#پەروەردەی_ئیمانی_منداڵ....٢ پەروەردەی ئیمانی بۆ؟ مەبەست لە پەروەردەی ئیمانی پەیوەستكردن و ناساندنی منداڵە لەسەرەتاكانی تەمەنییەوە بە بنچینەكانی باوەڕ بەخودا و هەموو بوارەكانی تری پەیوەندیدار و فێركردن و تێگەیاندنی بنەما شەرعیەكان لە بیروباوەڕ (عەقیدە) و پەروەردە ڕەوشتییەكان كە كۆمەڵە بنەمایەكی ڕەوشتی و ڕەفتار و هەڵس و كەوت و ویژدانیە كە پێویستە بەگوێی منداڵدا بدرێت و بە كردەوەش لە دەورو بەریەوە بیبینێت بۆ ئەوەی بە دەستیان بهێنێت و لەو تەمەنە كەمەوە لەسەریان ڕابێت، لەبەر ئەوە پێویستە باوان یان پەروەرشكار منداڵ ڕابهێنن و پەروەردەی بكەن لەسەرەتای پێگەیشتن و تێگەیشتنی لە بنەما شەرعی و پەروەردەییەكان هەتا پەیوەندییەكی پتەو و دانەبڕاو لە نێوان منداڵ و ئیسلام لە ڕووی بیروباوەڕ و پەرستشەكان و مامەڵەكردن. پێگەیاندنی منداڵ لە سەرەتاوە لە سەر بنچینەكان كارێكی زۆر گرنگە، چونكە منداڵ بە سروشت و فیترەیەكی پاكەوە لە دایك دەبێت، لەو ژینگەیەی تێیدا هاتووەتە دونیاوە خۆی دەبینێتەوە و چی لەو ژینگەیەدا چێنرابێت لەسەر ئەو بنەمایە بەرهەمەكە دروێنە دەكرێت، پێغەمبەر دروودی خوای لێبێت دەفەرموێت: (مَا مِنْ مَوْلُودٍ إِلاَّ یُوڵدُ عَڵی الْفِطرةە، فَأَبَواهُ یُهَوِّدَانِهِ أَوْ یُنَصِّرَانِهِ أَوْ یُمَجِّسَانِهِ) بخاری ڕیوایەتی كردووە. واتە هەموو منداڵێك لەسەر فیترەتێكی پاك دێتە دونیاوە، دایك و باوكی دەیكەنە یەهودی یان مەسیحی وە یان مەجوسی)، بۆیە باوان لێپرسراوێتییەكی گەورەیان لەسەر شانە لە چۆنێتی پێگەیاندنی منداڵ دا. باوەڕهێنان بە خودای مەزن (جل جلالە) لە گرنگترین بنەماكانە وا لە منداڵ دەكات كاتێك گەورە بوو بە بەرپرسیارێتیەكان هەڵسێت، وە سیفەتی جوان و خێری تێدا ڕەنگ دەداتەوە، خۆشەویستی و تەقواو ترسان لەخوای گەورە بنچینەی پەروەردەی منداڵە، باش وایە باوان ڕێگە نەدەن هیچ هەلێكیان لە دەست بچێت لە گەیاندنی ئەو هۆكارانەی دەبنە هۆی جێگر بوونی ئیمان لە دڵی منداڵدا. #سایەفارس