"١٠٠١" هەزار و یەک داهێنان لە کەلەپووری زانایانی موسڵمان. - چی دەزانیت دەربارەی بیرۆکەی وەرگێڕانی پەرتووک، ماڵی دانایی بەشی دووەم. - کاتی پێویست بۆ خوێندنەوەی بابەت | 00:01:16 - بەشی دووەم: خوێندنگە - ژمارە 31 """""""""""""""""""""""""""" خەلیفە (موحەمەدی مەهدی) لە هەر کوێیەک دەستنوسی پێ زانیبا کۆیدەکردەوە لە کاتی هێرشە جەنگییەکانییدا، وە خەلیفە (هادی)ش هەمان کاری باوکی دەکرد هەتا ئەو کاتەی خەلیفە (هارونە ڕەشید) ی کوڕی هاتە سەر تەخت (فەرمانڕەواییەکەی لە نێوان ساڵانی ٧٨٤ بۆ ٨٠٩ز دابووە) و (ماڵی دانایی) دامەزراند، بەڵام خەلیفە (مەئمون) کە بیست ساڵ فەرمانڕەوایی کرد کە سەرەتاکەی ساڵی ٨١٣ز بوو. تەنها ماڵەکەی فراوان کرد و بۆ هەر بەشێکیش لە بەشەکانی زانستەکان هۆبەیەکی جیاکردەوە، وە ماڵەکە جمەی دەهات لە زانایان و شارەزایانی هونەر و وەرگێڕە بەناوبانگەکان و نوسەر و شاعیران و شارەزایان و پێشەوەرانی جۆراو جۆر، ئەم هەموو مێشک و بیرۆکە و تواناییانە ڕۆژانە پێکەوە بوون بۆ وەرگێڕانی نوسراوە دێرینەکان و نوسین و خوێندنەوە و گفتوگۆ و ڕاوێژ و موناقەشە. ئەم شوێنە وەک مەنجەڵێکی جیهانی وابوو کە هەموو ڕۆشنبیرییەکی تێدا دەکوڵا، وە ئەم زمانانەی کە لێرەدا بەکار دەبرا و قسەی پێدەکرا بریتی بوون لە (عەرەبی کە زمانی زانست بوو و هەمووان تیایدا بەشدار بوون، فارسی، عیبری، سریانی، ئارامی، یۆنانی، لاتینی و سانسکریتی کە بەکار دەهات بۆ وەرگێڕانی دەستنووسە دێرینە هندییەکانی بیرکاری). لە بەناوبانگترین وەرگێڕەکاندا (یۆحەنانی کوڕی بەتڕیق) لەو سەردەمەدا ئەستیرەی درەوشاوەی وەرگێڕان بوو، ئەم زیاتر لە فەلسەفەدا دەینووسی تا پزیشکی، وە لە لاتینییەوە پەرتووکی(کتاب الحیوان) ی (ئەرستۆ) ی لە نۆزدە بەشدا وەرگێڕابوو. هەروەها (حوننەینی کوڕی ئیسحاق)یش ناودار بوو بە وەرگێڕانی پەرتوکی فیزیازانە یۆنانییەکانی وەک (ئەپۆکرات و گالینۆس). (کیندی) کە فیزیازان و فەیلەسوف و بیرکاریزان و ئەندازیار و کیمیازان و مەنتیقی و گەردونناس بوو، لەلایان خەلیفە (مەئمون)ەوە دیاریکرا بە یەکێک لەو زانایانەی کە سەرپەرشتی وەرگێڕانی نووسراوەکانی (ئەرستۆ) بکات. وە (کیندی) خۆی پەرتوکخانەیەکی تایبەتی هەبوو کە بەهۆی فراوانیەکەیەوە بە (کیندییە) ناو دەبرا. ..... "ئەگەر مامۆستا بەڕاستی دانا بێت ئەوا تۆ ناباتە ناو ماڵی داناییەکەی خۆی، بەڵکو ڕێنمایت دەکات بۆ هێلانەکەی مێشکی خۆت". پەرتووکی (پێغەمبەر) جبران خلیل جبران. ..... لەهەر ژمارەیەکی نوێدا ژمارەی پێشوو دادەنێین بۆ ئەوەی تۆی خوێنەر بە ئاسانی هەموو زنجیرەکە بەدوای یەکدا دەست بخەیت ڕێکخستن و نەخشاندن: #YassinArt ..... هەموو ژمارەکانی پێشوو لەم لینکە دەست بخە. http://dangiislam.org/Cat.aspx…