سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئایه‌ موسڵمانه‌كان كتێبخانه‌ی ئه‌سكه‌نده‌رییه‌یان سووتاندووه‌ ؟
گۆڕینی فۆنت



ئایه‌ موسڵمانه‌كان كتێبخانه‌ی ئه‌سكه‌نده‌رییه‌یان سووتاندووه‌؟

و: عبدالله گه‌رمیانی

ئه‌م باسه‌ به‌شێكه‌ له‌كتێبی(ئیسلام له‌قه‌فه‌سی تۆمه‌تباركردندا)،رۆژھەڵاتناسێک ھاتووەو ئەڵێ: عەمری کوڕی عاص بەفەرمانێک لەلایەن عومەری کوڕی خەتابەوە کتێبخانەی ئاوەدان و پڕ کتێب و سەرچاوەی ئەسکەندەرییەی سووتاند؟ ئەم کارە مرۆڤایەتیی لەگەنجینەیەکی گەورەی زانستەکان بێ بەشکرد، ئەو کتێبخانەیە لەلایەن رزگارکەرە عەرەبەکانەوە سووتێنرا لەبەرئەوەی دەترسان زانست و وێژەکانی ئەو کتێبخانەیە پێچەوانەی بۆچوون و نەریتە ئیسلامییەکان بێ. ئاخۆ ئایینی زانست بۆ سووتاندنی کتێبخانەی ئەسکەندەرییە چی پاساوێکی ھەیە؟
لەڕاستیدا ھەندێ مێژوونووسی دوایین لەبابەت سووتاندنی کتێبخانەی ئەسکەندەرییەدا رۆچوونەو زۆرێک رۆژھەڵاتناسیش گفتوگۆیان کردووە لەنمونەی گیبۆن  و بتلەر و سیدیلۆت  و ئەوانی تر، بەڵام بۆچوونێکی یەکلاکەرەوەیان دەرنەخستووە و ھەندێکیان بەگومانن لەدروستیی تۆمەتی سووتاندنی ئەو کتێبخانەیە کە ئاراستەی عەمری کوڕی عاێ کراوە بەوەی بەفەرمانی عومەری کوڕی خەتاب ئەو کتێبخانەیەی سووتاندووە.
دکتۆر گۆستاف لۆبۆن لەکتێبەکەیدا(حضارة العرب، لا٢١٣)ئەم چیرۆکە بەئەفسانە دەزانێ و ئەڵێ:((ھەرچی تۆمەتی ھەڵبەستراوی سووتاندنی کتێبخانەی ئەسکەندەرییەیە، ئەوە لەو کارە دڕندانەییەیە کە نەریتی عەرەبە موسڵمانەکان رقی لێ بووەتەوە و وەھا دەکات مرۆڤ بپرسێ: ئەم چیرۆکە چۆن تاوەکو سەردەمێکی دووروودرێژ بەلای زانایانەوە قبوڵکراو بووە؟! ئەم چیرۆکە لەسەردەمی ئێمەدا پووچەڵکراوەتەوەو بەپێویستی نازانین تیایدا بکۆڵینەوە، ھیچ شتێک ئاسانتر نییە لەوەی ئەو بەڵگە روونەی بەردەستمان بسەلمێنین کە ئەڵێ گاورەکان بوون کتێبی ھاوبەش پەیداکەرانیان لەئەسکەندەرییە سووتاند لەپێش فەتحی عەرەبیی ئیسلامیدا)).
ھەروەھا جاک . س. ریسلر لەلاپەڕە١٠٠/ ١٠١ شارستانییەتی عەرەبدا، سووتاندنی کتێبخانەی ئەسکەندەرییە بەئەفسانە دادەنێت. ئەگەر بشگەڕێینەوە بۆ مێژوونووسانی ھاوسەردەمی فەتحی ئیسلامیی بۆ میسر، نمونەی(ئۆتیخا) کە بەدووروودرێژی وەسفی فەتحی میسری کردووە، بەھیچ جۆرێک نابینین ئەو تۆمەتەی باس کردبێ .
ھەروەک لەکتێبی مێژوونووسانی پێشووشدا نەھاتووە وەک یەعقوبی و بیلازەڕی و ئیبن عەبدولحەکەم و تەبەری و کیندی، لەمێژووی دوای ئەوانیشدا نەھاتووە کە مەقریزی و ئەبی ئەلمەحاسین و سیوتی و ئەوانی تریش لێیان وەرنەگرتووە.
یەکەمین کەسێک سووتاندنی کتێبخانەی ئەسکەندەرییەی دابێتە پاڵ عەمری کوڕی ئەلعاص، عەبدوللەتیف ئەلبەغدادییە (٦٢٨ک/ ١٢٣١ز) و دوای ئەویش ئیبن ئەلقەفتی(٦٤٦ک/ ١٢٤٨ز)، پاشان ئەبو ئەلفەرەج غریغۆریوسی مەڵتی کە ئیبن ئەلعیبرییە باسیکردووە  بێ باسکردنی رشتەی گێڕانەوە، بەڵگەی ئەو مێژوونووسانە لەسەر ئەو کارە:
١- بەوەی موسڵمانەکان ئارەزوویەکی زۆریان ھەبووە بۆ نەھێشتنی ھەموو شتێکی جگە قورئان و سووننەت.
٢- چیرۆکی سووتاندنی کتێبخانەکە تەنیا ئەبو ئەلفەرەج نەیگێڕاوەتەوە، بەڵکو دوو مێژوونووسی موسڵمانیش گێڕاویانەتەوە کە ئەلبەغدادی و ئیبن ئەلقەفتییە.
٣- رزگارکەران کتێبەکانی فارسیان سووتاند، ھەروەک حاجی خەلیفە لەکتێبەکەیدا(کشف الظنون)باسیکردووە.   
٤- سووتاندنی کتێب شتێکی باو و زانراو بووەو بەوە کەسەکان لەنەھێشتنی بۆچوونی پێچەوانەدا دڵ ئارام بوونە، ھەروەک ھۆلاکۆی تەتەری لەساڵی٦٥٦ک ئەوەی کرد کە گەنجینەکانی کتێبی خستە دیجلەوە.
لەوەڵامدا ئەڵێین، بەڵگەی یەکەم متمانە پێکراو نییەو بەبەڵگە ناکرێ، بەو بەڵگەیەی کە رەوشتی موسڵمانان ھاندان بووە بۆ زانست فێربوون، بەبەڵگەی ئەوەی ئەبو ئەلفەرەج باسیکردووە بەوەی عەمری کوڕی عاێ گوێی راگرتووە بۆ قسەکانی یۆحەنای ئەلنەحوی.
بەڵگەی دووەم: تەنیا ئەبو ئەلفەرەج نەبووە ئەمەی گێڕابێتەوە، بەڵکو دوو مێژوونووسی دیکەی موسڵمانیش گێڕاویانەتەوە کە ئەلبەغدادی و ئیبن ئەلقەفتین کە دوو مێژوونووسی موسڵمان و گەورەن، ئەتوانین ئەم قسەیە پووچ بکەینەوە بەو بەڵگەیەی دواتر لەگفتوگۆی ئەوەدا باسی دەکەین کە ئەبو ئەلفەرەج باسیکرووەو ھەموویان لەیەک سەردەمدا ژیاون و گێڕانەوەکانیان نزیک بەیەکەو دوور نییە لەسەرچاوەیەکی دژ بەعەرەب و ئیسلام وەریان نەگرتبێ.
بەڵگەی سێیەم: لەنێو مێژوونووساندا تەنیا حاجی خەلیفە باسیکردووە، نمونەی ئەم مێژوونووسە لەمێژووی پێش خۆیدا قسەی لێ وەرناگیردرێ، چونکە ساڵی١٠٦٧ک/ ١٦٥٧ز مردووە، ئەگەر موسڵمانەکان ئەو کتێبخانەیەیان بسووتاندبایە ئەوە مێژوونووسانی پێش حاجی خەلیفەش باسیان دەکرد.
بەڵگەی چوارەم: پڕوپاگەندەکەیان ناسەلمێ، چونکە ھۆلاکۆ بەعومەری کوڕی خەتاب پێوانە ناکرێت، ناکرێ ھۆلاکۆی لەنێوبەری شارستانییەتەکان بەعومەرێک بەراورد بکرێ کە لەجیھاندا شارستانییەتی بڵاوکردەوە .
ھەندێ مێژوونووسی نوێ بەدووروودرێژیی دواون و گێڕانەوەی سووتاندنی کتێبخانەی ئەسکەندەرییەیان پووچ و بێ بنەما دەرخستووە، بەتایبەت گێڕانەوەکەی ئەبو ئەلفەرەج، باسیان کردووە بەوەی عومەرو عەمر لەو تۆمەتە بەدوورن، ئەمەش گێڕانەوەکەی ئەبو ئەلفەرەجە لەبارەی چۆنێتی سووتاندنی ئەو کتێبخانەیە لەسەر دەستی عەمری کوڕی عاێ و ئەڵێ:
((لەکاتی فەتحدا پیاوێک لای موسڵمانەکان ناوبانگییەکی گەورەی پەیدا کرد پێیدەوترا یۆحەنای ئەلنەحوی، قەشەیەکی قیپتیی خەڵکی ئەسکەندەرییە بوو، لەو کاتەدا یەحیا لەنێو ئیسلامییەکاندا بەناوبانگ بوو کە لای ئێمە ناوی غرماتیقۆس بوو، واتا ئەلنەحوی، خەڵکی ئەسکەندەرییە بوو لەسەر بیروباوەڕی گاورە یەعاقوبەییەکان و بیروباوەڕی (ساوری) ھەبوو، پاشان پاشگەزبوویەوە لەبیروباوەڕی سێگیانەیی گاورەکان، ئەسقەفەکانی میسر لای کۆبوونەوەو داوایان لێکرد پاشگەزبێتەوە، ئەویش پاشگەزنەبوویەوە، بۆیە پۆست و پایەیان لێ سەندەوەو بۆ خۆی ژیا تاوەکو عەمری کوڕی عاێ شاری ئەسکەندەرییەی فەتحکرد، رۆیشتەلای عەمرو عەمریش رێزی لێناو گوێبیستی ئەو وشە فەلسەفییانەی بوو کە عەرەب قسەی تێدا نەکردبوو پێی ئاشنا نەبوون و پێی سەرسام بوو.
عەمر پیاوێکی ژیر بوو، گوێبیستێکی باش و بیری دروستی ھەبوو، ھاوڕێیەتیی ئەکردو لێی جیانەدەبوویەوە، رۆژێک یەحیا پێیووت: تۆ ناواخنی ئەسکەندەرییەت دۆزیووەتەوەو شارەزا بوویت و ھەموو شتەکانی ناویت دەستخستووە، ئەگەر بتەوێ سوودیان لێ دەبینی، عەمر پێیووت: چی شتێکی ئەم شارە پێویستە؟ وتی:کتێبەکانی حیکمەت کە لەگەنجینە پادشاییەکاندان، عەمر وتی: ناتوانم بێ مۆڵەتی ئەمیری باوەڕداران عومەری کوڕی خەتاب ئەو کارە بکەم، بۆیە نامەی بۆ عومەر ناردو قسەکەی یەحیای تێگەیاند، عومەریش بەنامەیەک وەڵامی دایەوە کە ئەمە بوو: ئەو کتێبانەی کە تۆ باست کردوون، ئەگەر گونجاو بەقورئان و فەرموودەی پەیامبەرەکەی بێ ئەوە پێویستمان نییە، ئەگەر پێچەوانەش بن ھەر پێویستمان بەتەماشاکردنیان نییە، بۆیە لەنێویان بدە، عەمری کوڕی عاصیش بەسەر گەرماوەکانی ئەسکەندەرییەدا دابەشی کردن و لەئاگردانەکانی گەرماوەکاندا سووتێنران و بۆ ماوەی شەش مانگ سووتان و ئاگریان بەردەوام بوو، بۆیە ببیستە کە چی روویداوەو سەرسام بە!)).
بێ بنەما دەرکردنی ئەو چیرۆکە:
١- ئەم گێڕانەوەیە لێکچووی ئەفسانەیە، ئیبن ئەلعیبری تیایدا باسی ئەوە دەکات کە کتێبەکانی کتێبخانەکە بەش سووتەمەنی چوار ھەزار گەرماو بووە-ئەوە رێژەی گەرماوەکانی ئەسکەندەرییە بووە وەک ئیبن ئەلعیبری باسی دەکات- و بۆ ماوەی شەش مانگ ئاگریان بەردەوام بووە ، ئەمە بەعەقڵەوە ناچێ، سەرباری ئەوەی عەمر گەر مەبەستی نیازی وێرانکردنی کتێبخانەی ئەسکەندەرییەی ھەبووایە یەکسەر دەیسووتاندو نەیدەخستەبەردەم بەزەیی خاوەن گەرماوەکان، ئەوجار یۆحەنای نەحوییش کە ئیبن ئەلعیبری گێڕانەوەکەی لەسەر بوونیاتناوە ئەیتوانی کتێبی پێویست بەنرخێکی زۆر کەم کۆبکاتەوەو بەشێکی زۆری لەسووتاند رزگاری دەبوو دواتر پەیدا دەبوونەوە، ئەوەیە کە رووی نەدا.
٢- ھەروەک بتلر باسیکردووە، یۆحەنا بەسی یان چل ساڵ پێش فەتحی ئیسلامیی بۆ میسر مردووە.
٣- ئەگەر ئەو گێڕانەوەیە راستبووبێ، ئەوە بەئاماژەیەکیش بووایە دوور و نزیک نووسەرانی پێشتر باسێکیان دەکرد.
٤- ئەو کتێبخانەیە دوو جار رووبەڕووی سووتان بووەتەوە، جاری یەکەم لەساڵی٤٨ پ.ز لەئەنجامی سووتانی کەشتی گەلی یۆلیۆسی قەیسەر، دووەمجاریش لەسەردەمی قەیسەر تیۆدوسیس(٧٣٨- ٣٩٥ز)، کە لەساڵی٣٩١ز روویداوە. بۆیە لەسەر شێوەو رێڕەوی ئەو دوو سووتانە ئەم چیرۆکە ھەڵچنراوە. 
٥- ئۆرازیوسOrazius لەسەرەتاکانی سەدەی پێنجی زایین سەردانی ئەسکەندەرییەی کرووە، باسیکردووە کە لەو سەردانەیدا رەفەی کتێبخانەکە بێ کتێب بوونە، بەوە بێ ئەو کتێبانەی کە لەسەردەمی بەتالیسەییەکاندا لەو کتێبخانەیەدا بوونە لەکۆتاییەکانی سەدەی چوار زایینەوە شوێنەواریان نەماوەتەوە، واتا لەسەردەمی ئیمپراتۆر تیۆدوسیس-واتا سەردەمی سووتانی دووەم- ھەروەک لەوێژەکانی سەدەی شەش و حەوتیشدا باسی نەھاتووە، روونە کە دۆخی میسر بەماوەیەکی کەمی پێش فەتحی ئیسلامی-واتا لەڕۆژگاری دەقلدیانووسەوە دۆخی دواکەوتنی کشتوکاڵیی و پیشەسازی و زانستەکان و مەعریفەو وێژەکان بووە، بۆیە لەو دۆخە خراپەدا دوورە خەڵکیی گرنگیی بەوە بدەن کتێبخانەکە بگەڕێینەوە دۆخی سەرەتای خۆی.
٦- ئامۆژگاری و رەوشتی ئیسلاميی پێچەوانەی ئەو چیرۆکەیە، چونکە ئیسلام لەکتێبە جولەکەو مەسیحی و ئەوانی تر رێز دەنێ، دەکرێ موسڵمانان سوودی لێ ببینن. ئەو گێڕانەوەیە پێچەوانەی نەریتی موسڵمانانە کە دەناسرێن بەوەی رێگریی لەشتێک ناکەن باسی خوای تێدا کرابێ.
٧- گریمان وەھاشمان دانا تاوەکو فەتحی ئیسلاميی ئەو کتێبخانەیە مابێتەوە، بۆ ئەمەش ھیچ رێگرییەک نەبووە ئەو کتێبخانەیە لەلایەن رۆمەکانەوە بگوازرابێتەوە قوستەنتینییە، چونکە رێککەوتن و ئاگربەستیان لەگەڵ موسڵماناندا ھەبوو، عومەر لەئاشتەواییەکەدا رێگەی پێدان چی شتێکیان بووێ و بتوانن بیبەن و کاتی تەواویشیان ھەبوو تاوەکو بتوانن نەک کتێبخانەیەک بەڵکو چەندان کتێبخانەش بگوازنەوە.
بۆیە ئەم چیرۆک و باسە درۆیەکی رووت و ئاشکرایە.
٨- ئەبو ئەلفەرەج بەوتنی(ببیستەو سەرسام بە کە چی روویداوە)پێی راگەیاند، واتا ھەواڵەکە ھەڵبەستراو و پیلان بۆ داڕێژراوە، ویستوویەتی ھەواڵەکەی خۆی دووپات بکاتەوەو بیکاتە جێی سەرسامی بەو درۆیەی لەسەر عومەرو عەمر، وەھامان لێ بکات عەقڵ بکەینە بڕیار دەر، نابێ و گونجاو نییە عومەرو عەمر کاری لەو جۆرەیان بکردبایە بۆیە ببیستەو سەرسام بە، ئەوەیە کە ئەو نایەوێ!
وەک ئەوەی ئەو ھەواڵە درۆیەمان بۆ دەگوازێتەوە ئەگەرچی وەھاش نەبێ، ئه‌گەرنا بۆ ئەڵێ ببیستەو سەرسام بە؟!
ئەم بیرۆکەیەو بیرۆکەیەکی تریش لەو واتایەدا ھەیە، ئەوەیە کە لەدەروونی نووسەردا رق و کینەیەکی سەخت بەرانبەر عومەرو عەمر ھەیە، بۆیە ئەم درۆیەی خستووەتە پاڵیان و بەھۆی سەختیی کارەکەوە داوامان لێ دەکات سەرسامبین.
لەھەردوو کارەکەدا بابەتی سەرسام بوون و بیستن لەلایەن ئێمەوە جۆرە ئاماژەو دەست پاک نەبوونی تێدایەو وەھا دەکات ھەواڵەکە بەھەڵبەستراو و دوور لەڕاستیی ببینی.



 1316

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram