سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  دەروازەیەك سەبارەت بە پێناسی هاوەڵان (رضي الله عنهم). (1)
گۆڕینی فۆنت



دەروازەیەك سەبارەت بە پێناسی هاوەڵان (رضي الله عنهم) (1)


نووسینی‌:  نیهاد جه‌لال حبیب الله
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

چەمكى هاوەڵ:

سەبارەت بە پێناسەی چەمكى(صەحابە) هاوەڵ ئەوا لەرووى زمانەوانى و لەرووى ئيصطلاحیشەوە واتاكەى دەخەینەڕوو:
لە رووى زمانەوانیەوە واتاى هاودەمى و پارێزگارى كردنە.
لە (لسان العرب)دا هاتووە: (صحب صحبه يصحبه صحبة بالضم و صحابة بالفتح و صاحبه عاشره و الصحب جمع الصاحب... و الأصحاب جماعة الصحب)، صحابە بە واتاى هاودەمى و لەگەڵبوون دێ، هەروەها بە واتاى پاراستن دێ وەك خوا دەفەرموێت(ولا هم منا یصحبون) یان لە فەرموودەدا هاتووە(اللهم اصحبنا بصحبة). 
لە (المعجم الوسيط)دا وشەى صحب بۆ دوو واتاى هاودەمى و پاراستنیش دێت((صحبه صحابة و صحبة رافقه و يقال في الدعاء صحبك الله حفظك و رافقتك عنايته). 
سەبارەت بە واتا شەرعیەكەى چەمكى هاوەڵ چەند پێناسە و رایەكى جیاجیا هەن لەسەر مەرجەكانى هاوەڵبوون، بەڵام ئەوەى لە كۆى پێناسەكانەوە وەریدەگرین ئەوەیە:
هاوەڵى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بریتیە لە:(هەر كەسێكى موسڵمان كە بە موسڵمانى لەواقیعدا گەیشتبێت بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و لەسەر باوەردارى مردبێت).
بەم پێیە ئەم مەرجانە لەخۆدەگرێت:
1- موسڵمانى: واتە مەرجە ئەو كەسە لە سەردەمى پێغەمبەردا(صلى الله عليه وسلم) موسڵمان بووبێت و بە موسڵمانیش چووبێتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بۆیە ئەگەر كەسێك بە بێباوەڕی سەد جاریش چووبێتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەڵام تا دواى وەفاتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) موسڵمان نەبووبێت و دواتر باوەرى هێنابێت، ئەوە بە هاوەڵ دانانرێ.
2- گەیشتن بە خزمەتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم): مەرجە ئەو كەسە بە موسڵمانى چووبێتە خزمەتى پێەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەگەرنا نەجاشی كە باوەڕداریش بوو  و پێغەمبەریش(صلى الله عليه وسلم) نوێژی غیابی لەسەر كرد لەبەرئەوەى نەچوەتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بۆیە بە هاوەڵ دانانرێ، هەندێ مەرجەكەیان وا هێناوە كە بینینی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)بێت، بەڵام وا جوانترە بڵێین گەیشن بە خزمەتى چونكە هەبووە نابینا بووەو نەیتوانیوە پغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ببینێت و چووەتە خزمەتیشی، واتە بینینی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) یان چوونەخزمەتى بەبێ بینین بۆ ئەوانەى بەربەستى بینینیان هەبووە وەك نابیناكان، نموونەى ئەوانەش ئیبن ئوم مەكتومە، هەروەها ئەو چوونە خزمەتە ماوەى زۆر بێت یان كەم بێت نابێتە بەربەستى بەردەم هاوەڵبوون، ئیتر ئەبووبەكرى صدیق كە تا مردن رۆژانە پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليه وسلم)دیوەو نزیكترین هاودەمى بووە لەگەڵ كەسێكدا كە بە وەفد هاتووەو لەوانەیە ساتێكى زۆر كەم چووبێتە خزمەتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هەردووكیان مەرجى هاوەڵبوونیان هەیە با لە پلەو پایەدا جیاواز بن.
3- مەبەست لە بە حەقیقی بوون ئەوەیە كە ئەو كەسە بە حەقیقی و بێ خەیاڵ و خەو چووبێتە خزمەتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، جا ئەگەر كەسێك لە سەردەمى پێغەمبەردا(صلى الله عليه وسلم) یان لە دواتردا تا ئەمرۆ  و تا رۆژی دواییش خەوی دی چووە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەوە نابێت بە هاوەڵی.
4- مردن بە موسڵمانی: ئەمەش مەرجێكى ترى گرنگە، چونكە ئەگەر كەسێك بە باوەرداریش چووبێتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، بەڵام دواتر مورتەد بووبَتەوە ئەوە بە هاوەڵ دانانرێت، وەك عوبەیدوڵاى كوڕی جەحشی مێردى ئوم حەبیبە كە موسڵمان بوو و پێغەمبەرى (صلى الله عليه وسلم) بینی و لەگەڵ ئوم حەبیبەى ژنیدا كۆچی كرد بۆ حەبەشە، كەچی لەوێ بوو بە مەسیحی و لەسەر ئەو ئایینەش مرد، ئیتر ئەمە مەرجى هاوەڵبوونى ناهێڵێ، ئەگەر دواى مورتەدبوونەوەكەشی هەمدى باوەڕی هێنابێتەوە وئەو دووەم جار باوەڕهێنانەوەى لە سەردەمى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و لە خزمەتى ئەودا بووبێت ئەوە سیفەتى هاوەڵبوونى دەمێنێتەوە، هەندێ پێیان وایە ئەگەر دواى مورتەدبوونەوەكەشی دواى سەردەمى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هەمدى باوەڕی هێنابێتەوە ئەوە سیفەتى هاوەڵبوونى دەمێنێتەوە، بەڵام هەندێكى تر پێیان وایە بەو یەكجار مورتەدبوونەوەى مەرجى هاوەڵێتى نامێنێ، بەڵام هەموان لەسەر ئەوە یەكدەنگن كە هەر كەسێ بە موسڵمانى گەیشتبێت بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و دواتر بە بێباوەڕی مردبێت ئەوە هاوەڵ نیە.
بوخارى لە صەحیحەكەیدا دەڵێت:(هەر موسڵمانێ هاودەمى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) كردبێت یان بینیبێتى ئەوە هاوەڵیەتى). 
ئیبن حەجەر دەڵێت:(راستترین پێناسێ بۆ هاوەڵان بیزانم ئەوەیە هاوەڵ هەر كەسێكە بە باوەردارى گەیشتبێت بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و لەسەر ئیسلام(بە موسڵمانێتى) مردبێت، ئیتر هەموو ئەوانە دەگرێتەوە كە زۆر لەگەڵیدا دانیشتبێت یان كەم لەگەڵى بووبێت یان ئەوەى فەرموودەى لێوە گێڕابێتەوە یان فەرموودەى لێوە نەگێڕابێتەوە یان غەزاى لەگەڵ كردبێت یان غەزاى لەگەڵ نەكردبێت یان هەر بینیبێتى با لەگەڵیشی دانەنیشتبێت یان لەبەر بەربەستێ نەیدیبێ وەك نابینایی. 
ئیبنوصەلاح چەند پێناسەیەكى هێناوە، لەوانە:
مروزى دەڵێت: فەرموودەناسان دەڵێن هەركەس كە فەرموودەیەكى یان وتەیەكى لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) لێوەگێردرابێتەوە ئەوە هاوەڵە، هێندە مەجالەكە فراوان دەكەن تا ئەوەى دەڵێن هەركەس پێغەمبەرى (صلى الله عليه وسلم) دیبێ ئەوە لە هاوەڵانە، ئەوەش لەبەر گەورەیی پلەوپایەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) واتاى هاوەڵێتییان داوە بەهەر كەس كە پێغەمبەرى دیبێت.
وشەى صەحابی لەرووى زمانەوانى و روخساریەوە بۆ كەسێكە كە ماوەیەكى زۆر لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بووبێت و زۆر لە كۆڕیدا بووبێت و شوێنكەوتەى بووبێت و فەرموودەى لێ وەرگرتبێت، ئەمەش بڕوا و قەناعەتى  ئوصوولیەكانە.
سەعیدى كوڕی موسەیب تەنها كەسێكى بە هاوەڵ داناوە كە ساڵێ یان دوو ساڵ لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) مابێتەوە و غەزایەك یان دوو غەزاى لەگەڵدا كردبێت. 
سەبارەت بەوەى ئایا جنۆكە و فریشتەكانیش دەبن بە هاوەڵ یان نا، ئیبن حەجەر دەڵێت:(كە دەڵێین باوەڕی پێ هێنابێ –بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)- هەموو راسپێراوێك لە جنۆكەو مرۆڤیش دەگرێتەوە، ئەوكات ئەو جنۆكانەش دەگرێتەوە كە ناو و باسیان تۆماركراوە بەڵام ئەو مەرجانەى هاوەڵبوونیان تێدبێ كە باسمان كردون)،  واتە ئیبن حەجەر پێی وایە هەر جنۆكەیەكیش ئە مەرجانەى هاوەڵبوونى تێدا بێت ئەوە دەبێتە هاوەڵ، بۆیە دەبینین لە ناو هاوەڵاندا ناوى جنۆكەشی هێناوە(ئەبیەضى جننى)،  ئیبن حەزمیش ئەو رایەى هەیە و دەڵێت(وقد نَصَّ اللَّهُ تَعَالَى على أَنَّ نَفَرًا من الْجِنِّ آمَنُوا وَسَمِعُوا الْقُرْآنَ من رسول اللَّهِ (صلى الله عليه وسلم) فَهُمْ صَحَابَةٌ وَفُضَلاَءُ)  واتە(خواى گەورە -لە قورئاندا- بە دەق هێناویەتى دەستەیەك لە جنۆكەكان بڕوایان هێناوەو لە پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم) گوێیان لە قورئان گرتووە، ئیتر ئەوانە -ئەو جنۆكانە- هاوەڵن و پایەبەرزن).
بەڵام ئیبن ئەثير وەك ئەوان بە راشكاوانە دان نانێت بەوەدا و لە چەند شوێنێكدا كە ناوى چەند جنۆكەیەكى هاوەڵ دێنێ وادەیهێنێت كە لەبەرئەوەى ئەبوومووسا هێناویەتى ئەمیش باسی كردووە. 
سەبارەت بە هاوەڵبوونى فریشتەكانیش قسە لەسەر ئەوەیە ئایا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) نێردراوە بۆ ئەوانیش یان نا، واتە ئایا پێغەمبەرى خوایە بۆ فریشتەكانیش یان نا،  راى راستتر ئەوەیە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) نێردراوە بۆ مرۆڤ و جنۆكەكانیش، بەڵام نەنێردراوە بۆ فریشتەكان.

ماوەى هاوەڵان:

زانایان لەسەر ئەوە كۆكن كە هەركەس دواى سەدساڵ لە وەفاتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بانگەشەی هاوەڵبوونى كردبێت بڕواى پێ نەكەن،  ئەوەش لەبەر ئەو فەرموودەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كە مانگێ بەر لە مردنى فەرمووى(أرأيتكم ليلتكم هذه فإن على رأس مائة سنة منها لا يبقى على وجه الأرض ممن هو اليوم عليها أحد)،  واتە(ئەمشەوتان ئەبینن، لەمشەوەوە تا سەد ساڵى تر لەم سەرزەویەدا یەك كەس نامێنێ كە ئەمرۆ لەسەریەتى).
ئیمامى ذەهەبی دەڵێت: كۆتا هاوەڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كە كۆچی دوایی كرد ئەنەسی كوڕی مالیك بوو. 
سەبارەت بە كاتى وەفاتى ئەنەسى كوڕی مالیك چەند رایەك هەیە، رایەك دەڵێت لە ساڵی نەوەدى كۆچیدا وەفاتى كردووە، رایەكى تر دەڵێت لە ساڵی نەوەدو یەكى كۆچی بووە، رایەكى تر دەڵێت لە ساڵی نەوەدو سێی كۆچی بووە،  كاتێ كۆچی دوایی كرد تەمەنى نەوەدو نۆ ساڵ بوو، رایەكى تر دەڵێت بەڵكو تەمەنى سەدو یەك ساڵ بوو، رایەكى تر دەڵێت بەڵكو سەدو حەوت ساڵ بوو،  یان دەوترێت نەوەدو شەش ساڵ بوو،  یان دەوترێ سەدو بیست ساڵ بوو، بەڵام ئیبن ئەثير وەڵامى ئەو قسانە دەداتەوەو دەڵێت ئەو تەمەنە زۆر وتانە راست نین چونكە كاتێ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كۆچی كرد بۆ مەدینە ئەنەس تەمەنى دە ساڵان بووە، زیاترین بۆچوونیش لەسەر ساڵی وەفاتى هاتووە ساڵی نەوەدو سێی كۆچى بووە، كە بەو پێیە زۆرترین ئەگەر بۆ تەمەنى سەدو سێ ساڵە. 
ئیمامى ذەهەبی راى راستتر دێنێت كە تەمەنى سەدو سێ ساڵ بووەو لە ساڵی نەوەدو سێی كۆچی وەفاتى كردووە. 

ژمارەى هاوەڵان:

سەبارەت بە ژمارەى هاوەڵان راجیایی هەیە، راستیش ئەوەیە كە بە وردى ژمارەى هاوەڵان نازانرێت، چونكە ژمارەیەكى زۆر بووەو لەو سەردەمەشدا سەرژمێری ورد نەبووە، ژمارەیەكى زۆر لە هاوەڵان لە دوورى مەككە و مەدینەوە هاتون و وەك وەفد هاتون و دواتر چوونەتەوە بۆ ناوچەی خۆیان، لێرەدا تەنها چەند گێڕانەوەیەك بە نموونە دێنینەوە لەسەر ژمارەى هاوەڵان لە چەند قۆناغێكدا:
هاوەڵانى بەشداربوو لە غەزاى بەدردا 313 كەس بوون،  ژمارەیەكى زۆریش لە مەدینە بوون لە پیاو و ژن و منداڵ كە نەچووبوون بۆ ئەو غەزایە.
هاوەڵان لە رۆژی بەیعەتى ريضواندا ژمارەیان نزیكەى 1400 یان 1500 هاوەڵ دەبوو،  خواى گەورەش ئایەتى لەسەر دابەزاندون(لقد رضي الله عن المؤمنين إذ يبايعونك تحت الشجرة). 
هاوەڵانى بەشداربوو لە ساڵی دەی كۆچیدا كە لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بەشدار بوون بۆ چوون بۆ مەككە لە سەروو دە هەزار كەسەوە دەبوون، وەك لە صەحیحی بوخاریدا هاتووە (عن ابن عباس رضي الله عنهما أن النبي صلى الله عليه وسلم خرج في رمضان من المدينة ومعه عشرة آلاف)،  واتە(لە ئیبن عەبباسەوە كە دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە رەمەزاندا لە مەدینە دەرچوو و دە هەزار كەسی لەگەڵدا بوو).
لە غەزاى حونەیندا ئەوانەى لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوون دەهەزار كەس بوون لەگەڵ (الطلقاء)دا،  واتە ئەوانەى لە دواى فەتحى مەككە بوونە شوێنكەوتەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم). 
ئیبن حەجەر دەقێكى ئەبووزەرعەى رازى هێناوە كە دەڵێت:(پێغەمبەرى خوا(صلى الله عليه وسلم) كە وەفاتى كرد ئەوانەى دیبوویان و فەرموودەیان لێوەگێڕابوویەوە لەسەروو سەد هەزار كەسەوە دەبوون لە ژن و پیاو كە هەموویان فەرموودەیان لێوەگێڕاوەتەوە ئایا فەرموودەی بیستراو بێت یان بینراو). 
بەڵام ئەمە جێی پرسیارەو پێویستى بە روونكردنەوە هەیە، چونكە ئەگەر سەیری ئەو كتێبانە بكەین كە تایبەت بە هاوەڵان نووسراون و سەیری سەنەدەكانى كتێبەكانى فەرموودەش بكەین لەگەڵ ئەم گێڕانەوەدا یەك ناگرنەوە، بۆ نموونە ژمارەى باسكراوى هاوەڵان لە هەندێ لەو كتێبانەى تایبەت بەو بوارە نووسراون دەخەینە روو:
كتێبی (معرفة الصحابة)ى ئیبن مەندە ناوى 672 كەسایەتى باسكردووە كە هەندێكیان هاوەڵ نین.
كتێبی (معجم الصحابة)ى ئیبن قانع ناوى 1226 كەسایەتى باسكردووە كە هەندێكیان هاوەڵ نین.
كتێبەكەى ئیبن عەبدولبەر (الإستيعاب في معرفة الأصحاب) ناوى 4225 كەسایەتى باسكردووە كە هەندێكیان هاوەڵ نین.
كتێبەكەى ئیبن ئەثير (أسد الغابة) ناوى 7554 كەسایەتى باسكردووە كە هەندێكیان هاوەڵ نین و ژمارەیەكیشیان دووبارە بوونەتەوە لەبەر راجیایی لەسەر ناویان.
كتێبەكەى ئیبن حەجەر (الإصابة في تمييز الصحابة) ناوى  12304 كەسایەتى باسكردووە كە هەندێكیان هاوەڵ نین و ژمارەیەكیشیان دووبارە بوونەتەوە لەبەر راجیایی لەسەر ناویان.
بۆیە دەكرێت بوترێت ئەو ژمارەى هاوەڵان بووبێ یان ژمارەیەكى نزیك بەو ژمارەیە، فەرموودەشیان لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) بیستبێت و گێڕابێتەوە بۆ خەڵكى دەوروبەریان، بەڵام ئەو گێڕانەوانە هەموویان تۆمار نەكرابن و نەگەیشتبنە نەوەكانى داهاتوو، وەك ئەوەى چەندین كەس بە جیاجیا یان وەك وەفد هاتبن و لەو ماوە كەمەى بینینى پێغەمبەردا(صلى الله عليه وسلم) بڕێك فەرمودەیان وەرگرتبێت و دواتر چووبنەوە بۆ وڵاتى خۆیان و لەوێ ئەو فەرموودانەیان گێڕابنەوە، بەڵام دواتر ئەو فەرموودانە تۆمار نەكرابن.
هەروەها ئیبن حەجەر گێڕانەوەیەكى ثهورى هێناوە كە دەڵێت كاتێ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد دوانزە هەزار هاوەڵ هەبوون كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لێیان رازى بوو. 
لە (المستدرك على الصحیحین) دا هاتووە(ثارت الفتنة وأصحاب رسول الله صلى الله عليه وسلم عشرة آلاف)، واتە(فیتنەى نێوان هاوەڵان هەڵگیرسا و ئەوكات دەهەزار هاوەڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) مابوون).
بەمجۆرە چەند ژمارەیەكى جیاجیامان لەرووى كات و شوێنەوە وەرگرت، چونكە هەم بەپێی ماوەكان بە مردنى هاوەڵان ژمارەى هاوەڵان كەم بوەتەوە، هەم بەپێی شوێنەكان جیاواز دەبێت، چونكە ئەو ژمارانە كە باسكراون زیاتر لەسەر ژمارەى هاوەڵانى ناو نیمچەدوورگە هاتون، ئەگەرنا ئەو هەمووە هاوەڵەى بە وەفد هاتوونەتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ژمارەیان باس نەكراوە.



 1491

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram