شەوی 15 ی شەعبان چی ڕوو دەدات؟
خودا جل جلالە تەنها لە کێ خۆش نابێت لەو شەوەدا.؟
ئیماندارانی خۆشەویست: شەوی (15)ی شەعبان چەندین فەرموودە لەبارەی فەزڵ و گەورەییەوە هاتووە ، هەندێك لەو فەرموودانه گونجاون بۆ پشت بەستن بە كاركردن پێیانەوەو هەندێكیشیان لاوازن و كاریان پێناكرێت. لەو فەرموودانەی كە پشت پێ بەستراوەو سەحیحە فەرموودەی ئیمامی بەیهەقییە كە لە ئەبی سەعلەبەوە (ڕەزای خوای لەسەر) دەگێڕێتەوە و دەڵێ: ( إذا كان ليلة النصف من شعبان اطلع الله إلى خلقه، فيغفر للمؤمنين، ويملي للكافرين، ويدع أهل الحقد بحقدهم حتى يدعوه" ورواه الطبراني، وحسنه الألباني- رحمه الله- في صحيح الجامع برقم 771. وعن أبي موسى رضي الله عنه قال: قال رسول الله صلى الله عليه وسلم: إن الله ليطلع في ليلة النصف من شعبان فيغفر لجميع خلقه، إلا لمشرك أو مشاحن" رواه ابن ماجه، وابن حبان عن معاذ بن جبل رضي الله عنه). واتە : خودا لەشەوی نیوەی شەعباندا تەماشای بەندەکانی دەکات و لەهەموو دروست کراوەکانی خۆش دەبێت مەگەر کەسێک نەبێت کەهاوبەشی بڕیار داوە یاخود لەگەڵ برایەکیدا نێوانی باش نی یە وقسەی لێ دابڕیبێت. هەروەها عەتای كوڕی یەسار دەڵێ: هیچ شەوێك نیە لە دوای شەوی لەیلەتولقەدر بە قەدرترو رێزداتر بێت لای خودا جگە لە شەوی بەرات نەبێت، كە شەوی 15ی شەعبان دەكات، چونكە لەو شەوەدا خودای پەروەردگار دادەبەزێتە ئاسمانی دونیاو لە هەموو بەندەكانی خۆش دەبێت جگە لەوانەی كە موشریك و هاوەڵ بۆ خودا دادەنێن و ئەوانەش كە قسەیان پێكەوە نییەو كێشەو گرفتیان هەیه و سیلەی ڕەحم بەجێناهێنن. بۆیە پێویستە موسوڵمان هەمیشە و هەموو رۆژەكان ئامادەو خۆی بڕازێنێتەوە بە كردارە جوان و ڕەوشتە بەرزەكان، وە دەبێت دووری بگرێت لە گوناه و تاوان و چەلەحانێ و كێشەو گرفت لەگەڵ خەڵكیدا. لە هەموو ئەمانە گرنگتر دەبێت موسوڵمان ئاگاداری شیرك و هاوەڵ دانان بێت بۆ الله سبحانه وتعالی، بە هەموو جۆرەكانی شیركەوە چ شیركی قبورو چ شیركی حاكمییەت. بەداخەوە لەناو كۆمەڵگەی كوردەواری خۆماندا قسە نەكردن و دابڕان لە یەكتری و سەردانی نەكردنی خزم و كەسوكار بووەتە نەریت و زۆر ئاسان بووە، بۆیە بێگومان بن لەم شەوی 15ی شەعباندا بەر ڕەحمەت و سۆزو میهرەبانی الله ناكەون. لە فەرموودەكی ئیمامی موسلیمدا هاتووە: كە هەموو ڕۆژانی دووشەممەو پێنج شەممەیەك دەرگاكانی بەهەشت دەكرێنەوەو الله تعالی لە هەموو بەندەكانی خۆش دەبێت جگە لە وانە نەبێت كە هاوەڵ بۆ خودا دادەنێن و هەروەها ئەوانەی كە قسە ناكەن پێكەوەو كێشەو گرفتیان هەیەو چارەسەری ناكەن، خودا لەم دوو كەسە خۆش نابێت، تا تەوبە دەكەن و نێوان خۆیان و والله تعالی و بەندەكانی الله چاك دەكەن. شێخی ئیسلام (رەحمەتی خوای لێبێت) دەفەرموێ: ( وأما ليلة النصف من شعبان ففيها فضل، وكان في السلف من يصلي فيها، لكن الاجتماع فيها لإحيائها في المساجد بدعة). واتە: شەوی نیوەی شەعبان خاوەن فەزڵ و گەورەییە، هەندێك لە سەلەف شەونوێژیان تێدا كردوەو ئاكارو رەوشتی بەرزیان تیا ئەنجامداوە، بەڵام كۆبوونەوە لە شوێنێنك و نوێژ بەجەماعەت كردن و رۆژوگرتن بەبۆنەی ئەو ڕۆژەوە درووست نییە. ئیمامی شافیعی (رەحمەتی خوای لێبێت) دەفەرموێ: (بلغنا أن الدعاء يستجاب في خمس ليال: ليلة الجمعة، والعيدين، وأول رجب ونصف شعبان). واتە: پێمان گەیشتووە كە دوعاو نزا لە پێنج شەودا وەرگیراوەو ڕەت ناكرێتەوە: (شەوی هەینی، شەوی دوو جەژنەكەی ئیسلام، شەوی یەكی رەجەب، شەوی 15ی شەعبان). بەڵام رۆژو گرتن لە 15ی شەعبان وەك ئەوەی یەكێكە لە سێ رۆژە سپییەكه، نەك لەبەر ئەوەی 15ی شەعبانه، هیچ گرفتێكی نییە. والله أعلم. سەرچاوە: ماڵپەری ئیسلام وێب، فەتوای ژمارە: (6088). ئامادەكردنی: عیرفان ئەحمەد كاكه مەحموود. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله. www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org