پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەو خێراییە ئەندازە بۆ كراوانەی ئەو هەموو تەنە هاوسەنگانەی گەردوون، ئایا كێ ڕێكیان دەخات؟ كێ ئەندازەیان بۆ دەكێشێت؟ چەندە ژمێریایی پێویستە تا ئەو ئەندازەكاریانە بكرێت؟ كەواتە ئێمە لەبەردەم تەنها یەك حسابدا نین بەڵكو لەبەردەم گەلە حسابێكداین، واتە لەبەردەم وشەی(الحسبان)داین، چونكە لە زمانی عەرەبیدا وشەی (الحسبان) كۆی وشەی (الحساب)ە. وەك خوای گەورە دەفەرموێت: (الشَّمْسُ ۆالْقَمَرُ بِحُسْبَانٍ) الرحمن5. یان دەفەرموێت: (ۆالشَّمْسَ ۆالْقَمَرَ حُسْبَاناً ذلِكَ تَقْدِیرُ الْعَزِیزِ الْعَلِیمِ) الأنعام 96. واتە: "خۆر و مانگ بە كۆمەڵە حسابێكدا دەڕۆن". بۆیە ئێمە پێویستیمان بە كۆمەڵە حسابێكی زۆر ورد و بەردەوام و جۆراو جۆر هەیە لە هەموو ڕوویەك لە هەموو ئاڕاستەیەك لە هەموو خێراییەك لە هەموو گۆشەیەك بۆ هەموو هەسارەیەك بۆ هەموو ئەستێرەیەك بۆ هەموو گەلەئەستێرەیەك، ئایا كێ هەموو ئەمانە ڕێك دەخات، هەموو ئەم حساباتانە بە بەردەوام ئەندازە دەكات؟ هەتا لە ئەنجامدا هاوسەنگی دروست ببێت، وەك دەفەرموێت: (وَالسَّمَاءَ رَفَعَهَا وَوَضَعَ الْمِيزَانَ (7)الرحمن واتە: ئاسمانی بەرز كردەوەو هاوسەنگیو تەرازوی بۆ دانا. بێگومان ئەمانە بەڵگەن لەسەر ئەندازەكاری، ئەندازەكاریش بەڵگەیە لەسەر ویست و ئیرادە، ویست و ئیرادەش بەڵگەیە لەسەر مەبەست، ئایا ئەم ویست و مەبەستانە هی كێن؟ ئایا هی سروشتە؟ ئایا سروشت ویست و ئیرادە و مەبەستی هەیە؟ ئایا سروشت زانیاریی و شارەزایی هەیە تا حسابات بكات؟