سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ڕاپۆرتێك سه‌باره‌ت به ‌دیارده‌ی فره‌ژنی له‌ ئه‌مریكا: هێنانی ژنی دووه‌م خه‌وی ئه‌مریكایییه‌كانه
گۆڕینی فۆنت

ده‌نگی ئیسلام
كاتێك ده‌وڵه‌تێكی عه‌ره‌بی وه‌ك توونس یاسای نه‌هێشتن و ڕێگرتن له‌ فره‌ژنی جێبه‌جێ ده‌كات، له‌ هه‌مان كاتدا له‌ ئه‌مریكا به‌ پێچه‌وانه‌وه،‌ له‌ كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكاییدا‌ ده‌زگا و خه‌ڵكانێك ئه‌بینین داوای سه‌ربه‌ستی فره‌ژنی ده‌كه‌ن و هه‌وڵی بۆ ئه‌ده‌ن و سه‌رقاڵی ده‌ركردنی ڕێگاچاره‌یه‌كی یاساییشن تا پیاو بتوانێت زیاتر له‌ ژنێك بهێنێت. 
له‌ ڕاستیدا فره‌ژنی وه‌ك دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكاییدا بڵاوبۆته‌وه؛ له‌ ساڵی (١٩٥٣) له ‌(شورت كریك) له‌ ویلایه‌تی (ئه‌ریزۆنا)، حكوومه‌تی ئه‌مریكا ده‌یان پیاوی به‌ تۆمه‌تی فره‌ژنی ده‌ستگیر كرد. جێی سه‌رسوڕمانیشه‌ ئێستا له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا (٣٠٠٠٠ تا ٥٠٠٠٠) پیاو هه‌ن كه‌ زیاتر له‌ ژنێكیان هه‌یه ‌و داوای مافه‌ یاسایییه‌كانی خۆیان ئه‌كه‌ن. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكایی سه‌ربه‌ستیی فره‌ژنی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ و ڕێ به‌ فره‌په‌یوه‌ندیی ناشه‌رعی ئه‌دات و ژنهێنان و شووكردنی نه‌شازیش به‌ جۆرێك له‌ سه‌ربه‌ستی تاك دائه‌نێت؛ به‌ڵكوو له‌ ده‌زگا و مونته‌دا جیهانییه‌كانیشدا داوای ڕه‌وانه‌كردنی ئه‌و (سه‌ربه‌ستییه‌ی تاك) بۆ جیهانی ئیسلامیش ده‌كه‌ن. به‌وه‌ش ده‌بنه‌ هۆی نه‌مانی ئابڕووی كۆمه‌ڵگا و ژیار و كولتووری مرۆڤایه‌تی. 
به‌ڕاستی جیاوازییه‌كی سه‌یره! له‌ كاتێكدا توونس ئاهه‌نگ به‌ یادی تێپه‌ڕبوونی ٥٠ ساڵ به‌سه‌ر یاسای ئه‌حواڵی شه‌خسی ده‌گێڕێت، ئه‌و یاسایه‌ی سه‌رۆكی پێشووی توونس حه‌بیب بۆڕقێبه‌ ده‌ریكرد و تێیشیدا فره‌ژنی یاساغ ده‌كرێت، به‌ڵام ده‌زگاى ئه‌مریكایی ئه‌بینین داوای چالاككردن و به‌عه‌مه‌لیكردنی مافی فره‌ژنی ئه‌كات. 
دادگاكان فره‌ژنی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه 
ئه‌و ده‌نگه‌ ئه‌مریكایییانه‌ی داوای مافی فره‌ژنییان ده‌كرد، كه‌م تا زۆر هه‌وڵیان دا و به‌رده‌وام پێیان له‌سه‌ر ئه‌و مافه‌ داگرت تا له‌ كۆتاییدا توانییان چه‌ندین ده‌زگا بۆ به‌دواداچوونه‌وه‌ی ئه‌و مافه‌ له‌ دادگا ئه‌مریكایییه‌كاندا پێك بهێنن. یه‌كێك له‌و كۆمه‌ڵانه‌ش‌ ناوی لیژنه‌ی (سینتینیال بارك)ه‌؛ كۆمه‌ڵێكی ئه‌مریكایییه‌ ئێستا فشارێكی زۆری دروست كردووه ‌و كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات‌ تا له‌ یاسای ئه‌مریكاییدا فره‌ژنی به‌ تاوان نه‌زانرێت. ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ به‌شێكه‌ له‌و شه‌پۆل و بزووتنه‌وه‌ تازه‌ چالاكه‌ی كه‌ له‌پاش په‌یدابوونی دیارده‌ی ژنهێنان و شووكردنی نه‌شاز له‌ ئه‌مریكادا سه‌ری هه‌ڵداوه‌ و به‌رگری له‌ فره‌ژنی ده‌كات‌. ئێستاش داوایه‌كی قه‌زائی فیدراڵی له‌ دادگاكانی ئه‌مریكادا به‌ره‌و پێش ده‌چێت و به‌رامبه‌ر ئه‌و یاسایانه‌ وه‌ستاوه‌ كه‌ دژایه‌تی فره‌ژنی ده‌كه‌ن. ئه‌م داوایه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردن به‌ په‌خشی به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی له‌باره‌ی فره‌ژنی له‌ كه‌ناڵی "HBO"ی ئه‌مریكاییدا. 
هه‌روه‌ها ڕێكخراوی ئینجیلی گاوری بۆ فره‌ژنی؛ یه‌كێكه‌ له‌و ڕێكخراوه‌ چالاكانه‌ی توانیویه‌تی له‌ دادگا و ڕاگه‌یاندنی ئه‌مریكاییدا خۆی فه‌رز بكات. پێگه‌ی ئه‌و ڕێكخراوه‌ش له‌ ئینته‌رنێتداhttp://www.truthbearer.org‌‌ و (مارك هینكل) دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و ڕێكخراوه‌ ئه‌ڵێت: "مافدان به‌ فره‌ژنی جه‌نگی مافه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكایییه.‌" 
به‌ڵام (مارلین هامون) كه‌ خێزانی مارك هینكله‌ له‌گه‌ڵ دایكی و خوشك و براكانی به‌ زۆره‌ملێ له‌ شاره‌كه‌ى خۆیان هه‌ڵیانكه‌ندن و نه‌فیی شارێكی دراوسێیان كردن بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خێزانێكی تردا بژین. چونكه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ مارلین خێزانی ماركه ‌و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ باوكی مارلین یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی له‌سه‌ر فره‌ژنی به‌ند كرابوو. هه‌رچه‌نده‌ باوكی مارلین دوای هه‌فته‌یه‌ك له‌ گیرانی ئازاد كرا، به‌ڵام ئه‌م خێزانه‌ به‌هۆی ترس له‌ شكات و دادگای قه‌زائی زیاتر به‌جودایی ژیانیان به‌سه‌ر ئه‌برد؛ ته‌نانه‌ت به‌ درێژاییی ساڵانی ڕابردووش هه‌ر به‌نهێنی نامه‌ و نامه‌كارییان بۆ یه‌كتر ده‌نارد. 
هامون ئه‌ڵێ: "كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكایی پێی وابوو تا ژیانێكی بێگیروگرفت به‌رینه‌سه‌ر، پێویسته‌ بێده‌نگ و هێمن بین. ئێمه‌ش له ‌ترسی ئه‌وه‌ی دادگا له‌سه‌ر تاوانی فره‌ژنی سزامان نه‌دات، ناچار فێری ئه‌وه‌ بووین بێده‌نگ بین و ده‌ست له‌ مافه‌كانمان هه‌ڵبگرین." به‌ڵام دنیا گۆڕا و كاروباره‌كان به‌و شێوه‌یه‌ نه‌ماون؛ ئێستا (هامون) ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری لیژنه‌ى كاری (سینیتینیال بارك)‌ه‌. هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵه‌ی چالاكیی تریش هه‌ن بۆ نموونه‌ (برینسیبل فویسز) كه‌ باره‌گاكه‌ی له ‌شاری (یوتا‌)یه ‌و كۆمه‌ڵێك ئافره‌ت به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن. هه‌مووشیان له‌و خێزانانه‌ن كه‌ فره‌ژنییان ئه‌نجام داوه. ئه‌مه‌ و له‌وانه‌شه‌ له‌ كۆتاییدا ڕای گشتی و به‌شێكی زۆرى كۆمه‌ڵگا گوێبیستی ئه‌م بانگه‌وازانه‌ ببن، به‌تایبه‌تی دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕاپۆرتێكی وه‌زاره‌تی دادی كه‌نه‌دایی كه‌ ڕاسپارده‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات فره‌ژنی به‌ تاوان دانه‌نرێت و له‌ میانه‌ی مافه‌ تایبه‌تییه‌كانی تاكدا ڕێك بخرێت. 

شه‌رعییه‌تی فره‌ژنی‌ 
كۆمه‌ڵه‌ چالاكه‌كان جه‌نگێكی‌ گه‌رم له‌ دادگا ئه‌مریكایییه‌كاندا ده‌گێڕن و گۆڤاری (نیوزویك)ی ئه‌مریكایییان ناچار كرد له‌ ژماره‌ی ڕۆژی (٢٠٠٦/٣/٢٠)دا باس له‌ شه‌رعییه‌تی فره‌ژنی بكات. بابه‌تی ئه‌و ڕۆژه‌ی گۆڤاره‌كه‌ ناوی (برایان بارنارد) ده‌بات كه‌ پارێزه‌ری دوو پیاوه‌ له‌ شاری (یوتا) كه‌ هه‌ردووكیان له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی دادگادا به ‌(جی لی كوك و دى كوك) ناسراون و داوایان له‌سه‌ر دادگا به‌رزكردۆته‌وه‌ له‌دوای ئه‌وه‌ی نه‌یانهێشتبوو ژنی دووه‌م بهێنن. 
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ئه‌و دوو پیاوه‌ له‌ ساڵی ڕابردوودا داواكه‌یان له‌ به‌رده‌م دادگای فیدراڵیدا دۆڕاند، به‌ڵام دادگای پیاچوونه‌وه‌ له‌ دائیره‌ی ده‌یه‌مدا جارێكی تر ده‌ست به‌ داواكه‌یان ده‌كاته‌وه. (بارنارد)ی پارێزه‌ر به‌ڵگه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ هه‌یه ‌و به‌ته‌مایه‌ له‌به‌رده‌م دادگادا بڵێت: "هه‌رچۆن دادگای باڵای ئه‌مریكاییی له‌ ساڵی (٢٠٠٣)دا بڕیاری بۆ ژنهێنان و شووكردنی نه‌شازه‌كان ده‌ركرد به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكایی مافی ته‌واویان له‌ خسوسییه‌تدا هه‌یه ‌و ده‌وڵه‌ت نابێت ده‌ست بخاته‌ كاریانه‌وه، پێویسته‌ هه‌مان به‌ڵگه‌ش بۆ مه‌سه‌له‌ی فره‌ژنی جێبه‌جێ بكرێت. واته‌ ڕێ بدرێت به‌ پیاو زیاتر له‌ ژنێك بهێنێت." ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی یاسایییه ‌و له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی شه‌رعیه‌تدان به‌ دیارده‌ی فره‌ژنی. 
كاتێكیش له‌ كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكاییدا مه‌سه‌له‌ی فره‌ژنی و شه‌رعییه‌تپێدانی ده‌ورووژێنرێت، ئه‌وه‌ هه‌ر بۆ خۆی به‌ربه‌ره‌كانێكردنی ژنهێنان و شووكردنی نه‌شازه‌كانه ‌و به‌و شێوه‌یه‌ ئاراسته‌ وه‌رده‌گرێت. دیارترین به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌م قسه‌یه‌ وته‌ی سیناتۆری ئه‌مریكایی (ڕیك سانتورم) كه‌ له‌ ویلایه‌تی (په‌نسلڤانیا)یه‌ و له‌ لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئه‌سۆشییه‌یتد پرێس له‌ ساڵی (٢٠٠٣)دا و‌تی: "ڕێگه‌دان به‌ ژنهێنان و شووكردنی نه‌شاز، ڕێ خۆش ده‌كات بۆ ڕێگه‌دان و به‌شه‌رعیكردنی فره‌ژنی." ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌ش بووه‌ مایه‌ی تووڕه‌بوونی ئه‌و لایه‌نه‌ چالاكانه‌ی به‌رگری له‌ مافی نه‌شازه‌كان ده‌كه‌ن، چونكه‌ پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ دوو مه‌سه‌له‌ی ته‌واو له‌یه‌كجیاوازن. به‌ڵام ئه‌و كه‌س و ده‌زگا چالاكانه‌ی به‌رگری له‌ فره‌ژنی ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده ئه‌و به‌ڵگانه‌ ده‌هێننه‌وه‌، به‌ڵام له‌ لایه‌نه‌ نه‌شازه‌كانیش‌ ڕازی نین، چونكه‌ ئه‌وان هه‌ڵسوكه‌وتی نه‌شازه‌كان به‌ تاوان و گوناهـ‌ ده‌زانن و خۆشیان به‌ دیندار و پارێزگار ئه‌زانن و به‌وردیش چاودێریی مه‌سه‌له‌ی نه‌شازه‌كان له‌ ئه‌مریكا ده‌كه‌ن. 
شێوازێكی تازه‌ له‌ ژیان 
هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردوو كه‌نیسه‌ی (یسوع المسیح) و (قدیس العصر الحدیث) كه‌ سه‌ر به ‌(مۆرمۆنی‌)یه‌كانیشن له‌ ساڵی (١٨٩٠)دا فره‌ژنییان قه‌ده‌غه‌ كردووه، به‌ڵام شاره‌زایان ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ئه‌مریكادا له‌ ژنێك زیاتریان هه‌یه‌ به ‌(٣٠٠٠٠ تا ٥٠٠٠٠) مه‌زه‌نده‌ ده‌كه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ڕێژه‌ی ئه‌م ژماره‌یه‌ هێشتا هه‌ر كه‌مه‌، به‌ڵام ژماره‌ی پیاوه‌ گاوره‌ ئینجیلییه‌كان كه‌ فره‌ژنییان وه‌ك شێوازێكی ژیان هه‌ڵبژاردووه‌ ڕوو له‌ زیادبوونن؛ ئه‌مه‌ بێ گومان جگه‌ له‌ مسوڵمانان. 
هه‌ندێك له‌ شاره‌زایان ئه‌ڵێن ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ ژنێك زیاتریان هه‌یه،‌ زیاترن له‌وانه‌ی خۆیان به‌ مۆرمۆنی ده‌زانن. مۆرمۆنییه‌كانیش یه‌كێكن له‌و تایه‌فانه‌ی له‌ كه‌نیسه‌ جیا بوونه‌ته‌وه ‌و (سیاتڵ)یشیان بۆ خۆیان به‌ باره‌گا كردووه. ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ باوه‌ڕیان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی گیان (تناسخ الأرواح) هه‌یه ‌و مه‌یخواردنه‌وه‌ به‌ شیاو ده‌زانن و داوای سنووردانه‌نانیش بۆ ژنهێنان ده‌كه‌ن. ژماره‌شیان له‌ حاڵی حازردا (4) ملیۆن كه‌س ده‌بن. مه‌كته‌بی (ئێف بی ئای) ئه‌مریكاییش له‌م دوایییه‌دا به‌ تاوانی ڕێپێدان به‌ فره‌ژنی له‌ ویلایه‌تی (كۆلۆرادۆ) هه‌ستا به‌ گرتنی (وارن جیفس) كه‌ پێشه‌وای تایه‌فه‌یه‌كی گاورییه ‌و له‌ مۆرۆنییه‌كان جیا بوونه‌ته‌وه. شایه‌نی باسه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ش (کۆلۆرادۆ)یان به‌ باره‌گا كردووه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان هه‌ردوو ویلایه‌تی (ئه‌ریزۆنا) و (یوتا)وه‌. 
زانراویشه‌ كه‌ كه‌نیسه‌ هه‌تا سه‌ده‌ی (17) دانی به‌ فره‌ژنیدا هێناوه‌. (دكتۆر موحه‌ممه‌د فوئاد هاشمی) ئه‌ڵێت: "هیچ ده‌قێكی ئاشكرا له ‌هه‌ر چوار ئینجیله‌كه‌دا بۆ نه‌هێشتنی فره‌ژنی نییه، به‌ڵام ‌ئه‌گه‌ر ته‌ورات یان عه‌هدی كۆن سه‌یر بكه‌ین ئه‌وه‌ به‌ئاشكرا ده‌قی زۆر له‌سه‌ر ڕێپێدانی فره‌ژنی له‌ ئایبنی ئیبراهیم و ئیسحاق و یه‌عقووبدا ده‌بینین. هه‌روه‌ها له‌ شه‌ریعه‌تی داود و سوله‌یمان و غه‌یری ئه‌وانیشدا له‌ پێغه‌مبه‌رانی نه‌وه‌ی ئیسرائیل."* 
هه‌رچه‌نده‌ ڕای گشتیی ئه‌مریكایی‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌ربه‌سته‌كان له‌ به‌رده‌م ڕێپێدان به‌ فره‌ژنی و تا ئێستا فره‌ژنی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌، له‌ ڕاپرسییه‌كدا كه‌ شه‌ریكه‌ی (جالوب) له‌ ساڵی (٢٠٠٥) له‌ هه‌ر (٥٠) ویلایه‌ته‌كه‌ی ئه‌مریكادا ئه‌نجامی داوه‌، له ‌(٩٢%)ی ئه‌مریكایییه‌كان له‌گه‌ڵ فره‌ژنیدا نین. ئه‌مه‌ و به‌ڵام له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ له‌لایه‌ن سه‌رچاوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌وه‌ كۆمه‌كییه‌كی گه‌وره‌ به‌ بزووتنه‌وه‌ی به‌رگریكردن له‌ فره‌ژنی كرا. له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی (٣ی ٢٠٠٦)دا تۆڕی ته‌له‌فزیۆنیی "HBO" زنجیره‌ په‌خشێكی به‌ ناونیشانی "Big Love" پێشكه‌ش كرد كه‌ لایه‌نگریی خێزانێك ده‌كات فره‌ژنییان ئه‌نجام داوه‌. ئه‌مه‌ش یارمه‌تییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه. به‌ڵێ، ئێستا ئه‌وانه‌ی له‌ ژنێك زیاتریان هه‌یه‌ به‌بێ ترس ڕای خۆیان ده‌رده‌بڕن ‌و باس له‌و به‌ربه‌ستانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ دێته‌ ڕێیان. به‌ڵام ئایا كه‌س گوێیان لێ ده‌گرێت؟ 
له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ خراپه‌كاری و بڵاوبوونه‌وه‌ی بێڕه‌وشتی و تێكچوونی شیرازه‌ی خێزان و كۆمه‌ڵگا هه‌ر ده‌چێته‌ خانه‌ی فره‌ژنییه‌وه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و ته‌واو ئه‌بێت. گۆڤاری (تایم)ی بریتانی له‌ ژماره‌ی مانگی (١٢ی ١٩٩٨)دا ده‌ڵێت: "له‌ كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكاییدا (١٢ ملیۆن) مندااڵی ناشه‌رعی و (١٧ ملیۆن) كه‌سی نه‌شازیش هه‌یه. هه‌ر (١) خێزانیش له ‌(١٠) خێزانی ئه‌مریكایی له‌ كه‌سه‌ مه‌حره‌مه‌كانی خۆیان ژن و ژنخوازییان كردووه‌ ‌و ئه‌م ڕێژه‌یه‌ش زیادی كردووه‌ و بۆته‌ (١) خێزان له ‌(٥) خێزان. هه‌روه‌ها(١٥) ملیۆن كه‌سیش له‌ ئه‌مریكا تووشی نه‌خۆشی توخمی و‌ جنسی هاتوون. هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خۆشییانه‌ش ئه‌نجامدانی كاری ناشه‌رعییه‌." ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی ئه‌ڵێت: "ڕۆژانه‌ ٧٠٠ كه‌س تووشی ئه‌یدز ده‌بن." 

غه‌ریزه‌ی ئاره‌زووكردنی فره‌ژنی 
هه‌ندێك له‌ زانا ده‌روونناسه‌‌ ڕۆژئاوایییه‌كان پێیان وایه‌ ئاره‌زووكردنی فره‌ژنی كارێكی سروشتی و فیترییه‌ لای پیاو. لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌مریكاییی تازه‌ش هه‌یه‌ ده‌ڵێت: "‌لای ده‌روونناس و زانا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ڕۆژئاوایییه‌كان بڵاوه‌ كه‌ ئاره‌زووی فره‌ژنی له‌ پێكهاته‌ی پیاودایه ‌و یاسای تاكژنی (یه‌كژنی) دژایه‌تی سروشت و پێكهاته‌ی پیاو ده‌كات." ده‌شڵێن پیاو به‌ درێژاییی مێژوو ناپاك بووه‌. له‌م دوایییه‌شدا له‌ كۆبوونه‌وه‌ زانستییه‌ ئه‌مریكایییه‌كاندا وتووێژی گه‌رم له‌و باره‌وه‌ ئه‌نجام درا. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا په‌رۆشی و خۆشه‌ویستی و ئاره‌زووی جنسی هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا سیمای هۆشی مرۆڤن یاخود به‌رهه‌می په‌روه‌رده ‌و كولتوورن؟! 
گفتوگۆی زانایان زیاتر تاوی سه‌ند، به‌تایبه‌تی له‌پاش ده‌ركه‌وتنی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كه‌ بۆچوونی ‌(١٦ هه‌زار) كه‌س له‌ هه‌موو كیشوه‌ره‌ جیاوازه‌كانی ڕووی زه‌وی وه‌رگرتبوو. ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ریخست كه‌ پیاوان هه‌ر جێگه‌ و پێگه‌یه‌كیان هه‌بێت، زگورد بن یان خاوه‌ن خێزان، ئاره‌زووی زیاتر له‌ ئافره‌تێك ده‌كه‌ن. به‌مه‌ش لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ پاڵپشتی ئه‌و قسه‌یه‌ی ئافره‌تانی كرد كه‌ ده‌ڵێت: "پیاو ئه‌مانی نییه." 
به‌ڵام ئه‌م ئه‌نجامانه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌میشه‌ ڕاست ده‌ربچن، به‌تایبه‌تی له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ خێزان و گیروگرفته‌كانیان هه‌روا ساده‌ و ساكار نین، به‌جۆرێك بتوانرێت له‌ ڕێی ڕاپرسی یاخود لێكۆڵینه‌وه‌ یان له‌ كۆنگره‌دا چاره‌سه‌ر بكرێن. 
زۆرێك له‌ زانایان نكوولییان له‌وه‌ نییه‌ كه‌ گه‌شه ‌و پێشكه‌وتن له‌ پێكهێنانی هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤدا ڕۆڵی هه‌یه‌، به‌ڵام بیرۆكه‌یه‌كیان له‌لا گه‌ڵاڵه‌ بووه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاره‌زووی دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندیی جۆراوجۆر له‌ پێكهاته‌ی هۆشی مرۆڤدا بوونی هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ فره‌ژنی كارێكی سروشتییه‌ و ناتوانرێت به‌رگری لێ بكرێت. به‌ڵام ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ زانایانه‌وه‌ به‌توندی هێرشی كرایه‌ سه‌ر. ئه‌و زانایانه‌ی كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر (ئه‌وله‌وییه‌تی) كولتوور له ‌پێكهێنانی هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤ ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها پێیان وایه‌ ناپاكیكردن له‌ سروشتی پیاودا نییه ‌و ده‌وروبه‌ر و كۆمه‌ڵ له‌ پیاودا ده‌یخولقێنن، چونكه‌ هۆكاره‌كانی ناپاكی، ده‌وروبه‌ر دروستی ده‌كات نه‌ك ئه‌و فیتره‌ته‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ مرۆڤی له‌سه‌ر دروست كردووه. 
ژێده‌ره‌كان: 
١- الادیان فی كفة المیزان، محمد فؤاد الهاشمي، ص ١٠٩ 
٢- گۆڤاری نیوزویك، ٢٠٠٦/٣/٢٠ 
*ڕۆژنامه‌نووسێكی پسپۆڕه‌ له‌ بواری كۆمه‌ڵایه‌تیدا. ده‌توانیت به‌م ناونیشانه‌ ئه‌لكترۆنییه‌ په‌یوه‌ندی پێوه‌ بكه‌یت: [email protected]
سه‌رچاوه‌ی بابه‌ته‌كه‌: http://www.islamonline.net/Arabic/adam/HusbandandWife/2006/10/05.shtm

 1061

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram