ژیانى چەند زانایەك كە نووسینی تایبەتیان هەیە لەسەر هاوەڵان (رضي الله عنهم). (1) نووسینی: نیهاد جهلال حبیب الله ئیبن قانع ئەبولحوسەین عەبدولباقی كوڕى قانعى كوڕی مەرزووقی كوڕی واثقى ئومەوى، زاناى فەرموودەناس بووە، لە 25 ى ذیلقەعدەى ساڵی 265 كۆچی لەدایك بووەو لە حەوتى مانگى شەووالى ساڵی 351 كۆچی وەفاتى كردووە. برایەكى هەبوو بە ناوى ئەحمەد كە زانایەكى دیار و شارەزا بووە. زانایان راى جیاوازیان هەیە سەبارەت بەم كەسێتیە، ئایا گێڕانەوەكانى وەردەگیرێن یان نا، لەوانە دارەقوتنى پێی وایە كە گێڕانەوەى هەیە بەڵام هەڵەیشى هەیە، بەرقانى بە كەسێكى لاوازى دادەنێت. بەڵام خەتیبی بەغدادى سەرسوڕمانى خۆی نیشان دەدات چۆن بەرقانى بە لاوازى داناوەو دەڵێت ئیبن قانع زانا و هەڵكەوتە بووەو بە گشتى مامۆستاكانمان بە جێ متمانەیان داناوە، لە كۆتایی تەمەنیدا گۆڕاوە، ئیبن ناصرەدینیش دەڵێت نزیكەى دوو ساڵ پێش مردنى شتی تێكەڵ دەكرد. بەڵام ذەهەبی وا وەسفی دەكات: پێشەواى فەرموودەناسی هەڵكەوتەى زۆر راستگۆ پشت بەخوا دادوەر ئەبولحوسەین عەبدولباقی كوڕی قانع.... لە پێناو وەرگرتنى فەرموودەو زانستدا زۆر وڵات گەڕاوەو زۆر فەرموودەى بیستووەو بەرچاوڕوون بووە بەو بوارە. ئیبن قانع كتێبی (معجم الصحابة)ى نووسیوە تایبەت بە ژیانى هاوەڵان كە تیایدا نزیكەى 1226 كەسایەتى هێناوە، ریزبەندى هێنانى ناوى هاوەڵانیشی بە پێی ئەبجەدى نووسیوە، ژمارەى ئەو فەرموودانەش تیایدا هاتون كە هاوەڵان گێڕاویانەتەوە 1971 فەرموودەن. ئیشكردنى ئیبن قانع لەو نووسینەیدا بەمجۆرە بووە: ناوى هەموو ئەوانەى هێناوە كە وەك هاوەڵ ناویان هاتووە با هەندێك لەوانەش قسە هەبێت لەسەر هاوەڵ بوونیان. كە باسی هاوەڵێكى هێناوە ئەگەر فەرموودەى گێڕابێتەوە ئاماژەی پێداوەو هەندێ لەو فەرموودانەشی هێناوە بە بێ گوێدانە صەحیح و لاوازى سەنەدى فەرموودەكان. هەموو ناوى هاوەڵانى نەهێناوە بەڵكو زۆر هاوەڵ هەبووە كە لە كتێبەكەیدا تۆمار نەكراوە. ریزبەندى ناوەكانى بەپێی ئەبجەدى هێناوە، ئەمەش بنەڕەتێك بووە بۆ نووسینی دواترى زانایان تا سوود وەربگرن لەو ریزبەندیە وەك ئیبن عەبدولبەر و ئیبن ئەثير و ئیبن حەجەر. وردەكارى نەكردووە لە راستى سەنەدەكاندا.