چۆن خۆشەویستی خودا لە دڵی منداڵەکەم بچێنم؟ قۆناغی چوارەم: قۆناغی دوو ساڵ _ حەوت ساڵ لەم تەمەنەدا منداڵ مێشكی كراوەیە، لەم كاتەدا دەتوانرێت سوورەتە كورتەكانی وەك سورەتی (فاتحەو قل هو الله احد و العصر و الكوثر و المعوثتین ....) پێ لەبەر بكرێت ئەوەش بە پێی توانای بۆ لەبەركردنی، هەروەها فێركردنی (اللە خوامانە، محمد پێغەمبەرمانە، ئیسلام دینمانە، كەعبە قیبلەمانە، قورئانی پیرۆز كتێبمانە). ئەم قۆناغە قۆناغی وەرگرتنی زانیارییە لەلایەن منداڵەوە، چاولێكەری ڕەفتارو هەڵس و كەوتی خێزان و دەوروبەرەكەیەتی، لەم تەمەندا زۆر ئارەزووی گوێ گرتن لە چیرۆك دەكەن، بۆیە پێویستە سوود لەم هەلە وەربگیرێت بۆ گێڕانەوەی چیرۆكی بەسوود و ئامانج دار بەو ئاكار و ڕەوشتانەی كە ئارەزووی دەكەیت، باش وایە هەموو ئەو چیرۆكانە تایبەت بێت بە بە كەسێك و هەموو كات هەمان ناو بۆ كەسایەتی چیرۆكەكە دابنێیت، ( ئەگەر منداڵەكەت كوڕ بوو كارەكتەری چیرۆكەكە كوڕ بێت وە ئەگەر كچ بوو كارەكتەرەكە كچ بێت)،، دایك یان باوك دەتوانێت لە ناوەڕۆكی چیرۆكەكاندا سیفەتەكانی خوای گەورەی تێدا ئاماژە پێ بكات، وەك بەسۆزی و میهرەبانی و بەزەیی و بەخشندەو لێخۆش بوو ........ هتد). هەروەها پێویستە بزانرێت منداڵا چ جۆرە ئاژەڵێكی خۆش دەوێت چیرۆكی لەسەر بڵێت ، ئەگەر هات و دایك توانای دانانی چیرۆكی نەبوو دەتوانێت سوود لە چیرۆكی منداڵانەی ئامادەكراو ببینێت، چەندین چیرۆكی پەروەردەیی هەیە كە باس لە پەروەردەی منداڵان دەكات بە چیرۆك یان چیرۆكی پێغەمبەران، كە وێنەدارەو ڕەنگاو ڕەنگە و سەرنجی منداڵەكە ڕادەكێشێت، باش وایە ئەو كتێبانەی چیرۆكی تێدایە ڕەنگاو ڕەنگ و وێنەدار بن، واتە نوسینی كەم و وێنەی گەورەی تێدا بێت. #سایەفارس