ك بۆ مرۆڤ دروست بکه‌ن و مرۆڤ بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ بنێرنه‌ ئەوێ وهتد... کاتێك بیر له‌م شتگه‌له‌ ده‌که‌یه‌وه، سه‌رت سوڕ ده‌مێنێت و چاوت ئه‌بڵه‌ق ده‌بێت!!! 

به‌ڵام له‌په‌نا ئه‌مانه‌دا شتانێکی سه‌رسوڕهێنه‌رتر هه‌ن، که‌چی مرۆڤ به‌ لایه‌وه‌ زۆر ئاسایی و سانایییه‌. بۆ وێنه‌ پرۆفیسۆر ئەلێکسیس کارێل سه‌باره‌ت به‌ مرۆڤ ده‌ڵێت: "مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی نه‌ناسراوه." به‌شێکی تر له‌ زانایان مرۆڤ به‌ مەوجوودێکی مێتافیزیکی ناودێر ده‌که‌ن؛ یان ئه‌مه‌ی که‌ دنیای سه‌ده‌ی بیستویه‌ك پڕه‌ له‌ هێڵی ڕادیۆیی و ته‌له‌فزیۆنی و ته‌له‌فۆنی، یان ئه‌مه‌ی که‌ له‌ڕێی هێڵی ته‌له‌فۆنه‌وه‌‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند چرکه‌دا له‌گه‌ڵ مرۆڤیك له‌وپه‌ڕی جیهان قسه‌ ده‌که‌یت وهتد... ئه‌م شتگه‌له‌ و زۆر شتی تریش هه‌ن، که‌چی مرۆڤ وه‌ك شتێکی زۆر سانایی بیری لێده‌کاته‌وه‌ و هیچ به ‌لایه‌وه‌ سه‌یر نییه‌. 

جا ئێستا پرسیاری من ئه‌مه‌یه‌ که‌ چییه‌ و بۆچی به‌شی یه‌که‌م و دووهه‌م سه‌رسوڕهێنه‌ره‌، به‌ڵام به‌شی سێهه‌م شتێکی سانا و ساکاره‌؟ 

به‌ ڕای من هۆکاری ئه‌م سه‌رسوڕمانه‌ له‌ئاست به‌شی یه‌که‌م و دووهه‌م و بێهه‌ستی له‌ئاست به‌شی سێهه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌روکارله‌گه‌ڵدابوون و هه‌ڵسوکه‌وتله‌گه‌ڵداکردن. یانی هه‌رچه‌نده‌ دوور بیت له‌ ڕووداوه‌که‌، به‌ لاته‌وه‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌تره‌ و زۆرتر ماتت ده‌کات. 

وه‌کچۆن ئه‌و پیاوگه‌له‌ی که‌ زۆر به‌سانایی ماشێن، ته‌راکتۆر، ڕادیۆ، ته‌له‌فزیۆن وهتد... لێکده‌ترازێنێت و دواتر ده‌یخاته‌وه‌ سه‌ر گه‌ڕ و کاری پێده‌کات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و پیاوه‌ بهێنیته‌ سه‌ر باسی کار به‌ کۆمپیۆته‌ر و چوونه‌ نێو ماڵپه‌ڕه‌کان و ڕا و بۆچوونده‌ربڕین له‌سه‌ر به‌شێك له‌ نووسراوه‌کان و چاتکردنی ڕاسته‌وخۆ، هاوڕێ له‌گه‌ڵ وێنه‌دا سه‌ری سوڕ ده‌مێنێت و به‌ شتێکی زۆر عه‌جایه‌بی ده‌زانێت!!! وه‌کچۆن من و تۆ کاره‌ پیشه‌سازییه‌که‌ی ئه‌و به‌ کارێکی سه‌رسوڕهێنه‌ر داده‌نێین و لامان وایه‌ موعجیزه‌ی خووڵقاندووه‌! جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌کرێت مرۆڤێك له‌ هه‌ردوو به‌شه‌که‌دا شاره‌زاییی هه‌بێت و زۆر به‌جوانی کاری سه‌نعه‌تی و کاری کۆمپیۆته‌ریش بکات. 

یان ئه‌مه‌ی که‌ ئه‌گه‌ر چه‌ند سه‌ده‌ له‌مەوبه‌ر پێیانگوتباین شتێك به‌ ناوی ته‌یاره‌ په‌یا ده‌بێت و سه‌دان که‌س له‌ناو خۆیدا حه‌شار ده‌دات و پاشان به‌رز ده‌بێته‌وه‌ بۆ ئاسمان و ده‌یانگوێزێته‌وه‌ بۆ شاره‌ دوورده‌سته‌کان، چاومان ئه‌بڵه‌ق ده‌بوو و‌ به‌ شتێکی نامۆمان ده‌زانی!!! یان بیستنی ده‌نگ له‌ ڕادیۆ و بینینی مرۆڤ له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن و بیستنی ده‌نگ له‌ڕێی ته‌له‌فۆن و مۆبایله‌وه‌‌مان به‌ شتێکی عه‌جایه‌ب ده‌زانی و زۆرمان باوه‌ڕ و متمانه‌مان پێنه‌ده‌کردن، به‌ڵام ئێستا به‌ لامانه‌وه‌ شتانێکی زۆر ساکار و سانایییه‌!!! 

یان ئه‌مه‌ی که‌ ئێمه‌ ڕاوه‌ستانی مانگ و ڕۆژ له‌ خاڵه‌ ناوه‌ندییه‌که‌ی خۆیاندا به‌ شتێکی خۆڕسك و سروشتی ناوزه‌د ده‌که‌ین، له‌کاتێکدا پسپۆڕان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر بێت و مانگ یان ڕۆژ که‌مێك له‌و جێگه‌یه‌ی خۆیان بێنه‌ خوارتر،‌ گۆی زه‌وی وشك ده‌بێت و ئاوی تیا نامێنێت و‌ ئاگه‌ر که‌مێکیش بچێته‌ سه‌رتره‌وه‌ گۆی زه‌وی ده‌بێته‌ ئاو و وشکانی تیا نامێنێت!!! 

به‌ڵام له‌په‌نا ئه‌مه‌دا کاری گەرمیپێو (د‌ماسنج)ی ئاووهه‌وا (کەش)مان به‌ لاوه‌ سه‌یره‌ و به‌ خوا شتێکی موهیممه‌ی بۆ دەڵێین!!! یان زیندووبوونه‌وه‌ی گژوگیا و دار و ده‌وەنه‌ وشکهه‌ڵگه‌ڕاوه‌کانی وه‌رزی زستان، له‌ وه‌رزی به‌هاردا به‌ شتێکی زۆر سروشتی ناودێر ده‌که‌ین و به‌ لامانه‌وه‌ هیچ سه‌رنجڕاکێش نین، که‌چی دروستکردنه‌وه‌ی ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و ماشێنی شکاومان به‌ لاوه‌ زۆر گرینگ و عه‌جایه‌به‌!!! 

جا وه‌ك ئاماژه‌م پێکرد، هۆکاره‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌روکارله‌گه‌ڵدابوون و هه‌ڵسوکه‌وتله‌گه‌ڵداکردن. وه‌کچۆن له ‌سه‌رده‌می عیسادا چاککردنه‌وه‌ی نه‌خۆشیی گولی (به‌ڵه‌كی، پیسی)یان به‌ لاوه‌ زۆر سه‌رنجڕاکێش بوو، به‌ڵام ئه‌و کاره‌ به‌ده‌ست دوکتۆره‌کانی ئێستاوه‌ شتێکی زۆر ئاسانه‌ و ئاسه‌واری ئه‌و نه‌خۆشییه‌یان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له‌به‌ین بردووه‌!!! 

ئێستا دوایین قسه‌ و کۆتا قسه‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌ کێ ئه‌م کاره‌ به‌ کارێکی ماقووڵ داده‌نێت که‌ بگوترێت هه‌رچی به‌ چاوی سه‌رم نه‌یبینم، باوه‌ڕی پێناکه‌م و به‌ ئه‌فسانه‌ی ده‌زانم. که‌ی ڕه‌وایه‌ بڵێیت چونکه‌ هێڵی ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و ته‌له‌فۆن و مۆبایل به‌چاو نابینم، به‌ شتێکی هه‌ڵه‌ی ده‌زانم و متمانه‌م به‌وه‌ نییه‌ که‌ چوارده‌وری من به‌و هێڵه‌ ته‌نرا بێت!!!

 

 1218

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram