هەموومان هەڵە دەكەین برای خۆشەویستم .. خوشكی بەڕێزم هەموومان تاوانبارین، هەموو هەڵەكارین، جارێك ڕوو لە خوای گەورە دەكەین و چەندین جار ڕوو وەردەگێڕین، تاوێك هەست بە چاودێری خوا دەكەین و تاوانێك بێئاگایی باڵمان بەسەر دەكێشێ، بێ هەڵە نابین، هەر دەبێت هەڵەمان لێبوەشێتەوە، نە من و نە تۆ مەعصوم نین، پەیامبەری خوا صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەفەرموێت: (( كُلُّ بَنِي آدَمَ خَطَّاءٌ، فَخَيْرُ الخَطَّائِينَ التَّوَّابُونَ )). واتە: ((هەموو ئادەمیزادێك زۆر هەڵە دەكا و هەڵەكارە، و باشترینی هەڵەكاران تۆبەكارانن)) *. سەهو و كەموكورتی لە سروشتی مرۆڤن، لە گەورەترین نیشانەكانی ڕەحمەتی خواش بۆ مرۆڤ ئەوەیە: دەرگای تەوبەی بۆ كردۆتەوە، فەرمانی پێكردووە هەر كە تاوانێكی تووش بوو سەرپێچیەكی ئەنجامدا، پەشیمان بێتەوە و ڕوو لەو بكات و بگەڕێتەوە بۆ لای ئەو. ئەگەریش ئەم ڕەحمەتە فراوانەی خوای مەزن نەبوایە، مرۆڤ دەكەوتە ناڕەحەتی و تەنگیەوە، هیممەتی لاواز دەبوو لەوەی نزیك بێتەوە لە پەروەردگارەكەی، بێ هیوا دەبوو بە لێخۆشبوون و میهرەبانی دروستكارەكەی. بەڵام ئەمەش نابێت وا بكات بە كەم تەماشای تاوان بكرێت. *رواه أحمد والترمذي وابن ماجه والحاكم وصححه وحسنه الألباني.